هەڕەشەو تۆقاندن ڕاگرن!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

هیچ لەوە چاوەڕوانکراو تر نەبوو کە ریفراندۆم و ئەنجامدانی ریفراندۆم رووبەرووی ناڕەزایەتی و هەڕەشە و چاوسورکردنەوەو ئەگەری هێرش و ئابڵۆقەدانی هەمەجۆری سیاسی و ئابوری و ئەمنی تەنانەت دەستدرێژی سەربازیش…دەبێتەوە. ئەمەش لەهەموو شوێنێکی دنیادا روویداوە، ئەوەی رووینەداوە ئەوە بووە کە جیابوونەوەکان بێ کێشەو گرفت، بێ چاوسورکردنەوە هێرش و ئابلۆقەدان چووبێتە پێشەوە و بە ئاکام گەیشتبن. ئەوە ئەگەر بۆ جیابوونەوەو پرۆسیسی دەوڵەتسازی لە دنیادا، راستییەکی حاشاهەڵنەگر بووبێت، بۆ کورستانی عێراق کە لەگەڵ دەسەڵاتێکی عروبی و قەومی و ئیسلامی نۆکەرو کرێگرتەی جمهوری ئیسلامی ئێران و هاوسێی وڵاتانی وەکو تورکیا و سوریا، رووبەرووە سەد بەرابەر راستە. هەر لایەن و دەنگێکیش چاوەڕێی ئەوە بێت یان بوایە کە دۆخەکە ئاسایی بێت و بابوەستین تا دەوڵەتەکانی ناوچەکەو عێراق و دنیا دەگەنە باوەڕهێنان بە پشتیوانی لە ریفراندۆم و جیابوونەوەی کوردستان، لەخەوێکی قوڵدان و بەکردەوە ئەمە یانی سپاردنی ئایندەی سیاسی کوردستانی عێراق بەمەحاڵ و قبوڵکردنی دۆخی ئێستاو ئایندەی خراپترو ترسناکتریش. ئەوەی کەلەم نێوەدا جێگای رامان و سەرنجە دەنگی نەخێری ژمارەیەک حزبی شەرمنۆکی بودەڵەی وەکو حزبی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی دەنگی نەخێری ئیلیتێکی سیاسی و ژمارەیەک نووسەرە، کە پێشتر و بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم ماشێنی راگەیاندنی ترساندنی خەڵکی کوردستانیان لەدەستبرن بۆ ریفراندۆم خستەگەڕ… دیارە هەموویان پێداگریان لەسەر ئەوە دەکرد کە ریفراندۆم ناکرێت، بەڵام هێڵێکی گەڕانەوەشیان دانابوو دەیان وت ریفراندۆم پرۆژەی تورکیایە بۆ دامەزراندنی قوبرسێکی تر، دەیانوت پرۆژەی ئەمریکی و تورکی و سعودییە بۆ بەرگرتن بە باڵادەستی ئێران لە ناوچەکە. دەیانوت ریفراندۆم جەنگ و کوشتار و ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. دەیانوت ریفراندۆم نایاساییە چونکە پەرلەمان کارا نییە و پەرلەمان وەکو مەرجەع نەچۆتە پشتی. دەیانوت پەرلەمان کارا دەکەنەوە بۆ پەشیمان بوونەوە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم. دەیانوت ریفراندۆم بەبێ ناوچە کێشە لەسەرەکان ناکرێت و زەمینەش لەو ناوچانە نییە بۆ ریفراندۆم. دەیانوت ئەم ریفراندۆمە موڵکی پارتیی و بارزانییەو بۆ درێژکردنەوەی کورسی سەرۆکە، دەیانوت ناوماڵی کوردی!! ڕیک نییە، سازانی نیشتیمانی!! نییە، ئامادەیی!! نییە، ئابوریمان!! نییە، سوپای نیشتیمانیمان!! نییە، ….تاد.

سەر ئەنجام ریفراندۆم کرا و ئەو بۆچوونەی لای وا بوو ریفراندۆم ناکرێت، ئەمڕۆ سەرکزە. کاردانەوەو رەتکردنەوەی خێرای ئەنجومەنی ئاسایش، نمایشی و مانۆری سەربازی تورکیاو ئیران و دەیان هەڕەشەی تر نەیان توانێ رێگە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بگرن و ریفراندۆم بەبێ یەکریزی نێوماڵی کورد! بەبێ سازانی نیشتیمانی! بەبێ پشتیوانی ئەمریکاو غەرب و وڵاتانی ناوچەکە!!، بەناوچە کێشە لەسەرەکانیشەوە کراو بەهەموو پێوادانگێکیش سەرکەوتوو بوو. بەشداری بەرچاو و فروانی خەڵک و دەنگی بەڵێی بەرزیش، درۆی ئەوەی بەشداری و دەنگدان بە بەڵێ دەکات لە ریفراندۆمدا، دەنگدانە بە دەسەڵات و بەتایبەتی دەنگدانە بە پارتی و بارزانی پوچی خۆی نیشاندا. خەڵکی کوردستان پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیان تێکەڵ بە پرسی دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیای و بزوتنەوەی کوردایەتی نەکرد و ئەو پرسەشیان وەکو روانینی بەڕێزانی نەخێر بە تاپۆی دەسەڵات و پارتی و بارزانی نەزانی. خۆ ئەگەر خەڵکی کوردستان لەروانگەی تورەیی و نەفرەتیان لەدەسەڵاتەوە و بەو دیدەی کە ریفراندۆم موڵکی دەسەڵاتە، دەنگیان دابا، بێگومان دەنگی نەخێر و رێژەی بایکۆت تاڕادەیەکی زۆر هەڵدەکشاو دەنگی بەڵی دەبووە قوربانی و شکستی دەخوارد… ئەوەی لەم ریفراندمەدا بووە قوربانی دیدی تەسک و روانینی روکەش و تێکەڵکردنی پرسی نەفرەتی جەماوەری لەدەسەڵات لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی بوو کە ویستی خەڵکی کوردستانە.

سەرئەنجام ریفراندۆم کرا… هەر ئەو بەرەی ئۆپۆزیسیۆنە بودەڵە و ئەو روانینە روکەش و کورت بینەی نەخێرەکانی دەرەوەی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد.. لەدوای ریفراندۆمیش بەردەوامن لە ترساندن و تۆقاندنی خەڵک و وێڵن بۆ گواستنەوەی هەواڵ و راگەیاندنە هەڕەشە ئامێزەکانی وڵاتانی ملهور و زلهێزی دنیا و وڵاتە چنگ بەخوێنەکانی ناوچەکە… چ دنیایەکی سەیرە! بۆ ململانێی حزبی و ئەنتی پارتی بوون، ببیتە زمان حاڵی دەستی چەندەمی ئەو راگەیاندنە دوژمنکارانەیەی وڵاتانی ناوچەکەو دنیا… باسی ئازادی و مافی مرۆڤ  و بەرەسمی ناسینی ئیرادەی ئازادانەی خەڵکیش بکەیت؟

بێگومان هەنگاوی چارەنووساز دوای ریفراندم دەستپێدەکات، لە نێوان ٢٥ سێبتەمبەر کە ریفراندۆم کرا و دەنگێ بەڵێ سەرکەوت تا جیابوونەوەی بەکردەوەی کوردستان و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ مەودایەکی درێژ هەیە، ململانێیەکی و کێبەڕکێیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و جەماوەری و یاسایی و حقوقی و ئەمنی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی و ئەگەری دەستێوردان و ئابڵۆقە سەپاندن و تەنانەت دەستێوردانی سەربازیش هەیە… لەو نێوەدا، ئەرکی بزوتنەوەی ئازادیخوازی و ئینسان دۆستی و چەپ و کۆمۆنیستەکانە، رۆڵی ئەرینی و نەخشی بەرجەستە بگێڕن بۆ پوچەڵکردنەوەی هەر هەڕەشە و چاوسورکردنەوەیەک کە لەدژی بڕیاری خەڵکی کوردستان لە ئارادایە، رۆڵی بەرچاو بگێڕن لەوەی کە نەهێڵن ئاکامی ریفراندۆم بۆ مەبەستی تر بەکاربهێنرێت،  نەخشی پێویستی خۆیان بخەنەگەڕ و ببنە بەشێک لە هێزی لەمەیداندا بوو بۆ بەئاکام گەیاندنی ئاکامی ریفراندۆم بە قازانجی خەڵکی کوردستان و بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سیکیولاری ناقەومی… وە رۆڵی بەرچاو بگێرن ئیرادەی خەڵکی کوردستان بەهێز بکەن.

ناکام کردنەوەی هەڕەشەی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە، بە ئیرادەخستنەگەڕ و هاتنە مەیدانی جەماوەری و پێداگری لەسەر پێشکەوتنخوازبوون و مەدەنی بوونی دەوڵەتی ئایندەی کوردستان و ئامادەسازی جەماوەری چەکداری دەتوانێت، تێکبشکێنرێت. هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت هێرشی سەربازی بکاتە سەرکوردستان و سەرکەوتووبێت، دەوڵەتی فاشیشتی سەدام حسێن لە دوای خرۆشانە جەماوەریەکی ساڵی ١٩٩١ چەندین جار هەوڵیدا بگەڕێتەوە کوردستان، چونکە پایەگای جەماوەری نەبوو، چونکە خەڵکی کوردستان بەڕوویدا هاتنە مەیدان، تێکیان شکاندو ملی خۆی و هێزەکەیان رماند… ژنان و پیاوانی کۆبانی بە بەرگری لێبڕاوانەو لە مەیداندابوونی خۆیان سام و تەلیسمی دڕندەیی داعش و پشتیوانەکانیان بە ئیرادەی بەهێزی جەماوەری و چەکداری تێکشکاند و پشیوانی دنیای ئازادیخوازیشیان خستە پشتی خۆیان… پشتیوانی خەڵکی کوردستان، لە ناوچەکە و جەماوەری ئازادیخوازو توڕەو ناڕازییە لەدەسەڵاتی عروبی و ئیسلامی عێراق و ئاخوندەکانی ئێران و دەوڵەتی فاشیستی تورکیاو رژێمەکەی ئەسەد… پشیوانی خەڵکی کوردستان لە ئەمریکاو غەرب و ئەو بەرە ئینسان دۆست و ئازادیخوازەیە کە بەدوای ژیان و ئایندەیەکی عەدالەتخوازو ئازادیدا وێڵن… نەک دەوڵەت و وڵاتەکانیان، کە بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان هەموو گۆشەو کەنارەکانی دنیایان لە جەنگ و نائارامیدا راگرتووە… وە لەبەرامبەر کارنامەو دڕندەیی، دەیان رژێمی دڕندەی دەست پەروەردەکروای خۆیان، بێدەنگن و لە بەرامبەر بەویستی دانیشتوانێکی چەند ملیۆنی بۆ بڕیاردان لەسەر چاوەنووسی خۆیان، دووبارە دەوڵەتی ماف نەناس و هێرشکەرو داگیرکەرو کۆنەپەرست هەڵدەبژێرن. ئەگەر حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هەمیشە و ئێستاش وڵاتانی ناوچەکەو ئەمریکاو غەرب بەدۆستی خۆیان دەزانن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەمانە دۆست و پشت و پەنای خەڵکی کوردستانن، ئەوە بەکردەوە سەلماوە کە ئەمە درۆیەکی ئاشکرای بەرژەوەندخوازییە و هیچی ترو دۆستی خەڵکی کوردستان جەماوەری ناڕازی و ئینسان دۆست و پێشکەوتنخوازی دنیایە… پێویستە دەستی هاوکاری بۆ ئەم ئۆردووە رابکێشرێت. ئەم ئۆردووە دەتوانێ پشت و پەنای واقعی بێت. هەموو هەڕەشەکیش ناکام بکاتەوە.

لەکۆتایدا دەبێ بڵێم… خێڵی ناڕازی حزبی لەناو خانەوادەی بۆژوازی کوردیدا، واز لەترساندن وتۆقاندنی خەڵکی کوردستان بهێنن…هیچ دەوڵەت و هێزێک شانسی سەرکەوتنی بەسەر ئیرادەی وەگەڕکەوتو و لەمەیداندا بووی خەڵکی کوردستاندا نابێت. نووسەر وئیلێتی، ناڕۆشن دید و بەڕێزانی ئەنتی پارتی، نەبەرد زۆرە بە قازانجی خەڵکی کوردستان کە هەر ئێستا لەدوای ریفراندۆمەوە دەتوانن رۆڵی خۆتانی بەقازانجی خەڵکی کوردستان تیا ببینن و سنوربەندی چینایەتی و هەمەلایەنەی خۆتانێ تیا پیشان بدەن و نەهێڵن ئاکامی ریفراندۆم بۆ مەبەستی تر بەکاربهێنرێت… نەک بوونە حکایەت خوانی هەواڵە هەڕە شەئامێزەکان و ترساندنی خەڵکی کوردستان.

کۆتایی سێبتەمبەری ٢٠١٧

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ١٣ بۆپێشەوەی بەرواری ١/١٠/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *