سەبارەت بە بومەلەرزە کارەساتبارەکەی ١٢ی نۆڤەمبەر

  راگەیاندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان    
     سەبارەت بە بومەلەرزە کارەساتبارەکەی ١٢ی نۆڤەمبەر 

  شەوی ١٢لەسەر ١٣ی نۆڤەمبەر کاتژمێر ٩:١٨ بومەلەرزەیەکی توند ناوچە کوردنشینەکانی هەردوو دیوی سنوری عێراق و ئێرانی گرتەوە و بوە هۆی زیان و زەرەرێکی مادی و گیانی زۆر بۆ هاوڵاتیان. قوربانیەکانی ئەم بومەلەرزەیە لە کوردستانی عێراق زیاتر لە ٧ قوربانی و نزیکەی ٢٠٠ برینداربوون بەتایبەتی لە شارۆچکەی دەربەندیخان و کەلارو خانەقین و هەڵەبجەو کەرکوك بەهۆی روخانی بەشێك لە خانوو و باڵەخانەکانەوەو هەروەها لە شاری کرماشان و بەتایبەتی لە سەرپێلی زەهاو و گوندەکانی دەروبەری بومەلەرزەکە سەدان خانووی لەگەڵ زەویدا تەخت کردوەو زیاتر لە ٤٠٠ گیانیان لەدەستداوەو چەندین هەزار کەسیش برینداربوون.

ئەم روداوە سروشتیە کە بەڕواڵەت وا دەردەکەوێ سیستەمی نایەکسانی چینایەتی و حکومەت و دەسەڵاتی بۆرژوازی لەهەردوو دیوی سنور هیچ نەخشێکیان نەبێ لەو وێرانکاریەی بەسەر خەڵکدا هاتوە، بەڵام تەنها چاوگێڕانێك بەسەر قوربانیەکان و خانوو و ناوچە وێرانبوەکان ئەوە دەردەخات کە دیسانەوە سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بۆرژوازی بەرپرسیارن لەو کوشتارو قوربانیانەی کە ئەم روداوە لە خەڵکی وەرگرتوە. شوێن و ناوچە زیان لێکەوتوەکان ئەو شوێنانەن کە کەمترین پێداویستی پاراستنی دژ بە بومەلەرزە تێدا فەراهەم کراوە. بەتایبەتی بەشێكی فراوان لەوخانوانەی کە زیانیان بەرکەوتوەو خاوەنەکانیان لەژێر داروپەردویاندا حوکمی مەرگیان بەسەردا سەپێنراوە خانوی قوڕین و کۆنن کە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی زەحمەتکێش و کەمدەرامەتن و لەهەردوو دیوی سنورەوە کرێکارو زەحمەتێکێشن کە بونەتە قوربانی. ئەگەر لەم دنیای پڕ لە سامان و کەرەستەی بیناو تەکنۆلۆژیای بینسازیەدا کرێکارو زەحمەتکێش لە مافی پەناگەیەکی ئارام بێبەشن، هۆکارەکەی نیزامی چەوسێنەرانەو نایەکسان و بەرچاوتەنگی بۆرژوازی و سەرمایەداریە کە بەخاتری قازانج و سودی زیاتر و زیاتر کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێشی لە هەژاری و نەبوونی دا راگرتوەو ناچاری کردون کە لە خانوە کۆن و کەلاوەکان و خانوە قوڕینەکاندا ژیان بکەن و بەوجۆرە لەبەرامبەر هەر روداوێکی سروشتی یان روداوی ترسناکی دیکەدا بێ بەرگری و بێ توانا بمێننەوە.

ئێمە لەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەکاتێکدا لە قوڵایی دڵەوە بەشداری ئازاری گیان لەدەستدانی ئەو مرۆڤە زەحمەتێكشانە دەکەین و ئومێدی زوو چاك بونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، هاوکات هەم دەوڵەتی ئێران و هەم حکومەتی هەرێم و عێراق بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر بە دابینکردنی شوێنی گونجاو بۆ زیان لێکەوتوانی ئەو کارەساتەو قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوییان.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٣ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *