دیمانە لەگەڵ بەشدار عەلی و نووسەر و رۆژنامەنووس… سەبارەت بەهەڕەشەکردن لە ژمارەیەک نووسەر و رۆژنامەنووس

بۆ پێشەوە: هەواڵی هەرەشەکردن لەچەند رۆژنامەنووسێک بڵاوبۆتەوە، دەمانەوێت بپرسین تاچەند ئەم هەواڵە راستە؟

بەشدار عوسمان: بەدیاریکراوی لەماوەی دوو رۆژدا، لەرێگای نامەی مۆبایل و فەیسبوک یەک جۆر نامە بۆ شەش لە رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی لەهەولێر دەنێردرێت و هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکرێت، بەقسەی خۆیان وەکو سەردەشت عوسمان و لەنامەکەدا هاتووە ( ئەگەر بەردەوام بی لە قسەکانت چارەنووست لە چارەنووسی سەردەشت عوسمان باشتر نابێت و دەت تۆپێنین ..!)

بۆپێشەوە: ئەو رۆژنامەنووسانە کێن لە هەرەشەیان لێکراوە؟

بەشدار عوسمان: ئەمانە کۆمەڵێک رۆژنامەنووس و چالاکوان و هەڵسوراوی ئەکتیڤی ماف و ئازادییەکانی خەڵکن، دەورێکی باڵایان هەیە لە ڕیکخستنی هەموو چالاکی و گردبوونەوە و خۆپیشاندان لەبەرامبەر هەموو ئەو پێشێلکارییانەی دەسەڵآتدارانی کوردستان بەرامبەر خەڵک دەیکەن، بەردەام لەگەڵ هاوکار و هاوپیشەکانیان لەهەوڵدان کە ڕووی راستەقینەی ئەو دەسەڵاتە باشتر نیشانی دنیا بدەن.

بۆپێشەوە: هۆکاری ئەو هەڕەشانە چییە؟

بەشدار عوسمان: لەئێستادا کە ئەحزابی کوردی و دەسەڵاتە لەرزۆکەکەی کەوتۆتە لێژی و پشتیوانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لەدەستداوە بەهۆی دەرئەنجامەکانی ریفراندۆمەوە، پێگە و شوێن و مەکانەتی ئابوری و سیاسیان دابەزیوە ،هۆکاری سەرەکی ئەو هەڕەشە و ترس و تۆقاندنە لەم کاتەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ترسێکی زۆریان هەیە خەڵکی ناڕازی کوردستانیش لەناوەخۆ لێیان هەڵسن و کۆتایی بەدەسەڵاتی داسەپاویان بهێندرێت لەهەولێر.

لە ئێستادا خەڵکی کوردستان لە وەزعیەتێکی زۆر خراپی ئابوری دەیگوزەرێنن و نەبوونی وبێ مووچەی دەستی خستۆتە گەردنی هەزاران خێزان و مناڵ و گەنج و پیر و پەککەوتەی کوردستان، لەمەلاشەوە سەروەت و سامانێکی بێ شوومار لەبن دەستی چەند بنەماڵەیەکی دەست رۆیشتووی کوردستانە و ژیانێکی شاهانەیان بۆ خۆیان و مناڵ و نەوەکانیان دورستکردوە، بۆ ئەوان ئەو واقعە باش دەزانن کە خەڵک لەم دەسەڵاتە داسەپاوەی هەولێر چەندە نارازی و داخ لە دڵە بۆیە وەکو پیشەی هەمییشەییان لەماوەی ٢٦ ساڵی ڕابردوویان دەست بۆ تیرۆر و تۆقاندن و دورستکردنی ترس لەکۆمەڵگە دەبەن.

ئەو هەڕەشانە بەشێکە لەکۆی دورستکردنی ترس و تۆقاندنەکانیان کە لەماوەی دوو هەفتەی رابردوو دەستیان بۆ بردووە، هێنانی چەکدار و هێزی ئەمنی و سەیارەی گەورەی جەنگی بۆ کوچە و کۆڵانەکانی هەولێر و چاودێریکردنی خەڵک و ناردنی پەیام لەرێگای خزم و ناسیاوەکانیان لە ئاسایش و دەزگا ئەمنیەکان و چەندین رێگای تریان بەکارهێناوە.

بۆپێشەوە: وەڵامی ئەو رۆژنامەنووسانە بە هەرەشەکان چییە؟

بەشدار عوسمان: لەیەکەم کاردانەوە بەرامبەر ئەو هەڕەشە بەرنامە بۆ دارێژراوە، ئەو شەش رۆژنامەنووس و چالاکوانە لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی ئازادیخواز و نارازیتر لە شاری هەولێر، رۆژی پێنج شەممە (٩\١١\٢٠١٧) وەکو وەڵامێک بەم هەڕەشانە لەسەر گلکۆ شێواندراوەکەی شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان کۆبوونەوە و بەئامادەبوونی دەزگاکانی راگەیاندن پەیامی ئەوەیان دووپاتکردەوە کە (هەڕەشەکان ئێمە ناترسێنێت و بەردەوام دەبین لەسەر وتنی راستیەکان و لەسەر پەیامی ئازادیخوازی سەردەشت و رێگای ئەو دەگرینە بەر ئەگەر وەکو ئەوشمان لێبکەن بۆ هەر یەکێکمان شانازییە، هەروەها ئەوەیان چەندبارە کردوە واز لەکەیسی سەردەشت ناهێنن و دەبێت بکوژان و ئەوانەی لەپشتەوەی تیرۆرەکەن ئاشکرا و دادگایی بکرێن ..!)

بۆپێشەوە: دەبێ چ بکرێ بۆ سنوردانان بۆ بەرگرتن بەهەرەشەی بەردەوامی دەسەڵات بۆسەر ئازادی و رۆژنامەنووسانی ئازاد؟

بەشدار عوسمان: تاکە رێگا بۆ کۆتایهێنان بەم وەزعیەتە پڕ مەرگەساتەی ئێستای خەڵک، کۆتایهێنانە بەدەسەڵاتی داسەپاوی ئەو چەتە و مافیایانە کە هەر رۆژێک کارەسات و رۆژ رەشەیەک بۆ ئەو کۆمەڵگەیە دەهێنن و نان و ئازادی و ئەمنیەتی خەڵکیان بە بارمتە گرتووە، ئەویش تەنها رێکخراو بوونی خەڵک و کۆبوونەوەیانە لە دەوری یەکتر. هەڵوێستی پڕ لە جەرائەت و بوێری و بەرەنگاری ئەو کۆمەڵە رۆژنامەنووس و چالاکوانە و هاوپشتی و پشتیوانی خەڵکی هەولێر و کوردستان بۆیان جێگای دڵخۆشیە.

رێگایەکی ترمان لەپیش نەماوە، دەبێت شەقامیان لێ بگرین و لەدەوری یەکتر کۆببینەوە و جاڕی کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی ئەو مافیایانە بدەین، ئەگینا نارەزایەتی بەتەنها بێ رێکخراوبوونی خەڵک، ناتوانێت رێگا لە مردنی مناڵان لە برسان و لەبێ شیری بگرێت و داهاتی تالانکراویان لەژێر دەستی دەربهێنێت. توڕەیی خەڵک ناتوانێت بەر بە مەرگی پیر و پەککەوتە و نەخۆشێک بگرێت کە نەخۆشخانەکان خاڵیە لە سەرەتاترین پێداویستی پزیشکی، پرتە و بۆڵەکانی سەر تۆرە کۆمەڵایەتیەکان ناتوانی جێژوانێکی ئارام و ئامن بۆ کچان و کوڕانی گەنج دابین بکات هەر دەەقەیەک کەرامەت و شەخسیاتیان لەژێر هەڕەشەی بەرپرسان و چەکدارەکانیاندایە.

تێبینی:ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٦ بەرواری ١٥/١١/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *