یەکەمین حکومەتی کریکاری لە جیهاندا دوای کۆمۆنەی پاریس

نووسینی: مستەفا باهیر

ناوی سەرۆک و ئەندامانی یەکەمین ئەنجومەنی کۆمیساریای گەل لە روسیا سالی ١٩١٧

دوای ئەوەی کە خەڵکی روسیا بەگشتی بەرۆڵی پێشرەوانەی چینی کریکاری رێکخراو، توانیان لە مانگی مارسی ساڵی ١٩١٧ حکومەتی قەیسەر، بروخێنن وە لە شوێنیدا حکومەتێکی کاتی دروست بکەن، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە ئەم حکومەتە نەیتوانی جواب بەداخوازیەکانی خەلکی بداتەوە، و نەی توانی هیچ کێشەیەک لەو کێشانە چارەسەر بکات، کە خەڵک بۆی هات بوونە مەیدان. بەتایبەتی کێشەی جەنگ کە لەوکاتەدا جەنگی جیهانی یەکەم بەردەوام بوو وەخەڵکێکی زۆر دژی ئەو جەنگەبوو، بەڵام حکومەتی کاتی نەک هەوڵی نەدا جەنگ راگرێت بەڵکو درێژەی بەوجەنگەدەدا.هەروەها نەی توانی چارەسەری کێشەی زەوی بکات کە چەندەها ساڵ بوو جوتیارانی روسیا بەدەست ئەم کێشەیەوە دەیان ناڵاند. هەرچەندە حکومەتی کاتی بەڵینی دابوو بە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، بەلام هەر وەک خۆی مایەوە. ژیانی کرێکاران و هەژاران رۆژ بەرۆژ بەرەو خراپی دەرۆشت بەتایبەتی دوای ئەوەی بەشێکی زۆری کارگەکان لە لایەن سەرمایەدەران بە بیانوی جۆراوجۆرەو داخران و بەشێکی زۆری کریکاران بیکار کران بەبێ ئەوەی حکومەت هیج هەڵوێستێکی هەبێت. بەکورتی لەژێر سایەی حکومەتی کاتی رۆژ بە رۆژ ژیان و گوزەرانی خەلکی بەرەو خراپی دەرۆیشت. ئەو بەڵێنانەی کە حکومەت دابوی بە خەڵک لێی پەشیمان دەبونەوەو هیچیان بۆ جیبەجێ نەکردن. بەشێک لە رابەرانی بەلشەفی وەک ستالین وکامینیف  پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم حکومەتە کاتیە دەربری، بەلام بە گەرانەوەی لینن لە مانگی نیساندا بۆ روسیا، وە  بڵاوبونەوەی بیرۆکەکانی کە بە بیرۆکەی چواری ئەپرێل ناسراوەو کە تیایدا دەی وت ئەم حکومەتە حکومەتی ئیمە نیە، و هەمو دەسەڵاتێکیش دەبێت بۆ شوراکان بێت. هەرچەندە لەسەرەتادا لینین کەسی لەگەڵ نەبوو، بەڵام دوای کۆنگرە کە لە کۆتایی لەمانگی نیساندا بەسترا. بیرو باوەرەکانی لینین، بوو بە بیرەباوەڕی بەلشەفیەکان، ئیترهیچ هاوکارییەکی بەلشەفیەکان  بۆ حکومەتی کاتی  نەما.  ئەمەش بوە هۆی ئەوەی کە جەماوەر بەتایبەتی کرێکاران، بەرەو بەلشەفیەکان برۆن. رۆژ بەرۆژ بەلشەفیەکان لەپەرەسەندندا بوون. حکومەتی کاتی زۆر لە پەرەسەندنی بەلشەفیەکان دەترسا، لە بەرەکانی جەنگەوە  سوپایەکی زۆری گەرانەوە  بۆ نزیک بترسبۆرگ بۆ هێرشکردنە سەر بەلشەفیەکان. بەشێک لەو سوپایە لەگەل هێزە چەکدارەکانی تر لەمانگی تەموزی سالی ١٩١٧ هێرشێکی  گەورەی کردە سەر بەلشەفیەکان و بارەگاو رۆژنامەکانی داخست جگە لەوەی کە کۆمەڵێک لە ئەندامان و لایەنگرانی کوژران ژمارەیەکیش لە رابەرانی گیران و ژمارەیەکی زۆریشیان فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچوو. لینین یەکیک بوو لەوانەی کە بریاری گرتنی بۆ دەرچوو. بۆیە  لینین ناچار بوو کە وڵات بەجی بێڵێت، بەرەو فنلاند بڕوات.

ئەو سوپایەی  کە لەنزیک بترسبۆرگ بوو، پاشماوەکانی قەیسەر، بەهاوکاری کۆمەڵێک لەسەرمایەداران هانی جەنەراڵە سەربازیەکانیان دەدا، جگە لەبەلشەفیەکان هەوڵبدرێت  ئەو سۆڤیتاتەی کە دروستکرابوو لە لایەن چەپەکانەوە لەناو ببریت و لەشوینیدا حکومەتێکی سەربازی دیکتاتۆر دروست ببێت. بۆیە جەنەراڵ کۆرنۆلیف هێرشیکی گەورەی کرد بۆ پترۆگراد بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی بەلشەفیەکان و هەمو شورا کریکاری و سەربازیەکان. بەرامبەر بەم هێرشە حکومەتی کاتی داوای لە  بەلشەفیەکان کرد کە هاوکاری حکومەت بکەن بۆ تێکشکاندنی ئەم کودەتایە. بەلشەفیەکان بەرەنگاری ئەم کودەتایەی کۆرنۆلیف بونەوە. پاش ئەوەی کە شکستیکی گەورە بەسەر کورنۆلیف و سوپاکەی هات… بەلشەفیەکان رۆژ بەرۆژ بەرە پێشەوە دەڕۆشتن و بەهێز دەبوون. لەوکاتەوە لینین چەندەها نامەی نوسی بۆ هاوڕێیانی کۆمیتە ناوەندی. دەیوت کە روداوەکەی کۆرنۆلیف خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی روسیادا، داوای لێ دەکردن کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی کە ڕاپەڕینیکی چەکداری بکەن و کۆتایی بەدەسەڵاتی کرنسکی بهێنن چونکە ئەگەر کات تێپەڕێت وکرنسکی هێزەکانی سوپا رێکخاتەوە، شانسی سەرکەوتنی ئێمە کەم دەبێتەوە. بەگشتی لە مانگی٩ی سالی ١٩١٧ لینین بەمەبەستی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات، وە بە بەرزکردنەوەی دروشمی (نان ،ئاشتی، زەوی ) خەریکی دارشتنی بەرنامەیەک بوو بۆ ڕاپەرینێکی چەکدارانە. هەمیشە نامەی دەنارد بۆ هاوڕێیانی کۆمیتە ناوەندی و داوای لێدەکردن کە دەبیت لە زوترین کاتدا ڕاپەڕینی چەکداری بکەن و پێش کۆنگرە توانیبێتان دەسەڵاتی کرنسکی بروخێنن.هەرچەندە لەسەرەتادا کۆمەڵێک لەئەندامانی کۆمیتە ناوەندی بەلشەفی رازی نەبوون بە ڕاپەڕینی جەکداری. بۆیە لینین داوای کۆبونەوەی کۆمیتە ناوەندی دەکات. لە رۆژی ١٠ مانگی ئۆکتۆبەردا بە ئامادە بوونی ١٢ کەس لە کۆمیتە ناوەندی ئەو جەلەسەیەی سازکرد. لینین  بۆچونەکانی سەبارەت بە راپەڕینی چەکداری دەخاتە روو. سەرەنجام زۆربەی کۆمیتە ناوەندی رازی دەبن. هەربۆیە لینین لەوێدا پارچە کاغەزێک دەردەکات ئەم پێشنیارە دەنوسێت (حزب تەواوی هێزەکانی ژێر فەرمانی بانگهێشت دەکا بۆ رێکخستنی راپەرنێکی چەکدارانە) دوای ئەوە دەنگ لەسەر ئەم پێشنیارەدەدرێت ١٠کەس دەنگ دەدات بە رازی بوون دووکەسیش ناڕازی ئەوانیش هەریەک لە کامینیف، زینۆفیف دەبن.هەرچەندە دوای ئەم بریارە هەریەک لەکامینیف و زینوفیف لەسەر ئەوڕاپەرینە زۆریان نوسی و زۆر دژی بوون، بەلام سەرنجام لینین توانی کە زۆربەی هاوڕێیانی رازی کات بەو بوچونە. بەلشەفیەکان دەستیان بەکارکردن  کردو توانیان لە ٢٥ ئۆکتۆبەر(٧ نۆڤەبەر) حکومەتی کاتی بروخیین. لەشوینیدا حکومەتی شورایی دروست بکەن. لەهەمان رۆژدا کە کۆنگرەی نوینەرانی سۆڤیتات بوو.لینین چوە هۆڵەکەو لەوی پێشوازیەکی گەرمی لێکراو لینین وتی، هاورێیان ئەمرۆ شۆرشی روسیا بە ئەنجام گەشت و شۆرشی کریکاران و وەرزێران کە زۆر جار بەلشەفیەکان باسیان کردوە سەرکەوت. مانای ئەو شۆرشەش ئەوەیە کە لەمەودوا حکومەتێکمان دەبێت کە لە نوێنەرانی تەواوی زەحمەتکێشان پێک هاتوە، دەوڵەتێکی شورایمان دەبێت، کە بەبێ ئەوەی بورجوازی بچوکترین رۆلی تیادا هەبێت. لەم ڕۆوە لاپەڕەیەکی تازە لە مێژووی روسیادا دەستپێدەکات. ئەم شۆڕشە پێشەکیەکە بۆ شۆرشێکی جیهانی و سەرکەوتنی سۆسیالیزم. ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە ئێمە بینای یەکەم حکومەتی پرۆلیتاریای جیهان داڕێژین ونمونەیەک بۆ شۆرشی پرۆلیتاریایی لە جیهاندا دروست بکەین. لە رۆژی ٢٦ ئۆکتۆبەر (٨ نۆڤەبەر) بەلشەفیەکان یەکەمین حکومەتی خۆیان ڕاگەیاند، لینین لە ناوی وەزیر بێزار بوو بۆیە لەگەل ترۆتسکی لە باتی ناوی وەزیر لەسەر ناوی کۆمیسێر،و لە باتی دەولەتیش ناوی ئەنجومەن( شورا) ریکەوتن و دەوڵەتەکەشیان ناو نا ( ئەنجومەنی کۆمیسێری گەل).
هەر لە هەمان رۆژدا واتە ٨ / ١١/ ١٩١٧کۆنگرەی سەرانسەریی نوینەرانی کرێکاران وجوتیاران و سەربازان رایدەگەیەنیت کە، تا پەرلەمان پێک دیت، دەولەتیکی کاتی کرێکارن و جوتیاران بە ناوی (ئەنجومەنی کۆمیسیرەکانی گەل) بۆ بەرێوەبردنی کاروباری ولات دادەمەزریت.
سەرۆک و ئەندامانی یەکەمین ئەنجومەنی کۆمیساریای گەل بەم شیوەیە بوو. سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیساریای گەل- ڤیلادیمیر ئۆلیانۆف (لینین)
کۆمیسێری کاروباری ناوخۆ –  ریکۆڤ
کۆمیسێری کاروباری دەرەوە – رۆنشتاین (تروتسکی)
کۆمیسێری کاروباری کشتوکاڵ-میلیوتین
کۆمیسیری کاروباری کرێکاری-شلیاپانیکۆڤ
کۆمیسێری کاروباری بازرگان ی و پیشە سازی- نۆگین
کۆمیسێری پەروەردە -لۆناچارسکی
کۆمیسێری داد  – ئۆپۆگۆڤ
کۆمیسێری خزمەتگوزاری – تیۆدۆرۆڤیچ
کۆمیسێری پۆستە و گەیاندن- ئادیلۆڤ
کۆمیسێری کاروباری نەتەوەکان- جۆگاشڤیللی، ستالین)وە بۆ بەریوەبەرایەتی کاروباری سوپاو هیزی دەریایی کۆمیتەیەکی سێ (٣) کەسی ( ئانتۆنۆڤ – کریلنکۆ- دیبنکۆ ) پێک دیت. وە کریلینکۆ دەبیت بە بەرپرسی کۆمیتەکە. جگە لەمانە هەریەک لە ستالین و ترۆتسکی دەوریان هەبوو لەو کۆمیتیەیەدا.
ئەمە بە یەکەمین حکومەتی کریکاریی دادەنریت لە جیهاندا دوای کۆمۆنەی پاریس.

سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە.

  • “مێژووی شۆرشی روسیا” لەنووسینی لیون تروتسکی.
  •  لە لینینەوە بۆ پۆتین” لەنوسینی مەحموود تلوعی وەرگیرانی رەسوول سولتانی.
  •  عشرة ایام هزة العالم” نوسینی جۆن رید

تێبینی:

ئەم شۆرشە لە جیهاندا بە شۆرشی ئۆکتۆبەر ناوی دەرکردوە لەبەرئەوەی کە سەرکەوتنی شۆرشەکە لە ٢٥ / ١٠ / ١٩١٧ بە گویرەی رۆژمێری یولیانی (تقويم يولياني) کە ئەو رۆژ ژمێرە ئیستا لە جیهاندا کاری پێناکریت تەنها لە چیای ئاثوس نەبیت (جبل آثوس) لەگەل رۆژ ژمێر زاینی ١٣ رۆژیان بەینە واتە کە دەڵێین ٢٥ ئۆکتۆبەر واتە ٧ نۆڤەبەر.

تێبینی:ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٦ بەرواری ١٥/١١/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *