راپۆرتێک سەبارەت بە ژنانی خزمەتکار و سکپڕ لە هۆنگ کۆنگ

ئامادەکردنی: شوان عەزیز

لە هۆنگ کۆنگ حامیلەبوون بۆ ژنانی کارەکەر لەدەستدانی کارەکەیان دەگەێنێت!

چیرۆکی ژنێکی ئەندەنووسی لە هۆنگ کۆنگ بەهۆی حامیلەبوونی لەکارەکەی وەدەردەنرێت.

Bobby Yip/REUTERS

Lin Taylor

HONG KONG

Reuters

نۆڤەمبەری ٨، ٢٠١٧

لە هۆنگ کۆنگ ژنێک لەسەر کارەکەی دەردەکرێت لەبەر ئەوەی حامیلە بووە  و لە ئەنجامیشدا بێ ماڵ و حاڵیش دەبێت..

ئەنیسە  کە کچێکی ئەندەنوسیەو لە هۆنگ کۆنگ وەک کارەکەری ماڵێک کاری دەکرد لەسەر کارەکەی دەردەکرێت تەنها لەبەرئەوەی حامیلە بووە.

من زۆر خەفەتبارم بەم وەزعە، بەڵام ئایە من دەتوانم چی بکەم ؟ ئەمە قسەی سەدان ملیۆن کەسی سەر رووی ئەم زەمینەیە.

هەر کە ئەنیسە بۆی دەکەوت حامیلەیە، بە یەکەمین منداڵی، دڵی کەوتە لێدان و  وەختبوو ڕاوەستێ.

ئەنیسە بۆ سێزدە ساڵ دەچوو کە لە هۆنگ کۆنگ وەک و کارەکەری ماڵان کاری دەکرد. ئەو هەمیشە ترسی ئەوەی هەبوو کە ڕۆژێک دێت کە خاوەن کارەکەی دەریدەکات و دواڕۆژی کارکردنی دەکەوێتە مەترسیەوە بە هۆی منداڵێکەوە کە ئێستا لەدایک نەبووە.

بە پێی یاسای کار لە هۆنگ کۆنگ ئەوانەی کە بێگانەن و وەک کارەکەری ماڵان کاردەکەن پێویستیان بە گرێبەست هەیەو ناتوان سەربەخۆ شوێنێک بگرن کە تێیدا نیشتەجێبن، بەڵکو دەبێت لەو ماڵەدا بژین کە وەک کارەکەر لایان دامەزراون. بۆیە ئەنیسە لەوبارەوە بێ جێگاوڕێگا دەمێنێتەوە. هەروەها ئێستا ئەنیسەی تەمەن ٣٧ ساڵ مافی مانەوەشی لە هۆنگ کۆنگ لێ دەسەنرێتەوەو ئەمەش بۆ ئەنیسە زۆر قورسە چونکە ئەو  نان پەیداکردنی خێزانێکی بەملەوەیە لە ئەندەنوسیا.

کاتێک کە ئەنیسە غیرەتی دایە بەرخۆ و بە خاوەن کارەکەی وت کە ئەو حامیلەیەو سکیشی پێنج مانگە، ئیتر ترسی ئەو لە وتنی ئەو خەتەرە بوو بە شتێکی ڕابردوو، بەڵام بێ ئەوەی هیچ حسابێک بۆ شعووری بکرێت لەلایەن خاوەن ماڵەکەوە کەوتە بەرلێشاوی جوێن و نەفرەت و شکاندنی شعوری کە بۆچی هێشتوویەتی حامیلە بێ؟

ئەنیسە ئاهوا باس لە پەرچەکرداری خاوەن ماڵەکە دەکات:”خاوەن کارەکەم قسەی زۆر نابەجێی پێدەوتم کە من سەگم و هەر سەگیشم دەبێت. هەروەها پێی دەگوتم کە منداڵەکەم نوقسان دەردەچێت لە ڕووی مێشکەوەو مناڵێک دەبێت کە دەست و قاچیشی نابێت.”ئەنیسە هەروەک هەموو ئەو کارەکەرانەی تر کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە دەیویست بە نەناسراوی بمێنێتەوە چونکە کاتی مانەوەی لە هۆنگ کۆنگ بەسەرچووە.

ئێستا کە ئەنیسە لە ناوەندی هاوکاری کۆچبەراندایەو مناڵەکەی کە کچەو تەمەنی بووەتە ساڵێک و لە تەنیشتی ئەو یاری دەکات وئەنیسەش ئێستا وەک پاککەرەوە کار دەکات حاڵی ناخۆشی خۆی دەگێڕێتەوە.  ئەو شتانەی کە ئەنیسە دەیانڵێت هیچ کەسێک نایەوێت ئەمانەی لەلایەن هیچ کەسێکەوە پێبگوترێت.

لە کارەکەری ماڵانەوە بۆ کاری پاکردنەوە. لە دەزگاو شوێنە گشتیەکان. بە پێی بەدواداچوونێکی ڕێکخراوی کاری نێونەتەوەیی دەوروبەری ٦٧ ملیۆن کەس وەک کارەکەرو خزمەتکاری ماڵان کاردەکەن وە لەو ڕێژەیەش لە سەدا شێستی بەر ناوچەی پاسیفیکی ئاسیا دەکەوێت و ئەوانەش هیچ مافێکیان پارێزراویان نییە..

خزمەتکارو کارەکەرەکانی ناو هۆنگ کۆنگ ژمارەیان دەگاتە نزیکەی ٣٥٠ هەزار کەسێک کە زوربەیان ژنی گەنجن و لە خێزانی کەمدەرامەت و هەژاری وڵاتانی وەک فلیپین و ئەندەنوسیاوە هاتوون.

لەگەڵ ئەوەشدا کارەکەری ماڵان لە شاری هۆنگ کۆنگ مافی پارێزراوترە لە زوربەی شوێنەکانی تری کیشوەری ئاسیا، بەڵام دەستیش کرا بە چاودێری توند لە ساڵی ٢٠١٤ وە  لەسەر مامەڵەی خراپ لەگەڵ کارەکەری ماڵان. وە ئەوەش لەوەوە سەرچاوەی گرت کە کارەکەرێکی ئەندەنوسی لەلایەن خاوەنکارەکەیەوە لێی دراو ئاوی لەکوڵێشی بەسەرداکراو سوتێنرا.

گرتنەبەری کاری ترسناک

زۆرێک لەو کارەکەرو خزمەتکارانە بێ ئەوەی گوێ بدرێتە یاساو ڕێسا دەردەکرێن و تووشی بێ ماڵ و حاڵی دەبن وە هەر بۆیەش ئەوانە پەنا دەبەنە بەر کاری لەشفرۆشی بۆ ئەوەی بژین وە هەندێکیشیان مامەڵەیان پێوەدەکرێت و دەبررێن بۆ وەڵاتانی تر بە ڕێگەی نایاسایی.

جێسیکا چاو، کە لێکۆڵەرێکی کۆمەڵایەتیەو لە سەنتەری پاث فایندەرس کاردەکات وە هاوکاری ئەو ژنانە دەکات کە تووشی ئەو حاڵەتانە هاتوون. دەڵێ:’ لە زوربەی کۆمپانیاو کەرگەکاندا ژنان حامیلەش دەبن و بەردەوامیش دەبن لەسەر کارەکانیان. ئەدی بۆچی ئاوا بە زۆری ئەو کەسانەی کە وەک کارەکەر بۆ ماڵان کاردەکەن بە هۆی حامیلەبوونیانەوە لەسەر کار دەردەکرێن”. هەروەها دەڵێت” لە هەندێک کاتدا ژنان هەست دەکەن کە لەهیچ شوێنێک وەرناگیرێن، چونکە لەدەرەوەی ویستی و توانای خۆیان حامیلەبوون. بۆ نموونە لەڕێگەی تەعدای جنسیەوەو بە زۆرەملێ. جێسیکا دەڵێت یەکێک لەو ژنانە بۆی باسکردووە کە ئەو زۆر عەوداڵی ژورێک بووە کەدەستی کەوێت و پیاوێک پێی وتووە هۆدەیەکی دەداتێ کە ئەگەر ماڵەکەی بۆ پاک بکاتەوەو کارەکەری بکات بۆی. بۆیە لە ئاخریشدا هەر ئەو پیاوە تووشی حامیلەبوونی کردووە.

دەزگای ڕۆیتەرس لە دەمی جێسیکاوە دەڵێت:” ئاخر ئاوا ژنان ئیستیغلال دەکرێن و تووشی حاڵەتی حامیلە بوون دەبن. شوێنیان نیەو دەگەڕێن بۆ هۆدەیەک. ئیتر هەر کەسێک بیان داتێ ئەوان رازی دەبن ئەوەش گرتنەبەری ڕێگایەکی خەتەرە بۆسەر ژیانی ئەو ژنانە بەڵام چاریش نیە.”هەندێک لەو ژنانە کە بە کەلتوورێکی وا پەروەردە بوون کە زانیاری جنسیان زۆر کەمەو هەست بە شەرم وئابڕووچوون دەکەن کە ئەو حاڵەتانە باس بکەن بۆ دەورووبەریان و کەسوکاریان وە لەوانەیە ئەنجامەکەی بەخراپ بشکێتەوە بۆسەر ژیانیان.

ئەو ژنانە تووشی حاڵەتێکی خەراپی تریش دەبنەوە کە مناڵەکەیان تۆمارناکرێت و ئەمەش ئاسانکاری دەبێت بۆ زیاتر قەبووڵکردنی هەموو شێوەکارێک بۆ بەخێوکردنی مناڵەکە یاخود مامەڵەی بازرگانیان پێوەدەکرێت وە بەڕێگەی نایاسایی ڕەوانەدەکرێن بۆ وڵاتێکی تر. لە وڵاتی هۆنگ کۆنگ مافی هاوڵاتی بوون نادرێت بە مناڵی ئەو کارەکەرە بێگانانە کە لەوێ لەدایک دەبن. تەنها لەسەر ڤیسەی باوک ودایکیان ئاماژەی پێدەکرێت کە مناڵی ئەوانە.

بۆ ئەنیسە مەسەلەکە جیاوازی هەبوو. ئەو بۆی نەبوو کە لەدوای بەسەرچوونی ڤیسەکەی لە شارێکدا بمێنێتەوە کە یاسای حکومەتی چینی تێدا کاربکات. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا دەبێت ئەنیسە لە هۆنگ کۆنگ بە نایاسایی بمێنێتەوە لەگەڵ هاوسەرە بەنگڵادیشیەکەی؟

ئەگەر وابکات ئەوە منداڵەکەی لە هەموو سوودێک دادەبڕێت بۆ نموونە ناتوانێت بچێتە قوتابخانەو لە سوودەکانی چارەسەری تەندروستیش بەهرەمەند نابێت. ئەنیسە لە کاتێکدا کە کچە یەک ساڵیەکەی یاریەکانی پێکدا دەداو لێکی ڕادەکێشان، دەڵێت”من زۆر خەفەتبارم بەم وەزعە، بەڵام ئایە من دەتوانم چی بکەم؟

من زۆر خەفەتبارم بەم وەزعە، بەڵام ئایا من دەتوانم چی بکەم ؟ ئەمە قسەی سەدان ملیۆن کەسی سەر رووی ئەم زەمینەیە.

تێبینی:ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٦ بەرواری ١٥/١١/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *