دوما

      نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

هەشتی ئەپریل لەهێرشێکی دڕندانەدا، لە دومای غۆتەی ڕۆژهەڵاتی سوریا… زیاتر لە ١٥٠ کەس کوژران و زیاد لەهەزار کەسیش بریندار بوون، ئەمریکاو غەرب و سوریایان بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تۆمەتبار کرد و سوریا و روسیاش ئەو تۆمەتەیان رەتکردەوە…

ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە، کە تەنهاو تەنها گۆشەیەکە… لەو زنجیرە ڕووداو و هێرشە بەردەوامانەی لەلایەکەوە لەلایەن گروپە تیرۆریستەکانی بەناو سوپای سوریای ئازاد و باندەکانی تر سەر بەئەمریکاو تورکیاو غەرب لە لایەکی تریشەوە لەلایەن سوپای هەوسارپچراوی بەرگری لەدەسەڵاتی رژیمی ئەسەد بە پشتیوانی ئاشکرای روسیاو ئیران… ئەنجامی دەدەن.

ئەو هێرشە ئینسان کوژیە بۆسەر دوما… هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ هێرشە نەپساوەکانی لایەنە دەرگیرەکان لەگەڵ یەکتر لە سوریادا، نییە… ئەوە نەبێت کە هەندێک لەو هێرش و روداوانە بە بیانووی جۆراوجۆر دەکرێنە نیعمەتی خودایی بۆ ملهوڕی نیشاندانی تایبەتی هێزە سەرەکییە دەرگیرە جیهانییەکان… لەوانەش ئەمریکاو غەرب و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و روسیاو ئێران و هاوپەیمانەکانی لەلایەکی ترەوە.

کوشتنی بەکۆمەڵ و جینۆسایدی ئاشکرا، بە چەکی کیمیایی!! یان بە بۆمبابارانی هێشویی و قەسابیکردن بەدەستدرێژی چەکە گەرم و چەورەکان… هەر کوشتارە، بەڵام لە دیدی وڵاتانی زلهێزی وەکو ئەمریکاو غەرب و روسیادا، کە خۆیان کردۆتە خاوەنی سەرەکی کەیسی سوریا، و سوریا مەیدانێکی سەرەکی بەرامبەرکێی ئێستایان پێکدەهێنێت…جۆری کوشتارەکان و کۆمەڵکوژیەکان، ئاستی تر لە کۆمەڵکوژی و درندەیی راستەوخۆی ئەمریکاو غەرب، یان روسیاو رژێمەکەی ئەسەد… دەکاتە کابوسێکی تر بۆ کوشتاری خەڵکی بێتاوان و سفیلی ئەو وڵاتە…

خەڵکی لەلایەن سوپای سوریاوە قەسابی دەکرێن، وەڵامی ئەمریکاو غەرب، دوبارە قەسابی کردن و داباراندنی بۆمبا مەرگ چێنەکان و کوشتاری کوێرانەیە. باندە گروپە ئینسانکوژە ئیسلامی و نۆکەرەکانی ئەمریکاو غەرب کوشتار و سەربرینی بەکۆمەڵ ئەنجام دەدەن، دوبارە وەڵامی سوپای سوریا و هێزەکانی روسیا، دیسان کوشتارو داباراندنی ملیۆنەها تەن بۆمب و باروت و کوشتنی کوێرانەیە… چ کارەساتێکە!!؟

ئەم جەنگە نەگریسە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ و بەوەکالەتەی ئەمریکاو غەرب لەلایەک و روسیاو تورکیا و هاوپەیمانەکانی لەلایەکی ترەوە لە سوریا درێژەی پێدەدەن… گۆرپانی خوێنرێژیەکەی سوریایە، بەڵام پەیامە سیاسییەکەی جەنگی زاڵکردنی هەژموونی قوتبە جیهانییەکانە لە روژهەڵاتی ناوەراستدا بەتایبەتی و لە دنیادا بە شێوەیەکی گشتی.

ئەمریکا… کە بەشکستی لە ئەفغانستان و عێراقدا، خەونی دامەزراندنی نەزمی نوێی دنیای دوای شکستی بلۆکی غەربی، زڕاو ناکام مایەوە… دەیەوێت لەبەرامبەر سەر بەرزکردنەوەو هاتنەوە مەیدانی روسیاو دەستێوەردانی راستەوخۆی لەناوچەی روژهەڵاتی ناوەراستدا و بەتایبەتی لە سوریا و پێکهێنانی ریکەوتننامەی سێ کۆچکەی ئیران، سوریا، روسیا… بوەستێت و سنورێک بۆ رۆڵی رۆژ بەرۆژ روولەسەری روسیا و هاوپەیمانەکانی و نەخشەکانیان دابنێت. بۆ روسیاو هاوپەیمانەکانیشی شکستی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان و لەسوریادا، بووە ئەو زەمینەو ژینەگەیەی کە روسیا، هەم بلۆکی ناوچەیی دروست بکات و هەم بەر بە‌هێزبوونەوەی هەیمەنەی ئەمریکا و غەرب بگرێت و بڵێت ستۆپ… دنیا پاوانی ملهوری و تاک پۆلیسی نییە، ئەوە شەرە راستەقینەکەیە. قوربانیانی ئەم جەنگە چەورە، بەجیا لە بەتاڵانبرن و کۆنترۆڵی سامانی ئەو وڵاتانە، لە باری ئینسانییەوە، خەڵکی سوریا و بەشێکی زۆری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستە، بەڵام لە باری خوێن مژی و کەڵەکەی سەرمایەو قەرەبووکردنەوەی ئەزمە ئابورییەکەیان لەرێگای جەنگەوە، هێرشێکی سیستماتیکی سەرمایەیە بۆسەر چینی کرێکارو خەڵکی بێبەشی ئەمریکا و غەرب و روسیا و. تەواوی دنیای بەناو ئارام و دیموکراسی ..تاد.

کارەساتی دوما، لە غۆتەی رۆژهەڵاتی سوریادا، دەریچە و دەروازەی چوونە سەری ململانێی راستەوخۆی ئەمریکاو و روسیایە. دۆما و کەسیسی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تەنها بیانوو بەهانەیەکە بۆ زاڵکردنی هەیمەنەی خۆیان بەسەر دنیاو چنینەوەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکانیان.. ئایندەی ئەم ململانێ و جەنگە بەکوێ دەگات؟ براوەی نێوانیان کام لا دەبێت؟  قوربانیانی ئەم شەرە هەر خەڵکی سوریا دەبێت، یان کڵپەی ئاگرەکەی بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراست و دوکەڵەیشی بۆ سەرجەم کۆمەڵگەی ئینسانییە… بەندە بە کۆمەڵێک فاکتەری تری دواترەوە. دیارە ئەمریکاو غەرب لەو جەنگەدا لەبەرامبەر بە روسیا،  بەهۆی نەبوونی ئەلتەرناتیڤی دوای روخاندنی رژێمی ئەسەدەوە، کەیسی روخاندنی رژێمی سویایان دەست لێهەڵگرتووە، و مەسەلەکە پەیوەندی نییە بە روخاندنی ئەو رژێمەوە، تەنانەت مەسەلەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و لەبەین بردنی ئەو چەکانەش درۆیەکی ئاشکرایە…سەرچاوە زەبەلاحەکانی چەکی کیمیایی و بایەلۆژی و کڵاوئەتۆمیەکان و ئەنبارە پرەکانی ئەو چەکانە، خودی ئەمریکاو روسیاو وڵاتانی غەرب و دۆستە درندەکانیان و تاکە وڵاتی بەکارهێنەری چەک و بۆمبی هیشویی و نەوەوی خودی ئەمریکا بووە چ لە جەنگی فیتنام و چ لەداباراندنی بەسەر هیرۆشیما… لە یاباندا. تەنانەت دەستبردن بۆ داباراندنی دەیان هەزار و تەن و باروت و لەژیر ناوی لەناوبردنی چەکی کیمیاییدا، تاوانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ناسڕیتەوەو خودی ئەم بۆمباران و هەرەشانە بۆ بەکارهێنانیان، تاوانێکی ئاشکرای جەنگی و ویرانکارییەکی رۆشنی بەئەنقەستە، بۆ ئامانجی دیاریکراو، بۆ زاڵکردنی هەیمەی سیاسی و سەربازی و ئابوری و سنوردانانە بۆ دەسترۆشتویی ئێستای روسیا و دەستێوەردانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا… وەشاندنی گوزی سەربازی لە سوریا لەژێر هەر بیانوویەکدا لەلایەن ئەمریکاوە، گورز وەشاندنە لە بەرژەوەندیەکانی روسیا و ترساندنی روسیا و هەوڵێکە بۆ دەستکورتکردنەوەی روسیا و هاوپەیمانە ئیرانیەکەی لە ناوچەکەو لە ئایندەی ناوچەکەو لەسەر ئاستی دنیاشدا، ئەمریکا دەیەوێت هیزو دەوڵەتی بێ رکەبەری دنیا بێت، لەو پێناوەشدا، دەست بۆهەموو کردەوەیەکی درندانەو وێرانکاری دەبات… ئەمریکا چ دەست ببات بۆ کردەوەی سەربازی و گورز وەشاندن و کە ئەگەری زۆرە ئەنجامی بدات، تەنانەت ئەگەر رژێمی ئەسەدیش بروخێت” کە لە ئیستادا مەبەستیان نییە” ناتوانێت رۆڵ و نەخشی خۆی لەو گۆرەپانی ئەزمەگرتووی ناوچەیەدا، بە قازانجی خۆی بشکێنێتەوە، ئەمریکا هیچ بەرنامەیەکی رۆشنی بۆ دۆخی ناوچەکەو سوریا نییە، خاوەنی هیچ ئەڵتەرناتیڤێک نییە… لەبەرامبەردا هیزە نەیارە دووبارە سەربەرزکراوەکەی روسیا، ئەلتەرناتیفی رۆشنی خۆی و هاوپەیمانەکانی ئامادەیە، کە رژێمی سوریایەو دەیەوێت ئەو رژێمە بمینێتەوەو لەداهاتوشدا ئاڵوگۆرێکی کەمی بەسەردا بێت… شانسی مانەوەی رژێمی ئەسەدیش زۆر لە شانس و نەخشەی نارۆشنی ئەمریکا، زیاترە… بێگومان ئەمەش بە قازانجی روسیاو ئیران و هاوپەیمانەکانی تریان دەشکێتەوە… بۆ ئەمریکا دەستێوەردانی سەربازی و بەرینکردنەوەیی و گورز وەشاندن لە رژیمی سوریا، زۆرتر پەلەقاژەیەکە بۆ مانەوەی خۆی لەناوچەکەو ترساندن و سنوردانانە بۆ روسیاو ئیران لەو جغرافیایەدا… دیارە مانەوەی رژیـمی ئەسەد و چوونە پێشەوەی نەخشەی روسیا و باڵانسی هێز لە ئاستی ناوچەکەو رۆژهەڵاتی ناوەراست و دنیادا بە قازانجی روسیا دەگۆرێت… ئەمەش چ لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمریکاو غەرب و چ لە ئاستی ناوچەکەدا ئەمریکا روبەرووی ریسوایی و شکست و ناکامی دەکاتەوە… بەڵام ئەمە هەموو حکایەتەکە نییە. ئەگەری بەریەک کەوتنی سەربازی نێوان ئەمریکاو روسیاش لە ئارادایە، کە ئەگەر رووبدات کارەساتێکی کەم وێنە لە مێژووی هاوچەرخدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.. زۆر کەس هەر ئێستا ئەم ململانییەی ئەمریکاو روسیا، بەوینەی پەیامەکانی بەر لەجەنگی جەنگی جیهانی سێیەم دەزانن یان ناویان ناوە جەنگی جیهانی سێهەم، کە لە ئایندەدا پێشبینی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تیادا دەکرێت. لەوەها حاڵەتێکدا، کارەساتە جەرگبرەکانی ئێستای سوریا، دەبنە کایەی مناڵانە لەچاو مەرگەسات و لێکەوتەکانی جەنگیێکی ئاوادا.

ئەو تویتەی ١١ ئەپریل، کە ترەمپ شەقاوە ئاسا لەبەرامبەر بەلێدوانی فەرماندەیەکی روسیدا، کە وتوویەتی موشەکەکانی ئەمریکا دەخەینە خوارەوە دەنووسێت:
“ڕوسیا بەڵێنی داوە ھەموو ئەو ڕۆکێتانە بخاتەخوارەوە کە ئاراستەی سوریا دەکرێن، خۆت ئامادەکە ڕوسیا، چونکە ڕۆکێتەکان بەڕێوەن، ڕۆکێتی قەشەنگ و تازە و ”زیرەک!“. ڕوسیا تۆ نابێت دۆست و ھاوکاری ئاژەڵێک بێت کە غاز (چەکی کیمیاوی) بەکاردەھێنێت بۆ کوشتنی میللەتەکەی خۆی و چێژیش لەم کوشتنە ببینێت! “ کاردانەوە لێدوانەکانی بەشیک لە بەرپرسانی روسیا، مایەی مەترسیەکی گەورەو ئامادەبوونی دوو حوتی ئینسان لوشە، لە جەنگی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوری و زاڵکردنی قەڵەمرەوی نفوزدا… لەیەک وشەدا، ئەو جەنگەی بەڕێوەیە جەنگی هەیمەنە کردنە بەسەر دنیادا…

بۆیە بەراستی رۆژهەڵاتی ناوەراست و دنیا لەبەرامبەر مەترسییەکی گەورەدایە… سوریا گۆرەپان و سەنتیزی فتیلدانی جەنگێکی فراوانتر و تەنانەت ئەتۆمییە. هوشیاربوون لەبەرامبەر بەو کارەساتەو بێدارکردنەوە و بێداربوونەوەی دنیای دژی جەنگ و نابەرابەری… تاکە زامنی بەرگرتن بەو کارەساتەیە. کاتی دەنگ هەڵبرین و وەستانەوەی ملیۆنی بەدژی جەنگێکی خوێناوی تردا، کە گۆرەپانەکەی سوریایەو قوربانیانی سنور نەبڕە، نەک هەر پێویستیەکی ئینسانی و بەپەلەیە، بەڵکو دواکەوتووە… با بۆبەرگرتن بە جەنگ ڕابین و تێبکۆشین!!  سەرەزل و شەقاوە دەسەڵات بەدەستەکانی سەرمایە، شەیپوری جەنگ دەچڕن!!

١٣ ئەپریلی ٢٠١٨

تیبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٤ بەرواری ١٥/٤/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *