دیمانە لەگەڵ…سەردار عەبدوڵا حەمە سەبارەت بە چۆنیەتی گیران و بیرەوەرییەکانی ناو زیندانی ڕژێمی بەعس

سازدانی: ئاراس رەشید

بەشی دووەم و کۆتایی دیمانە سەردار عەبدوڵا

بۆپێشەوە: دۆخی ناو زیندان چۆن بوو؟ مەبەستمان ئەوەیە جۆری لێدان و شکنجەو لێپرسینەوە چۆن بوو؟ پەیوەندیتان لەگەڵ زیندانیەکانی تر چۆن بوو؟

سەردار عەبوڵا حەمە : هەموو جۆرە لێدانێکی فیزیکی هەبوو؛ هەڵواسین هەبوو کەلە پشتەوە دەستیان دەبەستین، ودەیان خستینە سەر مێزێک بە پێوە ڕایان دەگرتین، تا دەستمان لە پشتەوە بگەیەننە قولاپی سەقفەکە، ئنجا مێزەکەیان لە ژێر پێماندا لا دەداو شۆر ئەبووینەوە بۆ خوارەوە، وەک شێوەی لە سێدارەدان بەهۆی قۆرسایی لەشمانەوە کە شۆڕ دەبیننەوە لەپشتەوە دەستمان لەگەڵ لاشەماندا ڕێک دەبووەوە لەوکاتەدا، تەقەیەک لە ناوشانمان دەهات، من وامدەزانی هەردوو شان وقۆڵم شکاوە. لە سەعات ٩ ی بەیانی تا سەعات ٣ ی دوای نیوەرۆ من هەڵوسرام، هەڵبەت بۆیە درێژەی کێشا بۆ من ئیعترافم نەدەکرد، جاروبار لەبەر ئازاری قۆڵم و دەستە بریندارو خوێناویەکەم دەموت: مێزەکەم بۆ بێنن ئیعتراف دەکەم تاوەکو پشوویەک بدەم. دیسانەوە بێ ئاگایی خۆمم لە سەر سیاسی بوونم پی دەوتنەوە، ئێعترافم نەدەکرد هەر دەمووت ئێوە بەهەڵە منتان گرتوە. ئەو هاورێیانەیان دەهێنا، کە پێش من گرتبوونیان پیێان دەووتن کەبە من بڵێن ئیعتراف بکەم، منیش دەمووت: من ئەوانە ناناسم خۆم نەدا بەدەستەوە، ئەمجارە هاتن لەگەڵ خۆیان سروەیان ‌‌هێنا پێیان دەووت بڵێ ئەگەر ئێعتراف نەکەی ئەبێ من تەلاق بدەی؛ سروەش فرسەتی ‌هێنا بە هەورامی پێی وتم ئێعتراف نەکەی ئەوە خۆیان پێیان وتوم وا بڵێم. ئیتر کاتێ زانیان نە بەهەڵواسین و نە بەو ڕێگایانەی بەکاریان ‌هێنا سوودی نەبوو. ئنجا دایان گرتم لە سەر مێزەکە ویستیان بە قسەی خۆش و بە بەڵێنی ئەوەی ئازادم دەکەن ئەگەر ئیعتراف بکەم، خەریک بوون لەگەڵمدا زۆریش سووکایەتیان پێ دەکردم (کە بەڕێوەبەری تەحقیقم نەقیب ماجد بوو لەو دوایانە لە ئەمنەکە کوژرا) نەقیب ماجد پێی دەوتم من دەزانم ئێوە لەهەڵەبجە چالاکیتان بووە لەگەڵ ڕەوتی کۆمۆنیست بووی، هەرئێوە بوونە هۆی ئەوەی ئیسلامی لە هەڵەبجە دروست بێت. یا دەیووت ئێوە تازە باسی کۆمۆنیزم دەکەن، یەکیەتی سۆڤیەتی بەو گەورەییەی خۆی نەما، ئێستا ئێوە دەتانەوێ جێگای بگرنەوە و تازە باسی کۆمۆنیزم دەکەن. یا دەیووت: ئێوە لە موخریبەکانی تاڵەبانی و بارزانی زۆر خەتەرترن، چونکە من بڵاوکراوەکانی ئێوەم دیوە؛ ئێوە جگە لە ڕووخانی حکومەتی نێشتمانی بە هیچی تر ڕازی نابن، بەڵام تاڵەبانی و بارزانی جارو بار مفاوەزاتمان لەگەڵ دەکەن ئەوان وەطنی ترن لە ئێوە. منیش وتم نازانم تۆ باسی چی دەکەی، من کەسێکی سیاسی نیم ئنجا بردمیانەوە بۆ هەڵواسیەنەکە، وزۆرتوندتر ئەشکەنجەیان دەکردم، بۆ ماوەیەکی زیاتر بە هەڵواسراوی دەیانهێشتمەوە، هەرچی دەمووت مێزەکەم بۆ بێنن بۆیان نەد‌ەهێنام. بەڵام دوا جار باسی تەعدایان دەکرد لە هاوسەرەکەم، ودەیانووت شیر بە منداڵەکەشت نادەین تا دەمرێ، منیش بەمانە زۆر نیگەران بووم گوێم لە ئازارەکانی خۆم نەبوو، بۆیە دانم بەوەدانا بەڵێ کاری سیاسیم کردووە ، چونکە هیچ نەمابوو نەیزانن سەبارەت بە من، دەیان نوسراوە هەبوون پێش من گرتبویان، ناوی هەموو رێکخستنەکەیان لەبەردەستدا بوو. نزیکەی ٦تا٧ کەس شاهیدیان لەسەر من دابوو، ئیتر بەچاوی بەستراوەوە بەسەروچاوی خوێناوی و شان وقۆڵ ودەست مەچەک ئاوساویەوە (هەر تەنها کەمێک گیانم تیا مابوو دەنا لاشەم هەموو تێک شکابوو) هەڵیان دامە ئینفرادیەکەوە لە نهۆمی دووەمی زیندانەکە. ئینفرادیەکە بە ئەندازەی خۆم کەمێک درێژتر بوو، پانییشی یەک مەتر دەبوو، کونێکی بەرزی تیابوو لە جیاتی پەنجەرە، بەڵام شووشەی نەبوو، وەهەمیشە کراوە بوو تەنانەت لە چلەی زستانیشدا.

سەبارەت بە پەیوەندیمان لەگەڵ زیندانیەکانی تر؛ من لە ئینفرادی بووم دابڕێنرابووم لە زیندانیەکانیتر، هە ر بە قسە کردن بەبێ یەکتر بینین لەگەل زیندانیەکانی تری ناو ئینفرادیەکان پەیوەندیمان هەبوو. سروود و گۆرانیمان ئەوتەوە پێکەوە، یا جاروبار کەسی تازەیان دەهێنا لە بەرانبەر ژوورەکەی من دەیانبەستەوە، دەمبینی و تەجروبەی خۆمم بۆ باس دەکرد، و جاروباریش لە کونێکی پەنجەرەی دەرگاکەمەوە هاورێکانم دەبینی لە هۆڵێکدا پێکەوە بوون، تاک تاک دەهاتنە بەر پەنجەرەی هۆڵەکە باسی ڕابوردوومان دەکرد. بەڵام هاورێکانی ترم لە ئینفرادیەکانم تەنها لەکاتی بردندا بۆسەر ئاو، دەمبینین کە بە بەردەم ژوورەکەی مندا دەیانبردن. مامەڵەیان لەگەڵمان لە زینداندا تا بڵێی وەحشیانە وبەربەریانە بوو، لەژورێکی بچوک دابڕاو لە ژوورەکانی تر ولە هۆڵەکان منیان دانا تا زیاتر لە ٥ مانگ لەوێدا بووم، دواتر بەهۆی شەڕی ئەمەریکا و هاوپەیەیمانان لەگەڵ عێراق، ولە ترسی بۆردومانی فڕؤکەکانیان زیندانیەکانی ناو ئینفرادیەکانی سەرەوەیان بردە هۆڵێکەوە لە نهۆمی خوارەوە، کە تەنها بۆ جێگای ٤ کەس دەشیا، بەڵام ١٦ کەسیان تێ کرد بوو. هەندێکیان زیندانی سیاسییش نەبوون، کەسی تیابوو لەسەر ئینسان کوشتن گیرابوو، یا کەسی هاوڕەگەز باز بوو، یا کەسی تیابوو لەسەر سنورەکان گیرابوون، لەوانەی کە دەیانویست بڕۆن بۆ دەرەوەی ولات. ئیتر لە ماوەی ئەو ٦ مانگەدا ئەشکەنجە لەسەر من لا نەبرابوو، ناو بەناو ئەیانبردمە دەرەوە بە کێبڵ وتێهەلدان ئەشکەنجەیان دەکردم، داوای زانیاریان لێ دەکردم. خواردنیشمان زۆر خراپ بوو، رۆژانە ٣ نانی بچوکمان دەدرایە، لەگەڵ قاپێکی بچووک لە شلە، کە تەنها ئاوەکەی بوو لەگەڵ دووسێ دانە خورما وهێلکەیان ئەدا پێمان. گوشتمان پێ نەئەدراو میوەمان نەبوو وابزانم یەک جار پرتەقاڵێکمان وەرگرت، من بە هەفتەیەک خواردم، تەنانەت توێکڵەکەیشم دەخوارد. دوو سەتڵی ماستمان لە ژوورە ئینفرادیەکە دانابوو، یەکێکیان بۆ خواردن بوو، ئەوی تریان میزو پیساییمان تێ ئەکرد، چونکە ڕۆژی یەکجار دەیانبردین بۆسەر ئاو. خۆشۆردن مانگی جارێک بوو، ئەویش هەر لەهەمان تەوالیت بوو، بە ئاوی تەزیوی تەنکیەکانی سەربان بوو، بە تایبەت لەو زستانە ساردەی سلێمانیدا. یەکجار سەریان تاشین بە مەکینە کول وپیس، ئەویش بۆ ناشرین کردنمان بوو، بۆ ئەوەی ئازاری نەفسیمان بدەن، بۆ نموونە؛ سەری منیان هەر لە ناوەراستدا دەتاشی بە شێوەی نیشانەی زاید.

بۆپیشەوە: چۆن و کەی ئازادکران؟ دەتوانن بیرەوەیی ناو زیندانمان بۆ بگێرنەوە، خۆش یان ناخۆش؟

سەردار عەبدوڵا حەمە : شەوێک پێش ئازادبوونمان، واتە شەوی ٧/٣ لەو هۆڵەی کە وتم ١٦ کەسی تێدا بوو، بەدەنگێ خەبەرمان بووەوە، دەنگەکە لە تەقەی فیشەک ئەچوو، من یەکسەر وتم تەقەی تفەنگە، یەکێ وتی تەقەی بەرمیلە وشتی ماڵانە، وتم ڕاوەستن باش گوێ بگرن، تا دەهات تەقەکردن بەردەوام بوو، وە دەنگی ئاربیجی تێ کەوت هەموو باوەڕمان هێنا کە شەرێکی سەختە. بەڵام نەمانزانی لە نێوان کێدایە، ئەم شەڕە. پێشتر بیستبوومان کە ئەمریکا کودەتای سەربازی دەکات، پێمان وابوو کودەتا کراوە لە بەغدا و وا درێژەی کێشاوە وئێستا کودەتاچییەکان لە سلیمانی شەڕ لەگەڵ حکومەت دەکەن. دواتر تەوەقوعەکەمان هەڵە دەرچوو، تا دەهات تەقەکان نزیکتر دەبوونەوە، ئنجا گوێمان لە هاوارو بانگکردن بوو بە کوردی. بڕیارماندا یەکێ لە زیندانیەکان بخەینە سەرشانی یەکی ترمان، تا لە پەنجەرە بچووکە بەرزەکەوە سەیرێکی دەرەوە بکات، کوڕێکی کوردی بادینی کە باڵای زۆر بەرز بوو، بە تۆمەتی تەجاوەز حدود گیرا بوو بەرزکرایەوە بۆ پەنجەرەکە. لەپڕ لەسەر شانی ئەوی تر بازی دایە خوارەوە؛ وتی “ب خودی ئەز خەڵک وپێشمەرگە دیتن شەڕ دکەن”، منیش یەکسەر ئەو سروودەم هاتەوە خەیاڵ کە هەمیشە لە زینداندا دەمووتەوە “سروودی ئەنتەرناسیونال” یەکسەر بەبێ پرسی کەس، دەستم کردەوە بە خوێندنی ئەو سروودە، یەکێ لە هاورێکانم لێم توڕە بوو، وتی ئێستا کەی کاتی ئەوەیە، ئەگەر ئەمنەکان گوێیان لێ بێت دەرگا دەکەنەوە هەموومان دەکوژن، منیش وتم: باشە تەواو، تا دەهات شەڕ بەردوام بوو ئەو شەوە نەخەوتین هەر گوێمان دەگرت، تاوای لێ هات هێزەکانی ئەمن هاتبونە دەوروبەری زیندانەکە، گوێمان لە هات و هاورایان بوو بە عەرەبی یەکتریان بانگ ئەکرد وئەیانقیڕاند وشپرزەییان پێوە دیاربوو. رۆژ بووەوە بەیانیەکەی ئەفسەرێکی ئەمن لەگەڵ چەند پاسەوانێک هاتنە هۆڵەکەی ئێمە بە چەک وتفەنەگەوە، یەکەمجارە بەم شێوەیە بێنە ژوورەوە قیڕاندیان بەسەر مندا وتیان هەستە سەرپێ؛ وتی: (سردار تعال لگیدام) پێم وابوو دەمبەنە دەرەوە بۆ کوشتن، یەکسەر قسەی هاورێکەم بیرکەوتەوە کە وتی کەی ئێستا کاتی سروود خوێندنە، پێی وتم ناوی خۆت بە تەواوی بڵێ؛ منیش پێم وتن، ئەویش وتی: بڕۆ دواوە، هەناسەیەکم هەڵکێشا لە خۆشی ئەوەی کە نەیانبردم، ئەوان بۆئەوە هاتبوون بزانن کەس ڕای نەکردوە تەنها سەرژمێریان کردین. ئنجا چونە هۆڵێکی ترەوە لەکونی دەرگاکەمانەوە بینیمان کەسێکی زیندانیان لەگەڵ خۆیان بردە دەرەوە . ئیتر نیوەڕۆکەی هەمان ڕۆژ خواردنیان هێنا، لە بیرمە شلەی کولەکە بوو، قاپی هەر یەکەمان دوو دانە قاشی کولەکە لەگەڵ ئاوەکەی بوو بە بێ نان. ئیتر دوای ئەمە هیچ کەسمان نەدی بێتە ژورەوە وشەڕەکە درێژەی هەبوو، فیشەک بەر دیواری زیندانەکە دەکەوت تا تاریک داهات، شەرەکە خەستر دەبووە. دەنگە دەنگ وقیڕەی ئەمنەکان تا دەهات زیاتر دەهات، هەستم دەکرد خەریکە شکست دێنن، رۆژ بووەوە دەنگ کەمتر بوەوە، بەڵام تەقە زۆر بوو، هەستمان کرد ئەمنەکان لە دەوروبەری زیندان نەماون، چونەتە بیناکەی خوار زیندانەکە لەوێوە مقامەوەتیان دەکرد. نزیک نیوەڕۆ بوو بڕیارماندا دەرگای زیندان بشکێنین، دەرگای زیاندانیش دوو قوفڵی گەورەیە ئاسان نییە شکاندنیان، چووین بۆڕی بەلوعەی تەوالێتەکەمان دەرکرد، هەر بۆمان نەشکا، تا زیاتر لە سەعاتێک هەوڵەکەمان سەری نەگرت، لە پڕێکا گوێمان لە دەنگی خەڵک و چەکداری کورد بوو لە ناو زیندانەکەدان، کارەبا نەبوو زۆر تاریک بوو لە کونی دەرگاکەوە من بانگم لێ کردن وەرن بۆ ئێرە کاکە سجنەکان لێرەن، هاتن و دوو چەک بە دەست وتیان کاکە خەمتان نەبێ ئێستا دەرگاکە ئەکەینەوە بۆتان یەکێكیان وتی: بچنە دواوە فیشەک ئەنێین بە قوفڵەکانەوە، دوای ئەوەی چەند فیشەکیان تەقاند بەڕووی قوفڵەکاندا، هەردوو قوفڵ شکان و دەرگایان کردەوە و هاتنە ژورەوە باوەشیان پیاکردین، ئێمەیش لەگەڵ زیندانیەکانی تردا باوەشمان بە یەکدا کرد، و بەشێک لە زیندانیەکان لە خۆشیانا دەستیان کرد بە گریان، من خۆم پێ دەکەنیم داواشم لێکردن بۆ دەگرین ئێمە ئازاد بووین، یەکێ لەو کەسانەی کە لە دەرەوە هاتبوو لەگەڵ چەک بەدەستەکان تەحسین قادر بەرزنجی بوو، ئەویش زیندانی بوو بە تۆمەتی رێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران دەستگیر کرابوو. لە پێشدا خەڵک چووبوون ژورەکەی ئەویان کردبووەوە، هات باوەشی گەرمی بە مندا کرد، چونکە منی زۆر خۆش دەویست (پێشتر لە ئینفرادیەکانی نهۆمی سەرەوە بوو رۆژێک بردیان بۆ تەوالێت فرسەتی هێناو هاتە بەر پەنجەرە کەی من بە منی وت باوەڕکە سەردار ئەگەر من وتۆ لەیەک ژووور بووینایە پێکەوە، هەستم نەدەکرد کە سجنم وتم بۆچی؟ وتی: چونکە تۆ کەسێکی وورە بەرزیت ناڕوخێی، تۆ ژن و مناڵیشت گیراوە کەچی هەمیشە سروود و گۆرانی دەڵێی، قسەی خۆش دەکەی، منیش وتم هیوام وایە بە یەکەوە بووینایە، بەڵام ئەترسام زۆر شەڕ بکەین بەیەکەوە چونکە من کۆمۆنیست وتۆ ناسیونالیست ناکرێ لەیەک ژوردا بین، وتی: ئەو کاتە هیچ موناقەشەمان نەئەکرد بۆئەوەی بەینمان تیك نەچێت). جا یەکەم کەس ئەم کاک تەحسینە لەدەرەوە هاتە ژورەکەی ئێمەوە باوەشی بەمندا کرد، دواتر چووینە ناو هێزی خەڵک وپێشمەرگەوە (پێشمرگەکانی تیپی ٥٧ سەگرمەی یەکیتی لەوێ بوون) بەرەو شکاندنی دەرگای زیندانیەکانی تر رێگەمان پیشاندان ئەدان. چووینە ژووری ئیدارەی زیندان وشوێنی تەحقیق و جێگای هەڵواسینەکان، پاشان هاتینە دەرەوە لە دەرگای ئەمنە سورەکەوە، بەڵام هێشتا شەڕ بەردەوام بوو لە بیناکەی خوارەوە، ئەمنەکان تەقەیان لە ئیێمە کرد وکەسێک لە پێشمەوە ئەرۆشت ئەیوەیست بپەڕێتەوە بۆ جادە تەقەیان لێ کرد وبریندار بوو کەوت، وتم: کاکە تۆ سەلامەتی وتی: بەڵی بڕۆن هەقی منتان نەبێت با ئێوە هیچتان لێ نەیەت، لە ژێر سەلیەی کلاشینکۆفی ئەمنەکان خۆم گەیاندە جادەکە، لەوێ خەڵکێکی زۆر وەستا بوون، هاتن بەرەو ڕووم و وتیان کاکە تۆ سجن بووی؟ وتم: بەڵێ باوەشیان پیا کردم (هەرچەندە کەس وکارو هاوڕێ و دۆستەکانم هاتبوون بۆئەوێ، بەڵام لەو کاتەدا کەسم نەدی، ئیتر کەسێک بە تراکتۆرەکەی منی هەڵگرت وتی من ئەتبەمەوە بۆ ماڵەوە، منیش لەگەڵی سەرکەوتم لە تەنیشتی خۆی داینام دەستی بە لێخۆڕین کرد، دەستڕێژی فیشەک بەرەو ڕوومان هاتوو خۆمان دانەواند، زۆر ئەو بەخێرایی تراکتۆرەکەی لێ دەخوڕی بە ناو جادەی مەولەویدا کە بەرەو سابونکەران دەرۆشتین بۆ ماڵی دایکم، جارجارە بە دەنگی بەرز هاواری دەکرد یەکێ لە سجنەکانم هێناوەتەوە، خەلکیش لەسەر جادە چەپڵەیان بۆلێ دەدا، دەیانووت بژی تۆ وهەندێکیش تەقەی خۆشیان دەکرد. کاتێ گەیشتینە نزیک ماڵی دایکم لە دووری پەنجا مەترەوە دابەزیم، و دایکم هاتە دەرەوە منی بینی لەبەر دەرگا کەوت ولەهۆش خۆی چوو، بەڵام سروەی هاوسەری ئەو کاتەم (کە ڕۆژیک پێش من ئازاد کرابوو چونکە لە سجنی پۆلیس بوو)، هات باوەشی پیا کردم ویەکترمان ماچ کرد، دواتر چووم باوەشم بە دایکما کرد وماچم کرد، وهەندێک ئاویان کرد بەسەروچاویدا بەهۆش خۆی هاتەوە وتم: دایکە بۆ وات لیهات؟ ئەویش وتی: کە تۆم بینی ئاوا بە زەعیفی و ڕەنگ زەردی، لە خەفەتا ئاگام لەخۆم نەما . ئیتر من لە ئێوارەی ٨/٣/١٩٩١ ئازاد کرام لەگەل سەرجەم زیندانیەکانی ئەمنە سورەکە جگە لە زیندانیەک کە پێشتر باسم کرد لە ناو زینداندا ئەمنەکان کەسێکیان بردە دەرەوە دواتر بۆمان دەرکەوت لە پێش زینداندا بەکاریان هێنابوو وەک بارمتە بۆئەوەی خەڵک لە مقاوەمە دوور بخەنەوە، و بە داخەوە هەر لەوێ تیرۆریان کردبوو لەپێش چاوی خەڵكە ڕاپەڕیوەکەوە، ئەو کەسە ناوی محمەد بوو وە ئیسلامی بوو.

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٩ ی بەروارری ١/٦/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *