سەردەشتەکانی نەوشیروان موستەفا یاخود سەردەشتەکانی یەکیەتی نیشتیمانی کوردوستان

نووسینی: شوان عەزیز

(لە پەراوێزی بوچوونی چەند هاوڕێیەکدا کە پێیان وایە ئەگەر نەوشیروان موستەفا نەبایە ئەو کارە لە بەرامبەر کۆمۆنیستەکاندا ئەنجام نەدەدرا )

چاوخشاندنەوەیەکی زۆر کورت بە ڕابردوودا:

یەکیەتی نیشتیمانی کوردوستان دەی گوت حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی داوای جیابونەوەو سەربەخۆیی کوردوستان دەکات. ئەمەش یەکریزی گەلی عێڕاقی خۆشەویستمان تێکدەداو خاکەکەشی پارچە پارچە دەکات. یەکیەتی نیشتیمانی دەی گوت حیزبی کۆمۆنیست داوای یەکسانی ژن و پیاو دەکات و داوای هەمواری یاسای باری کەسایەتی دەکات، ئەمەش لەگەڵ داب و نەریتی کوردەواریدا نایەتەوەو پێویستە حیزبی کۆمۆنیست لەسەر ئەمانەو چەندین شتی تری یاسا شکێنی دادگایی بکرێت. ئەوەبوو ئەوکات لەسەر داخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران یەکیەتی نیشتیمانی کوردوستان نەوشیروان موستەفای ڕاسپارد کە هیچیتر ڕێگا بە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی نەدات کاری سیاسی بکات. هەرچەندە مێژوو دەریخست کە ئەوشتانەی یەکیەتی حیزبی کۆمۆنیستی پێ تاوانبار دەکرد هەر خۆشیان لە ٢٥-٩-٢٠١٧دا هەمان داوای جیابوونەوەیان لەعێڕاق لە ڕێگەی ڕیفڕاندۆمەوە نیشاندا. لە ئەنجامیشدا نیوەی خاکی کوردوستانیان لەدەستدا.. هەروەها مێژوو ئەوەشی دەرخست کە زۆرینەی خەڵکی کوردوستان لەگەڵ ئەوشتانەبوون کە یەکیەتی حیزبی بە هۆیانەوە دایە دادگاو شەڕیشی پێ فرۆشت. بۆ نموونە ڵە ڕیفراندۆمدا زۆرینە دەنگی بەجیابوونەوەدا. حیزب بە هەموو شێوەیەک خۆی لەشەڕو ڕوبەڕوبەڕوبونەوەی چەکداری لەگەڵ یەکیەتی دا دەپاراست، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانەی کە هاوڕێیانی سەرکردایەتی حیزب دایان لەگەڵ سەرکردایەتی یەکیەتی بێهوودە بوون و سەرنجام یەکیەتی شەڕەکەی هەر سەپاند بەسەر حیزبدا. تەواوی بەڵگەکان لەو ڕووەوە، من دڵنیام، لە ئەرشیفی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا پارێزراون.

ئەوەبوو لە ١٤-٧-٢٠٠٠دا یەکیەتی نەوشیروان موستەفای ڕاسپارد کە خواستەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ بکات. ئەوە بوو لە ئەنجامدا ئەو کۆمەڵە هاوڕێیەی حیزبی کۆمۆنیستیان تیرۆرکرد و تەواوی بارەگاکانی سەر بەحیزبیشیان داگیرکردن و چالاکی ئەو حیزبەشیان لە ناوچەی زۆنی سەوزدا بۆ ماوەیەک قەدەغە کرد. وا من بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو پێشینە مێژووە بڕگەیەک لە نووسینەکەی هاوڕێ تاهیر حەسەن دەهێنمەوە لە نووسینێکیدا بە ناوی: “لە ساڵیادی ١٤/٧/٢٠٠٠دا: نەوشیروان مستەفا ڕۆیشت و قەرزەکەی نەدایەوە!!” کە لەسایتی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردوستاندا بڵاو کراوەتەوە لەبەشی بەڵگەنامەکاندا. هاوڕێ تاهیر دەڵێت”حەڤدە ساڵ لەمەوبەر لەسەر داوای جمهوری ئیسلامی ئێران و بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی “نەوشیروان مستەفا” دوای زیاتر لە دوو هەفتە گەمارۆدانی سەربازیی بارەگاکانی کۆمیتەی ڕابەری و کۆمیتەی سلێمانی و بارەگای ڕادیۆی حزب و بڕینی ئاو و کارەبا و تەلەفۆن و دەستگیرکردنی زیاتر لە ١٠٠ کەس لە هاوڕێیان و دۆست و هەوادارانی حزب، سەرەنجام لەم ڕۆژەدا و دروست لەو چرکەساتەدا کە ئێمە لەگەڵ “نەوشیروان مستەفا”دا لە گفتوگۆدا بووین، هێرشی سەربازییان بۆسەر حزب دەستپێکرد و بەڕۆژی ڕوناك و بەپێش چاوی خەڵکەوە و لەناو جەرگەی شاری سلێمانیدا، پێنج هاوڕێی دڵپڕ لەهیوای ئێمەیان گولـلەباران کرد!!هێشتا خوێنی هاوڕێیانمان وشك نەببووەوە، کە “ڕەمەزانزادە”ی پارێزگاری ئەوکاتەی شاری سنە، بە “محمدی حاجی محمود”دا سوپاسنامە و دەستخۆشی جمهوری ئیسلامی بۆ تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا نارد و ڕۆژنامەی “کەیهان”ی چاپی تارانیش بڵاوی کردەوە!!”

من نامەوێت نەوشیروان موستەفا بێبەری بکەم لەو تاوانەدا، بەڵام لە هەمانکاتیشدا ناشمەوێت کە باری یەکیەتی سووک بکەم و بیخەمە سەر شان و ئەستۆی نەوشیروان موستەفا وەکو شەخس. یەکیەتی هەر لەسەرەتاوە مەبەست و ئاواتی ئەوە بووە کە ئەم تاوانە ڕاستەوخۆ بخرێتەسەر شانی کاکە نەوە!! بە قەولی خۆیان، و لە هەمان کاتدا ئەستۆپاکی خۆیانی تێدا نیشان بدەن. تەنانەت تێرمی سەردەشتەکانی نەوشیروان موستەفا لە داهێنانی دەزگای ڕاگەیاندنی یەکیەتی خۆی بوو کە بڵاویان کردەوە لە کاتی لێکترازانی تەواوەتی (کاکە نەوە)کەیان لە خۆیان. دیارە ئەوەی کە یەکیەتی دەیکات یاریەکی قێزەونی سیاسسیەو بە بەردێک دەیەوێت چەندین چۆلەکە بپێکێت. ئا لێرەدایە کە چەندین لە هاوڕێیان لە نووسین و بۆچوونەکانیاندا بێئاگاو هەندێک جارانیش بە ئاگایی لە سەنگەرێکدا تەقەدەکەن کە یەکیەتی هەڵیکەندووە بۆ بەرەنگاری لەخۆی لە لایەکەوەو لە لایەکی تریشەوە تا زیاتر کاکە نەوەکەی جارانیان و نەوشیروان موستەفاکەی گۆڕانی ئێستای پێ تۆمەتبار بکەن..

بە بڕوای من نەوشیروان موستەفا بە مانای یەکیەتی بووەو یەکیەتیش بە مانای نەوشیروان موستەفا بووە. تێکەڵاوو لێکدراوی یەکتربوون لەدیدو بۆچوون و بەرژەوەندیدا. بۆ نموونە هەر ئەم ساڵ لە یادی بیرەوەری یەک ساڵەی کۆچی دوایی نەوشیروان موستەفادا ئەوەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی یەکیەتی نیشتیمانی کردیان بۆ کاکە نەوە! بە تایبەتی کەناڵی کوردسات، خودی کەی ئێن ئێنی بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی بیکات. دەزگاکانی ڕاگەیاندنی یەکیەتی بەشانازیەوە مێژووی نەوشیروان موستەفایان بە مێژووی یەکیەتیەوە گرێدایەوە وجێگەی شانازی و سەربەرزیشە بۆیان. کەواتە نەوشیروان موستەفا بە مانای یەکیەتی دێت وە هەروەها وەکو یەکیەتیش کارەکانی کردووە نەک وەک نەوشیروان موستەفا.

بە بڕوای من چاونوقاندن لە یەکیەتی وەک تاوانباری سەرەکی و بازدان بۆ نەوشیروان موستەفا لەو تاوانەدا وەک و ئەوەوایە کە لە کیمیابارانی هەڵبەجەدا تەنیا ناوی تاریق ڕەمەزان بزانین و لە پرۆسەی ئەنفالیشدا بچین تەنها لۆمەی جاش و موستەشارەکان بکەین و حیزبی بەعس و سیستەمە سیاسیەکەی ئەوکات نەبینین. لۆجیک ئەوەیە کە تاوانباری سەرەکی لەو تاوانانەدا سیستەم و حکومەتەکەی بەعس بووە کە سەدام حوسێن ڕابەرایەتی کردووە. بەڵام دیسان ئەوە بەو مانایە نایێت کە دارو دەستەکەی ئەو سیستەمە بێبەری بن. هەرکەسەو بە پێی خۆی تاوانبارە. چونکە ئەگەر بێت و تاوانبار تەنها یەک کەس بێت ئەوە ئیتر تاوانکاری هەر لە زیادبووندا دەبێت و بکەرانی راستەوخۆی تاوان هەمیشە تاوانەکان دەخەنە ئەستۆی سەرووی خۆیان و خۆیانیش وەک فەرمانبەرێکی ئاسایی کە فەرمانی سەرووی خۆیانی جێبەجێکردووە نیشان دەدەن. لە کۆتاییشدا وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن.. من ئەمەم نەگەرەکەو بۆ ئەو مەبەستەش ئەمە نانووسم.

بە بڕوای من ئەو بوچوون و دەربڕینانە تەنها ئەنتی کەسین و سەرچاوەو سیستەمێکی گەورەتر لە شەخس یا درک پێ ناکەن یا بە مەبەستەوەیە. سەرەنجامیش هیچ سوودێک بەو کەیسە ناگەێنن، بەڵکو لە باتی  بوونی دوژمن و سەرچاوەیەک بۆ ئەو کارەساتە، دێن بە بێ ئاگایی چەندین دوژمن و سەرچاوە دروست دەکەن. لە ئەنجامیشدا کاری حیزب قورستر دەبێت و لەباتی یەک لایەن ئەوانە دێن حیزب ڕووبەرووی چەندین لایەنی تر دەکەنەوە لەو کەیسەدا. لە کاتێکدا کە تەواوی بەڵگەکان ئەوە نیشاندەدەن کە ئەوە یەکیەتی بووە ئەو کارەی کردووەو نەوشیروان موستەفا تەنها بەرپرس و فەرمانبەرێکی یەکیەتی بووە کە جەلال تاڵەبانی ڕابەرایەتی کردووە.

ئاخر دیسان ناکرێت بچین یەخەی بەراز بگرین بڵێین ئەگەر بەراز نەبوایە ویداد حوسێنی ڕۆژنامەنووس ئێستا لەناوماندا دەبوو. یاخود بڵێن کە ئەوچەکدارە نەبوایە کە سۆرانی مامەحەمەی لەبەردەرگای ماڵی خۆیان تیرۆر کرد ئێستا سۆران هەر بەردەوام دەبوو لە شت نووسین بۆ گۆڤاری لڤین.! یاخوود بڵێین ئەو چەند چەکدارەی کە کاوە گەرمیانیان لەباوەشی دایکیدا خەڵتانی خوێن کرد کە ئەوان ئەو کارەیان ئەنجام نەدایە ئەوا ئێستا کاوە لە گەڵ کورەکەیدا گەمەی دەکردو هەر بەردەوامیش دەبوو لە بڵاوکردنەوەو ئاشکراکردنی دزو جەردەو گەندەڵکاران!!. ئیتر ڕۆژنامەنووس و ڕابەرانی کرێکاری و کۆمۆنیست و نووسەرو چالاکوان و خەڵکی ناڕازی ئەوەندە زۆرن کە هەر بەشێوەی سەردەشت و سۆران و کاوەکان تیرۆر کراون. هەمووشیان هەر لەژێر سایەو دەسەڵاتی ئەو سیستەمە سیاسیەدا خەڵتانی خوێن کراون کە ئەو پۆلە کۆمۆنیستەی تێدا تیرۆر کران.  بۆ هەندێکیشیان بەهانەو کەیسی وایان داتاشی کە مێژووی پاک و بێگەردیشیان تیرۆردەکەن.!! وەک کە بۆ سەردەشت دایان تاشی کە گوایە دەستی لەگەڵ گروپی تیرۆریستی داعش تێکەڵکردووەو ئەوان تیرۆریان کردووە.

من دەمەوێت ئەوە بگەێنم کە لیرەدا سیستەم و دەسەڵاتێک هەیە و بۆچەندین ساڵە دەسەڵاتی بەدەستەوەیەو تەواوی خەڵک شارەزایەتی. ئەو دەسەڵات و سیستەمە لە ناوەڕۆکدا یەکەو هاو ئامانجەو لە ڕواڵەتیشدا خۆی کردووە بە دوو شێوەی جیاواز لە وێنەی زۆنی زەردو زۆنی سەوزدا. یان بە واتایەکی تر لەوێنەی یەکیەتی نیشتیمانی کوردوستان و پارتی دێموکڕاتی کوردوستاندا. کە هەر یەکەیان بەچەندین شێوازی جۆراوجۆر خەڵکەکەشیان دابەشکردووە بەسەر ئەو دوو زۆنەدا. وە وایان لەخەڵک گەیاندووە کە دوو زۆنی جیاوازن لە بیرکردنەوەو ئامانجدا. لە ڕاستیدا مێژوو دەری خستووە کە ئەو دەسەڵاتە بە زەردو سەوزیەوە یەک جۆری دەسەڵاتیان بەسەر خەڵکی کوردوستاندا سەپاندووە. لە هەردووک زۆنەکەدا سەردەشتەکان تیرۆرکراوون و تەنانەت شێوەی تیرۆرکردنەکەش زۆر جاران لە یەک چووە. ئەگەر ئەو شتە وانییەو کەسانێک هەن پێیان وابێ کە یەکیەتی باشترە لە پارتی  یان بە پێچەوانەوە پارتی باشترە لە یەکیەتی بابێن سڵ نەکەنەوەو نموونەم بدەنێ. با پێم نیشان بدەن چین ئەو تاوانانەی کە پارتی کردوونی و یەکیەتی نەی کردوون هەندێک جاران بەزیادیشەوە. بە بارێکی تردا ئەدی ئەو تاوانانە چین کە یەکیەتی کردوونی و پارتی لێیان بێبەریەو نەیکردوون لە مێژووی خۆیدا؟ کەواتە من پێم وایە هەردوکیان دوودیوی یەک دراو پێکدەهێنن و بەهەردووکیان پێیان دەگوترێت سیستەمی حوکمڕانی لەکوردوستان.

کەواتە ڕوونتر بڵێین، ناکرێت  بۆ کوشتنی خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات بچین ملی لقی چواری پارتی بگرین و ئیتر لێی پاڵدەینەوە. ئەم لقی چوارە سەر بەسیستەمێکە کە ئەگەر هەر کەسێک بەرپرسی بێت دەبێت هەمان کاری ١٧ی شوبات ئەنجام بدات. ئەدی لەبیرتان نییە و نەتان بینی کە بەرپرسانی سەرووی لقی چوار هەڕەشەی پەنجە قرتاندنیان دەکرد لەو کەسانەی کە بەرد دەگرنە بیناکەی لقی چوار؟  ئەمە ئەو ئەو سیستەمەیە کە کاکی بەرپرسی لقی چوارو بەرپرسانی مەڵبەندو برادەرانی مەکتەب سیاسیەکان کاری تێدا دەکەن و لە ناویدا تواونەتەوە. ئەگەر بێت و ڕوومان وە چاومان تەنها لەسەر چەند بکەرو فەرمانبەرو پیاوکوژێک بێت ئەوا دڵنیابن کە سیستەمەکە ئەوەی گەرەکەو هەر ئەوەش هیوایەتی. بە وەدیهاتنی ئەو هیوایەشی سیستەمەکە خۆی وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێت و ڕوو سوورانەش خۆی نیشاندەدات.

ئایا هاوڕێیان ئێوە ئێستا گلەییتان لەچەند بەرپرس و کەسێکی پیاوکوژە لە نێو ئەو سیستەمەدا یاخود کۆی سیستەمەکە ڕەتدەکەنەوە؟ ئەگەر بەشی یەکەمتان هەڵبژاردووە ئەوا بێگوومان بن کە هەڵەن. وە پێویستە ئەو ڕایەتان بگۆڕن. ئەگەر بەشی دووەمیش هەڵدەبژێرن ئەوە با هەموومان ڕەخنەو گلەییەکانمان بە فێعلی ئاراستەی سیستەمەکە بکەین. بۆ مەسەلەی تیرۆرکردنی ئەو پۆلە هاوڕێیەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریش با لەسەر هەمان ڕێچکەو بۆچوونی درووست بڕۆین. کە پێمان وابێ ئەوە دەسەڵات و سیستەمەکەیە ئەو تیرۆرەی ئەنجام داوە. دەسەڵات و سیستەمەکەش یەکیەتی نیشتیمانی کوردوستان ڕابەرایەتی دەکات و نوێنەرایەتیشی دەکات. ئیتر با هەموو لایەک نەکەینە دوژمنی ڕاستەوخۆی خۆمان. نەک لەبەرئەوەی دەرەقەتی نایەین بەڵکو لەبەرئەوەی ئەگەر وابکەیین کارێکی دروست ناکەین و ئەنجامی کاریگەریشی نابێت کە سوودێک بە حیزب و ئەم کەیسە بگەێنێت. ئایا پێتان باشە کە ئەم کەیسە یەکلابێتەوە؟ ئەگەر بەڵێ یە فەرموون ڕاستەوخۆ ملی یەکیەتی و ڕابەرایەتی  یەکیەتی بگرن کە لەسەرخواستی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئارەزووی خۆشیان لەو کارەدا ئەو تیرۆرەیان ئەنجام داوە.

کورتەو پوختەی مەسەلەکە کە دەمەوێت ڕایبگەینم ئەوەیە کە، بە باوەڕی من، ئەگەر نەوشیروان موستەفا هەر لە ئاراشدا نەبایە، ئەو کارە لە بەرامبەر کۆمۆنیستەکاندا هەر ئەنجام دەدرا. نەوشیروان موستەفا سیاسەتەکانی یەکیەتیەتی لەسەر داخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێکردووەو ئەگەر ئەویش نەبایە کەسێکی تر لە ناو یەکیتیدا هەمان سیاسەتی بۆ یەکیەتی دەبوایە جێبەجێکردبایە.

shwanaz@yahoo.com

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٩ ی بەروارری ١/٦/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *