هەواڵی نارەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان

ئامادەکردنی: شوان عەزیز و ئاراس رەشید

حکومەتی (میسر) دەستیکردووە بە گرتن و سزادانی ڕۆژنامەنووسان

ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ لە وڵاتی میسر ١٠ ساڵ سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

ئیسماعیل ئەلێکسەندەرانی کە توێژەرو لێکۆڵەرو هەروەها ڕۆنامەنووسێکی سەربەخۆ بوو لە میسر، لەلایەن دادگاوە ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. بەو هۆیەوە فیدراسیۆنی سەرتاسەری ڕۆژنامەنووسانی جیهان (ئای ئێف جەی) ئیدانەی ئەو سزادانەیان کرد.

دادگای سەربازی بۆ تاوانەکان لەبەشی باکووری شاری قاهیرە لە ڕۆژی ٢٢-٥-٢٠١٨دا سزاکەی سەپاند بەسەر ئەو ڕۆژنامەنووسەدا. بەهانەی دادگا ئەوەبووە کە ئەو ڕۆژنامەنووسە هاتووە نهێنیەکانی بەشی سەربازی بڵاوکردۆتەوە و دوایش چووەتە ناو ڕێکخراوی برایانی موسڵمانەوە (ئیخوان موسلمین).

لەو بارەوە ڕێکخراوی سەرتاسەری ڕۆژنامەنووسانی جیهانی نیگەرانی خۆی نیشانداوەو ڕایان گەیاند کە ڕۆژنامە نووسان لە میسر ناتوان ئازاد بن و ناتوانن پیشەکەی خۆیان بە ئازادانە مومارەسە بکەن.

خەدیجە غەفار، هاوسەری ئەو ڕۆژنامەنووسە، بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٥دا ئەو ڕۆژنامنووسە لە فرۆکەخانەی هورغادە لە میسر گیراوە لەکاتی گەڕانەوەی لە ئەڵمانیاوە بۆ قاهیرە. ئەو وتی ئیسماعیل لە ئەڵمانیا بووە بۆ بەشداری لە کۆنفرانسێکدا لە شاری بەرلین کە لەو کۆنفرانسەدا موحازەرەیەکی لەسەر دۆخی میسر پێشکەش کردووە.

لەو بارەوە تاریق عەبدول عال، پارێزەری ڕۆژنامەنووسەکە، دەڵێت ئیسماعیل زیاتر لە دوو ساڵ پێش دادگایی کردنی دەستبەسەر بووە. ئینجا دوای دادگاییکردنی لەلایەن دادگای سەربازیەوە ١٠ ساڵی تریشی بەسەردا بڕایەوە. هەروەها ئەو پارێزەرە دەشڵێت کە ئیسماعیل تایبەتمەندی گرووپە ئیسلامیەکان و بیابانی سینای هەبووە. واتە پسپۆڕیەکەی لەو بارەوە بووە.

خاڵی سەرەکی کە ئیسماعیلی ڕۆژنامەنووسی پێ تاوانبارکراوە ئەوەیە کە ئیسماعیل ئاساییشی نیشتیمانی میسڕی خستۆتە خەتەرەوە. چونکە ئەو هاتووە شتە نهێنیەکانی بەشی سەربازی بڵاوکردۆتەوە لە دواییشدا چۆتە ناو ڕێکخراوی برایانی موسڵمانەوە لە کاتێکدا ئەو ڕێکخراوە کاری سیاسی لێ قەدەغە کراوە لە وڵاتی میسر.

جێگەی باسە کە ئیسماعیل ئەلەکسەندەرانی بابەتی لەوبارە بۆ ئەو ڕۆژنامە و شوێنانە ناردووە و بڵاوی کردۆتەوە. بۆنموونە: لیمۆند دیپلۆماتیک، جەدەلیە، سەفیرو چەند شوێنێکی تر کە بە ڕەخنەگرێکی دیار ناویان بردووە..Supported by

ترەمپ هەنگاو دەنێت بەرەو ئاسانکاری بۆ دەرکردنی کرێکارانی فیدڕاڵی !!

لە هەندێک سەرچاوەی وەک ئەسۆسیەیتت پرێس، فاینانشڵ پۆست و نیویۆڕک تایمز ئەوە بڵا کرایەوە کە دۆنەڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هەنگاو بەرەو ئەوە دەنێت کە ئاسانکاری بکات بۆ دەرکردنی کرێکارانی فیدڕاڵی. !

بەپێی ئەو سەرچاوانە سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥-٥-٢٠١٨ ئیمزای لەسەر سێ بڕیار کردووەو ئامادەن بۆ جێبەچێکردن. ئەو بڕیارانە بۆ هەموارکردن و چاکسازین لە بیرۆکراسیەتی فیدڕاڵیدا بۆ ئاسانکردنی دەرکردنی کرێکارانی فیدڕاڵی، ئەوەش گوایە لەبەر لاوازی ئەدای کارکردنیان و خراپی مامەڵەیان لە ئاراستەکردندا.. ئەو بڕیارانە داوا دەکەن لە ئیدارە و لایەنی بەرپرس کە هەوڵی باشتر بدەن بۆ گرێبەستی سەندیکایی باشترو سنووریش دابنرێت بۆئەو کاتەی کە هەر کرێکارێکی فیدڕاڵی سەرفی دەکات بۆ ئەنجام دانی کارەکەی.

هەر بۆیەش سەندیکا کرێکارییەکان دەستبەجێ ئەو هەنگاوەی سەرۆکی ئەمەریکایان ئیدانە و ڕەخنە بارانیان کرد.

ئەندرو برێمبێرگ، کە سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاری سیاسەتی ناوخۆیە لە ئیدارەی ترەمپ دا، لەو بارەوە  دەڵێت “ئەو بڕیارانەی سەرۆک ترەمپ ئاسانکاری دەکەن بۆ لایەنە بەرپرس و پەیوەندیدارەکان کە بتوانن کرێکارو فەرمانبەرانێک لە کارەکانیان دەربکەن کە ئەدایان لاوازەو ڕێڕەوی کارکردنیشیان درووست نییە. بۆیە دەبێت ئێمە دڵنیا بین کە پارەی لە باج وەگیراو لە شوێنی شیاو و گونجاودا سەرف دەکرێت.” هەروەها ئەو گوتی کە لەمەودوا دەوڵەت زیاتر دەستی کراوە دەبێت کە بەڵێنەکانی تڕەمپ لەوبارەوە بێنێتەدی لە هەموارکردنەوەی یاساکانی خزمەتگوزاری مەدەنی. هەروەها ئەو ڕاوێژکارە ئەوەشی گوت کە سەرژمێری نیشانی داوە کە زوربەی ئەو کرێکارانەی ئەدایان لاوازە پێیان وایە کە ئەو لاوازیەی ئەوان لە کارکردندا لە لایەن بەرپرسان و لایەنی پەیوەندیدارەوە باش مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت.

ئەو بڕیارانەی کە تڕەمپ ئیمزای لەسەر کردن لە ٢٥-٥-٢٠١٨دا لەو بارەوە ئەمانەن:

١- زیرەکانەترو وشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ سەندیکاو نوێنەرایەتی کرێکارانی فیدڕاڵیدا بکرێت لە بەستنی گرێبەستەکاندا. بۆ نموونە ماوەی گرێبەستەکان وا لێبکرێت کە کەمتر لە ساڵ بن.

٢-کەمکردنەوەو سنووردارکردنی کات لەلایەن سەندیکاو نوێنەری کرێکارانەوە بۆلە ٢٥٪ . ئەمەش تواناو کاریگەری نوێنەرایەتی کرێکاران لاوازدەکات. هەروەها دەبێت لەمەودوا کرێ وەبگیرێت لە سەندیکاکان بۆ ئۆفیسەکانیان. ترەمپ بەم بڕیارە پێی وایە سەدان ملیۆن دۆلار پاشەکەوت دەکات بۆ دەوڵەت.

٣- دەرکردن و لەسەرکار لادانی هەموو ئەو کرێکارانەی کە ئەدای کارکردنیان لاوازەو شێوەی کارکردنیشیان ڕێڕەوێکی درووست وەر ناگرێت. بەم بڕیارەش حەتمەن ئیدارەی تڕەمپ بەهانە دەدۆزنەوە بۆ دەرکردنی کرێکاران.

لە توونس؛ ئەوانەی بەڕۆژوونابن لە ڕەمەزاندا، خۆپیشاندان دەکەن دژ بە داخستنی چێشتخانە و قاوەخانەکان لە ڕۆژدا.

سەرلەنوێ تونس ئارگومێنت دروستبۆوە لەسەر بڕیارێکی وەزارەت کە ناوەڕۆکەکەی “داخستنی چێشتخانە و قاوەخانەکانە لە ڕۆژدا لە مانگی ڕەمەزاندا”. بەو بۆنەوە پایتەختی تونس خۆپیشاندان و ڕەخنەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە. ئەو ڕێکخراوانە ئاماژەیان بەوەدا، کە ئەو بڕیارە دژایەتی لەگەڵ دەستور هەیە و پێچەوانەی ئازادییەکانی تاکە. لە کاتێکدا، حکومەت وای دەبینێ کە پارێزگاری لە بۆنەکانی ئایینی ئیسلام دەکات، کە زووربەی خەڵکی موسوڵمانن!!.

لە ناو ئەو ڕێکخراوانەی کە ڕەخنەیان ئاراستەی حکومەت کردوە، (کۆمەڵەی پشتیوانی لە کەمینەکان، و کۆمەڵەی بیرمەندە ئازادەکان)ە، هەردوو ڕێکخراو بڕوایان وایە کە ئەم بڕیارە پێشێلکردنی مافی بنەڕەتی هاونیشتمانیانە.

( مەنشوری مزالی)

بەپێی ڕاگەیاندنێکی بزووتنەوەی بیرمەندانی ئازاد کە لەمانگی نیسان دەرکراوە، داوای پووچەڵکردنەوەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی کردووە کە لە ١١ی تەمووزی ١٩٨١ دەرکراوە، وە لە سەردەمی سەرۆکی لابراو زین العابدین بن علی هەڵوەشاوەتەوە.

لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ دا، وەزارەتی ناوخۆی تونسی بڕیارەکەی بەگەڕ خستەوە کە بەناوی”مەنشوری مزالی”یەوە بوو، ئەوەش بەناوی وەزیری کۆچکردووە بووە(محمد مزالی)، لە سەردەمی سەرۆکی کۆچکردوو الحبیب بورقیبة.

لەگەڵ ئەو ڕاگەیاندنەدا کەمپێنی (نا بە شمشێر) یان (بەزۆر نابێ) لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەستیپێکرد. چالاکوانان سەرکۆنەی ئەو بڕیارەیان کرد و گوتیان ئەوە هێرشکردنە بۆ سەر ئەوانەی بە ئاشکرا بەڕۆژوو نابن.

داهێنان لەلایەن وەزیری ناوەخۆ

هەواڵی ئەڵمانی ئەوەی گواستەوە لە لایەن حتم الامام، سەرۆکی کۆمەڵەی بیرمەندانی ئازاد” یاسایەک نییە کە سزاکان ڕێکخات دژ بەوانەی بەڕۆژوو نابن، بەڵام وەزیری ناوخۆ داهێنانی کردوە لەو مەنشوورە و نارازییە و دژایەتی هەیە لەگەل دەستوور”. ئەوەشی زیادکرد” مەنشوورەکە، ئازادی کەسەکانی پێشێلکردووە و دژایەتی هەیە لەگەڵ ژیانی ئاسایی کەس. ئێمە لەهەوڵی پێشکەشکردنی داواکاریەکانین بۆ دادگای ئیداری بۆ تانەدان لەو بڕیارە”.

وەزیری ناوەخۆ لوتفی براهیم، لەلای خۆیەوە گوتی” ئامانج لەو مەنشوورە پاراستنی بۆنەی زووربەی خەلکی موسوڵمانە لە وڵات، هەروەک پاراستنی بۆنەی کەمینەی جوولەکە بۆ گرتنی ئاهەنگەکانی ساڵانە لە دورگەی جربە دەرکرا”.

٦٠ پارتی چەپ لەسەرتاسەری فەرەنسا دژ بە سیاسەتەکانی ماکرۆن خۆپیشاندان دەکەن.

لەسەر داوای ٦٠ پارتی چەپ و ڕێکخراو و نەقابە لە فەرەنسا، ڕۆژی ٢٦/٥/٢٠١٨ دەیان هەزار کەس هاتنە سەر شەقامەکان لە فەرەنسا، بۆ وەستانەوە بەدژی سیاسەتەکانی سەرۆکی فەرەنسا ئیمانۆئیل ماکرۆن، کە بۆ ماوەی ساڵێکە لە دەسەڵاتە. خۆپیشاندەران دوای نیوەڕۆ لەڕۆژهەڵاتی پاریس کۆبوونەوە، هەروەک ناڕازیانیتر لە شارەکانی دیکەی فەرەنسا. سەرۆکی پارتی چەپی ڕادیکالی فەرەنسی جان لۆک میلانشۆن ڕایگەیاند “ئەم خۆپیشاندانانە دەبێ ببنە ناڕەزایەتی گەورە لە دژی ماکرۆن”. میلانشۆن لە خۆپیشاندانی ماسیلیای باشووری وڵات بەشداری دەکات.

بەڵام ماکرۆن ڕۆژی هەینی لە سانبەتربۆرگ ڕایگەیاند کە “ئەوە ڕایناگرێت”، ئەوەشی زیادکرد” گوێگرتن لە خەڵک، مانای ئەوە نییە ببیتە یاری بەدەست ڕای گشتی، من بەپێی ڕاپرسی و ڕای گشتی و خۆپیشاندانەکان حکوم ناکەم”.

ئەمینداری گشتی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسی بیار لوران کە خۆپیشاندانەکانی پاریس بەشداری کرد گوتی” ئەگەر وڵات هێزی خۆی لەبەرامبەر ئەم دەسەڵاتەی کە بەم پلەیە سەرکوتگەرە خۆی نیشاندەدات نەوەستێتێتەوە، ناتوانین مەسەلەکان بجوڵینین”، هەرەوها” تووڕەیی جەماوەری لە هەڵکشاندایە”.

چاکسازیەکان هەموو لایەنەکانی گرتۆتەوە (یاسای کار وفەرمانبەران و هێڵی شەمەندەفەر و زانکۆکان) لەسەر پشتی هەندێک توێژی جەماوەر.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٩ ی بەروارری ١/٦/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *