مایاکۆڤسکی گەورەترین شاعیری سیاسی سەدەی بیستەم شاعیری شۆرشی ئۆکتۆبەر

مایاکۆڤسکی شۆڕشگێر و سۆسیالیست وشاعیر و نیگارکێش

سالار حەمەسەعید

شاعیری بەناوبانگی ڕوسی ” ڤلادیمێر مایاکۆڤسکی” دادەنرێ بە گەورەترین شاعیری سیاسی سەدەی بیستەم. ریالیزمی سۆسیالیستی دەروازەی قۆناغێکی نوێی کردەوە لە شیعری روسی وجیهانیدا لەڕێگەی هۆنراوە  وشیعرەکانی مایاکۆڤسکیەوە. مایاکۆڤسکی لە ساڵی ١٨٩٣ لە گوندێک لەدایک بووە بەناوی (بەغدادی) کە ئێستا ناوی (مایاکۆڤسکی) یە لە جۆرجیا. کاتێ کە لەقوتابخانەی ئامادەیی دەیخوێند چووە ناو یەکێک لە حەلقە مارکسیستیەکانەوە و دەستی کردە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕی کە خوشکەکەی لە مۆسکۆ وە دەیهێنا. دواتر پاش ئەوەی باوکی مرد چووە مۆسکۆ و لەوێ نیشتەجێ بوو یەکێک لەقوتابیە بەتەمەنترەکان کەلەگەڵیدا دەژیا لەیەک خانوودا ڕازیکرد کە کارەکانی مارکس و ئەنگڵز و لینین بخوێنێتەوە. باسی حزبی بەلشەفیکیان دەکرد و رۆڵی لینین لەو حزبەدا وەک رابەری پرۆلیتاریای روسی لەگەڵ کتێبەکانی قوتابخانەدا کتێبی ” ئەنتی دۆهرینگ”ی ئەنگڵزی هەڵگرتبوو. خۆشترین ساڵ بەلای مایاکۆڤسکییەوە ساڵی ١٩٠٨ بوو ئەویش لەبەرئەوەی ئەو ساڵە پەیوەندی کردووە بە حزبی سۆسیالیستی دیموکراسی روسی کە لینین رابەری بووە. وەک ئاژیتاتۆر (مورەوج) و بڵاوکەرەوەی بڵاوکراوەی نایاسایی کاری سیاسی کردووە لەژێر ناوی ”هاوڕێ کۆنستەنتین”. یارمەتی هەندێ لە شۆڕشگێڕانی داوە کە لە زیندان هەڵێن. لەم کاتانەدا مایاکۆڤسکی ئاشنا بووە بە کرێکاران بە هەست ونەستیان بە بیر وتێڕوانینیان. لە نێوان ساڵەکانی ١٩٠٨ بۆ ١٩١٠ سێ جار دەستگیرو زیندانی کراوە, بەڵام زیندان نەیتوانیووە باوەڕی ئەو بە سەرکەوتنی شۆڕش بلەرزێنێ.

بە ئومێد و ئارەزوویەکی نوێوە لە زیندان دێتەدەر و بڕیاری دەدا و دەڵێ ”دەمەوێ هونەرێکی سۆسیالیستی بخولقێنم”. مایاکۆڤسکی لە نێوان شیعر و نیگارکێشی دا دوودڵ و ڕاڕا دەبێ. هەر لەمناڵیەوە شیعر وهۆنراوە جێگەی سەرنجی بوو کە لەبەری بوون و دەیگوتنەوە بە شێوەیەکی زۆر جوان. بۆ یەکەمین جار لە زینداندا لە ساڵی ١٩٠٩ قەڵەمی دەستی تاقیکردەوە، بەڵام زیندانەوانەکە کەشکۆڵی شیعر وهۆنراوەکانی لێ زەوت کرد. جگە لە شیعر نووسین توانای نیگارکێشانیشی هەبوو زۆر کات خەریکی کێشانی وێنەی هاوڕێکانی بوو. مایاکۆڤسکی چووە قوتابخانەی هونەرەوە لە مۆسکۆ و قوتابیەکی سەرکەوتوو بوو. لەساڵی ١٩١٢ یەکەمین هۆنراوەی بڵاوکردەوە. مایاکۆڤسکی بەوپەڕی توانایەوە دژ بە بنەماکانی کۆمەڵگەی بۆرژوازی دەجەنگا.

مایاکۆڤسکی شیعرێکی حەماسی ( لیریکی) ی درێژ بە درێژایی ٣٠٠٠ دێڕ دەنووسێ دەربارەی ” ڤلادیمێر ئیلیچ لینین”. ئەم شیعرە دوابەدوای مەرگی لینین نووسراوە. زۆر بە حەماس و شانازیەوە داستانی ڕابەری بەلشەفی دادەڕێژێ. ئەم شیعرە بەشێوەیەکی ڕۆژنامەوانی، گفتووگۆی ئاسایی و ئاسایی خەڵک وتراوە. ئەم شیعرە تۆمارێکی بێ وێنەی شۆڕ و شەوقی یۆتۆپیانەی ساڵەکانی سەرەتای شۆڕشە.

لەم شیعرەدا هۆشداری دەدات کە نابێت لینین ببێتە پەیکەرێکی پیرۆز یا ئایکۆنێک بۆ پەرستن. ئەم کتێبەی مایاکۆڤسکی گرنگترین و پڕبایەخترین کارەکانی مایاکۆڤسکی یە، هیچ کتێبێکی هێندەی ئەم کتێبە لە تیراژ نەدراوە. ئەم پەڕتووکە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ بە ئینگلیزی لە چاپ نەدرا. ئەم پەڕتووکە تا ئەندازەیەکی زۆر بە نەناسراوی و بێ ناوی مایەوە لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا. لە کاتێکدا مایاکۆڤسکی بە شاعیری خۆشەویستی و رۆمانس ناسراوە. بەپێی دۆریەن رۆتنبێرگ (کە وەرگێری شیعرەکانی مایاکۆڤسکیە بۆ ئینگلیزی)، مایاکۆڤسکی گەورەترین شاعیری سیاسی سەدەی بیستەمە. یەکەمین شیعر کە نووسرا بێت بۆ لینین مایاکۆڤسکی نووسیویەتی لەساڵی ١٩٢٤ دا ئەو ساڵەی کە بنیاتنەری دەوڵەتی سۆڤیەت مرد. ئەو دەڵێ: ”هەرگیز هێندە ئارەزوومەند نەبووم کەلێم تێبگەن بە ئەندازەی ئەم شیعرە، ئەگونجێ گرنگترین کارێک بێت کە تائێستا پێی هەڵسابم”.

گەورەترین کاری شیعری مایاکۆڤسکی شیعرێکە بۆ مرۆڤێکی گەورە نووسراوە کە ”لینین”ە. بۆ رۆڵ و گرنگی کار و چالاکیەکانی لینین لە شۆڕشی گەورە و جیهانی ئۆکتۆبەر و رۆڵی ئەو لە دامەزراندنی حزبدا نووسیوە. بەم شیعرەی میتۆدی ریالیزمی سۆسیالیستی بەشێوەیەکی پراکتیکی پیادەکرد. مایاکۆڤسکی ویستی ئەو هۆنراوەیە لەکاتێکدا بنووسێ کە لینین هێشتا لەژیاندا بوو. بەم شیعرەی مایاکۆڤسکی توانای شۆڕشگێرانەی دەرکەوت و دەستی کردە نەشونماکردن. ماتریالی دەوڵەمەندی ئەم هۆنراوەیە مێژووی تێکۆشانی پرۆلیتاریایە لە سەرەتاکانیەوە بۆ سەرکەوتنی لە وڵاتێکدا کە یەک لەسەر شەشی گۆی زەوییە. لەم هۆنراوەیەدا مایاکۆڤسکی بەشێوەیەکی سمبولیکی (رەمزی) باس لە ژیان و کارەکانی لینین دەکات و ستایشی هەست و نەست و تێڕوانینی مرۆڤی کرێکاری ئاسایی دەکات کە لە شۆڕشدا لەدایک بووە و گەورە بووە. ئەم هۆنراوە زۆر بە راست و دروستی ناوی ”حەماسەی پرۆلیتاریا’ ‘ی لێنرا.  ئەو ئازارە قووڵەی بەهۆی مەرگی رابەری خۆشەویستەوە تیا دروست بوو بووە هۆی پاڵنەر و ئیلهام بەخش.

مایاکۆڤسکی لەم هۆنراوەیەدا دەپرسێ:

ئەم پیاوە کێ یە، لە کوێوە هاتووە و چی کردووە کە بۆتە هۆی ئەم ئازارە قووڵە لەناو خەڵکدا لەتەواوی دونیادا؟

مایاکۆڤسکی بەشێوەیەکی شیعری وەڵام دەداتەوە بەم پرسیارانە لە سێ سروودی شیعری بۆ کەسایەتی لینین دەنووسێ لەڕێگەی پەیوەندیەکی ئۆرگانیکی بە پرۆلیتاریای روسی و جیهانی و حزبی بەلشەفی لەگەڵ جەماوەری خەڵک و مێژوودا.

بۆ شاعیرێکی ڕیالیزمی سۆسیالیستی، دیالەکتیکی گەشەکردنی مێژوویی ئاڵوگۆڕی سیستەمی کۆمەڵایەتی ڕوون و ئاشکرایە.

مایاکۆڤسکی دەڵێ ئەو کەسەی کە ئەو مەبەستیەتی لەم هۆنراوەیەدا لینینە، مرۆڤی سەردەم و رۆژگاری سۆسیالیزم. ئەودەڵێ کە لینین خۆلقێنەرێکی هوشیارانەی مێژوو بووە، رابەر و لیدەرێک لەچەشنێکی تر چەشنێکی نوێ، ژیانی ئەو بەمەرگی ئەو کۆتایی نایەت. هەروەها باس لە لینین دەکات و ئەڵێت: لینین مرد، بەڵام خەڵک بەردەوامن دەژین، کۆمۆنیزم زیندووە و بەردەوام ئەبێت. تەنانەت مەرگی ئیلیچ، بۆتە ڕێکخەرێکی گەورەی کۆمۆنیستی.

” ئازار و داخ و ناسۆرە لای مایاکۆڤسکی دەگۆڕێ و دەبێتە گەشبینییەکی شۆڕشگێڕانە. لینین لە دڵی پرۆلیتاریای تەواوی دونیادا دەژی و داوای شۆڕشێکی جیهانی دەکات”.

هەروەها دەڵێ:

”پرۆلیتاریا ڕیزەکانی دوایین جەنگ و نەبەرد پێک بێنن

پشتتان ڕاست کەنەوە

ئەژنۆتان ڕێک کەنەوە

سوپای پرۆلیتاریا:

ریزەکانتان لێک نزیک کەنەوە.

بژی شۆڕشی خۆشی و شادی کە بە زوویی دێت

ئەمە مەزنترین

جەنگی گەورەیە  کە مێژوو ناسیبێتی

گرنگی و ئەهمیەتی ئەم هۆنراوەیە تەنها لە رەنگدانەوەی بەهای بەرزی هونەری ژیانی لینین و مێژووی پرۆلیتاریادا نییە، بەڵکو دەربڕینێکی بەهێزی هەست ونەستی قوڵی خۆشەویستی ئەوە بۆ رابەر  و شانازی پرۆلیتاریا و کینە بەرامبەر چەوسانەوە و ستەمی بۆرژوازی. هەروەها باوەڕی لەبن نەهاتووی بە سەرکەوتنی مێژوویی پرۆلیتاریا. ئەم شیعرەی مایاکۆڤسکی داستانێکی حەماسی بەشێوازێکی ئۆرگانیک داڕێژراوە. ئەم شیعرە لەڕێگەی زمان و ریتم و هۆکاری ترەوە دادەنرێ بە تازەگەری و داهێنان لە ڕیالیزمی سۆسیالستی و بەرهەمێکی لەیاد نەچووە بۆ لینین و حزبی بەلشەفی و چینی کرێکار و شۆڕشی پرۆلیتاریا. ئەم شیعرەی مایاکۆڤسکی دادەنرێ بەهەرە بەهێزترین کارە شیعریەکانی. مایاکۆڤسکی دادەنرێ بە یەکەمین و گەورەترین نوێنەری شیعرو هۆنراوەی سۆسیالیستی. یەکێک لەسەرەکیترین خاڵی داهێنانی ئەم شاعیرە بریتیە لە خولقاندنی قارەمانی حەماسی. ئەم قارەمانەش شاعیر خۆیەتی کە هاوڵاتی نوێی یەکەمین دەوڵەتی پرۆلیتاریە، شۆڕشگێڕێکی هوشیار، ڕوخێنەری دونیای کۆن و بنیاتنەری دونیایەکی نوێ.

شاعیر، بانگەواز دەکات بۆ جەنگێک، بۆ قوربانیدان و سەرکەوتن بەنێوی کۆمۆنیزمەوە. مایاکۆڤسکی شیعر ناودەبات بە ”ڕێگە بەرەو کۆمۆنیزم”. مایاکۆڤسکی کارێکی گەورەی کرد بۆ دەوڵەمەندکردنی زمانی شیعری. ئەو چوارچێوەی زمانی شیعری کۆنی تێکشکاند و وشە و زاراوەی زیندوو و درەوشاوەی تیا گونجاند، داهێنانی دەربڕینی جوان و ڕازاوە. وشەی نوێی داهێنا بۆ دەربڕین لە ئاڵوگۆڕی قوڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی. لەڕێگەی واژە و بیرۆکەی کورت و بچوکەوە هێزی جوڵێنەری شۆڕشی خستەڕوو. شیعری مایاکۆڤسکی دادەنرێ بە سمبولی تازەگەری و داهێنان و بەرین بوونەوەی بێ سنووری ئەرکەکان و ئیحتمالەتەکانی شیعری ریالیزمی سۆسیالیستی.

مایاکۆڤسکی لە ساڵی ١٩١٧دا کە تەمەنی ٢٤ ساڵ بوو، تەواوی ئەزموونی ئەدەبی خۆی سەبارەت بە ڕووداوە مێژووییەکان لە روسیادا لە دووتوێی کارێک دا بەناوی ”شۆڕشەکەم” نووسی. مایاکۆڤسکی شوڕشی ئۆکتۆبەر ناودەنێ ”شۆڕشەکەم”  هەروەها دەڵێ کە ”شاعیری شۆڕش تەنها خۆی نابەستێتەوە بە نووسینی کتێبەوە”. جگە لە شیعر وهۆنراوە ڕوویکردە شانۆ و تیئاتر و سینەما. زیاتر لە دوانزە سیناریۆی فلیمی نووسیوە. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر ئەرکی مایاکۆڤسکی بەرگریکردن لە شۆڕش و هێرش کردنە سەر وردە بۆرژوازی دەبێت.

کاری تەنزئامێزی مایاکۆڤسکی سەرەتا دژ بە دوژمنانی دەرەکی دەبێت و لەو باوەڕەدا دەبێت کە بیر و فیکری شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەبێت بەرگری لێ بکرێ لەدەست وردە بۆرژواکان.

Vlaadimir Mayakovsky , inush Idrizi, Vangjush Ziko and Anastas Kapurani: ‘Foreign Literature’, Part Two, The Albanian Society, Ilford, 1987. Translated from the Albanian by William Bland.

Vlaadimir Mayakovsky  Poems, Translated by Dorian Rottenberg. Printed in 1972 USSR.

سەرەتای حوزەیرانی ٢٠١٨

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٠ بەرواری ١٥/٦/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *