سەری ئەم بۆگەناوە دابخەن…

عەبدوڵا مەحمود

لەکەش و هەوای لیخنی ژێرسایەی دەسەڵاتی داوکەوتوانەی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، لەسایەی دەستئاوەڵاکردنی مەلاو رەوتە ئیسلامیەکاندا، ژمارەیەک مەلای مێشک مەیوو و بەستوو، روژانەو هەفتانە، لەژێر ناوی بەرگری لە ئیسلام و پیرۆزییەکانی ئینساندا،  سوکایەتی بەئینسان و پرانسیبە ئینسانیەکان دەکەن. بێرێزی بە مافە سادەکانی تاک و هاوڵاتیان، بە سیما جوان و شارستانیەکان، دەکەن. هیرش دەکەنە سەر نووسەرانی چەپ  و ئازادیخواز و شاعیران و هونەرمەندان. دەیانەوێ ناوی گۆرانی بێژ و لێکۆڵەر و ئەدیب و توێژەرو شارەزای بواری فەلسەفەو لێكۆڵینەوە، رەخنەگران… بزرێنن. زۆر بەتایبەتی و بێ پسانەوەش سوکایەتی بەمافەکانی ژنان و هەڵسوارو لایەنگرانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان دەکەن…

مەلا مەزهەری کۆنەپەرست و داماڵراو لەهەموو بەهایەکی ئینسانی، وەکو یەکێک لەو مەلایانەی عادەتیان بە سوکایەتی بە ژنانەوە گرتووە، کەم هەفتە و تەنانەت کەم جار هەیە لە مینبەری مزگەوت یان کەناڵە میدیایییدا، هەوەس و شەهوەتی پیاوسالاری خۆی دانەبارێنیتە سەر ژنان و مافەکانیان… ئەم مەلا خاڵییە لەهەموو بەهایەکی ئینسانی، بەهاو کەسایەتی ژنان لای نەک بایەخێکی نییە، بەڵکو هەر وەکو مریشکە رەشەو بزن و کاڵای ناچیز تەماشای ژنان دەکات، هەر بۆیە دەمی پیس و بۆگەناوی ئیسلامی خۆی، ئاوەڵا کردووە بۆ هیرش کردن و سوکایەتی و تۆمەت بەخیشینەوە بەرامبەر بە ژنان. لای جەنابی مەلا مەزهەرو هاوشیوەکانی ژنان تەنها ئامرازو ماشینی خاوکردنەوەی هەوەسی پیاوانن. هەوەسی هەستاوی ئەو مەلایانە و لە ناویاندا مەلا مەزهەر، کە مەزهەری ئاشکرای کۆنەپەرستی ئیسلامییە، تەنها بە ژنان و بەڕیزێک ژن، خاو دەکرێتەوە. بۆیە نەک باسی چەند ژنە و گوێرایەڵی ژنان بە پیاوان، و بەخشینی ماف بە پیاو بۆ لیدان و سزادانی ژنان، بەڵکو سوکایەتی و بێرێزی کردن بەهەموو ئەو ژن و پیاوانەی باسی ماف و ئازادییەکانی ژن دەکەن، لە سەرچاوەی و کانیاوی لیخنی قورعان و حەدیس و پەیامبەرانی شەرەف ئاوەڵای سەدان ساڵەی پیش ئیستا… دەردەکێشن. ئەم جەنابانە دەیانەوێت ئینسانی ئەم سەردەمە و ژنان بەتایبەتی بگێرنەوە بۆ ملکەچ کردن بەیاساو ریساکانی سەردەمی خولەفاکانی راشیدینی بە مێژوو سپێردراو. ئەم مەلایە کە بەحەق مەزهەری راستەقینەی ئیسلامی داعشییە، هەر جارەی لە ژێر ناوێکدا ناخی بۆچوونە زێرابیەکانی خۆی دادەبارێنێتە سەر ژنان و مافەکانیان و ئەوانەی بەرگری لە مافی ژنان دەکەن. لەدواین لێدوانی ئەمجارەیان ژنانی کورد بە دایناسۆر دەناسێنێت…

مەلا مەزهەر کە لەلایەن ئەوقافەوە، مزگەوت و مینبەری مزگەوتی خراوەتە بەردەم و لەرێگای بەلاشخۆریشەوە بەسەر کۆمەڵگەدا، کەناڵی تەلەفزیۆنی دامەزراندووە، وە لەژیر سایەی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی بزوتنەوەی کوردایەتیدا ژینگەی بۆ ئاوەڵا کراوە، بواری ئەوەی دەستکەوتووە، چۆنی بوێت ژەهری دواکەوتووی برێژێت و ناخی خۆی بە رشانەوە بەسەر ژنان و مافەکانیاندا، خاڵی بکاتەوە. مەلا مەزهەر و هاوشیوەکانی کە مەزهەری هەرە ناشیرین و قیزەونی کۆمەڵگەن، دەنگ و رەنگی نەشازی سەردەمین، پیویستە مینبەریان لێ یاساغ بکرێت. وە لەسەر ئەو سوکایەتی و بێرێزیانە کە بەرامبەر بە ژنان و لە ژێر ناوی مقدەسساتی ئیسلامیدا بە بەرەی ئازادیخواز و لایەنگرانی مافە فەردییەکان و لەوانەش مافەکانی ژنانی دەکەن، بدرێتە دادگا!! بۆ ئەوەی سزای یاسایی!! بدرێت.

بیگومان دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا، بەرپرسی سەرەکییە لەسازکردنی ئەو ژینگەیەی، بەچکە بانگخوازی محمەدی و داعشی وەکو مەلا مەزهەر بەرهەم دەهێنێت… مەلا مەزهەر و هاوشێوەکانی دەبێ دەمیان دابخرێت.. تا دەم لە سوکایەتی و بێریزی بە ژنان و مافەکانیان نەکوتن… دیارە دەم داخستنی ئەم مەلایانەو کڵۆمدانی میبەرەکانی ژەهراو رشتنیان، لە مینبەری مزگەوتەکانەوە تا رادیۆ و تەلەفزیۆن و … بە بێ گوشاری فراوانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی و بەرەی پیشکەوتنخوازی کۆمەڵگە لە توانادا نییە، دەسەڵات کە خۆی دەسەڵاتێکی تژی لە کۆنەپەرستیەو سەرچاوەی یاساکانی لە شەعدایە، بە خۆشی خۆی ئامادەی کاردانەوە نییە لە بەرامبەر بە رەوتە ئیسلامیەکان و ئەو مەلایانەی سوکایەتی بە ژنان و ئازادی و مافە فەردی و مەدەنییەکان دەکەن… بۆیە پیویست بە وەریخستنی بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی فراوان دەکات… تا ئەو بزوتنەوەیە نەبێتە گوشاری واقعی، بۆگەناو و ژەهراوی رەوتە کۆنەپەرستان و مەلا مەزهەرەکان، بەردەوام دەبێت…

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٠ بەرواری ١٥/٦/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *