گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئاسۆ كه‌مال ده‌رباره‌ كتێبی ژنۆفۆبیای ئۆجه‌لان

ده‌رباره‌ كتێبی ژنۆفۆبیای ئۆجه‌لان

گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئاسۆ كه‌مال

مانگی شوباتی ٢٠١٨ كتێبی ژنۆفۆبیای ئۆجه‌لان كه‌ له‌ نووسینی ئاسۆ كه‌ماله‌ له‌ كوردستان له‌ چاپ ده‌رهات. بۆ تیشكخستنه‌ سه‌ر كتێبه‌كه‌ و هه‌ندێ لایه‌نی ناوی به‌ پێویستمان زانی گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ نووسه‌ردا ساز بده‌ین.

دیدگای سۆشیالیستی:

با سه‌ره‌تا له‌ ناسینێكی كورت و خێرای كتێبه‌كه‌ته‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین. پێمان باشه‌ له‌ زمانی خۆته‌وه‌ ئه‌م ناساندنه‌ بكه‌ی. هاوكاتیش به‌ گشتی ئامانجی تۆ له‌و كتێبه‌دا چییه‌ و ئه‌ته‌وێ وه‌ڵام به‌ چ مه‌سه‌له‌یه‌ك بده‌یته‌وه‌؟

ئاسۆکه‌مال:

کتێبی ” ژنۆفۆبیای ئۆجەلان” لە حەوت بەش و پێشەکی و کۆتاییەک پێکهاتوە. لەم بەشەکانی ١و٢ دا لە سەر گرنگی باسەکە و هەڵسەنگاندنی زانستیانەی “تێزەکانی ژنۆلۆژیا”ی ئۆجەلان قسەکراوە. دواتر لە بەشەکانی ٣و٤و٥ دا  لەسەر مێژووی پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان ژن و پیاو و دروستبوونی خێزان و دامەزراوەی خێڵ و ئابوری کۆمەڵگەی سەرەتایی و ئاڵوگۆڕەکانی شێوازی بەرهەمهێنانی ژیان لە ڕاوەشکاری و کشتوکاڵی و مافی دایک و دروستبوونی پیاوسالاری هەم باسی زانستی کراوە و هه‌م ڕەخنە لە بەناو تێزەکانی ئۆجەلان گیراوە. لە بەشی ٦و٧ یشدا لەسەر تێگەیشتن و فکری ئۆجەلان لەسەر سێکس و عەشق و ئازادی ژنان لێکدانەوە کراوە و ڕیشەی بۆچونە دینی و خێڵەکیەکانی ئۆجەلان سەبارەت بەم مافانەی ژنان دیاریکراوە و ڕەخنەیان لێگیراوە.

ئامانجیش لە نوسینی ئەم  کتێبە  ناساندنی ژنان  و کۆمەڵگەی کوردستانە بە بۆچوونە نازانستیەکانی ئۆجەلان و خستنەڕووی واقیعی بۆچون و هەڵوێستی ئۆجەلان و پەکەکەیە سەبارەت بە ماف و ئازادیەکانی ژنان. هاوکات ئامانجم ئەوە بووە کە لە جێگای ئەم بۆچوونە دواکەوتو و خورافیانە، خوێنەر بە زانستێک ئاشنا بکەم لەسەر مێژووی پەیوەندی ژن و پیاو و خێزان و دەوری شێوازی بەرهەمهێنان و موڵکایەتی و گەشەی کۆمەڵایەتی، تاوەکو خوێنەر خۆی ببێتە دادوەر لەسەر ئەوەی کە “ژنۆلۆژی” بەرهەمێکی نازانستیە و پێچەوانەی زانست و بیروڕای پێشکەتوانەیە سەبارەت بە ژن.

ئەم هەوڵە لەبەرئەوەیە کە ئۆجەلان و بزووتنەوەکەی هەژمونیەکی سیاسیان هەیە لە کۆمەڵگەی کوردستان و ژنانێکی زۆر نمونەی ژنی گەریلا بە ڕۆڵ مۆدێلی ڕزگاری خۆیان دەزانن، بەبێ ئەوەی بزانن کە ئۆجەلان و پەکەکە ژن تەنیا وەک ئامڕازێک دەبینن بۆ خزمەت بە ئامانجی سیاسی حزبەکەیان و شتێک لە فەرهەنگ و بیری “ژنۆلۆژی” ئۆجەلاندا نییە سەبارەت بە ژن وەک ئینسانێک کە خۆی خاوەن ماف و ئازادی و بڕیارە، بەڵکو ئەوە ئۆجەلانە کە بڕیاری بۆ دەدات کە مافی ئەوەی نییە ژن سێکس بکا و دەبێ تا “ئازادی کوردستان” دەستبەرداری هەموو ماف و ئازادیەکی شەخسی خۆی ببێ.

من دەمێکە ئەمەم بۆ مەسەلە بوو، کە بۆ دەبێ ژنانی پەکەکە بڕیاری خۆیان سەبارەت بە ژیانی شەخسی و سێکس و ئازادییان بخەنە ژێر دەستی ئۆجەلان و حزبەکەیەوە. کاتێک پەیەدەش لە ڕۆژئاوا “ژنۆلۆژی” کردە پرۆگرامی خوێندن و لە هەرێمی کوردستانیش بانگەشەیان بۆ دەکرد، ئیتر بە پێویستم زانی پەردە لەسەر ئەم بۆچونە دواکەوتو و دینی و دژی ژنانەی ئۆجەلان لابدەم لەڕێگەی ئەم کتێبەوە و نیشانی بدەم چۆن ئەم تێز و ڕایانەی ئۆجەلان نەک زانستی نین بەڵکو بەشێکه‌ لە  فکر و سیاسەتی دروستکردنی سیستەمێکی کۆیلایەتی و تۆتالیتاری لەقاڵبدانی ژن و ئینسانە بەپێی ئایدیۆلۆژیای شەخسێک.

بەکورتی ئامانجی من ئەوەیە کە لە بەرامبەر بۆچونە نازانستی و دژی ئازادیەکانی ئۆجەلاندا، زانستی سەلمێنراو و بیری پێشکەوتنخوازی بخەمە ڕوو کە لە دوو سەدەی ڕابردودا پێشکەش کراوە.  کتێبی “ژنۆفۆبیای ئۆجەلان” ئامانجی یارمەتیدانی ژنانە بۆ بەرەنگاری ئەو بیر و سیاسەتە دواکەتوانەی “ژنۆلۆژی” ئۆجەلان، وە ئاشناکردنیانە بە مافە جیهانگیریەکانی ژنان.

دیدگای سۆشیالیستی:

كه‌وایه‌ تۆ هه‌م تێزه‌كانی ئۆجه‌لانت داوه‌ته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ و هه‌میش شتێك كه‌ له‌ژێر ناوی ’’ژنۆلۆژی‘‘دایه‌ ڕه‌تت كردۆته‌وه‌ و وه‌ك چه‌ند تێزێكی نازانستی  له‌ قه‌ڵه‌مدت داوه‌. پشتت به‌ چ میتۆد و زانستێك به‌ستوه‌ له‌ وه‌ڵامدانه‌وه به‌م مه‌سه‌لانه‌ی ئۆجه‌لاندا؟

ئاسۆکمال:

ئۆجەلان ئیدعای ئەوەی کردوە کە ئەو یەکەم کەسە زانستێکی دۆزیوەتەوە سەبارەت بە ژن، لە بەرامبەر بەم ئیدعایە بەلای منەوە گرنگ بوو بەپشت بەستن و خستنەڕووی خودی زانست خۆی وەڵام بدەمەوە. لەم نێوەدا میتۆدێکی بەراوردکاریم بەکارهێناوە تا ئەوە بسەلمێنم کە ئیدعای ئۆجەلان لەمەڕ “ژنۆلۆژی” کە گوایە زانستی ژنناسیە بێ بناغەیە. بەراورد لە نێوان زانستێک کە بەرەنجامی لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەبواری ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتی مرۆڤدا بەدەستهاتووە لەگەڵ تێز و بۆچوونەکانی “ژنۆلۆژی” ئۆجەلان کە پشت بەستوو نییە بە هیچ لێکۆڵینەوەیەک و سەرچاوەیەکی مێژوویی، کە تەنیا هەڵقوڵاوی زەینی خۆیەتی بۆ وەڵامدانەوە بە “بەڵا”ی ژن و ئازادیەکانی لە ناو پەکەکەدا.

بەم شێوەیە خوێنەر دەتوانێ بێ لایەنانە سەیری بەڵگەکانی کتێبی “ژنۆفۆبیای ئۆجەلان” بکا و بزانێ کە چۆن “ژنۆلۆژی” پێچەوانەی ئەو زانستانەیە کە سەلمێنراون و بەرهەمی کاری کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و زاناکان بوون نەک بە تەنیا بیرو ئایدیۆلۆژیەکی دیاریکراو بێت.

ئاشکرایە کە خوێنەری کوردزمان بەو زانستە بەرفراوانەی لە بواری لێکۆڵینەوە لە هۆزە بەراییەکانی پێش شارستانی و زانستێک کە لەم بوارەدا خراوەتەڕوو ئاشنا نییە و ئەمانە  لەنوسین و مناقەشە و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕاندا نابینرێ. ئەمەش هۆکارێکی ئەوەیە کە ئەم تێزە دواکەوتوانە و نازانستیانەی “ژنۆلۆژی” تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە. هەربۆیە بە پێویستم زانی کە ئەم زانیاریانە بە دورودرێژی لەم کتێبەدا بخەمەڕوو تا خوێنەر ئاشنا ببێ بە قوڵایی ئەم باسە زانستیانە و بە بێ بنەمایی و ڕووکەشی بوونی بۆچوون و بیری ئۆجەلان لەم بوارەدا.

 

لەم کتێبەدا ڕیشەی تێڕوانینی ئۆجەلان لەسەر ماف و ئازادی ژنم شیکردۆتەوە، وە بەو ئەنجامە گەیشتوم کە ئەمانە ڕەگی لە تێگەیشتن و تێڕوانینی خێڵەکی و دینیدایە. بۆ ئەمەش تێز و قسەکانی ئۆجەلانم سەبارەت بە کۆنترۆڵی سێکسی ژن و دەوری دینەکانی مەسیحی و پیرۆزکردنی زەواجی محمدم بە نمونە هێناوەتەوە. ئەم تێزانەی ئۆجەلانم وەک بەشێک لە  ئیدیۆلۆژی ناسیونالیستی و دینی زاڵ لە کۆمەڵگەی کوردستاندا سەلماندوە، وە ناکۆکیانم بە ژیانی سەردەم و خووڕەوشت و گۆڕانی پەیوەندیەکانی نێوان ژن و پیاو و شێوازی خێزان و ئازادی عەشق و سێکس خستۆتەڕوو. خوێنەر لێرەدا دەتوانێ بڕیار  بدا کە ئایا “ژنۆلۆژی” ئۆجەلان ئیدیۆلۆژی سەردەمی مۆدێرنە  یان سەدەمی خێڵەکیە؟ لێرەدا هەوڵم داوە کە ئەم پەیوەندیە لەنێوان “ژنۆلۆژی” ئۆجەلان و بەرژەوەندیە سیاسیەکانی پەکەکەدا و ڕیشەکانی گۆڕانی ئۆجەلان لە چەپەوە بۆ ڕاست سەبارەت بە مەسەلەی ئازادی ژنانیش ئاشکرابکەم.

دیدگای سۆشیالیستی:

له‌ناو به‌شێك له‌ بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی كورددا ئۆجه‌لان سیمبولێكه‌ كه‌ ده‌ستبردن بۆ ڕه‌خنه‌ لێی وه‌ك تابۆ هاتۆته‌ به‌رچاو، ئه‌م كتێبه‌ش تێز و بیروڕاكانی ئه‌و ئه‌خاته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ و ڕه‌تیان ئه‌كاته‌وه‌. پێتان وایه‌ كه‌ ئێستا كاتێكی گونجاوه‌ بۆ ڕه‌خنه‌‌ له‌ ئۆجه‌لان؟

ئاسۆکه‌مال:

ئەم هەوڵەم دەیەوێ ئەو تابۆیە بشکێنێ لە کوردستاندا کە ئۆجەلان سیمبولێکە و نابێ ڕەخنەی لێ بگیرێ. ئۆجەلان یان هەر کەسێکی تر دەکرێ و دەتوانرێ ڕەخنەی لێبگیرێ و هیچ خەتێکی سوور بۆ ئازادی ڕەخنەگرتن لە هیچ کەس و بیروڕایەک نییە. ئەم تابۆیە نیشانی دەدا کە کەسێک پیرۆزکراوە و لەسەروو هەموانەوە دانراوە. ئەمە هەژمونگەرایی زۆردارانەیە کە کەسانێک لە کۆمەڵگەدا لە پێوەری ئاسایی ئینسانەوە بەرزدەکاتەوە بۆ پلەی خوا و پێغەمبەر و سەرۆک و ڕیش سپی و دەیانکاتە دیکتاتۆر. ئەمە بەرهەمی کلتورێکی ستەمگەریە کە لە ڕۆژهەڵاتدا ڕیشەی مێژوویی بەهێندەی مێژووی شارستانیەت کۆنە. بێگومان پەکەکەش مۆدێلی ئەو حزبە تۆتالیتارە ڕۆژهەڵاتیانەیە کە جیاوازی ڕەنگ و دەنگی تێدا نییە، وە پراتیکی ئەم حزبە لە چەند دەیەی ڕابردودا دەسەلمێنێ و هۆکارێکی دەرنەکەوتنی هیچ جۆرە ڕەخنەیەکە لە ئۆجەلان. شایانی باسە لەگەڵ بڵاوبونەوەی کتێبی ” ژنۆفۆبیای ئۆجەلان”دا نەجیبە قەرەداغی، کە بەرپرسی دەزگای ژنۆلۆژی پەکەکەیە، بەشێوەیەکی هیستریایانە دژی کتێبەکە وەستایەوە و داوای دادگایی نوسەرەکەی دەکا، کە لەزمانی خۆیەوە دەڵێ هێشتا کتێبەکەی تەواو نەخوێندۆتەوە.

سەبارەت بەوەش کە ئێستا کاتی گونجاو نییە بۆ ڕەخنە لەئۆجەلان! ئەوا من دەپرسم کە ئایا بۆ کاتی بڵاوکردنەوەی “ژنۆلۆژی” ئۆجەلانە و کاتی کردنێتی بە پرۆگرامی خوێندن لە ڕۆژئاوادا بەڵام کاتی ڕەخنەلێگرتنی نیە؟! ئەگەر لەبەرئەوەیە پەکەکە و پەیەدەیە لەشەڕدان، ئەوا شەڕی ئەم حزبە زیاتر لە سێ دەیەیە درێژەی هەیە لەگەڵ تورکیادا و ئایندەی دیار نییە. ئایا دەکرێ تا ئەم ئایندە نادیارە چارەنوسی ڕەخنەگرتن بسپێردرێ بە مەحاڵ؟ دروست ئێستا کاتی ڕەخنەگرتنە لە ئۆجەلان چونکە ئەمە ڕەخنەیەک نییە بەتەنیا لە سیاسەتی ڕۆژانەی پەکەکە، بەڵکو ڕەخنەیە لەو مۆدێلەی پەکەکە بۆ لە قاڵبدانی ئینسان لە ئێستا و لە ئایندەدا لەسایەی دەسەڵاتی خۆیدا و لەوانەش لە کۆبانی و عەفرین. ئێستا لەهەموو کات زیاتر کاتی ڕەخنەیە لەم بۆچونانەی ئۆجەلان کە دەیەوێ نەک تەنیا ژیانی چەند هەزار ژنێکی ئۆردوگاکانی پەکەکە دیاری بکا بەڵکو ژیانی تەواوی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا لە قاڵبی دواکەوتوانەی “ژنۆلۆژی” بدا و بەم شێوەیەش ژنان و خەڵکی کوردستان سەرتاپا بکاتە سەربازی بێ ماف و بێ ئیرادەی پەکەکە و کوردستان وەک ئۆردوگایەکی سەربازی بەڕێوەبەرێ. ئەم بۆچوونە کە پێی وایە نابێ ڕەخنە لە ئۆجەلان بگیرێ هەیە دەیەوێ خەڵک تەسلیم بە سیاسەت و فکری پەکەکە بكات و تەسلیم ببێ، وە بۆی گرنگ نییە چی بەسەر ماف و ئازادی ژن و ئازادی ڕەخنەگرتندا دێت.

بۆ بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و یەکسانیخوازی مەسەلەی ژن و ئازادیەکانی بەشێکی گرنگە لە ململانێیەکی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ بزوتنەوەی ناسیونالیستیدا و بەهیچ بیانویەک ئەم ڕەخنەگرتن و ڕۆشنگەریە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دواناخات. لەهەمان کاتدا پشتیوانی خەباتی خەڵکی ڕۆژئاوا دەکا دژی تورکیا و دژی داعش، وە پەردەش لەسەر بۆچونی ترس لە ژن و ژنۆفۆبیای ئۆجەلان هەڵدەداتەوە و بەڕێگرێکی بەردەم خەباتی ژنان بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادیەکانیان دەزانێ. پێویستە هەڵبژاردنی هەر بیر و کەس و لایەنێک ئاکامی ناسینی ڕاستیەکان و ڕەخنەکان بێت و پەیڕەوێکی هوشیارانە بێت لێیان.

دیدگای سۆشیالیستی:

پێمان باشه‌ بێینه‌ سه‌ر تێڕوانین و دیدگای ئۆجه‌لان و بزووتنه‌وه‌كه‌ی  له‌سه‌ر ژنان. له‌لایه‌ك وادێته‌ به‌رچاو كه‌ ژنانێك كه‌ له‌ ده‌ست سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ هه‌ڵدێن ڕوو له‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ ئه‌كه‌ن و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ وه‌ك ئێوه‌ش له‌ كتێبه‌كه‌دا ئاماژه‌تان پێداوه‌ ژنان ئه‌به‌سترێنه‌وه‌ و ئه‌كرێن به‌ ڕاهیبه‌یه‌كی خۆ ته‌جمیدكه‌ر و خۆته‌رخانكه‌ر بۆ ڕزگاری نیشتمان. ئێوه له‌سه‌ر ئه‌م دژبه‌یه‌كییه‌ ئه‌ڵێن چی؟

ئاسۆکمال:‌

لەباری مێژوییەوە ئۆجەلان و پەکەکە لە هەناوی چەپی تورکیاوە هاتونەتە دەرەوە، وە تا دەوارنێک کاریگەری ئەم چەپەی تورکیایان بەسەرەوە بوە، کە چەپێکی مۆدێرنە و لە مەسەلەی ژناندا پێشکەوتنخوازە.  ئەم مێژووەی پەکەکە کاریگەری هەبووە لەسەر دەور و نەخش و ئاستی بەشداری ژنان لەپەکەکەدا. ئۆجەلان باس لەوە دەکا کە ماوەیەک پەیوەندی دەرەوەی خێزان، واتە ئازادی پەیوەندی سێکس و عەشق لەناو پەکەکەدا هەبوە و ژن و پیاو وەک بۆی فرێند و گێل فرێند پێکەوە بون. بە بڕوای ئەو ئەم ئازادیەی ژن “بەڵا” بووە بۆسەر پەکەکە، وە ئەمە لەگەڵ “فەرهەنگی چەکدارانی” پەکەکەدا نەگونجاوە. هەربۆیە ئۆجەلان بوەتە تیۆریسیۆن و پاساودەری و قەدەغەکردنی سێکس و عەشق، وە بە قوربانی کردنی ئازادی و مافەکانی ژنان، ئەمە لەجیاتی هەوڵی گۆڕینی فەرهەنگی دواکەوتوانەی نێو ڕیزەکانی پەکەکە. ئەمە بنەمای داهێنانی”ژنۆلۆژی”یە کە سیاسەتی خەساندنی ژنانی نێو پەکەکەیە، وە کردنیانە بە ڕاهیبەی ڕزگاری نیشتمان.

پەکەکە بزوتنەوەیەکی ناسیونالیستی جەماوەریە کە دژی سیاسەتی شۆڤێنیستی تورکیا بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان، وە دەیەوێ لەهەموو هێز و تواناکانی جەماوەری کوردستانی تورکیا سود وەردەگرێ، وە ژنانیش لەم خەباتەدا کە بەشداریەکی بەرفراوانیان هەیە. بەڵام وەک ئۆجەلان دەڵی ئەم بەشداریە بەرفراوانە “بەڵا”ی ئازادی ژنیشیان لەگەڵ خۆیان هێناوە. “ژنۆلۆژی” هەوڵێکە بۆ نەهێشتنی ئەم بەڵایە.

لێرەدا ناکۆکیەکە دەست پێ دەکا، ناکۆکی نێوان ئازادی ژن و بەشداری ژن لە پەکەکەدا. پەکەکە نایەوێ ئەم هێزە کۆمەڵایەتیەی ژنان لەدەست بدا و دەشیەوێ ڕێگریش لەوە بکا کە لەناو پەکەکەدا ژن ئازاد بێت. “ژنۆلۆژی” ئامڕازێکی دەستی پەکەکەیه‌ بۆ گەیشتن بە ئامانجی پەکەکە نەک بە ئامانجی ماف و ئازادیەکانی ژن، بەم پێێەش ئازادیەکانی ژن بکرێتە قوربانی ئامانجی ڕزگاری نیشتمانی پەکەکە. ئەمەش واتای گەیشتنی پەکەکە بە دەسەڵات و کردنی ژن بە سەربازێکی بێ هەست و سۆزی شەخسیە.  لێرەوە بەدوای پیرۆزکردنی مۆدێلی ژنی ڕاهیبەی کەنیسەکانەوەیە تا ژنانی ناو پەکەکە لە شەرمی سێکس و عەشق پاک بکاتەوە، وە بیانکاتە “فریشتە و پاکیزەیەک”، کە لەم دنیایەدا بەشوێن ژیان و ئازادی شەخسی خۆیانەوە نەبن و تەسلیمی ئەو چارەنوسە بن کە تاکە کەسێک بۆیان دیاری دەکەن.

ئۆجەلان هەروەها باس لە کایگەری نەرێنیە دەرونیەی ئەم “ژنۆلۆژی” دەکا لەسەرجەنگاوەرە ژن و پیاوەکان ، کە چۆن “وەک شێتیان” لێ هاتووە کاتێ یەکتر دەبینن و نمونەکانی لە کتێبی “ژنۆفۆبیا”دا بە دورودرێژی باسکراوە.

لەمەش خراپتر ئێستا پەکەکە دەیەوێ “ژنۆلۆژی” بکاتە پرۆگرامی خوێندنی کچانی لاو، وە هەموو کۆمەڵگە  تووشی هەمان باری دەرونی داخراو و ملکەچ بکا تا ببنە سەربازێکی گوێڕایەڵ.

بەڵام لە کۆمەڵگەدا پەکەکە ناتوانێ ئەم قاڵبەی ڕاهیبەکردنی ژنان بسەپێنێ ، هەربۆیە ناچارە خۆی بگونجێنێ لەگەڵ ئاستی گەشەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی تورکیادا، وە لەگەڵ سەنگ و قورسایی بەشداری ژنان لە خەباتی سیاسی و جەماوەریدا.  ئەم ناکۆکیە بە ئاشکرا لە بەرنامەی هەڵبژاردنی هەدەپەدا دەرکەوت، کاتێک سەبارەت بە ئازادی هۆمۆسێکشوالیەتی  بەپێچەوانەی سوکایەتیەکانی “ژنۆلۆژی” بەم دیاردەیە قسەیان کردوە. ئەمە یەکێک لە ناکۆکیەکانی نێوان قەندیلە لەگەڵ دیاربەکر و ئەستەنبول و کۆبانیدا.

دیدگای سۆشیالیستی:

زۆر باشه‌، مادام باس هاته‌ سه‌ر ئازادی، با بێینه‌ سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی تری تێزه‌كانی ئۆجه‌لان له‌ ژنۆلۆژیدا كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئازادی جنسه‌. ئه‌م له‌م په‌یوه‌نده‌وه‌ ژن وه‌ك به‌ڵایه‌ك به‌سه‌ر خۆی و بزووتنه‌وه‌كه‌یدا له‌ قه‌ڵه‌م ئه‌دات. ئه‌مه‌ش ئه‌توانێ پاشخانێكی فیكری و تیۆری بێ بۆ سزادانی ژنانێك كه‌ له‌و بنه‌مایه‌ ده‌رئه‌چن و نمونه‌ی ئه‌مه‌ش له‌ ڕیزه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌ی ئۆجه‌لاندا هه‌یه‌. پێتان وا نییه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ ڕێخۆشكه‌ره‌ بۆ شه‌ره‌فپارێزی و كوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف، فه‌رهه‌نگ و پاشخانێك كه‌ له‌ كوردستانی عێراقدا ده‌یان هه‌زار ژنی كردۆته‌ قوربانی؟

ئاسۆکه‌مال:

کۆنترۆڵی ماف و ئازادی سێسکسی ژن دەبێ بە توندوتیژی بسەپێنرێ. لە ئۆردوگای پەکەکەدا ئۆجەلان ئەو ژنانەی باس لە ئازادی شەخسی دەکەن بە سوک و بێ شەرم و خیانەتکار لەقەڵەم دەدا ، وە لە ڕێگەی توندوتیژی و ئیرهابەوە سزایان دەدا ،جا چ بە دروستکردنی دۆخێکی دەرونی نالەبار بێ یان بڕیاری سەربازی دژی “خیانەتکاران” بێ. گواستنەوەی ئەم فەرهەنگە بۆ نێو کۆمەڵگە و خوێندنی لە قوتابخانەکاندا بەمانای کۆمەڵایەتی کردنەوەی کۆنترۆڵی سێکسی ژنانە و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ڕاهیبە پاکیزەکانە. لەکاتێکدا ئەم دیاردەیە مەسیحیەتیش نەتیوانیوە بیکاتە نۆرمی کۆمەڵگە سەرەڕای هەژمونی هەزاران ساڵە، ئەوا بۆ پەکەکەش ناکرێتە نۆرمی کۆمەڵگەی کوردستان. چونکە دژی هەموو پێشکەوتنێکی کۆمەڵایەتی و گەشەی وشیاری ژنانە لە کۆمەڵگەی مۆدێرنی سەرمایەداری کوردستاندا. با لێرەدا نمونەیەکی مێژوویی باس بکەم  کە زۆر لەم “ژنۆلۆژی”یەی ئۆجەلان دەچێ. له سالی ۲۷۰ ه وه واته ١٧٤٨ لەمەوپێش قه شه فالانتاین سه لماندی ئیمپراتوری رومانی به قه‌ده‌غه‌ کردنی زه‌واجی سه‌ربازه‌کانی نه‌یتوانی خۆشه‌ویستی قه‌ده‌غه‌ بکا . هەرچەند ئیمپراتۆر ڤالانتاینی کوشت و بڕیاری قەدەغەی زەواجی سەربازەکانی لە پێناو”ڕزگاری نیشتمان”دا درێژەپێدا، به‌ڵام له مێژودا ئیتر ناوى ڤالانتاین له جێگای ناوی خۆشه‌ویستی به کارده‌هێنن و پەیامی ڤالانتاین بەرامبەر بە بڕیاری دژی ئازادی ئیمپراتۆر سەرکەوت. ئه مه کارێکی میژوییه که که‌سێک له پیناو خوشه‌ویستی که‌سانی تردا و بۆ زیندوو راگرتنی خۆشه‌ه‌یستی گیانی خوۆی به ختکرد. بەڵام سەیر لەوەدایە ئێستا هەمان مێژووی ئەو ئیمپراتۆرە لەسەر دەستی ئۆجەلان لەژێرناوی “ژنۆلۆژی، زانستی ژنناسی” دوبارەدەبێتەوە و ئەمجارە بە قەدەغەکردنی سێکس لە ژنانی گەریلا و لە ژێرناوی “گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری کوردستان”دا.

ئەم ئایدیۆلۆژی کۆنترۆڵکردنەی سێکسی ژنان خۆی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا باڵادەستە بەبێ ئەوەی کەس کتێبی “ژنۆلۆژی” ئۆجەلانی خوێندبێتەوە،  بڵاوبونەوەی ئەم “ژنۆلۆژی”یە تەنیا ئەم قوڕە خەستتر دەکاتەوە کە بۆ ژنان لە کۆمەڵگەدا گیراوەتەوە. سواغکردن و جوانکردنی کۆنترۆڵی سێکسی ژنان لە ژێر ناوی ژنناسی ئۆجەلاندا جگە لە درێژەدانی ئەم فەرهەنگە دینی و خێڵەکیەی ناو کۆمەڵگەی کوردستان نەبێ هیچی تر نییە. هەربۆیە پیاوانی پیاوسالاری کوردستان زۆریان پێ خۆشە هەموو ژنانی کوردستان وەک گەریلا بن کە هیچ ئازادیەکی سێکسیان نەبێ و تەنیا سەربازێکی شەڕ لە پێناو کوردستاندا بن. ئەم “ژنۆلۆژی”یە مێنتالێتی پیاوسالاری لە بواری ماف و ئازادیە شەخسیەکانی ژناندا تیۆریزە دەکا و بەئاشکرا بانگەشەی دابونەریتی خێڵەکی دەکا، کە ژن تیایدا لە کارکردن و جەنگاوەری و بەرپرسیارێتی دایکایەتی ئازادە، بەڵام مەسەلەی  سێکسی و عەشق و خۆشەویستیدا لێ قەدەغەکراوە. لە ناو خێزانی کوردستاندا ئەم ئایدیۆلۆژیە ئیسلامی و خێڵەکیە لەو پەڕی بەهێزی خۆیدایە و ئەمە پاساوی کۆمەڵایەتی و دەروونی نێو کۆمەڵگەیە بۆ کوشتنی ئەو هەزاران ژنەی لەم قاڵب و سنورە لایان داوە. ئیعجابی ئۆجەلان بە زەواجەکانی محمد و ڕاهیبەی کریستیانی، ئەم هاوبەشیە فکری و ئیدیۆلۆژیەی نێوان ناسیونالیزمی کورد و دین و بەتایبەت ئیسلام لەمەسەلەی ژندا نیشان دەدا.

دیدگای سۆشیالیستی:

پێمان باشه‌ لایه‌نێكی تری ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ بگرین. خۆڕاگری و وه‌ستانه‌وه‌ و قاره‌مانێتی ژنانی كۆبانی و دواتریش عه‌فرین له‌ ڕیزه‌كانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌دا دژ به‌ ڕه‌شترین هێزی ئیسلامی، ئازادی و ئازایه‌تیه‌كی بێوێنه‌ی بۆ ژنان تۆماكرد. ئه‌و قاره‌مانێتی و جێگاوڕێگایه‌ی ژنان له‌گه‌ڵ ئه‌و تێڕوانینه‌ی باستان كرد ناكۆكن. به‌ واتایه‌كی تر ژنان دژ به‌ كۆنه‌په‌رستی ئیسلامی و ئه‌و یاساوڕێسا كۆیله‌تی هێنه‌رانه‌ و به‌ كه‌نیزه‌ك كردنی ژنان وه‌ستانه‌وه‌ و له‌ملاشه‌وه‌ تێزه‌كانی ئۆجه‌لان به‌ هه‌مان ستانداردی ئاینی و كۆنه‌په‌رست و دژی ئازادیه‌وه‌ ئه‌یانبه‌ستێته‌وه‌. ئێوه‌ ئه‌م ناكۆكیه‌ چۆن لێكئه‌ده‌نه‌وه‌؟

ئاسۆکه‌مال:

ئەم ناکۆکیە ڕەنگدانەوەی هەمان ناکۆکی نێوان بیر و تێزەکانی ئۆجەلانە لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستاندا. بیر و تێزەکانی ئۆجەلان  سەبارەت بە ژن و ئازادی و سێکس بۆ کۆمەڵگەیەکی داخراوی دینی و خێڵەکی دەشێ، بەڵام کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی شارنشینی و مۆدێرنە. ئەم چوارچێوە فکریەی ئۆجەلان کە پێی وایە کۆمەڵگەی کوردستان دەبێ لە چوارچێوەی سیستەمی خێڵەکی و بەهاکانیدا ڕێک بخرێتەوە، وە ژنان بکرێنە ڕاهیبەی دێرە دورخراوەکان، کۆنەپارێزانە و گێڕانەوە  دواوەی شارستانێتی و مۆدێرنیزمە.

بەڵام واقعیەتی سیاسی شەڕی دژی داعش زیاتر گرنگی دەوری ژنی لە پەیەدەدا لە ئاستێکی بەرفراوان و جیهانیدا هێناوەتە سەرشانۆ. هێزی دنیای ئازادیخواز دژ بەو وەحشیگەریەی داعش هاتە پشتی هێزی ژن و پیاوی کۆبانی. نەک هەر ژنانی کوردستانی تورکیا بەڵکو ژنانی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازی زۆر وڵاتی تریشی هاندا بچن و لەشەڕی دژی داعشدا شانبەشانی پەیەدە و یەپەژە شەڕبکەن. هەرچۆن زۆرێک لە ئازادیخوازان لەشەڕی دژی فرانکۆی دیکتاتۆری ئیسپانی هاوشانی چەپ و کۆمۆنیستەکانی ئیسپانیا خەباتیانکرد. هەربۆیە لەم واقیعیەتە سیاسیەی شەڕ دژی داعش پەیەدە ناچار دەکا کە پشت لە ڕێنوێنیەکانی “ژنۆلۆژی” بکا لە بە پیرۆزکردنی زەواجی چەند ژنەی ئیسلام و وەک بەشێک لەو شەڕە سیاسی و سەربازیە دژی داعش پەیەدە شەریعەتی ئیسلامی لە مارەیی و میرات و زەواجدا لابرد و یاسای زەواجی مەدەنی دانا. ئەمە پێچەوانەی “ژنۆلۆژی” و بیروڕاکانی ئۆجەلانە کە فرەژنی محمد و زەواجی لەگەڵ عایشەی مناڵی ٩ ساڵان پیرۆزکردوە. موعجیب بوونی ئۆجەلان بە ئیسلام و مەسیحیەت و دین کە سێکسیان بەچاوی نەفرەتەوە سەیرکردوە و ڕاهیبە بوەتە سیمبولی ژن لای نیشانی دەدا کە ئەم سەرکردە سیاسیە لە پێناو مەرامی سیاسی و سەلماندنی “ژنۆلۆژی”یەکەیدا خەریکی ساتوسەدا و سود وەرگرتنە لە دین وەک ئامڕازێکی کۆنترۆڵی سێکسی ژن و کردنی بە فەلسەفەی بیرکردنەوە سەبارەت بە سێکسی ژن کاتێک دەڵێ“هەڵوێستی بەگومانی زۆربەی ئاینەکان بەرامبەر بەو پەیوەندیە (سێکسیە) مانادارە، پەیوەندی بەڕێخۆشکردن بۆ کەوتن، چەپەڵی و دەرکەوتن لە حەقیقەتەوە هەیە“.

هەربۆیە ئەگەر چی ژنان لای ئۆجەلان و پەکەکە بونەتە جەنگاوەرێک دژی داعش، بەڵام ئەم خەباتە لە پێناو ئازادی ژندا نیە بەڵکو ژن وەک پیاو جەنگاوەرێکە کە لە پێناو ڕزگاری نەتەوە تێدەکۆشێ . ژن لێرەدا ئەم شەڕە لە پێناو ئازادی و مافەکانی خۆی ناکا و بەڵکو وەک جەنگاوەر قبوڵ بکرێ دەبێ سەرەتا ئەوە ئیمزابکا کە ئازادی و مافە شەخسیەکانی خۆی تەسلیم بە ئۆجەلان و پەکەکە بکا.

ژن لەم بزوتنەوەیەدا ئامڕازێکە نەک لە پێناو ئازادیەکانی خۆیدا بەڵکو لە پێناو ئازادی “نەتەوە”یەکدا، کە ئەوی کردۆتە فریشتەیەکی بێ هەست و سۆز تاکو “نەتەوە” بە ئامانج بگا. جەنگاوەری و خەباتی ژنان بە پێچەوانەی بەرژەوەندی خۆیانەوە کاردەکا. لێرەدا ئامانجی بزوتنەوەکە و ڕزگاری نەتەوە بریتی نییە لە ئازادی تاکی ژن بەڵکو بەرژەوەندی گشتی. ئەمە ئەو ناکۆکیەیە کە بەشداری ژن لەشەڕی دژی داعشدا ناکاتە ئەوەی کە لەدەست دابونەریت و کۆنترۆڵی کەسانی تر ڕزگاری بێ و بەڵکو کۆنترۆڵی ژیان و مافەکانی ژن لە دین و داعشەوە دەگۆڕێ بە کۆنترۆڵ لەلایەن ئۆجەلان و پەکەکەوە. ژنان تەنیا لەبەرئەوەی بەشداری شەڕ دژی کۆنەپەرستی دەکەن  بەمانای ئەوە نییە کە ئامانجی ئەم شەڕە بەدەستهێنانی مافەکانیان بێت. هەرچۆن بەشداری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە شەڕی جیهانی دژی نازی و فاشیەکاندا بەمانای بەدەستهێنانی مافی ئەوان نەبوو یا خود بەشداریان لە شەڕی یەکێتی و پارتی دژی بەعسدا ئەنجامەکەی بەدەسەڵات گەیشتنی دوو حزب بوو لە کوردستاندا کە چارەکە سەدەیەکە ژن دەکوژن.

دوای نەمانی داعش دەبێ ژنان لە نێو پەکەکە و لە ڕۆژئاوادا ئەو پرسیارە بکەن کە جێگای ماف و ئازادیەکانی ئەوان لە بەرهەمی ئەو بەشداریە چی بووە؟ ئەگەر لە “ژنۆلۆژی” ئۆجەلان بپرسین دەڵێ ” کاتێک ژن”دەڵێ ئارەزوم لە پەیوەندی بەستنە! ئاشکرایە کە ئەمە هەڵوێستێکی بێ شەرمانەیە”. چونکە دەبێتە مایەی سەرنەکەوتن لە ئەرکە شۆڕشگێڕییەکاندا! دیاریش نییە دوای چەند دەیەی تر پەکەکە بەم ڕزگاربونە نەتەوەیە دیموکراتەی دەگا.

بەکورتی کێشەی ئۆجەلان و بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد لەگەڵ خودی چەمکی سێکسی ژن دایە و هیچ بەشداریەکی ژنان لە خەباتی دژی داعش و گۆڕینی بەشێک لە یاساکانی شەریعەتی ئیسلامی لەسەر زەواج ناکاتە ئەوەی پەکەکە ئەم “ژنۆلۆژی”یەی ئۆجەلان و ئەم بیرکردنەوە داوکەوتوە دینی و خێڵەکیانەی خستۆتەلاوە. هەروەک وتم بەرژەوەندی سیاسی ئەم جۆرە کارانەی بەسەر پەکەکەدا فەرزکردوە کە هەر کات داعش نەما پەکەکە ئامادەیە هەمان تێزەکانی ژنۆلۆژی کە سێکس و ئازادی ژن قەدەغە دەکا بەناوی پاراستنی پیرۆزیە دینیەکانەوە بێنێتەوە پێشەوە. ئەم بزوتنەوە پۆپۆلیستیە هیچ کات بنەما و مەبدەئێکی ڕاوەستاوی نیە سەبارەت بە ماف و ئازادیەکانی ژنان و ئازادی سیاسی و ئازادیە گشتیەکان و بە پێی گۆڕانی هەلومەرج و هاوپەیمانەکانی ئامادەیە هەموو شتێک بگۆڕێت.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *