پارتی ویەکێتی ناتوانن ئارامی و بنیاتنان بەدی بهێنن

عبدالرحمن رسول
۲۷ساڵە لەلایەن حیزبەکانی دەسەڵاتدار کەخۆیان خاوەن حکومەت و پەرلەمانن لە باشووری کوردستان بانگەشە بۆ هەبوونی ئارامی و ئاشتی و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە باشووری کوردستان گوزەر دەکات بەناو نائارامی و نا ئازادی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
بە بەردەوامی هەواڵی هاتنی هێز و سوپای داگیرکەری دەوڵەتی فاشیزمی ئیسلامیی ئێران و تورکیا و عێراق دەبن بۆناو خاکی باشووری کوردستان تۆپ باران و بۆمبارانی شاخ و دۆڵ و دێهات و شارەکانی باشووری کوردستان دەکەن. چەندین ساڵە سوپای دەوڵەتی تورکیا و سوپای پاسداری ئێرانی لەناو بەشێک لە خاکی باشووری کوردستاندا جێگیر کراون، هەرکات ویستوویانە بەبێ هیچ ڕێگرێک هێرشیان کردۆتە سەر نەیار و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانیان لە ناو باشووری کودستاندا.
هەر لەژێر کاریگەری سیاسەتی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەدا چەندین ساڵ شەڕی ناوخۆیان لەگەڵ یەکتری ساز کرد و خەڵکیان کردە قوربانی و ئاوارە، چەندین کەسیان لە کادیر و ئەندامی یەکتریان و زیندانی و بێ سەروشوێن کرد، کە هەتا ئێستاش چارەنووسی بەشێکی زۆریان نادیارە، چەندین جار کەسوکاری حیزبەکان چوونە بەردەم پەرلەمان و حکومەت بۆ زانینی چارەنووسی بێ سەروشوێن کراوان، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتۆتەوە .
هێز و سوپایی پاسدارییان چەندین جار هێنایە سەر حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵی ١٩٩٦ سوپای پاسداران تۆپبارانی کەمپەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کۆیە کرد، سوپای پاسداران هەتا قوڵایی باشووری کوردستان هات. هەروەها سوپایی دەوڵەتی عێراق هەتا قوڵایی باشووری کوردستان هات لە ۳۱ی ئابی١٩٩٦ کە لە شاری هەولێر خەڵکێکی بوونە قوربان و برینداربوون و کەم ئەندام بوون .
فتوای تیرۆرکردنی هەڵسوڕاوان و کادیرانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لەلایەن مەلابەشیر و هاوفکرەکانی دواتر بووە هۆی تیرۆرکردنی دوو لەڕابەرانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئەوانیش (شاپوور عبدالقادر و قابیل عادل ) بوو لە ساڵی ۱۹۹۸، پاش بیست ساڵ لە تیرۆرکردنی هاوڕێیان شاپوور و قابیل فتوادەرو تاوان بارەکەیان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەکرێتە ئەندام پەرلەمان و دواتر پۆستی جێگیری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی پێ دەدرێت .
چەندین جار بەفڕۆکە لەلایەن سوپای دەوڵەتی ئیسلامی تورکیاوە هێرشکراوەتە سەر چەندین ناوچەی باشووری کوردستان کە لە ئەنجامدا کۆمەڵکوژی ئەنجامدراوە کە زۆرینەیان ژن ومنداڵ و هاوڵاتی سیڤل بوونە قوربانی و کەم ئەندام کران.
بەردەوام ئەم حیزبانە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا بەڵێنی دابینکردن ماف و ئازادی و باشترکردنی خزمەتگوزاری یان بەخەڵکداوە، بەڵام خەڵک لەدوایی هەڵبژاردنەکان کەمترین خزمەتگوزاری نەبینی و کارەبا و ئاوی پاکی بۆ خەڵکی دابین نەکرا، ساڵ لەدوایی ساڵ کەرتی گشتی و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی زیاتر وێرانیان کرد و دزی و گەندەڵی هەر گەشەی کرد، تیرۆرکردنی هەڵسوڕاوانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان درێژەی هەیە، هەموو ساڵێک چەند کەسێک تێرۆر کراون.
بە بەردەوامی هەڵسوڕاوانی سیاسی ئازادیخوازانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تیرۆر دەکرێت لە باشووری کوردستان، بەهۆی هەبوونی چەندین دەزگایی ئیتڵاعات و میت و جاسوسی بە ئاسانی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ئێران و تورکیا لە تیرۆرکردنی نەیاران و ئۆپۆزیسیۆنانیان سەرکەوتوو دەبن.
لە ۸ی ئەیلولی ۲۰۱۸ سوپایی پاسدارانی تیرۆرستی فاشیزمی ئیسلامی ئێران بە سارۆخ و بۆمب و فرۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردە سەر کەمپی نیشتەجێبوونی هەر دوو حیزبی دیموکراتی کوردستان ئێران لە شاری کۆیە، زۆر بەداخەوە کە لەئەنجامدا ۱۷ کەس بوونە قوربانی زیاتر لە ٤۰ کەسیش برینداربوون.
هەر لە ناوەڕاستی ئەیلولی ۲۰۱۸ بەشەو لەلایەن چەند چەکدارێکەوە تەقە لە بارەگایەکی کۆمەڵە لە شاری سلێمانی کرا. هەروەها چەندەها کەس لە کادیر وهەڵسوڕاوانی ئازادیخواز و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەناو شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان لەژێر سایەی دەسەڵات و حکومەتی حیزبەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان تیرۆرکران و هیچ کەسیش لە تیرۆرستان و بکوژانیان دادگایی و سزا نەدران .
لە ۲۲/۹/۲۰۱۸ هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی شەش کەس لە هەڵسوڕاوان و کادیرانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان زیندانی دەکەن تەنها لەبەرئەوەی بانگەشە بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنی باشووری کوردستان دەکەن، سەرکوت و ئیستبداد بەجۆرێکە تەواوی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە.
ئەوەتا لە ۲۳/۹/۲۰۱۸ زیاتر لە ٥٠ کەس هێرش دەکەنە سەر بارەگای تەڤگەری ئازادی کوردستان لە شاری سلێمانی، زیانی زۆر بە بینا وکەلوپەلی ناو بارەگاکە دەگەیەنن و بارەگاکە دەسووتێنن، هێزەکانی ئاسایش بینەری ئەم هێرشە دەبن بەبێ ئەوەی کەس دەستگیر بکەن .
چەندین جار بارەگای حیزبەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ و ئیسلامیییەکان لە ژێر دەسەڵاتی پارتی هێرشی کراوەتە سەر و سوتێندراوە و کادیران و ئەندامانیان زیندانی کراون و ئازاردراون .
چەند ڕوو قایم و بێ شەرمن ئەم حیزبانەی پارتی و یەکێتی کەچی لەدوایی ئەم هەموو ڕووداو و کارە تیرۆریستییانە باس و بەڵێنی دابینکردنی ئارامی و بنیادنان و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و خزمەتگوزاری بۆ خەڵک دەکەن، باسی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکەن کەچی لەئێستا هەریەکەیان شەڕیانە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار و پۆست و پلەی حکومی لەناو دەوڵەتی عێراقی ئیسلامیدا. کەواتە ئەمانە بۆ بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی حیزبایەتی دەکەن و دەچنە پەرلەمان نەک بۆ دابینکردنی ماف و ئازادی و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵک .
پێویستە خەڵکی باشووری کوردستان چیتر فریونەخۆن بە بەڵێن و بانگەشە درۆینەکانی ئەو حیزبانە چیتر خۆیان ڕاپێچی چەوسانەوە و نابەرابەری و کێشە و قەیرانی زیاتر نەکەن و بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنەی باشووری کوردستان بکەن، بەیەک دەنگ و خەباتی هاوبەش دەسەڵات وسیستەمی چەوسێنەر و نابەرابەر و سەرکوتگەر و دز و گەندەڵ ڕیسوا و شەرمەزاربکەن بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، لەبەرئەوەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردن ڕێگایەکی ترە بۆ بەهیزکردنی تێکۆشان و خەباتی هاوبەشی یەکگرتووانەی خەڵکی کوردستانە بۆ بەدیهێنانی ماف و ئازادییەکان. هەنگاوێکە بۆ بەرەوپێشچوونی تێکۆشانی خودی خەڵکی ناڕازییە بۆ ئەوەی بتوانن لە تێکۆشانی داهاتوویاندا خۆیان ڕاستەوخۆ بەشداربن لە دەسەڵات و ئیدارەدانی کۆمەڵگە ئەویش لە ڕێگای حکومەتی شووراییدا، لە ژێر سیستەمێکی سۆشیالیستیدا کە ماف و ئازادییەکان بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی دابین بکات…

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …