پشتیوانی لە ناڕەزایەتی و خواستەکانی کرێکارانی (هەفت تەپە) لە ئێران، دەکەین!

کرێکارانی کۆمەڵگای پیشەسازی (هەفت تەپە) لەناوچەی ئەهوازی باشووری ئێران ماوەی (١٤) رۆژە دژی دواخستنی هەقدەستەکانیان دەستیان داوەتە مانگرتن و ماوەی (٦) رۆژیشە بەردەوام کرێکارانی مانگرتوو لەبەردەم قایمقامیەتی (شووش) بۆ فشاردروستکردن لەسەر ئیدارەی شارۆچکەکە کۆدەبنەوە.

رۆژانە کرێکارەکان دەچنە سەرکارەکانیان و دوای تۆمارکردنی ئامادەبوونیان لە کارگە دەچنە بەردەم بینای قایمقامیەتی شارۆچکەکە. ئەمڕۆ بڕیار بوو خەڵکی شارۆچکەکە وەکو پشتیوانی بۆ مانگرتن و خواستەکانی کرێکارە مانگرتوەکان، هاوشانی کرێکارەکان لەبەردەم قایمقامیەت کۆببنەوە. بەڵام لەدوێنێ شەوەوە رژێمی بۆرژوا- ئیسلامیی ئێران، سەدان پۆلیسی دژە شۆرشی رەوانەی شارۆچکەکە کردوەو بەیانی ئەمڕۆ چواردەوری کۆمپانیا دەگرن تا رێگە نەدەن بەو کرێکارانەی کە رۆژانە لە کارخانەوە دەچن بۆ بەردەم قایمقامیەت. دوو کەس لە ڕابەرانی کرێکارەکان بەناوەکانی (ئیسماعیل بەخشی و موحسین ئارمەند) لەگەڵ رۆژنامەنوسێك کە بۆ رووماڵی ناڕەزایەتی کرێکاران لەوێ ئامادە بوو، دەستگیردەکەن. بەوجۆرە رژێمی ئیسلامی ئێران، لەرێگای توندوتیژی و ترساندنەوە دەیەوێ کرێکارانی ناڕازی و خەڵکی ناوچەکە بێدەنگ و سەرکوت بکات.

بەپێی دواین هەواڵ، رژێمی ئیسلامی چەند رابەڕ و هەڵسوڕاوی کرێکاری دیکەی دەستگیرکردوە، بەڵام ئەم ترس و تۆقاندنە نەك کرێکارانی پاشەکشە پێ نەکردوە، بەڵکو شەپۆلی ناڕەزایەتی و پشتیوانی لە کرێکارانی مانگرتووی (هەفت تەپە) بەرینتر بۆتەوە. کرێکارانی کارخانەی (فولاز) ی ئەهواز، کە خۆشیان ماوەیەکە لەحاڵەتی ناڕەزایەتیدان، پشتیوانی خۆیان بۆ کرێکارانی (هەفت تەپە) راگەیاندوەو چەندین رێکخراو و سەندیکای کرێکاری دیکە پەیوەست بوون بە بەرەی پشتیوانی لە کرێکارانی (هەفت تەپە)وە. شایانی ووتنە کە بێجگە لە کرێکاران، خوێندکاران و مامۆستایان و جەماوەری شارۆچکەکە پشتیوانی بێدرێغ لە خواست و لە ناڕەیەتی کرێکاران دەکەن و بەکردەوە بەشداری ناڕەزایەتیەکان دەکەن.

کرێکارانی (هەفت تەپە) سەندیکای خۆیان هەیە، بەڵام ماوەیەکە رابەرانی کرێکاری و بەتایبەتی (ئیسماعلی بەخشی) کە قسەکەری خۆپیشاندانەکانە، باسی کۆبونەوەی گشتی و دروستکردنی شوورای کرێکارانی (هەفت تەپە) دەکەن. کرێکارانی (هەفت تەپە) خاوەنی مێژوویەکی تاڕادەیەك درێژن لە خەبات لەپێناو خواست و داواکاریەکانیان و دژ بە بێمافکردن و زەوتکردنی مافەکانیان لەلایەن خاوەنکارو دەوڵەتەوە. رژێمی ئیسلامی ترسی لە بەرینبوونەوە و رادیکاڵبوونەوەی نارەزایەتیەکان و کرێکاران هەیە بۆیە بەهەموو شێوەیەك دەستی بۆ سەرکوت و تۆقاندن بردوە.

ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، وێڕای پشتیوانی خۆمان لە خواستەکانی کرێکارانی (هەفت تەپە) و لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانیان، بەتووندی دەستگیرکردنی ڕابەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری (هەفت تەپە) سەرکۆنە دەکەین و دەبێ رژێمی بۆرژوا-ئیسلامی ئێران دەستبەجێ ئازادیان بکات و پۆلیسی دژەشۆڕش و هەرجۆرە هێزێکی سەرکوت و داپڵۆسین لەدەوروبەری ناڕەزایەتی کرێکاران وشوێنی کارەکانیان دووربخاتەوە. سەرکەوتنی کرێکارانی (هەفت تەپە) بەندە بە پشتیوانی کرێکارانی ناوچە پیشەسازی و شاروشارۆچکەکانی دیکەو سەرجەم خەڵکی ناڕازی و ئازادیخوازی ئێرانەوە. ئەو هاوپشتیەی کرێکارانی کارخانەی (فولاز) ی ئەهوازو چەند ناوەند و سەندیکایەکی تر، نمونەیەکی ئومێدبەخشە دەبێ لە هەموو شوێنەکان دووبارە بێتەوە. ئێمە چاومان لەسەرکەوتنی ئێوەیە.

سەرکەوێ ناڕەزایەتی کرێکارانی (هەفت تەپە)!

 بژی هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاری!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٨ ی ١١ی ٢٠١٨

Check Also

گیان له‌ ده‌ستدانی حسێن مورادبیگی (حه‌مه‌ سوور) خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌یه‌

به‌ داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ هه‌واڵی گیان له‌ده‌ستدانی هاوڕێ حسێن مورادبیگی (ناسراو به‌ حه‌مه‌ سوور)مان بیست، كه‌ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *