دیمانە لەگەڵ خەندان جەزا هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی ژنان و نووسەری کتێبی “ ئۆقیانووسێک لە تاوان“…

بۆپێشەوە: توندوتیژی دژ بە ژنان، دیاردەیەکی شەرماوەری کۆمەڵگەی ئینسانییە، هۆکاری سەرەکی توندوتیژی دژ بەژنان چییە؟

خەندان جەزا: توندوتیژی دیاردەیەکی سەرتاسەرییەو لەهەموو کۆمەڵگەکاندا بوونی هەبوەو بەردەوامە، بەڵام جیاوازییەکەی لە چۆنێتی وە چەندێتیدایە، بۆنمونە لەکۆمەڵگە پێشکەوتوەکاندا دەکرێ بلێێن ڕیژەکە کەمترەو ساڵانە بەسەدان دامودەزگای حکومی و ناحکومی کار لەپێناو کەمکردنەوەیدا دەکەن. هۆکاری توندوتیژی بەپلەی یەکەم  دەگەرێتەوە بۆ فەرهەنگ و یاساو ریساکانی کۆمەلگە بەگشتی. دووهەم دەگەریتەوە بۆ ئاستی هوشیاری تاک وە بەرپەرچی یاخود کاردانەوەی بەرخوردی تاک .

لەوکۆمەلگەیانەی فەرهەنگی سمێل سالار تییدا باڵادەستە بێگومان توندوتیژی ریژەکەی بەرزترەو بەتەنها تاکێک بەرپرس نییە لەو توندوتیژییە، بەڵکو تاک ئەنجامدەریەتی لەروی جێبەجێکردنییەوە. دەنا لەزۆربەی کوشتنەکاندا خیل، گەرەک، قوتابخانە،…..هتد بەشدارن.

بۆپێشەوە: بەدەیان رێکخراوە و چەندین سەنتەری داڵدەدانی ژنان لە کوردستان هەیە، کەچی توندوتیژی دژ بە ژنان، هەر لە زیادبووندایە، هۆکاری ئەمە چییە؟

خەندان جەزا: دەکرێ زۆر سادە بڵێین لەولاتیکی وەک ئەڵمان بەنمونە ژمارەی دانیشتوانی نزیک ٩٠ ملیۆنە ئایا هێندەی کوردستان رێکخراوی ژنانی هەیە؟

وڵاێیکی وەک سوید یان نەرویج بەڕێژەی کوردستان ریکخراوی ژنانی هەیە یان رۆژانە سەرقاڵی کۆنفرانس و کۆڕو گردبوونەوەن؟ نەخێر کەچی ریژەی کوشتن یان توندوتیژیەکان هێندەی کوردستان نییە، ئەوەش هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ:

یەکەم  تۆکمەی و جێبەجێکردنی یاسا، دوهەم پەروەردە لەسەرئاستی جەندەری. سێهەم هوشیاری تاک و کۆمەلگە. چوارەم بەرەو پێشچوونی فەرهەنگی کۆمەڵگە.

ئێمەی کورد پێێمان وایە فەرهەنگ بەواتای ڕێژەی نەگۆرو موقەدەسییەت لای ئیمە دەبێ فەرهەنگ پارێزراوبێ،  چونکە بەشێکە لەشووناسی ئیمە کەچی لەکاتیکا زمان بەفەرهەنگ نابینیرێ، چوار کەس نابینی لەکوردستان بەزمانی تەواوی کوردی بدوێ سەدان وشەی فارسی وئنگلیزی و تورکی تێکەڵە.

کەوابێ تاک پارێزگاری لەفەرهەنگیکی خێلەکی سمێڵ سالاری دەکات و لەمینبەری مزگەوتەکان لە دیوەخانەکان لەشەقامەکان لەقوتابخانە عەرشی دەسەڵاتی خۆی دەکات.

بوونی ڕیکخراوی ژنان تا ئیستا نەیتوانیییوە ببێتە فشار، گەرچی زۆریکیان هەوڵی جدیان داوەو دڵسۆزانە کاریان کردوە هۆکارەکەشی دوو جەمسەرە :

یەکێکیان رێکخراوی ژنان بەرامبەر دەسەڵاتێکی سمێڵ سالاری خێڵەكی دەرەقەت نایە، هەمیشە دەسەڵات هێزو تواناو داخوازیییەکانی ژنان دەخاتە نێو یارییەکی نمایشکارانەی بەهەدەردانی کات و خواستیان ئەویش بەڕێگای کۆنفرانس و رێستۆرانت و ئوتێل، بەڵگەش بۆئەمە زیاتر لە ٢٠ ساڵە ژنان هاوار دەکەن یان حەساسترین بابەت دەوروژێنن، بەڵام دەسەڵات ژیرانە خێرا کۆنفرانسیکیان بۆ ڕێک دەخات وە باشترین ئوتیلیان بۆدەگرێ، وە دوو رۆژ سەرقاڵیان دەکات بەباسەکەوە، دەیان بەرپرسی سمێڵ سالار لە مەراسیمەکەدا بەشداردەبن. ڕۆژی یەکەم تەنها ئەوان قسەکەرو نوێنەری پاڵپشتی ژنان دەبن وخۆیان نمایش دەکەن، ڕۆژی دووهەم بەپەلەپروزێ باس لەگرفتەکە دەکرێ لیژنەیەکی بۆ دادەنرێ و بڕۆن بۆریستۆرانت نانێکی باش بخۆن خواتان لەگەڵ.

پرسی ژن دەیان ساڵە لەمە تێنەپەریووە، بەتەحەداوە دەلێم یەک بست هەنگاوی نەناوە، یاسای فرەژنی و جیابونەوەو میرات وشایەتی و دەیانی تر شایەتحاڵی ئەوەن.

جەمسەری دووهەمیان کێن کار بۆپرسی ژن دەکەن؟ ٢٠ ساڵە هەمان دەموچاو، هەمان ئەزموون، هەمان فکرسالاری پیاوانە و پاشکۆی حیزب، کۆیلەی دەسەڵات، کۆیلەی پارە.

 

بۆپێشەوە: ڕێژەی بەشودانی کچانی خوار تەمەنی باڵقبوون، خوار تەمەنی ١٦ و ١٨ ساڵی، لە زیادبووندایە، هۆکاری ئەمە بۆچی دەگێڕنەوە؟

خەندان جەزا: بەشێکی زۆری دەگەرێتەوە بۆ باری ئابوری ئەم چەند ساڵەی خەڵکی کوردستان. بەشێکی تری دەگەرێتەوە بۆ سۆشیال میدیا و جۆری نمایشی پرۆسەی زەواج کە زۆر تەقلیدییە. زۆرکات پرۆسەکە زۆرکردنی تیدا نییە واتا کچ بەخواستی خۆیەتی کە گیرۆدەی سناپچات و ئنستگرام و جۆری ئاهەنگی هاوسەرگیری و سەرگەرمی ئەومۆدیلە لە زەواجە.

تاک رۆشنبیر ناکرێ یان پەروەردە ناکرێ، لەهیچ جێگەیەک نەخیزان نەقوتابخانە نە کۆمەلگە، بەڵکو هەرسێکیان بەرەیەکی یەککگرتوون لەپێناو گەوجاندنی تاک. تاک لەکوردستان بۆتە قەیاخیکی تێکشکاوی سەرشەپۆلە بێ ئامانجەکان و موبایلەکەی دەستی رێ نیشاندەریەتی، کام ژیان هەڵبژێ و دەبێ چی بکات؟

سێهەم رەوتی ئیسلام گەرا کە بەرێگای جۆراوجۆر کار لەسەر جەهەلاتکردنی کۆمەلگە دەکات وە ترسێکی زۆر دەخاتە رۆحی دایک و باوک کە کچەکان پارچەیەک ئاگرن دەبێ تۆ دایمرکێنیتەوە، تۆ بەرپرسی تاحەیا نەبردووی چەترێکی بۆپەیا بکە.

بۆپێشەوە: ئەگەر کوشتنی ژنان لە کوردستان، دەرئەنجامی نەبوونی لێپرسینەوەی یاسایی، یان تیکەڵ بوونی دین بیت لەگەڵ یاساکان، ئەی تیرۆری ژنانی کورد لە ئەوروپا، بۆچی دەگەرێتەوە؟

خەندان جەزا: ئەوروپا تەنها جێگەیەکە دەگۆریت ماڵێک لەگەرمیانەوە دەچیتە کوێستان، بەڵام هەمان مرۆڤن هەمان بیرکردنەوەن هەمان ئەقڵ و هەمان تیروانین.

کاتێ مرۆڤ بە تونێلێکی پڕ توندوتیژی و جەنگ وئاینی و کۆمەڵگەی نێرینەی سمێڵ سالاردا تێدەپەرێ، هیچ وڵاتیک لەسەر نەخشەی جیهان ڕۆڵ نابینێ بۆ ئەو. تۆ کاتێک پەروەردە نەکرابی لەسەر رێزگرتن لەمرۆڤ، کاتێ پێت نەوترابێ تۆ و خوشکەکەت، تۆ و کچی هاوڕێکەت یەک مرۆڤن، هەمان یاساو رێساتان هەیە ئیدی قەرەتەپە یان نیۆرک چی لەودەگۆرێ؟ بەپێچەوانەوە ئەم مرۆڤانە زیاتر درندە دەبن زیاتر چەواشەدەبن، زیاتر ترسی لەدەستدانی فەرهەنگ و عورفیان لێدەنیشی، زۆریک لەوانەی لەئەوروپا کوژران گەر لەکوردستان بوونایە نەدەکوژران، چونکە پیاوەکان هێندە ترسی لەدەستدانی شەرەفیان نەدەبوو.

بۆپێشەوە: رێگاچارەی کارساز و گونجاو چییە، بۆ بنەبرکردنی توندوتیژی و بێمافیەکانی ژنان؟

خەندان جەزا: توندوتیژی بنەبڕ ناکرێ، بەڵام دەکرێ ڕێژەکەی زۆر کەم بێتەوە: یەکەم یاسا وە جێبەجێکردنی بەفیعلی نەک جێبەجێکردنی بەپێێ خواست و کەسەکان. دووهەم هوشیاری کۆمەلگە بەنمونە سۆشیال میدیا هێندەی کار بۆ بەدوبەی کردن و تورکمانکردنی فەرهەنگی کوردی دەکات، نیو هێندە کار لەسەر تاک ناکات لەرووی هوشیاری.

سێهەم پەروەردە لە تەواوی سیکتورەکانی کۆمەڵگە، خێزان، قوتابخانە، شوێنی کارەوە کاری جەندەری لەسەر هەردوو ڕەگەز.

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٧ ی تایبەت بە ٨مارس… بڵاوکراوەتەوە 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *