سیستم و دەسەڵات ھۆکاری سەرەکی  سڕینەوەی جەستەی ژنان…

ھەتاو عەبدولاھی…

لەناو سیستمە عەشیرەیی و دواکەوتووەکان کە سەرمایەدری دوو ئەبزاری ئایین و پیاومەزنی بۆ چەوساندنەوەی تاکەکان بە دەستەوەیە و بە کاری دێنێ، ژنان ھەردەم قوربانی سەرەکی بوون و توندوتیژی جەستەیی و دەرونیان بەرامبەر کراوە. ئەم سیستمانەی کە بە ئامانجەوە پێگەی ژێر دەستەیی ژن و باڵا دەست بوونی پیاو زەق دەکەنەوە،  ھەروەھا بەردەوام ئەم روانینە نێگەتیڤە دەرخواردی کۆمەڵگە و تاکەکان دەدەنەوە و پەروەردە دەکەن. سیستەمێک کە ئەوەندە چەق بەستوو و دژە مرۆڤە نەتەنیا مافی شارۆمەندی و یاسایی بۆ توێژی ژنان کە نیوەی حەشیمەتی جیھان پێکدێنن بە رەوا نازانێ، بەڵکو و ژنان لەودا دەسەڵاتی جەستەی خۆشیان نییە، جەستەی ژن وەکو و مڵکی تاکەکەسی پیاو سەیری دەکرێ. لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا ژن مڵکی سەرەکی پیاوەو و وەک ناموسی پیاو سەیری دەکرێ، ناموس و شەڕەف دوو وشەی قیزەونە کە سالانە سەدان قوربانی دەگرێ، شەرەفێک کە لکاوە بە ناوگەڵ و جەستەی ژنەوە و ئەگەر بە وردی و چاوکراوەیی بڕوانینە پرسەکە بۆمان دەردەکەوێ نە تەنیا ژنان بەڵکو و پیاوانیش قوربانی ئەو بیروبۆچوونەن. توندوتیژی بە دژی ژنان مێژوویەکی دوور و درێژی ھەیە و ئەگەر بمانەوێ باس لەو دیاردە و ھەموو جۆرەکانی ئەو پەتایە بکەین لەوانەیە لە بابەتێکی ئاوا دا نەگونجێ، توندوتیژیەک کە ئامانجی دەسەلاتی سەرمایەیە و ساھایە برەوی پێدەدا. ئەوەی کە ھانی دام ئەو بابەتە بنوسم رووداوەکانی  ئەم دواییانەی ھەناوی کۆمەلگەی کوردستانە کە کارنەڤاڵێکی ژن کوشتن وەڕێکەوتووە و رۆژ بە رۆژ ئاماری روو لە زیاد بوونە. کوشتنی ژنان لە کۆمەڵگە توندوتیژیەکی مەترسیداری جەستەییە کە ھەم ژن و ھەمدیس  پیاو دەکاتە قوربانی، بەلام لە سەدا ٩٢ی تاوانی کوشتن لە ژێر ناوی  شەرەف ژنان دەگرێتەوە نەک پیاوان. بە داخەوە ئەم تاوانە لەلایەن پیاوانی بنەماڵە وەک باوک، برا، ھاوسەر، مام و خاڵ …..بەرێوەدەچێ. ئەوەی کە ئاستی توندوتیژیەکە مەترسیدارتر دەکا ئەوەیە لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی یاسا بە پشت بەستن بە شەرع پشتگیری توندوتیژی دەکا،  ئامارەکان دەرخەری ئەوەن لەو ولاتانەی ئاماری کوشتنی ژنان لەژێر ناوی شەرەف بوونی ھەیە کەمترین بە دواداچوونی یاسایی دەکرێ. دادگاو و پولیس ملکەچ و فەرمانبەرداری سیستمێکە کە خۆی پاڵنەرە بۆ کوشتنی ژنان. لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا لە کوردستانی ئێران ئاماری کوشتنی ژنان و خۆکوژی ژنان رووی لە زیاد بوونە. ئێرانی ژێر حاکمیەتی دەسەڵاتێکی سەرمایەدار کە مەترسیدارترین ئەبزاری چەوساندنەوەی ژنان واتە ئایینی دژە ژنی ئیسلامی بە دەستەوەیە. دەسەڵاتێک کە پایەکانی لەسەر بنەمای کوشتن و بڕین و بەردبارانی ژنان و سزا ئیسلامیەکان ڕۆنراوە. دەسەڵاتێک کە رۆژانە لەبەر چاوی بیرورای گشتی خەڵک لەژێر ناو و تاوانی داتاشراو لە سێدارە دەدا و جەستەیان دەسڕێتەوە. یاسای بنه‌ڕه‌تی ئێران که‌سایه‌تی ژنان‌و مافی شارۆمەندی  ئه‌وانی ته‌نیا له ڕوانگه‌ی پێکهێنانی بونیاده ئیسلامییه‌کان به قانوونی‌و مه‌شروع داناوه‌و ده‌بینین که به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ سه‌رنجی نه‌داوه‌ته مافی ژنان‌، به‌ڵکو و زۆرتر وه‌ک که‌ره‌سه‌یه‌ک بۆ گه‌یشتن به  ئامانجی خۆی چاوی لێ‌ده‌کا. لە بەندی ٢٥٨ی یاسای سزا ئیسلامیەکان دا ھاتووە ھەر پیاوێک ژنەکەی بکوژێ ئەگەر بێت و نیوەی دیە واتە خوێن بەھای ژنەکەی بدا تاوانبار ئازاد دەکرێ، کۆماری دژە ژنی ئێران دوای بە لاڕێداچوونی  شۆڕشی گەلانی ئەو وڵاتە و سەپاندنی ھێژمۆنی بیروبۆچوونی مەلاکانی جەماران، بەردەوام پەرەپێدەری كلتوری پیاومەزنی و وروژێنەری داب ونەریتی دواکەوتوو بووە، ھەروەھا ھەردەم پڕوپاگەندەی بۆ بیروبۆچوونی دواکەوتوو سەبارەت بە ژنان ومافەكانیانی  داوە و بەرھەمی ھێناوەتەوە، بە جۆرێک کەئەم بیروبۆچوونە خۆی خزاندۆتە ناو هەموو كەلێن وقوژبنێكی کۆمەڵگە، لەوانە فێرگە، زانكۆ، بنەماڵە، شەقام و ھتد… لە یەكەم روژەكانی هاتنە سەركاری ئەم رژیمەوە ژنان یەكەم توێژی کۆمەڵگەی ئێران بوون کە دژ بە حیجاب و پۆششی زۆرە ملێ ڕژانە سەر شەقامەکان و نایان بە کۆیلەتی وت ھەروەھا ھەمیشەش  قوربانی یەکەم  بوون كە تووندترین یاساو بڕیاری كۆنەپەرستانە بە دژیان پەسەند كراوە، چونکە کۆماری دژە ژنی ئێران زۆر زوو بەو ڕاستیە گەیشت کە ھێزی ژنان بڤەیە بۆ سەر دەسەڵاتە لەرزۆکەکەی و ھەر رۆژ بە پەسند کردنی یاسا و بەند و مادە و گەڵاڵەی جۆراوجۆر ژنانی لە پرۆسەی بەرھەم ھێنان دوورخستەوە  و ھەموو ھەوڵێکی خستە گەڕ بیانخاتە کونجی ماڵەوە .

ژنان لە شوێنی كار و بەرھەم ھێنانەوە ڕەوانەی ماڵەوە كران، بە شارۆمەندی  پلە دوو لە قەڵەم دران، شێوەوجۆری پۆششیان بۆ دیاریكرا، هاتنەدەرەوەیان لەماڵ بە تەنیا لەلایەن دام و دەزگای تایبەت بە سەركوتی ژنان چاودێری کراو و بە گشتی ژنان لە ھەموو مافێکی مرۆڤی بێبەش کران، بەڵام دیسان کۆڵیان نەدا. لە کۆمەڵگەیەک کە ئەوە سیستم و یاسای بێ بێگومان دەبێ چاوەرێی نەک کوشتن و خۆکوژی ژنان بەڵکو و ھەموو دیاردە کۆمەلایەتیەکان بین، سیستمێک کە ساڵەھایە بۆ دژایەتیکردنی ژنان و دوورخستنەوەیان لە بازار و کارەوە لەلایەن دام و دەزگا حکومەتیەکانی و مۆرەکانی دەسەڵاتە دژە مرۆڤەکەی تیزاب و ئەسید بە سەروروخساری ژنان دادەکات، سیستمێک کە رۆژانە قەتڵی دەوڵەتی ئەنجام دەدا سیستمێک کە بەھۆی گەندەڵی و دزی و سیاسەتە توند ئاژۆکانی گرانی و ھەژاری کردووە بە دیاری بۆ خەلکی ئێران کە ئاکامەکەی خەمۆکی و خوڵقانی دیاردە کۆمەلایەتیەکانە. بێگومان دەبێ چاوەروانی خوڵقانی کوشتن و توندوتیژی زیاتری لێ بکەین. بە پێی ئامارەکان ھەنووکە نە تەنیا کوشتنی ژنان بەڵکو و تەنانەت خۆکوژی ئەوانیش رووی لە زیاد بوونە و ھەردوو دیاردەکە  دەکەوێتە خانەی قەتڵی دەوڵەتی، چونکە ھۆکاری یەکەم خودی سیستمی ئێرانە. تاکەکانی ئێران بەژن و پیاوەوە قوربانی ئەو سیستمەن بۆیە پێویستە ھەم چالاکانی ئازادیخواز و بەرابەریخواز  ھەمیش چالاکانی مافی ژنان بە وریاییەوە سەیری پرسەکە بکەن و پیاوان بە تاوانباری سەرەکی نەزانن، چوونکە ئەوانیش بە جۆرێک قوربانی ئەو سیستمەن. لە کۆتاییدا دەبێ بلێین تا کاتێک ئەو دەسەڵاتە دژە مرۆڤە لەسەر کاربێ ئێمە دەبێ شایەتی پرسی لەوجۆرە بین ئازادی خەلکی ئێران و نەمانی ھەموو دیاردە کۆمەلایەتیەکان کاتێک مسۆگەر دەبێ کە لەرۆچنەی نەمانی کۆماری ئیسلامی و ھەڵتەکانی یەکجارەکی ئەو ڕژیمەو ھاتنە سەر کاری حکومەتێکی شورایی و خەڵکی لێی بروانین…

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٦ بەرواری ١/٣/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *