دیمانە لەگەڵ شەهلا بەکر، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی ژنان لە بەریتانیا…

بۆپێشەوە: دۆخی خراپی ئابوری و بی موچەیی چ کاریگەرییەکی لەسەر ژنان هەیە؟

شەهلا بەکر: باردودخی ئابووری  و قەیران و نەبوونی موچە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان دائەنێت بە تایبەتیش لەسەر ئەو کچ و ژنانەی کە لە ڕووی ئابووریەوە وابەستەی باوك و برا و مێردەکانیانن و لە کاتێکدا ئابووری خێزانەکان خراپ بێت بە دڵنیاییەوە ئابوری ژنەکانیش ڕوو لە خراپی دەکات .

 

بۆپێشەوە: دین و حزب و رێکخراوە ئیسلامیەکان، چ رۆڵێکیان لەسەر چەوساندنەوەو بێمافی ژنان هەیە؟

شەهلا بەکر: ژن لە کۆمەلگەی سەرمایەداریدا پێگەیەکی خوارتری هەیە لەچاو پیاواندا بە تایبەتیش لەو کۆمەڵگەیانەدا کە فەرهەنگی دواکەوتوو و ئاین بەسەریدا زاڵە، چونکە بنەمای ئاینەکان لەسەر نایەکسانی و بێمافی ژنان راگیراوە و لە یاساکانیشدا کە ئاین بە سەرچاوە وەرگیراوە ژن لە زۆر ماف بێبەش کراوە، لەوانە بە زەعیف سەیرکردنی ژنان و حساب کردنیان وەکو کاڵا و خزمەتکاری پیاوان و یاساکانی فرەژنی و نەدانی مافی تەواو لە میرات و شایەتییداندا… حیزبەکانیش کەڵکیان لەم سونەتە وەرگرتووە بۆ هێشتنەوەی ژنان لە پلە دوویدا..

بۆپێشەوە: هێشتا ژمارەیەک مەلاو بانگخواز، بانگەشەی بە شودانی مناڵانی کچی ٩ ساڵان، دەکەن. دەسەڵاتیش میش میوانی نییە، هۆکاری بێدەنگی دەسەڵات لەبەرامبەر بەو بانگخواز و مەلایانەدا، چییە؟

شەهلا بەکر: لە خاڵی پێشووتردا ئاماژەم بەوەکرد کە دەسەڵات و حیزبەکان کەڵك لە ئایین و ریوایەتە ئاینیەکان و شەرع وەرەگرن بۆ زەوتکردنی مافەکانی ژنان، هەربۆیەش بێدەنگیان هەڵبژاردووە لە ئاست ئەم بانگەشەی بانگخوازەکان بۆ رەواجدان بە بەشودانی کچانی مناڵ بە پاساوی پیرۆزی ئاین و رێزگرتن لە عورف و سونەتە دواکەوتووەکان.

بۆپێشەوە: ڕێگاچارەی کارساز و گونجاو چییە، بۆ بنەبرکردنی توندوتیژی و بێمافیەکانی ژنان؟

 

شەهلا بەکر: پێش هەموو شتێك گۆڕین یان هەموارکردنەوەی یاساکانە، بەشێوەیەك کە مافەکانی ژنان دەستەبەر بکات کە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتیەکاندا یەکبگرێتەوە و ژنان لە کۆت و پێوەندەکان رزگار بکات .

ئەو یاسایانەش ئەبێت رزگار بکرێت لە تێروانین و کاریگەری ئاینەکان، بەڵکو بنەمایەکی مرۆڤایەتی هەبێت ..

جگە لەوەش لەبواری پەروەردە و سێکتەرەکانی خوێندندا ئەبێت گۆڕانکاری بکرێت و هۆشیاری زیاتری پەروەرەیی و زەینی و زانستی و کۆمەڵایەتی بڵاوبکرێتەوە ..

هەروەها کۆمەڵگەش بەگشتی ئەبێت هۆشیار بکرێتەوە لەسەر مافەکانی ژنان، لە هەمووشی گرنگترە هۆشیاربوونەوە و ڕێکخراوبوونی ژنانە بە ئاراستەی سەپاندنی خواستەکانیان بەسەر کۆمەڵکە و کایەی دەسەڵاتدا…

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٧ ی تایبەت بە ٨مارس… بڵاوکراوەتەوە 

 

Check Also

“پرسی ئاشتی” لە تورکیا!

موحسین کەریم رۆژەکانی نیوەی دووەمی مانگی ڕابردوو بۆ کۆمەڵگای تورکیا، دەرخەری وەرچەرخانێکی نوێ بوو لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *