دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ سەرگوڵ ئەحمەد چالاکوانی ژنان و ئەندامی ڕێکخراوی ڕزگاری ژن لە عێراق

… سەرگوڵ ئەحمەد چالاکوانی ژنان و ئەندامی ڕێکخراوی ڕزگاری ژن لە عێراق. وەڵامی پرسیارەکانی بۆپێشەوە دەداتەوە….

بۆپێشەوە: سەرباری پێشکەوتنی کۆمەڵگە و چوونەسەری ئاستی چاوەڕوانیەکانی تاک و کۆمەڵگە، کەچی توندوتیژی لە دژی ژنان، نەک  کەم ناکات، بەڵکە دەتوانین بڵێین زیادی کردووە، هۆکاری ئەمە چی یە؟

سەرگوڵ ئەحمەد: سەرەتا زۆر سوپاستان دەکەم بۆ ئەم فرسەتەی کە پێتان دام، هیوای بەردەوامیتان بۆ دەخوازم لەپەیوەند بەم مەسەلەیەوە. هاوکات بە بۆنەی هاتنی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان؛ پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوە و  تەواوی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز دەکەم لە عێراق و کوردستان و هەموو جیهان.

ئەوە ڕاستە  سەرباری  هەموو ئەو ئاڵوگۆڕ و پێشکەوتنانەی لە بواری تەکنەلۆجیا، و وەدەستڕاگەیشتن بە دنیای دەرەوە بە ئاسانی، لە ڕێگەی  وەسائیلەکانی پەیوەندیکردن وڕاگەیاندنەکان وتۆرە کۆمەڵایەتییەکان و سەفەرو کۆچکردن و ئاشنابوون بە جیهانی دەرەوە و دەستکەوتەکانی.

کەچی توندووتیژی لەدژی ژنان ڕۆژ لە دوای رۆژ روولە زیاد بوونە! لەو کۆمەڵگەیەی کوردستان ئەوەندە لە ڕێگەی کەناڵەکان و راگەیاندنەکانی لە هەوڵی درێژەدان بە توندوتیژی دژی ژنان، نیو ئەوەندە هۆشیاری سەبارەت بە مافەکانی ژنان و مناڵان، بڵاو ناکرێتەوە. یان کارکردن بۆیان لە ئاستی پێوستدا نییە. خەڵکیان سەرقاڵی دراما دۆبلاجکراوەکانی تورکیا کردوە و کاتیان بۆ نەماوەتەوە لەپەیوەند بە بیرکردنەوە لە ماف و خواست و داواکارییەکانی خۆیان بەتایبەتی ژنان. زۆرجار ئەمە بۆتە کێشەوگرفت لە نێوان خێزانەکان و توندوتیژی لێ دەکەوێتەوە. وە هۆکارێکی تری توندوتیژی؛ نەبوونی ئابوورییەکی سەربەخۆیە بۆ ژنان. لە کاتێکدا ژنان خۆیان خاوەنی ئابووری خۆیان نەبن ئەوە هەر دەبێ چاوەڕوانی دەستی مێرد و باوك و براو خێزانەکانیان بن. وە لە کاتی کێشە و مەشاکیلەکاندا، ژنان بە ناچاری و زۆرجار ئەو وەزعە قبوڵ دەکەن، لەبەر ئەوەی خاوەنی ئابووری خۆیان نین. کۆمەڵگە بە گشتی و ژنان بەتایبەتی لەڕووی کەلتوری وسیاسیەوە زۆر پاشەکشەیان پێکراوە، ئەمە وای کردوە کە ئینسانەکان تەنها لەڕووی ڕوکەش و مۆدێلاتەوە بگۆردرێت، بەڵام بەداخەوە لە ڕووی هۆشیاری بۆ مافەکانی خۆیان وڕوکاس بکرێن، ئەویش بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسیانە بووە کە لە دنیادا ڕوویداوە.

بۆرژوازی بۆ هێشتنەوە و درێژەدان بە سسستەمەکەی و بەتەمەنی خۆی بەتایبەتی دوای روخاندنی بلۆکی سۆڤیەت، لەژێر ناوی فرە کلتوری(multiculturalism)دا، دەستیان بردووە بۆ زیندووکردنەوەی بیروباوەڕە کۆنەپەرستە دینی و قەومیەکان لە وڵاتانی رۆژئاوا و باکوری ئەمریکا، ئەمەش هۆکارێکە بۆ هەڵاواردن و جیاکاری لە نێوان ئینسانەکاندا، لە لایەکەوە ئینسانەکان بێبەش دەکات لە تێکەڵ بوونی کلتوری پێشکەوتووی ئەو وڵاتە، لە لایەکی ترەوە دەستی ئیسلامیەکانیش ئاوەڵادەکات بۆ کردنەوەی سەدان مزگەوت و خوێندنگای دینی، کە ڕۆژانە بە بەرچاومانەوە مناڵان پەلکێشی مزگەوتەکان دەکرێن و وانەی دینیان پێ دەدەن کە دەبێتە هۆی تێکدانی باری دەرونیان و فێریان دەکەن کە ئافرەت ناقس ئەقڵە ودوانیان بەشاهیدێک قبوڵ دەکرێت، و فێریان دەکەن کە دایک وخوشکەکانیان شەرەفی ئەوانن وئەوان لێیان بەرپرسیارن…تاد. ئەڵبەت بۆ ناسیۆنالیستەکانیش بەهەمان شێوەیە و کۆمۆنیتی تایبەت بەخۆیان پێکدەهێنن و شانازی بەکەلتوری دواکەوتوانەی خۆیانەوە دەکەن، و ئەوانیش هەم لە ڕووی ئاینی وهەم لە ڕووی نەتەوەییەوە ژنان لایان پلەدووە، وەک ئینسانێکی کامڵ وخاوەن ماف و ئازادی یەکسان سەیر ناکرێت، وەک شەرەفی خێزان وخێڵ سەیر دەکرێت و ئەبێت هەم پەیڕەوی لە کەلتور و هەم ئاینی باب و باپیرانیان بکەن. هەموو ئەمانە لەکاتێدایە کە هەموو ئەوشتانەی فێریان دەکەن ناکۆکە لەگەڵ ئەوشتانەی کە ئەمانە لە ژیانی ئاسایی خۆیاندا ئەیبینن لە قوتابخانە و بازاڕو شوێنە گشتیەکاندا. هەر بۆیە ئێمە شاهیدی ئەوەین کە لەچەند ساڵی ڕابردوودا چەندین ژن و کچ بونەتە قوربانی لە وڵاتانی ئەوروپا و باکوری ئەمەریکا کە زۆرینەیان کوردن. جا کوردی کوردستانی عێراق وتورکیا و ئیران وسوریاشی تێدایە،  لەناو ئەوانیشدا کوردستانی عیراق زۆرتر بوون.

بەڵام بزوتنەوەی چەپ وکۆمۆنیستی، بەتایبەت کۆمۆنیزمی کرێکاری لەچەند ساڵی ڕابردوودا زۆر بەجدی لەبەرامبەر سیاسەتی دژی ئینسانی مەڵتی کاڵچەریزمدا وەستاوەتەوە، هەروەک ئاگادارن ڕەوتە ئیسلامیەکان بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان کە یاساکانی شەریعەتی ئیسلامی لەم وڵاتانەدا بسەپینن، بەڵام خۆشبەختانە بەهۆی وەستانەوەی کۆمۆنیستەکان و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی وخەڵکانی سکۆلارو مەدەنی ئەم وڵاتانە و فشاریان بۆسەر دەسەڵات وپەڕلەمانەکان، ڕیگربوون لەبەرامبەر قبوڵ نەکردنی ئەو داوایەی ئیسلامیەکان.

بەڵام بەداخەوە ئەمرۆ توندووتیژی لەدژی ژنان لەو پەری زیادبووندایە و بۆتە دیاردەیەکی جیهانی، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆئەوەی کە نیزامی سەرمایەداری خوڵقێنەری هەموو ئەو هەڵاواردن ونایەکسانیی و زوڵم و زۆر و چەوساندنەوەن کە بەرامبەر ژنان دەکرێت، وە ژنان لەسەرتاسەری جیهان بەگشتی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی وەك کاڵاو کەنیزەک و کۆیلە سەیر دەکرێن لەلایەن گروپە ئیسلامیەکانەوە دەست درێژیان دەکرێتە سەر و کڕین وفرۆشتنیان پێ دەکرێت. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوە نیودەوڵەتییەکان، و بەپێی نەخشەیەك کە ڕێکخراوی یونسکۆ بڵاویکردۆتەوە؛ دیاردەی کوشتنی ژنان و توندتیژی بەرامبەر بە ژنان لە وڵاتەکانی ڕۆژهەڵات و  ژێردەسەڵاتی ئیسڵامی ڕوو لە هەڵکشانە، و وە بە خراپترین وڵات دادەنرێن بەرامبەر بەمافەکانی ژنان. عێراق وکوردستانیش ناوبانگیان بە ژنکوژی دەکردوە و توندوتیژی  لە دژی ژنان زۆر لە ئاستێکی ترسنکدایە. لە گشتیدا هۆکارەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان هۆکاری کلتوری وسیاسی و ئابووری یە.

بۆپێشەوە: تا ئێستا یاساو ڕێساکانی باری کەسێتی و تایبەت بە ژنان سەرچاوە گرتوو لە شە ریعە ت و قورئان و حەدیس لەلایەن دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتییەوە بەرگری لێ دەکرێت، بۆچی ئەم حیزبانە دەست بەرداری ئەو یاسا و ڕێسا ڕزیو و دژە ژنانە نابن؟

 سەرگوڵ ئەحمەد: ناسیۆنالیزم خۆی بزووتنەوەیکی دواکەوتوو کۆنەپەرستانە و خێلەکییە، و لەپێناو مانەوەی خۆیاندا دەستی گرتووە بە ئاینەوە، و ئەو یاساو رێسایانەی کە لە کوردستان و عێراقدا کاری پێ دەکرێت سەرچاوە گرتووە لە شەریعەتی ئیسلامی، و کلتوری دواکەوتووی خێڵەکی ناسیۆنالیزم لەگەڵ ئایندا وەك دوو دیوی دراوێکن. لەهەر دووکیاندا ژن وەک ئینسانێکی کامڵ وخاوەن ماف هەژمار ناکرێت! بەڵکو وەک کۆیلە و ڕەعیەت و لە جوملەی مڵک و ماڵ ومەڕوماڵاتدا هەژماردەکرێن. هەر لەو یاسا ئاینیانەدا ژنان وەك پلە دوو حیساب دەکرێن، دوانیان بە شایەتێك و لە دابەشکردنی میراتدا دوو خوشک بە بەشێک لەبەرامبەر برایەکدا وچوار یان زیاتریان بۆ پیاوێک شەرعیەت پێدەدات.

هەروەك مارکس دەڵێ “ئاین تلیاکی گەلانە” دەسەڵات و حیزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی زۆر پێوستیان بەم تلیاکە هەیە بۆئەوەی خەڵک ئەوەندەی تر بەلارێدا بەرن و بیان گەوجێنن. لە پێناسی ئینسانی دایان ماڵن، و پێناسی قەومی وئاینیان لەبەر بکەن. لەنێو ئەم گێژاوەدا درێژە بە مانەوە و باڵادەستی خۆیان بدەن.

 

بۆپێشەوە: ئەگەر کوشتنی ژنان لە کوردستان، دەرئەنجامی نەبوونی لێپرسینەوەی یاسایی، یان تێکەڵ بوونی دین بێت لەگەڵ یاساکان. ئەی تیرۆری ژنانی کورد لە ئەوروپا ، بۆچی دەگەرێتەوە؟

ریگاچارەی کارسازو گونجاو چی یە، بۆ بنەبڕکردنی توندوتیژی وبێ مافیەکانی  ژنان؟

 

سەرگوڵ ئەحمەد: بەڕای من هۆکارە سەرەکیەکەی لە کوردستان و لەدەرەوەی کوردستان هەریەک شتە، ئەویش  ئەوەیە هەم لە ئاین وهەم لە لەکەلتوری خێڵدا کە ناسیۆنالیزمی کورد شانازی پێوە دەکات. کردنی ژنان بەموڵک و ناموسی پیاوان لەخێڵدا، وەک ناموسی خێڵ وخێزان وباوک و برا… هاوسەرەکانیان دادەنرێن.

ئاینیش لەلایەک شەرعیەتی بەم بیرکردنەوەیە داوە لەلایەکی تریش بە کەم عەقڵ پێناسەیان دەکات. هەروەک دەزانن حیزبە ناسییۆنالیستەکان لەسەرەتای هاتنەوەیان بۆ ناو شارەکانی کوردستان، لەکاتێکدا  لێبوردنیان بۆ پیاوانی بەعس و جاش!! و مستەشارەکان دەرئەکرد، هەر لەو کاتەدا چەندین دەستە و تاقمیان پێکهێنابوو بۆ کوشتنی ژنان لە ژیر ناوی بەعسی بوون ولەشفرۆشی. لەلایەکی تریشەوە لە یاسای باری کەسێتی عێراقیدا کە سەرچاوەی لەئاینی ئیسلام وکەلتوری دواکەوتوانەی باوی ناو کۆمەڵگەوە وەرگرتووە کە کەلتوری خێڵ وعەشیرەت بووە کە یەکێک لە بڕگەکانی ڕەوایدان بوو بە کوشتنی ژنان لەژێر ناوی پاکردنەوەی شەرفدا، جا ئەم بیرکردنەوە ئاینی و خێڵەکی ویاساییە کە ڕەوایەتی بە لێسەندنەوەی مافی ژیان لە ژنان ئەدات لە کوردستاندا وەک کەلتوری زاڵی کومەڵگەیان لێکردبوو.

بەڵام لە ژیر فشاری بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ویەکسانیخوازیدا لە ساڵی نەوەدەکاندا کە سەرەتا لە شوراکان  ودواتر لە ڕیکخراوی سەربەخۆی ئافرەتاندا خۆی بینیەوە و ئەم تاوانە بەلیشاوەی ژنانیان لە ئاستی ناوەوەو دەرەوەی وڵاتدا کە ناسیۆنالیست و ڕەوتە دینیەکان وەک شانازی سەیریان دەکرد کردە شەرمەزاری و نەفرەت لێکردن.

بۆ کۆتاییهینان بەم کوشتن وتوندوتیژیانە، یەکەمجار زۆر گرنگە یاساکانی باری کەسێتی بگۆڕین بەیاسایەک کە تێیدا ژنان وپیاوان یەکسان بن. هەموو ئەو یاسایانە فڕێ بدەین کە بوونەتە هۆکاری توندوتیژی و کوشتن وسوکایەتی و بەکەم سەیرکردنی ژنان. لایەنیکی تریشی وشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە؛ لەڕێگەی وەزارەتی پەروەردە و سیستەمی خوێندن و دامودەزگاکانی ڕاگەیاندنەکان وکۆڕو سیمینارو کردنەوەی دامودەزگا و شیڵتەری تایبەت بە پاریزگاری لە ژنان بەشێوەیەکی فراوان لەهەموو شارو شارۆچکەکاندا، بەشێوەیەک کە تاکەکانی کۆمەڵگە هەم خۆیان ناتوندوتیژبن، و هەم بەرپرسیارێتی پیشان بدەن لەبەرامبەر دیاردەی توندوتیژیدا.

مەبەستم ئەوەیە، هەرکاتێک کە لەماڵ وکۆڵان وقوتابخانە و شوێنی کاردا کە ژنێک یان کچێک دەبینێت کە توندووتیژی بەرامبەر ئەنجامدراوە وە یان ئەدرێت وە یان هەڕەشەی لەسەرە دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدار و بەرپرسەکانی لێ ئاگادار بکەیتەوە.

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٧ ی تایبەت بە ٨مارس… بڵاوکراوەتەوە 

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *