جارێکی تر شەقامەکان داگیر دەکەینەوە…

ھەتاو عەبدولاھی ….

ھەشتی مارس ڕۆژی شۆڕشی ژنان لە سەرتاسەری جیھان دژ بە کۆیلەیی و ھەڵاواردنی رەگەزییە. ھەشتی مارسی ئەمساڵ بۆ ژنانی ئێران گرینگیەکی تایبەتی بوو، چونکە ھاوکات بوو لەگەڵ خەباتی ئەم رەگەزەی کۆمەڵگە دژ بە ڕژیمی ئایینی و سەرمایەداری ئێران کە حکومەتێکی دیکتاتۆر و تۆتالێتێر و تەیار بە ئیدۆلۆژی ئایینی دژە ژنی ئیسلامە. چل ساڵە ژنانی ئێران لە ژێر دەسەڵاتی رەشی تاریکبیرانی ئیسلامی لە سەرەتاییترین مافی ئینسانی بێ بەشن. لە سەرەتای ھاتنە سەرکاری کۆماری سێدارە یاسای دژە ژن پەسند کراو دەزگای سەرکوتی حکومەتیی ئەرکدار کرا، تا حوکم و شەرعی ئایینی دواکەوتووی ئیسلام بەرێوەبەرن. یاساگەلێکی کۆیلەدارانە کە ژێر دەستەیی ژنانی لەگەڵ خۆی ھێنا. توندوتیژی رێکخراو ھەر لە سەرەتاکانی ھاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بە دژی ژنان بەرێوەبردرا و پڕوپاگەندەی بۆ کرا بۆ ئەم مەبەستەش رۆکنی چوارەمی دەسەڵات واتە راگەیاندن بە کار بردرا بۆ ئەوەی پاشەکشێ بە ژنان لە پرۆسەی سیاسی، کۆمەڵایەتی  و ئابوری  بکات و بیانخزێنێتە ناو کونجی ماڵەوە. ژنانی خەباتگێری ئێران زۆر زوو ڕواڵەتی دزێوی کۆماری دژە ژنیان بۆ دەرکەوت. توندوتیژی، سێکس فرۆشی، ھەژاری، مادەی سڕکەر، خۆکوژی و کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی شەرەف و ناموس ھەمووی ئاکامی ھەڵاواردنی سیستماتیک دژ بە ژنان،  ھەروەھا ھەژاری دەوڵەتی و کەلتوری دژە ژنی و ھەڵاواردن ئامێز لەناو کۆمەڵگەیە. حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی ھۆکاری سەرەکی پێکھاتنی دیاردە و قەیرانە کۆمەڵایەتیەکانی ھەناوی کۆمەڵگەی ئێران بووە و ھەوڵی پەرەسەندنیان دەدا. بە میلیۆن ژن لە ئێران کە زیاتر لە نیوەی حەشیمەتی ئێران پێکدێنن بەھۆی ژن بوونیان گیرۆدەی ھەموو جۆرەکانی توندوتیژین و ھەڵاواردنی رەگەزی بۆتە گەورەترین کۆسپی سەر رێگایان. توندوتیژی بە دژی ژنان لە ئێران لەگەل ھەڵاواردنی ڕەگەزی، ئەتنیکی، ئایینی، پێناسەی جنسیەتی، بارودۆخی کۆمەڵایەتی، چین، توێژ، بارودۆخی ئابوری تێکەڵ بووە و وەک بازنەیەک تێکەوە لکاوە. لە ھەشتی مارسی ئەمساڵ کە ھاوکات بوو لەگەڵ یەکەم خەبات و دژکردەوەی ژنان بە حکومەتی ئیسلامی لە ساڵی ١٣٥٧ی ھەتاوی کارزاری خەبات دژ بە توندوتیژی دەوڵەتی، کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی کە لە ژنانی چالاک و چەپ و کۆمۆنیست و چالاکانی یەکسانی ژنان پێکھات بوو ئەم رۆژەیان جێژن گرت و جارێکی تر شەقامەکانیان داگیرکرد. ژنانی کارزار پرسی حیجابی زۆرەملێی و کۆیلەیی ژنانیان لە شەقامەکانی ئێران گواستەوە بۆ شەقامی ولاتانی رۆژئاوایی و یەکدەنگی و ھاوتەریبی خۆیان لەگەڵ ژنانی ناو خۆی ئێران راگەیاند. ئامانجی ژنانی شۆڕشگێری کارزاری ژنان  ئەوەیە دەنگی بە میلیۆن ژنی ئێران بن کە بە شێوەی جۆراوجۆر لەھەر بیانویەک بۆیان لوابێ، دژ بە کۆیلەیی بە تایبەتی پۆششی زۆرەملێ و یاسا ھەڵاواردن ئامێز و ئیسلامیەکانی رژیم خەبات دەکەن. کارزاری ژنان دژ بە توندوتیژی دەولەتی کۆمەلایەتی و بنەماڵەیی ھاواری خنکاوی ئەو ژنانەیە کە چیتر بۆ جۆری پۆشین و لابردنی کۆیلەیی داخوازیان لە دەسەلات نییە، بەڵکو و ئەوە بە ئەرکی سەرشانی خۆیان دەزانن، ئەوان  لەناو کۆمەڵگە نا بە حیجابیان کردە پرسی تاک بە تاکی خەڵکی ئێران و خۆیان ئاڵا ھەڵگری ئەو خەباتەن. کارزاری ژنان دەنگ و ھاواری کپکراوی ژنانی ئێرانە کە چیتر نایانەوێ بە  پاساوی ئایین و خورافە توندوتیژیان بەرامبەر بکرێ. کارزاری ژنان بە ھیوان جارێکی تر بۆ نا وتن بە کۆیلەیی پارامێترەکان زیندووکەنەوە و مێژوو دوبارە کەنەوە، ئەوان دیسان شەقامیان داگیرکرد و رایانگەیاند ھیچ دەسەڵاتێک توانایی سەرکوتی ئەوانی نییە و ژنانی ئێران بە زەبروزەنگ و کوشتن و بڕین لە خەبات بە دژی دیکتاتۆری سڵ ناکەنەوە. بۆ ئەم مەبەستە چالاکانی بواری یەکسانی ژن و پیاو ڕۆژانی شەش و حەوت و ھەشتی مارس لە سێ وڵاتی ئاڵمان، ھۆلەند و بلژیک رێپێوانیان کرد و لە بەرامبەر باڵوێزخانە و ماڵی سیخوڕی کۆماری ئیسلامی دروشمی نا بە حکومەت و نا بە حیجابی زۆرەملێ و کۆیلەییان بەرز کردەوە. کارزاری  ژنان بەو جووڵە سەمبولیک و بوێرانەیە کە لەژێر چەترێکی گشتگیر رێکیان خستبوو ھەوڵیان دا ببنە پارامێتری ژنانی ئێران کە ساڵەھایە کۆیلەی دین و پیاو مەزنین بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بگەیەنن کە ھاوتەریب و یەکگرتوو لە گەڵیانن و داخوازیەکانیان بە دنیای دەرەوە دەگەیەنن. ھەشتی مارسی ئەمسال چل ساڵ بەسەر بڕیاری خومەینی خوێنرێژ و دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکەی دوای بە لارێدابردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لەمەڕ حیجابی زۆرەملێ کە مافی شارۆمەندی و سەرەتایی لە ژنان زەوتکرد تێدەپەڕێ، لە زەمەنەوە لە مێژوو ژنانی خوێندکار، مامۆستا، ژنانی ناوماڵ ڕژانە سەر شەقامەکان دژ بەو شەرە دواکەوتووانە کە ئامانجی سجنکردنی جەستەی ژنان و پاشەکشێ پێکردنیان بوو خەباتیان کرد. ھەشتی مارسی ئەمساڵ چلەمین جێژنی ئەو خەباتە مەزنە دژ بە رژیمی ئیسلامی ئێرانە. دوای ھاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی ژنان یەکەمین توێژ  بوون بەردی بناغەی خەبات و بەربەرەکانێ دژ بە دەسەڵاتی ئێرانیان دانا. رێپێوانێکی پێنج رۆژە دژ بە حیجابی زۆرە ملێ کە ئەوەندە بە ھێز بوو پاشەکشێی بە خومەینی کرد و ناوبراو ناچار بوو فتواکەی وەرگرێتەوە. ھەشتی مارسی ئەمساڵ کارزاری ژنان لە ڕێپێوانی سێ رۆژەی خۆی لە سێ وڵاتی ئاڵمان و ھۆلەند و بلژیک لە ھەوڵی ئەوەدا بوو بە خەلک و ھێزە بە ناو پێشکەوتنخوازەکان رابگەیەنێ نارەزایەتی ژنان دژ بە حکومەتی ئیسلامی کە لە خەباتی ژنان لە ساڵی ١٣٥٧ دەستی پێ کردووە ھەنوکە گەیشتۆتە لوتکەی خۆی. ئەمرۆکە ژنان ئێران کە جەستە و پێگەی ئابووری و بارودۆخی کۆمەلایەتیان ھەردەم سەرکوت کراوە بەو تابۆیانە شەر لەگەل دژبەرانیان دەکەن، ئەوان نە تەنیا بێدەنگ نابن بەڵکو رۆژ بە رۆژ ھاوار و نا وتنیان بەرزتر دەبێتەوە. ئەوان بە بوێریەوە بە شێوەیەک تابۆشکێنانە بە لابردنی حیجاب  دژ بە یەکێک لە بنەماییترین  بایخەکانی ئیدئۆلۆژیکی نیزامی ئیسلامی لەسەر پێ راوەستاون، خەباتێک کە ھەموو سیستمی کۆماری ئیسلامی خستە ژێر پرسیار. کارزاری ژنان کە ھەشتی مارسی ئەمساڵ بە ئامانجی رێکخستنی ریزێکی یەکگرتووی بەربڵاو و ئینترناسیۆنالیستی جارێکی تر  خەباتی گەورە رێبەرانی بواری  یەکسانی لەوانە رۆزا لۆگزامبورگیان کردە ئەزمونی بەرخودانیان  و شەقامەکانیان داگیر کردەوە. لە کۆتاییدا وێرای دەستخۆشی لەو ژنە بوێرانە و ھەموو خەباتگێرانی بەرەی ئازادیخوازی رایدەگەیەنین یەکگرتوویی و یەکریزی بزوتنەوەی ژنان و ھاوتەریب بوونیان لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری لە راستای روخانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بنیاتنانی سیستمێکی سۆسیالیستیە…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٧ ی تایبەت بە ٨مارس… بڵاوکراوەتەوە 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *