چەند هەواڵ لە وڵاتەکانی: فەلەستین و مەغریب و چین….

فەلەستین…

” نا بۆ گرانی، دەمانەوێت شەرافەتمەندانە بژین”

بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین بەگولە وەڵامی خۆپیشاندەران دەداتەوە کە دژ بە گرانی هاتوونەتە سەر شەقام!

سەرچاوە/ بی بی سی

ئامادەکردنی ئاراس ڕەشید

تۆڕی ڕێکخراوەکانی خەڵکی فەلەستین ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئاسایشی سەربە بزووتنەوەی حەماسی دەسەڵاتدار، دەیان چالاکوانی دەستگیر کرد لەکاتی خۆپیشاندانەکانی کێوەکانی باکوری کەرتی خۆرئاوا. هەروەها خۆیشاندانێکی تر لە باشووری غەزە بڵاوەی پێکرا، کە داوای چاکردنی هەلومەرجی گوزەرانیان دەکرد.

بەپێی شایەدحاڵەکان دەیان لە هێزە ئەمنیەکان و پۆلیس کە حەماس سەرپەرشتیان دەکات، ڕێگەیان نەدا خۆپیشاندانێک بکرێت کە لەلایەن چالاکوانانێکدا ڕێکخرابوو بەناوی” بزووتنەوەی لاوان دژ بە گرانی”، کە تێیدا بەسەدان کەس لە جبالیا بەشداریان تێداکرد. ئەو تۆڕەی کە پتر لە ١٠٠ ڕێکخراوی مەدەنی لەخۆدەگرێت لە ڕاگەیاندراوێکدا گوتی”بەتوندی سەرکۆنەی هێرش و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران دەکەین کە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی جبالیاوە دەستگیرکراون، لە کاتێکدا داوای گردبوونەوەی ئاشتیانەیان کردووە بۆ باشترکردنی باری گوزەران  لە کەرتی غەزە. ڕاگەیاندنەکە جەختی لەوە کردەوە کە” دەبێ دەستبەجێ گیراوەکان ئازاد بکرێن و بانگکردنیان بۆ بەردەم دادگا بوەستێنرێت و مافی ڕادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتیانە بەپێی یاسا ڕێزلێ بگرن.

لە دێرالبەلح باشووری کەرتی غەزە، بەهەمان شێوە دەیان کەس بەشداریان کرد لە خۆپیشاندان، و تایەیان سووتان لەسەر ڕێگە گشتیەکان. هێزە ئەمنیەکان تەقەیان بۆ ئاسمان کرد بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، کە لەسەر یەکێک لە لافیتەکان نووسرابوو” دەمانەوێت وەک منداڵانی بەرپرسەکان بژین”، لە یەکێکی دیکە نووسرابوو” نا بۆ گرانی، دەمانەوێت شەرافەتمەندانە بژین”.

لەبەرامبەریشدا خۆپیشاندەران بە بەرد وەڵامی تەقەی پۆلیسیان داوەتەوە.

 

مەغریب:

خۆپیشاندەرانی مەغریب: نا بۆ لێکهەڵوەشاندنی خوێندنگا  حکومییەکان،  من مامۆستام و مووچەی مانگانەکەم تەنها ٤٠٠ یورۆیە،  ئیتر بەسە دیکتاتۆری و با کۆتایی پێبێت،  حکومەت مافیایە،  ئازادی  بۆ گیراوە سیاسیەکان”

خۆپیشاندانەکانی مامۆستایانی مەغریب سەرتاسەری وڵاتی گرتەوە و پۆلیسی ئەو وڵاتەش  زۆر بە دڕندانە سەرکوتی خۆپیشاندەران دەکات!

ئامادەکردنی: شوان عەزیز

ئێستا بە دەیان لە کەناڵە جۆراوجۆرەکانی ڕاگەیاندن لە سەرتاسەری جیهاندا ڕوماڵی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایانی وڵاتی مەغریب دەکەن. لە نێو ئەوانەدا کەناڵی ئەلجەزیرە و ئینساید العربیە و هەروەها ماڵپەڕی بەناوبانگی جیهانی سۆشیالیت وێبسایت و هەروەها لە سەرووی هەموشیانەوە ڕۆیتەرز.

مامۆستایانی مەغریب تەقریبەن لە مانگی شوباتەوە دەستیان داوەتە ڕێپێوان و مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزایی بەشێوەی جۆراوجۆر.  هەندێک جاران بە شێوەی دانیشتن و نەچوونە سەر کار. بۆ نموونە جارێکیان لە ١٢ی نیوە شەوەوە چوونە بەردەم سەرۆکایەتی پەروەردەیەک و بەو شەوە لەبەردەم ئەو پەروەردەیە دانیشتن. لە سەرەتای مانگی ئازارەوە بە دەقیقی لە ٤ی ئازاری ئەم ساڵەوە  مانگرتنەکانیان و ڕێپێوانەکانیان لە مەڕاکیش بەرەو سەر بردوو ڕێژەی بەشداربووانی ڕێپێوانەکان گەییشتە دەیان هەزار. لەم هەفتەیەی ڕابردودا ڕێپێوانەکان شێوەی مانگرتن و دەوام ڕاگرتن و نەچوونە سەر کارو ڕەوەستاندنی دەوامی خوێندنگاکانی بەخۆوە گرت.

مامۆستایان ئیتر گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە دەسەڵاتداران وەڵام بە داواکاریەکانیان نادەنەوە و هەڕەشەی ئەوەشیان لێدەکرا کە لە ئەگەری بەردەوامی لە نەچوونیان بۆ دەوام ڕووبەڕووی دەرکردن و نان بڕین دەبنەوە. هەر بۆیە ئیتر مامۆستایان شێوەی مانگرتن و ڕێپێوانیان گۆڕی بۆ ڕژانە سەرشەقامەکان و خۆپیشاندان. ئەوە بوو بە سەدان هەزار لە مامۆستایانی مەغریب لەسەرتاسەری وڵاتدا پەیوەست بوون بە خۆپیشاندانەکان. چەندین شیعاری پەروەردەیی و سیاسیشیان بەرزکردەوە.

پۆلیسی مەغریب هەروەک پیشەی هەمیشەیی وڵاتانی وێنەی مەغریب کەوتنە نێو مامۆستایان و بە دڕندانە دەستیان کرد بە ڕاوەدوونان و لێدان و گرتن و بریندارکردنیان بە کوتەک و داری کارەبایی و بەکارهێنانی غازی فرمێسک ڕێژو فشاری بەرزی ئاو. بە پێی هەواڵی میدیاکان ئێستا ژمارەی مامۆستایانی بەشداربووی ئەو خۆپیشاندانانە گەییشتۆتە سەرووی ٧٠ هەزارمامۆستا. هەروەها لە مەڕاکیشەوە پەڕیوەتەوە بۆ شاری ڕەباتی پایتەخت و زۆرێک لە شارە گەورەکانی تری مەغریب. هەندێک ئاماژە بەوە دەکەن کە خۆپیشاندانی مامۆستایان بەو ڕێژە زۆرەیە بەهاری عەرەبیان دێنێتەوە بیر.

داواکاری سەرەکی مامۆستایان ئەوەیە کە ئەو مامۆستایانەی کە بەگرێبەست دامەزراون بکرێنە دائیمی و هەروەها مووچەی مامۆستایانیش بە گشتی بەرزبکرێتەوە. مامۆستایان داوای ئەوە دەکەن کە دەوڵەت هاوکاریان بکات لە ڕووی تەندروستیەوە و تێچووی دەرمان و نەخۆشخانەیان بۆ دابین بکات. لە کاتی نەخۆش کەوتندا. مامۆستایان بە شێوەیەکی گشتی گلەیی و گازندەیان لە خراپی ژیان و گوزەرانی خۆیانە.  پێیان وایە بە زیادکردنی موووچەکانیان دەتوانن بەشێکی کێشەکانیان چارەسەر بکەن. .ئێستا نزیکەی سەرووی ٥٠ هەزار مامۆستای سەرەتایی و ئامادەیی بە شێوەی گرێبەستی کاتی دەوام دەکەن و ئەو گرێبەستەش وا ئیتر کۆتایی پێدێت. بەپێی ئەو گرێبەستەش مامۆستایان هیچ هاوکاری تەندروستیان نییە، و هەر کاتێکیش دەسەڵاتداران ویستیان دەتوانن مامۆستا دەربکەن. جێگەی باسە بە پێی ڕاگەیاندنی مافی مرۆڤ ئێستا ڕۆژانە بە ڕێژەی  ٢٠ بۆ ٣٠ مامۆستا دەگیرێ و دەخرێتە زیندانەوە. چەندین مامۆستا برینداربووە، بەڵام تائێستا هیج سەرچاوەیەکی ڕەسمی باس لە کوشتن ناکات.

ئەو خۆپیشاندانانە زۆر بە باشی ڕێکخراون  و شیعارو داواکاریەکانیان لە ئاستێکی باشدا پێشکەش دەکرێن. ئەوەش ڕوون بۆتەوە کە ئەو خۆپیشاندانانەی مامۆستایان زۆر نزیکە لەدەستی پارتی سۆشیالیستی مەغریب. واتە پارتی سۆشیالیستی مەغریب بزوێنەری ئەو خۆپیشاندانەی مامۆستایانە. لەسەر لافیتەکانیان نوسراوە: نا بۆ لێکهەڵوەشاندنی خوێندنگا  حکومییەکان،  من مامۆستام و مووچەی مانگانەکەم تەنها ٤٠٠ یورۆیە،  ئیتر بەسە دیکتاتۆری و با کۆتایی پێبێت،  حکومەت مافیایە،  ئازادی  بۆ گیراوە سیاسیەکان.

نەعیمە قەلعی کە مامۆستایەکی نێو خۆپیشاندانەکانە بە فرانس پرێسی وت” ئێمە ڕێپێوانی ئاشتیانەمان ئەنجامدەدا بەڵام بە داخەوە پۆلیس زۆر بە دڕندانە مامەڵەی لەگەڵ ئێمەدا کرد”. پۆلیس دەستی کرد بە لێدان و وە ژێرپێدانی مامۆستایان و چەندین مامۆستا کەوتنە ژێر پێیانەوە و بریندار بوون. زۆر ئیهانە و سوکایەتیان بە مامۆستایان کرد. ئێمە لەبەشی پەروەردە و فێرکردندا کار دەکەین نابێت بەو شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵدا بکرێت. تکایە نادادپەروەری بوەستێنن.

 

چین:

ئازادی کۆڕو کۆبونەوە  مافە،  نەک تاوان.!.

ئامادەکردنی: شوان عەزیز

ماڵپەڕی : http://www.iuf.org هەواڵێکی بڵاوکردۆتەوە  کە بە پێی ئەو هەواڵە  دەوڵەتی چین بە دەیان لە کرێکارانی لە ساڵی پارەوە خستۆتە زیندانەکانەوە لەسەر ئەوەی داوای ئازادی پێکهێنانی کۆڕوکۆبوونەوەیان کردووە. کرێکارانی سەر بە کۆمپانیای جەیسیک تەکنۆلۆجی ڕووبەڕووی لێدان و زیندانیکردن بوونەتەوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی چینەوە.

هەروەها سەندیکای جیهانی کرێکارانی سێکتەری خۆراک و کشتوکاڵ و میوانخانەکان سکاڵانامەیەکی لەوبارەوە خستۆتە سەر ماڵپەڕەکەی. لەو سکاڵانامەیەدا ئەو سەندیکا جیهانییە داوا دەکات کە پشتگیری بکرێت و سکاڵانامەکە ئیمزا بکرێت تاکو دەستبەجێ دەوڵەتی چین ئەو کرێکارانە بەربداو لە هەمان کاتیشدا ئازادی پێکهێنانی کۆڕوکۆبوونەوەی کرێکاران  لە شوێنی کاریاندا فەراهەم بکرێت و ڕێی لێ نەگیرێت.

جێگەی باسە کە بە پێی ئەو سکاڵانامەیە سەندیکایەکی زەردی سەربەدەوڵەت بە ناوی (ئەی سی ئێف تی یو) دەستی ڕاستەوخۆی هەبووە لە هاوکاریکردنی دەسەڵاتداران بۆ گرتن و سەرکوتی کرێکارانێک کە داوای ئازادی کۆبوونەوە و پێکهێنانی ئیتیحادیەی کرێکاریان کردووە لە ناو ئەو کۆمپانیایەدا.

لە ساڵی پارەوە ٤٠ کەس لە کرێکاران و چالاکوانانی بەشی مافەکانی کرێکاران سەر بە کۆمپانیای جەیسیک تەکنۆلۆجی  لە  لە شەنزێن خراونەتە زیندانەوە. ئەو ٤٠ کەسە وەک تاوانبار خراونەتە زیندانەوە و تاوانەکەشیان بریتیبووە لە هەوڵدان و داواکردن بۆ ئازادی پێکهێنانی کۆڕوکۆبوونەوەی کرێکاران. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەوڵەتی چین نەک هەر ڕێگەنادات لە  ناوەندەکانی کار کۆبوونەوە ئەنجام بدرێت و ئیتیحادیەی کرێکاران پێکبهێنرێت، بەڵکو ئەوانەی کە هەڵدەستن بەو کارە بە تاوانباریان دادەنێت و بە مادەی جەریمە دەیانخاتە زیندانەوە.

ئەو گرتن و ڕاوەدوونانەی کرێکاران و چالاکوانانی  نێو کرێکاران لەلایەن دەوڵەتی چینەوە بەردەوامی هەیە و سەرتاسەری چینی گرتۆتەوە. تەنانەت کاتێک ئەو کرێکارو چالاکوانانە دەخرێنە زیندانەوە دەوڵەت ڕێگریش دەکات کە هاوکاریان پێبگات و ناهێڵێت پارێزەریشیان هەبێت.

کرێکاران و چالاکوانانی  مافەکانی کرێکاران لە ناوەندەکانی کاردا لە چین بەردەوامن لە چالاکی خۆیان  سەرباری ئەوەی کە ڕوویداوە لە نێو کۆمپانیای  جەیسیک تەکنۆلۆجی .

ئێچ کەی سی تی یو کە سەندیکایەکی سەربەخۆی کرێکارانە لە هۆنگ کۆنگ بەردەوامە لە هاوکاری گەیاندن بە شێوەی جۆراوجۆر بۆ کرێکارانی زیندانی کراو سەرباری ڕێگریەکانی دەسەڵاتدارانی چین لەوبارەوە..

جێگەی باسە کە ئەو سکاڵانامەیە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەندیکای  ئێچ کەی سی تی یو کە سەندیکایەکی سەربەخۆی کرێکارانە ئامادەکراوە و سەرپەرشتیشی دەکرێت.

لێرەوە داوا لە هەوادارو خوێنەرانی ئازیزی بۆپێشەوە دەکەین کە سەردانی ئەو ماڵپەرەی کە لەسەرەوە ئاماژەی پێکراوە بکەن و ئیمزای ئەو سکاڵانامەیە بکەن. سوودی ئەو ئیمزاکردنە پشتگیریکردنە لە داوا ڕەواکانی کرێکاران  و لە لایەکی تریشەوە دەبێتە گوشارێک بەسەر دەوڵەتی چین و دەسەڵاتدارانی شەنزێن  بۆ ئەوەی ئەو ٤٠ کەسە لە کرێکارو چالاکوانی ناوەندەکانی کرێکاران لە زیندان ئازاد بکرێن..

تێبینی: ئەم بابەتانە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٩ بەرواری ١/٤/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

 

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *