لەسەر نانی “تاجی زێڕین” یان ھەوڵ بۆ کۆیلەیی ژنان …

نوسینی: ھەتاو عەبدوڵاھی …

ھەرکاتێک ئیسلام لەھەر وڵات بە دەسەڵات گەیشتووە، بە حیجابی ژنانەوە ھاتۆتە مەیدان و پرسی پۆششی ژنانی وەک بابەتی ھەستیار وروژاندووە، تا جەستەی ژن وەکوو تابۆ و ھەڵخنێرەی ھەستی سێکسی پیاو نیشان بدات و پێگەی ژێردەستەیی ژن بسەپێنێ. ئایینی ئیسلام ھەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی ھەوڵی کۆیلەیی و ژێردەستەیی ژنی داوە و پەیرەوانی ئەو ئایینە دژە مرۆڤە بە گشتی و دژە ژنە بە تایبەتی رەچاوکەری ئەم ئایەت و حەدیسە قیزەونانەن و ھەموو ھەوڵێکیان خستۆتە گەڕ تا مرۆڤی سەردەم بەرەو دواکەوتوویی و کۆیلەیی بگەڕێننەوە. پۆشش و جۆری پۆشین وەک یەکێک لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ دێتە ئەژمار، بۆیە پرسێکی تاکەکەسیە و ھیچ تاک و دەسەڵاتێک ناتوانێ و نابێ دەستێوەردانی بکات و ئەو سنورە ببەزێنێ. ماوەیەکە دیاردەیەکی مەترسیدار لە کوردستان ھاتۆتە ئاراوە لە ژێر ناوی تاجی زێڕین کە ھەوڵ بۆ باڵاپۆشی و حیجاب و کۆیلەیی ژنان دەدات. ھەڵبەت دەبێ ئاماژە بەو خاڵەش بکەین کە ئەو ھەوڵە پیلانی لەپێشدا داڕێژراوی ڕەوتە ئیسلامیەکانی کوردستانە کە ساڵەھایە لەژێر دەسەڵاتی گەندەڵی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئامانجەوە پەیڕەوی دەکەن و دەسەڵاتی ناسیۆنال دینی ھەرێم و حیزبە گەندەڵەکان بە ئامانجەوە بۆ ئەوەی ژنان لە پرۆسەی بەرھەم ھێنان دوربخاتەوە و خەڵکیش بەلارێدا ببا بودجە و کارئاسانی لەبەردەستیان ناوە و پەرە بەو دیاردە دەدا. ئەگەر بمانەوێ ڕۆبچینە ناو قوڵی بابەتەکە و باس لە لایەنە شاراوە و ئاشکراکانی ھەوڵی رێکخراوە ئیسلامیەکانی کوردستان بۆ باڵاپۆشی ژنان بکەین، پێویستە چاوێک بەسەر پێگەی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی لەو ناوچەدا بخشێنین. دوای ھێرشی دڕندانەی تێرۆریستانی داعش بۆ چەندین وڵاتی ئەو ھەرێمە و نیشان دانی رووی ڕاستەقینەی ئایینی ئیسلام بە خەڵک و دنیای دەرەوە و دەستدێژی و تاوان بە دژی مرۆڤایەتی و بینینی چەندین دەسەڵاتی ئیسلامی دراوسێی ھەرێمی کوردستان وەکوو کۆماری پەت و سێدارەی ئێران و دەسەڵاتی مرۆڤکوژی ئەردۆغان لە تورکیە، خەڵک بەرەو وشیاری زیاتر چوون و خورافات و درۆکانی مەلا و نوێنەرانی ئیسلام لە ھەرێم لەقاو دراو خەڵک بەرەو وشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەنگاویان نا. بۆیە بۆ دەرخستنی حزوری خۆیان بە پشتگیری دەسەڵاتی گەندەڵ و ناسیونال دینی ھەرێم لە چەندین ڤیستڤاڵدا لە شاری کۆیە و سلیمانی لە ژێر ناوی تاجی زێڕین کە سیمبولی کۆیلەیی ژنانە حیجابی کردە سەر ژنان و پۆششی ئیسلامی زەق کردەوە. بارودۆخی ھەرێمی کوردستان دوای ڕوخانی دەسەڵاتی مرۆڤکوژ و دیکتاتۆری سەدام رۆژ بە رۆژ نەک باشتر نەبووە، بەلکوو بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار چووە.

خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دوای ساڵەھا بەربەرەکانێ لەگەڵ دەسەڵاتی خوێنڕێژی سەدام نە تەنیا حەسانەوە و ئاسایشیان بە خۆیانەوە نەبینی، بەڵکو لەلایەن حیزبە کوردی و ناسیونالیستەکانی ھەرێم لە سەروی ھەموویانەوە پارتی و یەکێتی زەبری قەرەبوونەکراوی گیانی و ماڵیشیان لێ کەوت. سەروەت و سامانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن دوو بنەماڵەی یەکیەتی و پارتی و فالانژ و مۆرەکانی دەسەڵات، دەستی بە سەرداگیراو و ھەرکاتێک خەڵکی وەزاڵەھاتوو نارەزایەتیان دەربڕی بە توندوتیژی وەلامیان درایەوە و داخوازیان بۆ دەسەڵات داران ھیچ گرینگیەکی نەبوو. لەسایەی سەری دەسەڵاتی خۆسەپێنی ھەرێمی کوردستان، بێکاری، ھەژاری، فەحشا و برسێتی بەرۆکی خەڵکی گرتووە و رۆژ بەرۆژ بارودۆخی خەڵک بەرەوخراپی دەچێ. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا رێژەیەکی زۆر لە خەلکی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو چین و توێژەکان بەھەر جۆرێک کە بۆیان لوابێ بە نرخی گیانیان ولاتی خۆیان جێ ھێشتووە و بەرەو ھەندەران پەرتەوازەبوون تەنیا بۆئەوەی لەو بارودۆخە نالەبارە ڕزگاریان بێ. بە دەیان کەس لە خەلکی کوردستان کەوتنە ناو داوی مافیای ئینسانەوەو لەو رێگایە گیانیان لە دەست دا. خەڵک بەھۆی ھەژاری لە ھەرێمی کوردستان ڕادەکەن لە حاڵێکدا دەسەڵاتدارانی ھەرێم بە سامانی خەڵک مژوڵی سیاحەت وکەیفی خۆیانن و ھیچ بەرپرسیارێتێکیان لەمەڕ ئەو دۆخەی خۆیان خوڵقێنەری بوون نییە. بۆیە ڕەوتە ئیسلامیەکان ئەو ھەلە بە قازانجی خۆیان دەقۆزنەوە و لە ئاوی لێڵ ماسی دەگرن. ئەوان جارێکی تر خەریکی مانۆر و خۆرێکخستن وخۆنیشاندانن. رەوتی ئیسلامی لە سەروی ھەموویانەوە یەکگرتووی ئیسلامی لە بنەماڵە کەم داھات و ھەژارەکان کەڵک وەردەگرێ و وەکوو مۆرەی کایەی سیاسی خۆی بە کاریان دێنێ. ھەر وەک ئاگادارین لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری دژە ژنی ئیسلامی بزوتنەوەی نا بۆ پۆششی ئیسلامی زۆر بەرچاوە و لە ولاتێک کە حیجاب زۆرەملێ و یاسایی کراوە ژنان نا بە کۆیلەیی دەلێن بۆیە ئەو پرسانە ھەمووی بۆتە ھۆکاری ترسی رەوتە ئیسلامیەکان و وەک مەترسی بۆسەر دوکان و بازاریان دەیبینن. لە ساڵانی رابردوودا لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئاخوندی دیاردەی باڵاپۆشی ژنان و حیجابی ئیسلامی لەلایەن مۆرەکانی دەسەڵاتەوە و کەسانی پاسدار و مۆرەی حکومتی لەوانە ئیلھامی چەرخەندە کە ناوبراو ئەکتەری سینەما بوو زەق کرایەوە . ئەم ھەوڵە لەلایەن خەڵکی ئازادیخواز و شۆڕشگێر لە ھەموو وڵاتێک بەرپەرچ درایەوە و خەڵک بە تایبەت بزوتنەوەی یەکسانیخواز لە بەرامبەری دا راوەستان و خەڵک و بە تایبەت ژنانی ئێرانیان لەو کردەوە قیزەونە وشیارکردەوە و پیلانی باڵاپۆشی ژنان نەک سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکوو بزوتنەوەی نا بە حیجاب ھاتە مەیدان و ھەموو پایەکانی دەسەڵاتی ئێرانی لەرزۆک کرد. ژنانی ئێران بەو کۆت و بەندانەی دەسەڵات بۆێ دروست کردبوون ھاتنە مەیدانی کایەی سیاسی و شەڕی دەسەڵات و مێژویەکی پڕشنگداریان لەو بوارەوە بۆ خۆیان تۆمار کرد. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لەھەر خۆپێشاندانێک کە بە دژی دەسەڵات و زوڵم و گەندەڵی سازدرابێ ژنان بە تایبەتی ژنانی کرێکار رۆڵی کاریگەریان بووە بۆیە دەسەڵات ئەوە بە مەترسی دەزانێ و ھەوڵ بۆ کاڵ کردنەوە رۆڵی ژنان لە پرۆسەی سیاسی و ئابوری دەدا . ژنانی ھەرێمی کوردستان و بەرەی چەپ و ئازادیخواز دەبێ بە ھەموو تواناوە لەبەرامبەر ئەو دیاردەدا راوەستن و ھەموو ھەوڵی خۆیان بۆ وشیاری خەڵک لەو بوارەوە بخەنە گەڕ بۆئەوەی رەوتە ئیسلامیەکان نەتوانن بە پشتگیری دەسەڵاتی گەندەڵی ھەرێم کۆیلەیی ژنان بکەنە سیمبول و پێگەی ژنان نزم بکەن…

 

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *