دادگای گاڵتە جاڕی ڕژێم ترس لە بزوتنەوەی کرێکاری …

نوسین: ھەتاو عەبدوڵاھی

پایەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەساسی ڕەشبگیری، ئەشکەنجە، تاوان، کوشتن و بڕین ڕۆنراوە و کۆماری سێدارە ھەر لەسەرەتای ھاتنە سەرکاری دوای بەلاڕیدا بردنی شۆڕشی مەزنی ساڵی ١٣٥٧ی ھەتاوی و سەپاندنی ھێژمۆنی خۆی، ھەر دەنگێکی ئازادیخوازی لەگەرودا کپ کرد و ماشێنی سەرکوت و کوشتنی وەگەڕ خست و لەو بوارەوە کارنامەیەک و مێژویەکی تەژی لە تاوانی بۆ خۆی تۆمار کردووە.

کۆماری مرۆڤکوژی ئیسلامی ئێران دوای بە دەسەڵات گەیشتنی دەستی کرد بە کوشتن و بڕین و سیاچاڵ و بەندیخانەکانی تەژی کرد لە جیا بیران و ئازادیخوازان و زۆر ڕوھەڵماڵراوانە و بێ پەروا کۆمەڵکوژیەکی دەست پێکرد کەلە سەردەمی خۆی کەم وێنە بوو. دەست و پەیوەندەکانی  خومەینی خوێنڕێژ لە سەروی ھەمویانەوە خەڵخاڵی مرۆڤکوژ بە ناوی خوا و بە پشت بەستن بە ئایینی درندە و قیزەونی ئیسلام کۆمەڵکوژی و ئیعدامیان لە سەرتاسەری ئێران بەڕێوەبرد کە لە ناویان دا دەتوانین ئاماژە بە جینایەتی ساڵی ٦٠ ی ھەتاوی بەو لاوە بکەین لە بە ھەزاران مرۆڤی ئازادیخوازیان لە بێدادگاکانی عەدڵی ئیلاھی بە مەرگ مەحکوم کرد و ئێعدامیان کردن. رژێم دوای ئەوە خەڵکی کوردستان ملکەچی زوڵم و زۆری حکومەتەکەی نەبوون بە ھێزی جەھل و نەزانی و تەیار و پۆشتە بە چەک و چۆڵ ھێڕشی سێ مانگەی بۆ سەر کوردستان دەست پێکرد، کە لە بەرامبەر ئیرادەی پۆلایینی خەڵکی کوردستان بە چۆک داھات. خومەینی و دەسەڵاتە دینی و دژەمرۆڤەکەی بەوەشەوە نەوەستاو ھەر بۆ مەبەست و ئامانجە تێرۆریست خوازانەکانی ھەیئەتێکی مەرگی دامەزراند بۆ ئەوەی تێرۆر و کوشتنی جیابیران لە دەرەوەی وڵات دەست پێ بکات. ھەیئەتی مەرگ لە چەند مۆرەی حکومەتی  پێکھاتبوون کە لە ناویان دا کەسی وەک شاھرودی جینسیەتکاری تێدا بوو ئەوان بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی خومەینی و لەژێر ناوی جینایەتی موقەدەس دەستیان کرد بە تێرۆ و کوشتنی کەسایەتیە ناسراوەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات. باڵوێزخانەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات بوونە شوێنی سازماندان و رێکخستنی کارە تێرۆریستیەکانی دەسەڵات و داڵدەدانی تێرۆریستان و بۆ ئەو مەبەستەش تێچویەکی یەکجار زۆر لەبەرچاو گیرابوو.

لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە کە کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی خۆی بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاندووە لەھەر مەقتەعێکی زەمەنی و بە ھەر بیانوویەک کاربەدەستانی رێژیم بە پشت بەستن بە یاسای بنەڕەتی حکومەت کە یاسایەکی دژە مرۆڤ و دینیە خەڵکی ئازادیخواز و جیابیریان کردوە بە ئامانجی خۆیان و بۆ سەرکوت و بێ دەنگکردنیان لە ھیچ جینایەتێک سڵیان نەکردوە. ئێعدام، ئەشکەنجە، رەشبگیری، زیندانی قورس و سزای ئیسلامی و نامرۆڤانە و چارەرەشی دیاری کۆماری ئیسلامی و وەلامی نارەزایەتی خەڵکی بێتاوان بووە. لە بەرامبەر ھەموو ئەوکوشتو بڕین و سەرکوتەدا دەمانەوێ چاوێک بە کارنامەی دژە خۆکەی کۆماری ئیسلامی کە خەڵکی خۆڕاگر و خەباتکاری ئێرانن بخشێنین.

بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ھەر لە سەرەتاوە تا بە ھەنوکەش لە ئازادیخوازان ئاخێندراوە و بێدادگاکانی دەسەڵاتی خوێنرێژ  بە پشت بەستن بە ئیسلام و کتێبی قورئان مژوڵی سەپاندنی حوکمی ناڕەوا بە سەر جیابیران دایە. لە بەرامەبەر ھەموو ئەوکوشت و بڕ و سەرکوتەدا دەمانەوێ ئاوڕێک لە بزوتنەوەی ئازادیخواز و دژە حکومەت بخشێنین کە ھەر لە سەرەتاوە نایان بە رژیم و دەسەڵاتەکەی وت و لە بەرامبەر زوڵم و زۆر دا وەستان و تا بە ئێستاش لەسەر پێیە..

لە ئەنجامی سیاسەتە شەڕانگێز و سەرەڕۆیانەکانی ئێران و گەمارۆ یەک لە دوای یەکەکانی کە بە سەریدا سەپا بارودۆخی خەڵکی ئێران رۆژ بە ڕۆژ خراپتر بووە و دوکەڵی نابەرپرسیارێتی سیستم چووە چاوی خەلکی ئەم وڵاتە، بە تایبەت چینی کرێکار و کەم داھات وەک ھەمیشە زیاتر زەرەرمەند بوون.  دوا بە دوای گەمارۆ قورسە ئابوریەکان و چارەرەشی خەڵک و بێمافی ھەرچی زیاتریان کۆماری ئیسلامی جارێکی تر نابەرپرسیاری خۆی بەرامبەر بە خەڵک و کێشەکانیان نیشان داو بە گرتن و زیندان و سەرکوت وەڵامی خەڵکی دایەوە. لەوکاتەدا کە خەڵک بە تایبەتی چینی کەم داھات بۆ تێچوی ژەمە نانێک ماونەتەوە و پارەی رۆژێک فرۆشتنی ھێزی بازوی کرێکارێک وەڵامدەری ژەمە نانێکیش نییە کۆماری تێرۆریست بۆ گارانتی و مانەوەی ھێژمۆنی خۆی سەروەت و سامانی خەڵک سەرفی گروپە تێرۆریستیەکانی حیزبوڵای لوبنان و سوریە و فەلستین دەکات و وەک ئەرکی خۆی ناوی لێ دەبات. ئاکامی ئەو سیاسەتانە و گرانی و بێکاری و سەرھەڵدانی دیاردە کۆمەڵایەتیەکان بە ھۆی داڕمامی ئابوری ئێران بوو بە ھەوێنی خۆ رێکخستن و یەکگرتوویی خەڵک بە ڕێبەری بزوتنەوەی کرێکاری و خۆی لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی و ڕژانە سەرشەقـامدا دیتەوە. خەڵک سەرەرای سەرکوتی زۆر و ئەشکەنجە و زیندان لە خەبات و دروشم دان کە یەک لەوان (نان ، کار، ئازادی بوو نەکشانەوە و راستەوخۆ پایەکانی کۆماری ئیسلامێ و رێبەرییان کردە سەردێری دروشمەکانیان. کۆماری ئیسلامی و دەزگای سەرکوت و نیھادە ئەمنیەتیەکانیش وەک ھەمیشە جارێکی تر کارنامەیەکی رەشیان بۆ خۆیان تۆمار کرد و لە ھیچ جینایەتێک درێغیان نەکرد. کۆماری ئیسلامی و دامەزراوە ئەمنیەتیەکانی دەستیان کرد بە گرتن و زیندانیکردنی ئازادیخوازان کە لەم دواییانەدا رێبەرانی بزوتنەوەی کرێکاری کە لەناویان دا سێپیدە قۆلیان و ئیسمائیل بەخشی و ھتد دوایی دەبینرێن. لە تازەترین ھەڵوێستی رژێم بەرامبەر بە ئازادیخوازان جارێکیتر بێ دادگاکانی  بە ناوی خوا و شەرعەوە حوکمی ناعادڵانەی بەسەر رێبەرانی کرێکاریدا سەپاند و حوکمی ناڕەوای زیندانی درێژ ماوە و شەلاقی بۆ بڕینەوە. ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی جارێکی تر رواڵەتی ڕاستەقینە و دزێوی خۆی نیشان دا و حوکمی نارەوای بە سەر ئازادیخوازان دا سەپاند پرسێکی دوور لە ڕاستی نەبوو، سزای دادگایەکی پوچ بۆ کەسانێک کە  تەنیا  تاوانیان!! بەرگری لە ژیان و ژیانێکی باشترو مرۆڤی بوو، ئەم سزایە ترسە لە بزوتنەوەی کرێکاریی و نارەزایەتی جەماوەری و بۆ ترساندنی کۆمەڵگەیە… بەڵام ئەو سزایانە بەر بە بزوتنەوەی کرێکاریی و جەماوەری بۆ روخاندنی رژێم ناگریت. ئەوەی ڕون و ئاشکرایە شکستی کۆماری ئیسلامی و دوایین پەلەقاژەکانێتی بۆ مانەوەی پایە لەرزۆکەکانی دەسەلاتەکەی. ڕێبەرانی کرێکاری و بزوتنەوەی ئازادیخوازی و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بە کوشتن و بڕین و زیندان لە خەبات سڵ ناکەن و تەنانەت بەندیخانەش دەکەنە قوتابخانەی خۆڕاگری و مێژوو  دەمێکە ئەو ڕاستیەی دەرخستووە. خەڵکی ئازادیخوازیش دەبێ  ھەروا لەسەر پێ لە بەرامبەر زوڵم و زۆری ڕژێم راوەستن و ھەوڵ بۆ نەمانی یەکجارەکی کۆماری زیندان و ئەشکەنجە بدەن. کۆماری ئیسلامی و کاربەدەستانی ئەوە باش دەزانن کە بە زویی دەسەڵاتی قیزەون و دینیان کۆتایی پێدێ و لە دادگایەکی  خەڵکیدا  بەھۆی  تاوانی کوشتار، جەنگ، سێدارە، سەنگسار، تاڵانی و دزی… بە سزای خۆیان دەگەن.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *