هەواڵی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان …

ئامادەکردنی: ئاراس ڕەشید …

ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی عێراق

لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەرەوە خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی خوارووی عێراق دەستی پێکرد، و لە ٢٤ی ئۆکتۆبەرەوە پێی نایە دەورەیەکی تازە لە خۆپیشاندان ناڕەزایەتی. هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی ئاستی تووڕەیی خەڵک لە سیاسەتی گشتی تایەفی و گەندەڵی ڕژێمی سیاسی عێڕاقەوە سەرچاوەی گرتووە کە شۆڕبۆتەوە بۆ نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاو و کارەبا و بێکاریەکی زۆر و بەفیڕۆدانی سامانی وڵات  دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە وەک ئێران و سعودیە و تورکیا تا دەگات بە ئەمەریکا. لە ساڵی ٢٠١١ ەوە ناڕەزایەتی لە ئاستە جۆراوجۆرەکان کراوە و ڕێکخراوە و لەلایەن هێزە سیاسیەکانەوە سوودی لێبینراوە. بەڵام ئەمجارە خەڵک لەو گەمە سیاسیە مەزهەبی و تایەفی و قەومیە باشتر تێگەیشتووە، هەر بۆیە تاوەکو ئێستا نەیانهێشتووە لایەنەکانی ناو عەمەلیەی سیاسی عێراق دەخالەت بکەن. شایانی باسە ناڕەزایەتیەکانی لوبنان و شیلیش کە هاوکات بوون، کارکردی خۆی هەبوو لە ئاستی گشتیدا و لە شێوەی ڕێکخستن و هاتنە ناوەوەی سونەت و شێوەکاری تازە.

خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی ئۆکتۆبەر سیما و ئامانجی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی و شێوەکاری  لەخۆگرتووە و جێگەی سەرنج و ڕاوەستانە لەسەری. چونکە ماوەی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و هاتنی دەسەڵاتی سیاسی مەزهەبی و تاییفی قەومی سەر ئێران و سعودیە و تورکیا و دەستێوەردانی ئەمەریکا لە ٢٠٠٣ ەوە نائارامی لە شارەکانی خواروو هەر ماوەو سەردەمێک بە بیانوویەک. کێشەکانی سوونە لە شارەکانی فەلووجە و ئەنبار تادەگاتە دوایینیان کە داعش بوو. ئەم هەلومەرجە وڵات بەگشتی و خەڵکی بەتایبەت زۆر بردە دواوە لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی سیمای مەدەنیەوە، بەتایبەت مەسەلەی برەودان بەمەزهەب بە تایبەت مەزهەبی شیعەو ژیانەوەی لە لایەن ئێرانەوە و بەهێزبوونی جێ پێگەی ئێران، ئەمەش بەئێرانکردنی عێراقی پێوە دیار بوو لە ڕووی مافی ژنان و منداڵ و مەدەنیەت تا دەگاتە سەرکوتی سیاسی و ڕۆژنامەگەری و بیروڕا.

لەم خۆپیشاندانەدا زۆرێک لەم سیمایانە بەرچاون بەنموونە (بەشداری زۆری ژنان، هاوکاری یەکتر لەلایەن خۆپیشاندەران لە مەسەلەی خواردن و تیمارکردن و گواستنەوە و دیارنەبوونی شیعارە مەزهەبی و قەومی و تایەفیەکان، پشتیوانی خوێندکاران و مامۆستایان و بەشێک لە کرێکارانی گازی بەسرە، هەروەها فراوانبوونەوەی بۆ زۆرێک لە شارەکان کە دوایینیان شاری دیالە (بەعقوبە) بووە، دەستگرتن بەسەر زۆرێک لە بارەگای حزبەکانی ناو دەسەڵات و بینایەی پارێزگا و قایمقامیەت و شوێنە حکومیەکان، هەروەها وەڵامدانەوەی دەسەڵاتداران و هاتنە سەرخەتی  پەرلەمان و حکومەت بە بەشێک لە داواکاریەکان، گۆڕینی داواکاریەکان بەپێی چوونەپێشی تەوازن هێز، واتە بەرزکردنەوەی داواکاریەکان کە دوایینیان داواکردنی هەموو دەسەڵاتێک بۆ خەڵک. لەبەرامبەردا دەسەڵاتداران لە ڕێگەی هێزە ئەمنیە سەرکووتگەرەکانیانەوە بە دڕەندەترین شێواز وەڵامی خۆپیشاندەرانیان داوەتەوە و زۆرترین قوربانی و بریندار و گرتنی لێ کەوتۆتەوە. بەپێی ئامارەکانی مافی مرۆڤی عێراق پتر لە ٢٥٠ کوژراو ٥٥٠٠ بریندار و ژمارەیەکی نادیار لە گیراو هەیە. ئەم ژمارانەش زۆر دروست نین ڕەنگە زۆر لەوە پتر بن، چونکە دەسەڵات ڕێی بەهیچ نەخۆشخانەیەک نەداوە کە ئامار بدەن بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن. شایانی باسە کە لە ٧٠٪ ی بریندار و قوربانیەکان لەسەر و سینگی هاوڵاتیان بووە. دوایین ڕاپۆرت ئاماژە بە ١٤٩ هاوڵاتی و ٨ لەهێزە ئەمنیەکان دەکات.

هەروەک دەڵێن ڕۆژانی شۆڕشگێڕی دەرس و تەجروبەی بەقەدەر دەیان ساڵی ڕۆژانی ئاسایی تێدایە و کۆمەڵگە بۆ گۆڕانکاری پاڵ پێوە دەنێت.

 

ئێرانلێدان و دەستگیرکردنی کرێکارانی ناڕازای لە نزیک تاران

عدەل آذر آب يقطعون خط سكك حديدية

دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ئێران ڕایانگەیاند کە هێزە ئەمنیەکان ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ئۆکتۆبەر هێرشیان کردۆتە سەر کرێکارانی ناڕازی لە شاری ئاراکی نزیک تارانی پایتەخت، دوای ئەوەی کرێکاران هێڵی شەمەندەفەری نێوان باکوور و باشووریان داخستبوو. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە هێزە ئەمنیەکان لە کرێکارانی کارگەی”ئازەر ئاب” یان داوە، کاتێک ئەو کرێکارانە بۆ ڕۆژی ١٣هەم لەسەر یەک ناڕەزایەتیان دەربڕیوە بەهۆی نەدان و دواکەوتنی مووچە و دەرماڵەکانیان.

بەپێی ئاژانسی” ئایسنا” ی خوێندکارانی ئێرانی، ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە دەسەڵات ژمارەیەکی لە کرێکارانی ناڕازی گرتوون، بەپێی قسەی چالاکوانان ژمارەی کرێکارانی دەستگیرکراو دەگاتە ٤٠ کرێکار.

لەو کرتە ڤیدیۆیانە دەردەکەوێت کە چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بڵاوی دەکەنەوە، کە چۆن هێزە ئەمنیەکان هێرش دەکەنە سەر ئەو کۆمەڵگەی کرێکاران، بەهۆی بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕژێن و لێدان لە ناڕازیان، بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک. بەپێی ڕاپۆرتەکان، هەندێک لەوکرێکارانە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئاراک، بەڵام هێزە ئەمنیەکان بەدوایانەوە بوون و ژمارەیەکی لێ دەستگیر کردوون. بەپێی قسەکانی ئەندامی ئەنجومەنی شاری ئاراک بۆ ئاژانسی”فارس” کرێکاران داوای ڕوونکردنەوەیان کردووە سەبارەت بە داهاتووی کۆمپانیاکە و خاوەنی پشکەکان و چارەنووسی کارەکانیان. لەئێستادا، بانکی کشتوکاڵی ( کشتوکاڵ) بە شەریکی سەرەکی کۆمپانیاکە دادەنرێت، کرێکارانیش جەخت لەوە دەکەنەوە ئەم بانکە گرنگی نادات بە مووچە و داهاتووی کرێکاران. ئەندامی ئەنجوومەنی شارەکە ڕەخنەی لە نەدانی مووچەی ٣مانگی کرێکارن گرت، و ئەوەشی زیادکرد” لەئێستادا هەموو هێڵەکانی بەرهەمهێنان لە کۆمپانیای ئازەر ئاب لەکار کەوتووە بەهۆی کەمی داواکاری و بەرهەم، هەربۆیە کرێکاران نیگەرانن لە داهاتوویان”.

شایانی باسە کە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران لە سەرتاسەری ئێران بەشێوەیەکی زۆر ڕوو لە هەڵکشاندایە، و هەموو کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریەکانی گرتۆتەوە، ئەوەش لە ئەنجامی نەدانی مووچە و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاو خۆراک و هەڵئاوسانەوە. بەپێی ئاژانسی” هەر ئانا” ی سەربە کۆمەڵێک هەڵسوڕاوی مافی مرۆڤی ئێرانی، ئەم چەند ڕۆژەی ئێران چەندان خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری لە ژمارەیەک شار بەخۆوە بینیوە، لەوانە گردبوونەوەی خانەنشینانی کارگەی ئاسن لە ئەسفەهان بەهۆی نەدانی مووچەکانیان.

خۆپیشاندانەکانی لوبنان ٢٠١٩

خۆپیشاندانەکانی لوبنان ٢٠١٩ زنجیرەیەک ناڕەزایەتی جەماوەری بوو لە ١٧ی ئۆکتۆبەر ٢٠١٩ دەستیپێکرد، بەدوای شکستهێنانی حکومەتی لوبنانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو قەیرانە ئابووریەی کە تێی کەوتووە. خۆپیشاندانەکان سەرەتا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەهۆی ڕاگەیاندنی پلانەکانی حکومەت بۆ سەپاندنی باجی زیاتر بۆ سەر بەنزین و توتن هات، هەروەها باجی بۆ هێڵی تەلەفۆن و ئەنتەرنێت ئەو ئەپانەی بەکاری دێنن وەک (وەتس ئەپ). کە بڕیار بوو لە ٢٢ی ئۆکتۆبەر دەنگی لەسەر بدرێت، هەروەها سوتانی دارستانەکان لە پتر لە ١٠٠ ناوچە و نەتوانینی ئیدارەکردنی کوژاندنەوەی، و قەیرانی دۆلار و لیرەی لوبنای، هەموو ئەم کێشانە لە ماوەی ئەم هەفتانەی ڕابردوو، ناڕەزایەتیەکان فراوان بوونەوە و داوای ڕووخانی هەر سێ سەرۆکایەتیەکانیان کرد لە لوبنان.

پاشخان:

ئەگەر سەرنجی خۆپیشاندانەکان بکەیت، لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی ئەو قەیرانانە بوو کە لەماوەی ئەم چەند هەفتەیەی ڕابردوو سەریان هەڵدا. لە قەیرانی دۆلار تا دەگات بە وێستگەکانی سووتەمەنی کە زیانی لە پتر لە ١٠٠ شوێن بەرکەوت لە کاتی سووتانی دارستانەکان کە هۆکارەکەی ناتوانایی لە دەستبەسەراگرتنی ئاگرکەوتنەوەکان، ئەویش بە هۆی نەبوونی نۆژەنکردنەوەی هەلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوەکان، هەروەها سەپاندنی باج بۆسەر بەنزین و تەلەفۆن لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە. ناڕەزایەتیەکان لە هەڵکشاندا بوون بە ژمارەی بچووک لە دەوروبەری بەیروت لە کۆتایی مانگی سپتامبەر.  لە ١ی ئۆکتۆبەر بانکی ناوەندی لوبنانی پلانێکی ستراتیجی ئابووری گرتەبەر، ئەویش بە پێشکەشکردنی دۆلار بۆ هەموو ئەو کۆمپانیانەی لە بواری هاوردەکردنی گەنم و بەنزین و دەرماندا کاردەکەن، بۆئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە کارەکانیان. شیکەرەوە ئابووریەکان پیان وابوو ئەمە چارەسەرێکی کورت ماوەیە.

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە ١٧ی ئۆکتۆبەر و گفتوگۆی ٣٦ بەند لەبەرنامەی کاردا بوو، لەگەڵیدا حکومەت پێشنیاری زیادکردنی بوودجەی وڵاتی کرد بۆ ٢٠٢٠. یەکێک لە بەندەکان زیادکردنی باجی نرخی زیادە(VAT) بە ڕێژەی ٢٪ بە هاتنی ساڵی ٢٠٢١ و ٢٪ بە هاتنی ساڵی ٢٠٢٢، کۆی ئەمەش دەگاتە ١٥٪. سەرەڕای ئەوە، هەروەها ٢.٠ لەسەر تەلەفۆن بە ئەنتەرنێت وەک وەتس ئاپ و فەیس تایم …تاد زیادکرا. بڕیار بوو کۆبوونەوەی کۆتایی بۆ ڕەشنووسی بودجە لە ١٨ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچێت. بەڵام لەسەر داوای سەرۆک وەزیران سعد الحریری و سەرۆک میشال عون ڕەتکرایەوە.

ناڕەزایەتیەکان

شەوی پێنجشەممە ١٧ی ئۆکتۆبەر نزیکەی ١٠٠ چالاکوانی مەدەنی ناڕەزایەتیان دژ بەو باجە تازانە کرد، ئەمە بووە هۆی داخستنی شەقامە گرنگەکانی کە دەبێتە هۆی بەستنەوەی خۆرهەڵات بە خۆرئاوای بەیروت.وەزیری پەروەردە ئەکرەم شەهیب و پاسەوانەکانی لەو شوێنەی خۆپیشاندانەکەی تێدا دەکرا تێپەڕبوون، و خۆپیشاندەران ئۆتۆمۆبیلەکەی وەزیریان تەقاندەوە. یەکێک لە پاسەوانەکانی وەزیر تەقەی هەڕەمەکی کرد و ئەوە بووە هۆی تووڕەکردنی خۆپیشاندەران، سەرەڕای نەبوونی بریندار. جێی ئاماژەیە کە وەزیر  ئەندامی حزبی پێشکەوتوخوازی سۆسیالیستی لوبنانیە PSP. سەرۆکی حزب لە تویتێکدا بۆ وەزیر داوایکرد کە پاسەوانەکە بەپێی یاسا ڕادەستی پۆلیس بکەن. پاشان بووە هۆی بەدیارکەوتنی زۆرتری خۆپیشاندەران لە مەیدانی شەهیدان و نەجمە و شەقامی سورو هەروەها لە زۆرێک لە ناوچەکانی دیکە لە سەرتاسەری لوبنان. سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەیەکی لە ناکاوی ڕاگەیاند لەسەر پێشنیاری سەرۆک مشیل عون. دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دوایی ١٨ی ئۆکتۆبەر خۆپیشاندانەکان ترسناکتر بوون، و وەزیری پەروەردە بڕیاری داخستنی هەموو خوێندنگا و زانکۆ گشتی و تایبەتەکانیدا لە ١٨ی ئۆکتۆبەر. لە دەوروبەری کاتژمێر ١١ی شەوی ١٧ی ئۆکتۆبەر، مەحەمەد شەقیرە وەزیری گەیاندن پێشنیاری باجی تەلەفۆنی ئەنتەرنێتی وەک WhatsApp tax ی هەڵوەشاندەوە. ڕۆژی ٣٠ی ئۆکتۆبەر سەرۆک وەزیران سعد الحریری دەستی لەکارکێشایەوە.

بەپێچەوانەی شۆڕشی ئەرزی ساڵی ٢٠٠٥ کاتێک پشتیوانی سەرەکی کێشەی سیاسی لەگەڵ حزبە سیاسیەکان و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و ئایینی لە نێوان ئیسلامی سونە و شیعە بوو لە لوبنان. هەروەها ناڕەزایەتیەکانی ٢٠١٥ بە ڕەخنەگرتنی سەرۆکەکانی ناو کۆمەڵگە لە بەرامبەر حزب اللە. ناڕەزایەتیەکانی ٢٠١٩ ئەم دابەشبوونە کۆمەڵایەتیانەی تێپەڕاند، بەجۆرێک بزووتنەوەیەکی جەماوەری ڕاستەقینە بوو هیچ حزب و لایەنێک لەپشتیەوە نەبوو وەک تایفە بە مان گشتیەکەی وەک ساڵی ٢٠١٥. بەڵکو ناڕەزایەتیەکان بریتی بوو لە” ترس لە لەناوچوون” بۆ ” حکومەتی لوبنانی و نوخبەی سیاسی” و شۆڕش. ….

خۆپیشاندانی ملیۆنی شیلی دژ بە زیادبوونی نرخی میترۆ

ڕۆژی هەینی  ٢٥ ئۆکتۆبەر ٢٠١٩ خۆپیشاندانی مەزنی بێوێنە لە وڵاتی شیلی بەڕێوە چوو، بۆفشارخستنە سەر سەرۆک سیبستیان بینیرا. خۆپیشاندەران بە پتر لە ملیۆنێک کەس مەزەندە دەکرا. خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی ئاڵای شیلی و گووتنەوەی گۆرانی میللی سەردەمانی دیکتاتۆر ئۆغستۆ نینۆشیە (١٩٧٣-١٩٩٠)  لە مەیدانی ئیتالیا کە بووە ناوەندنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی، هەروەها شەقامەکانی دەوروبەری.

حاکمی ناوچەی سانتیاگۆ کارلا ڕۆبیلار هاوسۆزی خۆی نیشاندا لەو بەشداریە چڕەی کە پتر لە ملیۆنێک کەس لە سانتیاگۆ و ناوچەکانی دیکەی وڵات گردبوونەوە.

سەرەڕای بڵاوەپێکردنی نزیکەی ٢٠هەزار پۆلیس و سەرباز، خۆپیشاندان لە کەشێکی ئاهەنگ ئامێز لە پایتەخت بەڕێوە چوو، لە کاتێکدا سانتیاگۆ و هەندێک شاری دیکە تاوەکو ئێستا لەژێر هەلومەرجی قەدەغەی هاتووچۆدان.

ئەم کەش و هەوایە پێچەوانەی خۆپیشاندانەکانی هەفتەی پێشوو بوو کە تێیدا توندوتیژی لێکەوتەوە و زۆرێک لە وێستگەکانی میترۆ و سووتەمەنی و دوکانە بازرگانیەکان زەرەریان پێکەوت. بەمجۆرە بۆ ڕۆژی ٧تەم لەسەریەک قەدەغەی هاتووچۆ لە ١١ی شەو بۆ ٤ بەیانی ڕاگەیەندرا لە سانتیاگۆ کە ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە ٧.٥ ملیۆن کەس. هەزاران کەسی دیکەش لەشارەکانی تری شیلی هاتنە سەر شەقام.

سەرۆکی وڵات جەختی لەوە کردەوە کە ئەو” پەیامی خەڵکی گوێ لێ بووە” کە خۆپیشاندەران ناردوویانە. لە تویتێکیدا گووتی” گردبوونەوەی ئاشتیانەی ئەمڕۆی خەڵکی شیلی مانای وایە خەڵکی شیلی عەدالەت و هاوپشتی زیاتریان دەوێت، ئەمەش ڕێگای گەورە دەکاتەوە بۆ هیوا و داهاتوو” ئەوەشی زیادکرد” پەیامەکەمان گوێ لێبوو”
ئەو تووڕەییە کۆمەڵایەتیەی تەقیەوە بەشێوەی خۆپیشاندان و تێکدان و پێکدادان لەگەڵ پۆلیس، بەدوای زیادکردنی ڕێژەی ٣.٧٥٪ ی نرخی میترۆ لە سانتیاگۆ لە هەفتەی رابردوو ڕوویدا، بەڵام تاوەکو ئێستاش ئارام نەبۆتەوە. لە هەوڵێکیدا بۆ کەمکردنەوەی ئەو دڵەڕاوکێیە، پارێزگاری ڕایگەیاند کە دەسەڵاتداران” کاردەکەن لەسەر پلانێک بۆ ئاساییکردنەوەی ژیان لە وڵاتەکەمان(…) بۆئەوەی بتوانین قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگرین.

دوای ئەم ڕاگەیاندنە، قەدەغەی هاتووچۆ کەمکرایەوە بۆ ٥ سەعات لەجیاتی ١٠ سەعات. سەرۆک زنجیرەیەک کاری کۆمەڵایەتی دەستپێکرد لە ڕۆژی ٣ شەممەدا و گووتی کە چاوەڕوانی ئەو قەیرانەم نەدەکرد و داوای لێبوردن لە هاوولاتیان دەکەم  کە گەیشتینە ئەو ئەنجامە چاوەڕوان نەکراوە.

فراوانبوونەوەی ئەو بزووتنەوەیە گەورەیە بەو بەشداریە گەورەیە و جۆراوجۆریە و بەبێ بوونی ڕابەری ڕوون و دیار. هۆکارەکەی نیگەرانیە لە هەلومەرجی خراپی کۆمەڵایەتی و نابەرابەری لە وڵاتێک کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٨ ملیۆنە. دوای هەفتەیەک لە دەستپێکردنی ناڕەزایەتی بێ وێنە لە دەهەیەک لە وڵاتێک کە بە جێگیرترین وڵاتانی ئەمەریکای لاتینی دادەنرێت، واچاوەڕوان ناکرێت ئەو ناڕەزایەتیانە پاشەکشە بکەن….

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٦٣ی ١ نۆڤەمبەری ٢٠١٩ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *