توندوتیژی دژی ئافرەت تایبەت نییە بە شوێنێکی دیاریکراو …

نووسینی: هەناسە عەزیز

لەهەموو وڵاتانی جیهان توندتیژی دژی ئافرەتان دەکرێ جا کەم بێت یان زۆر، بەڵام لەوڵاتێک بۆ وڵاتێکیتر جیاوازە. توندوتیژی هەر جۆرێک بێت دەروونی بێت، جەستەیی بێت، کۆمەڵایەتی بێت. توندوتیژی تەنیا ئەوە نییە جەستەی ئافرەت ئازار بدرێت. سەبارەت بەوەی کەدەپرسین ئەوهۆکارانە چین کەوا دەکات ئافرەت توندوتیژی بەرامبەر بکرێ؟ هۆکاری ئەمەش کەئافرەت زیاتر توندتیژی بەرامبەر دەکرێ بۆ کۆمەڵێ هۆکار دەگەرێتەوە، لەوانەش پیاو هەمیشە ئافرەت وەک کۆیلەی خۆی دەبینێ. هەمیشە ئافرەت وەک تاکی پلە دووەم سەیر دەکا لە ناوخێزاندا. پیاو لەخەیاڵی خۆی وای داناوە کەئافرەت تەنیا کۆمەڵێ ئەرکی لەسەرشانە بێ ئەوەی هیچ مافێکی هەبێ. رەنگە ئەمەش کاریگەری باوک سالاری بێ کە هێشتا ماوە بەسەر کۆمەڵگەی ئێمە. ئێمەش کە بەم شێوەیە باسی پیاو دەکەین دیارە مەبەستمان هەموو پیاوێک نییە لەگەڵ رێزم بۆ باشەکان بۆ ئەوانەی تێگەیشتوون. زۆرجار ژنان بەبیانوی لادان لەنەریتی باو باپیرانەوە وە لەکەدارکردنی شەرەف لەلایەن هاوسەرەکانیان توشی توندوتیژی دەبنەو هەندێ جاریش ئەمە دەگاتە حاڵەتی کوشتن هەر وەک لە یاسای سزدانی عێراقی ژمارە (۱۸۸)سالی(١٩٦٩) هەمووار کراو بەرکار لەهەرێمی کوردستاندا، مادەیەک هەیە سەبارەت بەسوککردنی سزای ئەو پیاوەی کە خێزانەکەی یاخود یەکێک لە کارە نەشیاوەکانی ببینێ وەکو حاڵەتی زینا دەست بەجێ بیان کوژێت. لێرەدا سزای ئەم پیاوە سوککراوە بەزیندانیکردن بۆ ماوەیەک لە سێ ساڵ زیاتر نەبێ، بەلام ئەم ماددەیە لە هەرێم کاری پێناکرێ و ڕاگیراوە. هۆکاری راگرتنەکەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کەوا ئەم مادەیە زۆرجار بەکار دەهات لەلایەن پیاوەکانەوە بەمەبەستی ڕزگاربوونیان لە خێزانەکەیان، کاتێ دەیان ویست لێیان جیاببنەوە جا بەهەر هۆکارێ بێ. هۆکارێکی تر کە ئێستا زۆرە ئەویش بەکارهێنانی مادەی بێ هۆشکەرە، مادە سرکەرەکان لەلایەن بەشیک لە پیاوانەوە. کاتێ دەچنە ماڵەوە بە سەرخۆشی ئیتر دەکەونە گیانی خێزانەکەیان و ئەشکەنجەیان دەدەن، بەراستی بەکارهێنانی ئەم مادانە بەرێژەیەکی زۆر بڵاوبۆتەوە، دیارە هۆکار گەلێکی زۆر هەن بۆ ئەنجام دانی توندوتیژی لەلایەن پیاوانەوە دژی ژنان کە لێرەدا رەنگە نەتوانین باسی هەموو هۆکارەکان بکەین، هەروەها کە دەپرسین ئایا ئافرەت تاچەند هۆکارە بۆئەوەی توندوتیژی بەرامبەری ئەنجام بدرێت لەلایەن پیاوانەوە. دەتوانین بلێین ژنان زۆر بەدەگمەن هۆکاری توندوتیژی پیاوانن بەرامبەریان. ئەگەر چەند حاڵەتێک هەبێت کە ژنان هۆکاربن، بەهیچ جۆرێک ئەو راستیە ناشارێتەوە، کە توندوتیژی بەرامبەر بەژنان لەلایەن دەسەڵات، پیاوسالاری، یاساکان، خوێندن و پەروەردەی ناتەندروست، کۆمەڵگە و خێزان، راستیەکی بەبڵاوەو نکۆڵی لێکردن هەڵناگرێت. بیگومان ژنانێک هەن هەمیشە داواکاری قورس لەپیاوەکانیان دەکەن، کەقابیلی جێ بەجێکردن نییە بۆیان، بەتایبەت بۆ کەسانی کەم دەرامەت و هەژار… بەڵام ئەمە هەرگیز نابێ ببێتە هۆکاری نواندنی توندوتیژی و بەکەم سەیرکردنی ژنان، بەڵکو دەبێ بە گفتوگۆ و ڕاگۆرینەوە ئەو گرفتانە وەلابنرێن. بەتایبەتیش زوربەی گرفتەکان پەیوەندیان بە نابەرابەری ئابورییەوە هەیە، پەیوەندی بە بێکاری و هەژاری و گرانییەوە هەیە، کەدەسەڵات بەرپرسی سەرەکیەتی.

توندوتیژی دژی ژنان بەجۆرێکە کە تەنانەت رەچاوی تەمەنیشیان ناکرێت. باسکردن و بیرکردنەوە لە بەشودانی کچێکی کەمتر لە ١٨ ساڵ، خۆی توندوتیژییە. بەشودانی ژن بێ رەزامەندی خۆی گەورەترین توندوتیژییە بەرامبەر بەژن. واتە ئافرەت لەکۆمەڵگەی پیاوسالاریدا لە هەرتەمەنێک بێت دەکرێ بەشێوەی جۆراوجۆر توندتیژی بەرامبەر بکرێ. جا هەریەکەو لە ئاست تەمەنی خۆی دەبینین کچێکی تەمەن خوار نۆسالی توندوتیژی بەرامبەر دەکرێ، ئەویش ناچارکردنی بە ئەنجامدانی کارێک یان رێگریکردنی لە ئەنجامدانی کارێک. بۆنمونە ناچارکردنی بەسواڵکردن بۆ پەیدا کردنی پارە یانیش دەبینین قەدەغە دەکرێ لە کردنی کارێک وەک رێگە نەدانی بەوەی بەردەوام بێت لە خوێندن. لەهەمان کاتدا دەبینین ئافرەتێ ناچار دەکرێ بەکردنی کارێک وەک ناچارکردنی لەلایەن پیاوەکەی بە ئەنجامدانی داوێن پیسی لەپێناو پەیاکردنی پارە یان بە قەدەغەکردنی کارێک وەک رێگری کردن لە ئافرەت لەلایەن پیاوەکەی بەوەی کە ناهێلێت بەردەوام بێت لە کاری فەرمانبەری لەهەر دەزگایەک هەروەها یان زۆرجار دەبینین ئافرەتێک بەتەمەنیشە توندتیژی بەرامبەر دەکرێ بەوەی بێبەش دەکرێ لە بەشە میراتی لەلایەن کەس و کاری جا ئەمەش دەچێتە قالبی توندوتیژی، چونکە رێگریکردن و زەوتکردنی هەر مافێکی ئافرەتان بەتوندوتیژی دادەنرێت، بەوەش بۆمان دەردەکەوێت کە رەچاوی تەمەن ناکرێ بۆ توندتیژی واتە دەکرێ ئافرەت لەکۆمەڵگەی پیاوسالاری و دەسەڵاتی دواکەوتودا لەهەر تەمەنێکدا بێت، ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە.

زۆرجار ئیمە دەبینین وەسائیلەکانی پێشکەوتن بەکار دەهێنرێن بۆ توندوتیژی دژی ژنان. ئەمەش دوای بلاوبوونەوەی هەریەک لەئامڕازە زیرەکەکانی وەکو موبایل و ئایپاد و تابلیە جۆراوجۆرەکان و بەکەڵک وەرگرتنی خراپ لە فەیس بوک، سناب چات، ئینستاگرام، تانگۆ و فایبەر وەتس ئەپ و…تاد

ئامێرە زیرەکەکان چۆن لایەنی ئیجابیان هەیەو کارئاسانی بۆ ئینسان دەکەن، بەهەمان شێوەش ئەگەر خراپ بەکاربهینرێن، کاریگەری خراپ لەدوای خۆیان جێ دەهێڵن. بەداخەوە لەزۆرێک لە کۆمەلگە دواکەوتوەکاندا، خراپ بەکاردەهینرێن و لەم خراپ بەکارهێنانەشدا بەپلەی یەکەم ژنان رووبەرووی ناوزراندن، سوکایەتی، هەرەشە، بەشیوەی گشتی رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە. ئایا یاسا تاچەند رۆلی بینیووە لەکەمکردنەوەی ئەم تووندوتیژیە؟ بێگومان یاسا تاڕادەیەک رۆڵی خۆی بینیووە دەشی بینێت لە کەمکردنەوەی توندووتیژی دژی ژنان. وە یاسا تائەندازەیەک بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێ لەهەندێک کاتدا، یاسای تایبەتمان هەیە وەک یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی خێزان ژمارە (۸) ی سالی ۲۰۱۱ بەرکار لەهەرێمی کوردستان- بەڵام زۆرجار دەبینین توندووتیژی ئەنجام دەدرێت، بەلام بەهەر هۆکارێک بێت لەنێو خێزانەکاندا کپ دەکرێت و نایەڵن بگاتە بەردەم یاساو هەر لەنێو خۆیان دەی شارنەوەو یان بەرێگەی عەشایەری چارەسەری دەکەن چونکە کۆمەلگەی ئیمە تا ئیستا وەکو پیویست متمانەیان بە یاساو داگا نییەو وەکو پیویستیش رۆڵی خۆیان ناگێڕن. دیارە دەکرێ یاسا وردتر بێت باشتر لێکۆلینەو بکات لەو دۆسیانەی پەیوەندیدارن بە تووندتیژی دژی ژنان وردتر دەقیقتر لێکۆلینەوە بکات بۆ تحقیق کردنی مافی ژنان، تا متمانە بەدەست بهێنن.

سەبارەت بە دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئایا رێگا چارەسەر چییە؟ بەراستی ئەگەر ئیمە بڵێین کار دەکەین بۆ ئەوەی توندوتێژی هەر نەمێنی ئەمە شتێکی مەحاڵە، چونکە تەنانەت لەولاتە پێشکەوتووەکانیش توندوتیژی دژی ژنان بوونی هەیە. وە تا نیزامی سەرمایەداری و کاری بەکرێ و نابەرابەری ئابوری بمێنێ، ستەم و توندوتیژیش لەدژی ژنان دەمێنێ، بەلام دەکرێ کەم بکرێتەوە ئەویش لەرێگای ئەنجامدانی کارو چالاکی شەقام، سازدانی کۆر و سیمنار و وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، سزادانی یاسایی ئەوانەی توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدەن، یاسای پیشڕەو جیگریکردنیان هەروەها ئاشنا کردنی ئافرەتان بە ماف و ئازادییەکان. بەراستی توندو تیژی دژی ژنان پێچەوانەی سەرجەم و پرنسیپ و یاسا ئینسانی و پیشکەوتنخوازەکانە. رۆڵی رێکخراوەکانی ژنان سەبارەت بەکەمکردنەوەی ئەم توندتیژییە ناکرێت چاوپۆشی لێبکرێت. بەڵام لە ئاست تمووحی ژنان و یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان لەگەڵ پیاوان نەبووە، دەکرێ کاری باشترو نەخشەمەندانەی باشتر بکرێت.

سەبارەت بەوەی کەرێژەی جیابوونەوە زیادی کردووە

گەر بێینە سەر باسی تەلاق دەبینین لەئیستادا بەرێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە بە بەراورد بە ساڵانی تر گەر سەیری ئامارەکانی ساڵانی رابردوو بکەین دەبینین کە رێژەی “تەلاق” جیابوونەوە لەهەولێر لەساڵی (۲۰۱۷) (٢٩٨٥)حالەتی جیابوونەوە هەبوو، بەلام لەسالی (۲۰۱۸)بووبە(٣٥٩٨) کەواتە بەرێژەیەکی زۆر زیادی کرد مانای وایە(٦١٣) حالەت زیادیکردووە کە تۆمارکراوە لە دادگاکان. هەروەها لە پارێزگای سلێمانی سالی( ۲۰۱۷)(١٣٦٠)حالەتی جیابوونەوە هەبوو لەسالی (۲۰۱۸)بووبە (٤٠٨٠) ئەمەش مانای وایە (٢٧٢٥) حالەت زیادیکردووە. هەروەها لەدهۆک لەسالی(۲۰۱۷) (١٣٨٤)حالەتی جیابوونەوەی هەبووە لەسالی (۲۰۱۸) بووە بە(١٥٠٩) واتە (۱۲٥) حالەت زیادیکردوە بە دڵنیایەوە ئەمەش بۆ ساڵی ۲۰۱۹بەرێژەیەکی زۆر زیادیکردوە ئامارەکە دەخرێتە روو لە کۆتای ساڵدا ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ کۆمەڵێ هۆکار .یەکێک لەو هۆکارانەی کە ئیستا بەرێژەیەکی زۆر هۆکاری جیابوونەوەیە ئەویش ئەنجامدانی هاوسەرگیری لەتەمەنێکی بچووکدا بەرێژەیەکی زۆر بڵاوە. هەرچەند لەیاسای باری کەسی ژمارە (۱۸۸) ی سالی (١٩٥٩) هەموارکراو لە هەرێم کووردستا-عێراق کە دیاریکراوە بەوەی کە دەبێت تەمەنی هەژدە ساڵیان تەواو کردبێ بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیری، بەلام لەگەل ئەمەشدا رێگەی داوە بە ئەنجادانی هاوسەرگیری بۆ ئەوانەی کە لە سەروی تەمەنی پانزە ساڵین  و نەگەیشتوونەتە هەژدە ساڵی. ئەوانیش لەسەر ئیزنی وەلی ئەمرەکەیان کە باوکە لەحالەتی نەبوونی باوکیش کەدایک بە وەلی ئەمر دادەنرێت دوای ئەوەش کچەکە دەنێردرێت بۆ لای پزیشک بۆ دڵنیابوون لە کاملی جەستەی ئافرەت و ئامادەی بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوسەری. جا زۆرجار دەبینین ئەوانەی لەتەمەنی بچووک هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن هەر زوو لەیەکتر بێزار دەبن داوای جیابوونەوە…. دەکەن، چونکە لەمەبەستی زەواج نەگەیشتوون. تەنیا لەپێناو حەز ئەم هاوسەرگیرییە ئەنجامدەدەن. نازانن هاوسەرگیری بریتییە لەکۆمەڵێ بەرپرسیاریەتی و ئەرک. جا دوای چەند مانگێک ئەم حەزەی ئەوان کال دەبێتەوەو لەیەکتر بێزار دەبن. یان لە ئیستادا دەبینین هاوسەرگیری بۆتە چاولێکەری لەلایەن گەنجان. هەروەها هۆکارێکی تری تەلاق لەئیستادا کەزۆر بڵاوە تۆرە کۆمەلایەتیەکانە، کە بەشێوەیەکی خێرا بڵاوبونەوە بەنێو کۆمەلگەی ئێمەدا تاکەکانیش نارۆشنبیریانە بەکاری دێنن. ئیمە رۆژانە دەیان کەیسی جیابوونەوە دەبینین کە هۆکارەکەیان، بۆ خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەگەڕیتەوە. زەواج لەرێگای ناسینی دووربەدوور، بەڵێنی ناو تۆرە کۆمەڵایەتیەکان، بی نزیکایەتی و ناسینی یەکتری… هۆکارێکی تری زەواجی ناسەرکەوتووە وە بەشێکی زۆری بە جیابوونەوە بە کۆتا دەگات. هۆکارێکی تر کیشەی ئابوورییە. کەمبوونەوەی توانای دارایییە، کە دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی ناکۆکی لە خێزاندا. ئەمانە بەشێک لە هۆکاری جیابونەوەن. تاچەند رێگەدراوە لەرێگە دیاڵۆگ و گفتووگۆ کێشە نێوان هاوسەران چارەسەر بکرێ؟ زۆرجار هەول دەدرێت لەرێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکرێن بۆ گەیشتنەوەی هاوسەران بەیەکتر و بۆ رێگریکردن لە هەلوەشانەوەی خێزان، بەلام دەستێوردانی دەوروبەرو گوێنەدان بە ئیرادەی تاکەکان خۆیان، کاریگەری سلبی لەدوای خۆی جێ دەهێڵێت.

زۆرجار دەلێن پارێزەران ئەوەندەی پارەیان لا گرنگە ئەوەندە ئاشتکردنەوەی هاوسەرانیان لا گرنگ نییە، من دەڵێم پیشەی پارێزەریش وەک هەر پیشەیەک دەکرێ کەسانێکی تیابێ هەدەفیان پەیاکردنی پارە بێ هەروەک چۆن پەنجەی دەست هەمووی وەک یەک نییە پارێزەرانیش هەموویان وەک یەک نین، بەمەش ناکرێ ئیمە لە هەیبەت و شکۆی پیشەی پارێزەری کەم بکەینەوە. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە ویژدانی خۆت ئاسودە بکەیت نموونەش زۆرە لەسەر پارێزەری باش من بەچاوی خۆم بینیومە پارێزەر تەداخولی کردوە هاوسەرانی ئاشت کردۆتەوە تێی گەیاندوون ئەرکی هاوسەران بەرامبەر یەکتر چییەو فێری کردوون.

لەکۆتایدا هیوادارم خۆشگوزەرانی باڵ بکێشێ بەسەر تەواوی کۆمەلگەو لێکترازانی خێزان و توندووتیژی کەم بێتەوە…

ئەم بابەتە لە بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەری ژمارە ٦٥ی ١ی دیسەمبەری ٢٠١٩دا بڵاوکراوەتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *