کوشتن و ڕەشەکوژی ڕژیم  ناتوانێ بەر بە ناڕەزایەتی خەڵک بگرێ …

نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

ڕۆژی ٣ی ژانویەی ٢٠٢٠ ی زایینی  قاسم سلێمانی گەورە تێرۆریست و جینایەتکاری ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئەمریکاوە کوژراو و کارنامەی تەژی لە جینایەت و کوشتن و بڕینی بۆ هەتاهەتایە کۆتایی پێهات. سلێمانی فەرماندەی گشتی هێزی سەرکوتگەر و جینایەتکاری قودسی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، کە لە هێرشێکی ئاسمانی و لە ئەنجامی پێکانی لەلایەن هێزەکانی ئامریکاوە هاوکات لەگەڵ فەرماندەرانی حەشدی شەعبی کوژراو. بە وتەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بڕیاری ئەو هێرشە لە لایەن خودی دۆناڵد تڕامپەوە دراوە .قاسم سلێمانی بە هۆی جینایەت و خۆشخزمەتیەکانی بە رژێمی ئیڕان یەکێک لەو کەسانە بوو کە جێگای متمانەی رێبەری نیزام بوو. هەر لە سەرەتاکانی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی سلێمانی بە سپاسی پاسداران پەیوەست دەبێ و دوای راهێنانێکی نیزامی ٤٥ ڕۆژە ناوبراو بۆ کوردستان ڕەوانە دەکرێ تا شٶڕشی کوردستان کپ بکات و خەڵک سەرکوت بکا. سلێمانی جینایەتکار بەهۆی جینایەت و سەرکوت لە کوردستان دەتوانێ پلەکانی خۆی لە سوپا بەرێتە سەر و پەیوەست بێ بە هێزی سەرکوتگەری قودسی سپای پاسداران. لە ماوەی تەمەنی نەگریسی کۆماری ئیسلامی ئەو مۆرانەی کە لە کوردستان لەگەڵ حیزبەکانی جێی متمانەی خەڵک لەوانە کۆمەڵە و حیزبی دیموکرات شەڕیان کردووە و لەو ناوچانە ڕەشەکوژی  و جینایەتیان خوڵقاندووە لە مۆرە سەرەکیەکانی نیزام بوون، چوونکە بەهۆی خزمەتیان بە مانەوەی ڕژیم و سەرکوتی خەڵکی بێتاوان رۆژ بە رۆژ پلەیان دەچووە سەرەوە متمانەی دەسەلاتداران و ڕێبەرانی پلەیەکی ڕژیمیان بە دەست دێنا. بەهەرحال قاسم سلێمانی یەکێک لە جینایەتکارترین مۆرەکانی کۆماری ئیسلامی رۆژی ٣ ی ژانویە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کوژراو و دۆسیەی ئەو مۆرە سوتاوەی ڕژێم بە پلانی لە پێشدا داڕێژراو و لەپێناو مامەڵەکردنێکی ژێر بە ژێری کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا بۆ هەتاهەتایە لەسەر زەوی سڕایەوە و کوژرا، دوابەدوای کوژرانی قاسم سلێمانی لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٨ی ژانویەی ٢٠٢٠ی زایینی دوای شانۆی گێرانی لاشەی قاسم سلێمانی بە ناو شارەکانی ئێران و مانۆڕی ڕژیم و لایەنگرانی ئەو گەورە تێرۆریستە کە پێکهاتوو لە مۆرەکانی ڕژیم و شیعە توندڕەوەکانی ئیران بوو. رژیمی ئێران و ئەمریکا لە رێکەوتنێکی ژێر بە ژێر بۆئەوەی لایەنگران و گروپە توندڕەوە شیعەکانی ناوچەی لایەنگری سلێمانی و بنەماڵەی ناوبراو رەخنە لە ئێران نەگرن کە هیچ هەلویستێکی لە بەرامبەر کوژرانی سلێمانی نییە، هێزی سپای پاسداران چەندین موشەکی ئاراستەی پایەگا و شوێنی سەربازی ئەمریکا کە پێشتر ئاگادار کرابوون و چۆڵ کرابوو کرد و شانۆیەکی فریوکارانەی وەرێخست و خۆی بە سەرکەوتوی مەیدانی شەرەکە ناو برد. شانۆی ئەو هێرشە و ململانیی فریوکارانەی نێوان رێبەرانی پایەبەرزی ئەمریکا و ئێران بۆ هەموو لایەنە سیاسیەکان جێگای شک و گومان بوو، کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆئەوەی لەو ڕوداوە بە قازانجی خۆی کەڵک وەرگرێ و ڕوداوەکان و نارەزایەتیەکانی ئەم دوایانەی ئیران، کە کوشتن و بڕینی و زیندانی خەڵکی بێتاوان و وەزاڵەهاتبووی بە دواوە بوو و ڕەشبگیری ڕژیم هەربەردەوام بوو، بەرەو ئاقارێکی تر ببات. بەڵام بە ڕوداوێکی دڵتەزێنی دیکە کە بە داخەوە بووە هۆی گیان لە دەست دانی نیزیک بە ٢٠٠ مرۆڤی بێ تاوان لە نیزیکی تاران بەدەستی کۆماری ئیسلامی روون بوو وە ڕوداوەکان بە شێوەیەکی تر گۆڕا. چەند کاتژمێر دوای هێڕشی ئاسمانی بۆسەر بنکە چۆڵەکانی ئەمریکا لەلایەن سپای تیرۆریستی پاسداران هەواڵی کەوتنە خوارەوەی فرۆکەیەکی ئوکراینی بڵا کرایەوە و شک و گومانەکان لەو پەیوەندیەدا کە گوایە ئەم فرۆکە لەلایەن موشەکەکانی ئیرانەوە پێکراوە زیاتر بوو، چوونکە ئاماژەکان دەرخەری ئەوە بوون کە فرۆکەکە پێکراوە و لەو پەیوەندیەدا هێزە نێونەتەوەییەکان بێ دەنگ نەبوون و خەریکی لێکۆڵینەوە بوون. ئەوەی جێگای سەرسوڕمان بوو ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران کە عاملی کوژرانی زیاتر لە ٢٠٠ مرۆڤی بێ تاوان بوو بێدەنگی نواند و خۆی لەو بوارەوە بێ ئاگا نیشان دا. بەڵام روونی ڕوداوەکە و بە دواداچوونی ولاتانی ئوروپایی و ئەمریکا بوو بە هۆی ئەوەی کۆماری مرۆڤکوژی ئێران دان بە تاوانەکەی دابنێ و سپاسی پاسداران لە ڕاگەیاندراوێکی بێ شەرمانەدا خۆی بە عاملی ئەو ڕوداوە زانی و ڕایگەیاند کە هەڵەیەکی مرۆڤی بووە. ئەم پرسە بوو بە هۆکاری ئەوەی جارێکی تر خەڵکی وەزاڵەهاتوو بە تایبەت چینی کرێکاری ئەو وڵاتە رقی پەنگ خواردووی خۆیان هەڵڕێژن و بڕژێنەوە سەر شەقامەکان. هاتنە سەرشەقامی خەڵک و ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان لەئێران دوای ڕوداوی کوژرانی موسافیرانی فرۆکە ئوکراینیەکە لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە چەند مانگە لە ئێران رەشەکوژی و رەشبگیری وەرێ خستووە و رۆژ نییە هەواڵی کوژرانی خەڵکی ناڕازی و بێتاوان کە تەنیا لە بەرامبەر سیاسەتە دژە مرۆڤی و شەرانگێزەکانی کۆماری ئیسلامی کە هۆکاری هەژاری و بێدەرەتانی خەڵکی ئەو وڵاتە بوو نارەزایەتیان دەربڕی نەبیسرێ. جەماوەری خەڵکی ناڕازی جارێکی تر شەقامەکانیان داگیر کردەوە و بە دروشمی ڕادیکاڵتر و نەترسانە کە خوازیاری ڕوخانی یەکجارەکی کۆماری ئیسلامی بوون و رێک دروشمیان بە دژی ئۆرگانە دەوڵەتیەکان و بە تایبەت رێبەری سەرەکی نیزام دەدا بەهێزێکی زۆرتر هاتنە مەیدانەوە و خوازیاری کۆتاییهاتن بەو سیستم و ڕژیمە درندە بوون. کۆماری ئیسلامی کە بە هیچ شێوەیەک چاوەڕوانی ئەوە نەبوو کە خەڵک سەرەرای ئەو کوشتن و بڕینە سەرکوتە ئاوا بە خێرایی و نەترس بڕژێنە سەر شەقامەکان زراوی لەو هێزە میلیۆنییە چووە و دەزانێ پایە لەرزۆکەکانی حاکمیەتەکەی روو لە ڕوخانە و خەریکە دوایین پەلەقاژەکانی دەهاوێژێ. ئەوەی کە خەڵکی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ کوژرانی نیزیک بە ٢٠٠ مرۆڤی بێتاوان لە هەموو کات تووڕەتر کرد ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەوەی جینایەتی خوڵقاندبوو لەو بوارەدا بێدەنگی نواند و دوای گوشاری نێونەتەوەیی و لێکۆلینەوەکان و بوونی بەڵگە بێدەنگی شکاند  و ڕاستی روداوەکە ئاشکرا کرا. هەر چەند کۆماری ئیسلامی نەگیانی مرۆڤەکانی بۆ گرینگە و نە هیچ کات دانی بە راستییەکان داناوە و پایەکانی ڕژیمەکەی لەسەر درۆ و تاوان و کوشتن و بڕین ڕۆنراوە. لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی تا بە هەنووکە ئەو ڕژیمە دڕەندە و خوێنمژە کارنامەیەکی ڕەشی لە تاوان و جینایەت بۆخۆی تۆمار کردووە. تیرۆر و کوشتن هەمیشە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بووە و دەسەڵاتدارانی لە هەموو وڵاێیک دەستیان بەخوێنی ئازادیخوازان سوور بووە لەناوخۆی ئێرانیش ساڵەهایە دیاری بۆ خەڵکی ئێران کوشتن، جینایەت، ڕەشبگیری، مادەی سڕکەر، خۆکوژی، بێکاری و هەموو دیاردە کۆمەلایەتیەکان بووە. سەرەرای ئەو هەموو بەدبەختی و نەهامەتییە کە کۆماری ئیسلامی هۆکارەکەیەتی و داوێنی خەڵکی ئێرانی گرتۆتەوە، پرسێک کە دڵخۆشکەرە ئەوەیە کە خەڵک و جەماوەری ئێران هیچ کات لە خەبات سڵیان نەکردووە و بە بچووکترین روداوێک ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دەنگ و هاواری خۆیان بە گوێی جیهانیان داداوە، هەنووکە لە ئێران هەر تاکێک وەک باشترین هەواڵنێر بە تەنیا موبایلێک دەتوانێ دەنگ و هاواری خەڵک بە گوێی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دابدا و نەترسانە بێتە مەیدانی خەباتی سیاسی و داوای مافی رەوای خۆی بکات. ئەوە ئەو راستیە دەخاتە روو کە تاکی ئێرانی و خەڵک بە گشتی لەو وڵاتە قەت لە خەباتی خۆیان پاشگە زنابن وتاکۆتایی و ڕووخانی ڕژیم و وەدیهاتنی سیستمێکی مرۆڤتەوەر کە لەودا مرۆڤەکان ئازاد و یەکسان بن کۆڵ نادەن و هەمیشە شەقامەکان داگیر دەکەن و ترس و دڵەراوکێ دەخەنە دڵی حاکمانی دەوڵەتی سەرمایەداری دینی کۆماری ئیسلامی ئێران. خەڵکی ئێران دەبێ بەوە بگەن کە هەموو ئازادی و مافەکانیان لە سیستمێکی سۆسیالیستی و بەرابەر کە هیچ مرۆڤێک بەهۆی رەنگ و نژاد و ڕەگەز نەچەوسێتەوە مسۆگەر دەبێ.

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٦٧ی بەرواری ١٥ جەنیوەری ٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …