ئێمە لەكوێوە هاتووین؟

ستیڤێن هاوكینگ:

گۆڤاری ناوداری”نیو ساینتیست” لەنوێترین ژمارەی خۆیدا بابەتێكی”ستیڤێن هاوكینگ” فیزیازانی بریتانیی لەبارەی هاتنەكایەوەی بوون و ژیان لەنێو گەردووندا بڵاو كردووەتەوە. ستیڤن هاوکینگ له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا که‌ده‌ڵێت، ئێمه‌ له‌کوێوه‌ هاتووین؟ ئاوا وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌:
بەپێی بیروباوەڕە كۆنەكانی دانیشتوانی ئەفریقای باشوور، بەر لەئێمە، مرۆڤ تەنیا تاریكی وئاو وخودایەكی مەزن هەبوو بەناوی “بۆمبا”. ڕۆژێك بۆمبا ژانەزگی گرت وخۆری ڕشاندەوە وخۆریش بەشێكی ئاوەكانی زەوی كردە هەڵم و وشكاییەكان دروست بوون. ئەو هەر نەخۆش كەوتبوو و مانگیشی ڕشاندەوە دواتر ئەستێرە و پلینگ و تیمساح وكیسەڵ و پاشانیش مرۆڤ… بێگومان ئەو ئەفسانەیە وەك زۆرێك لە ئەفسانەكانی دیكە بەمەبەستی وەڵامدانەوەی پرسیارە دێرین و بونیادییەكانی مرۆڤ وتراوەتەوە. ئەو پرسیارگەلە ئێستایشی لەگەڵدابێت هزری مرۆڤی بەخۆیەوە خەریك كردووە. خۆشبەختانە ئیمڕۆكە ئامڕازێكمان لەبەردەستە كەبەهۆیەوە دەتوانین وەڵامی پرسیارەكانمان بدۆزینەوە وئەویش زانستە.
هەشتا ساڵ بەر لەئێستا یەكەم وەڵامی پرسیارە بنەڕەتییەكەی، “لەكوێوە هاتووین؟”مان دۆزییەوە كاتێك، ئەدوین هابڵ” لەبیستەكانی سەدەی ڕابردوودا وبە یارمەتیی تێلێسكۆپە سەد ئینجییەكەی خۆی و لەلووتكەی چیای “ویلسۆن”ـی لۆسئەنجلێس دەستی بەڕوانگە كردنی ئاسمان كرد. “هابڵ” بەو پەڕی سەرسووڕمانەوە بینی كەزۆربەی كاكێشانەكان خەریكی دووركەوتنەوە لەئێمەن. سەرباری ئەوەیش بۆی دەركەوت كەهەرچەند كاكێشانەكان دوورتر بن بەخێراییەكی زیاترەوە لێمان دوور دەبنەوە. ئەو دۆزینەوەیە بە”لێككشانی جیهان”ـەوە ناوی دەركرد وبە یەكێك لەمەزنترین كەشفە زانستییەكانی مێژووی مرۆڤ هەژمار دەكرێ. بیردۆزی لێككشان بوو بەهۆی گۆڕانی نێو جەددەلێك كەبووه‌ خاڵی دەستپێكێکی گه‌وه‌رتر، گەر بێتوو كاكێشانەكان لەدووركەوتنەوە لەیەكتر بن بەو مانایە دێت كە پێشتر لەیەكتری نزیك بوون و گەر خێراییشیان جێگیر بوو بێت ئەوە ملیارها ساڵ بەر لە ئێستا لەسەریەك كەڵەكە ببوون. بەڵام ئەوەیان خاڵی دەستپێكی بوونە؟ لەو كاتەدا زۆرێك لەزانایان لەوە ناڕازی بوون كە(بوون) خاڵی دەستپێكیشی هەبێ چونكە ئەو بابەتە بۆ ئەوان بەمانای ناكارامەیی یاسا زانستییەكانی فیزیا بوو.  بۆ شیكردنەوەی چۆنییەتیی هاتنەكایەوەی گەردوون و باسكردنی خاڵه‌ دەستپێكه‌که‌ی، پێویستی بەهۆكارێكی دەرەكیش هەبوو كە زۆر بە ئاسانی دەكرێ ناوی (خودا)ـیشی بۆ دابنێین. بۆیە هەندێ گریمانەی دیكەیش خرانەڕوو كەئاماژەیان بە لێككشان و فراوانتر بوونی گەردوون لەحاڵیحازریشدا دەكرد بەڵام بە بێی بوونی خاڵی دەستپێكی(گەردوون). ڕەنگە باشترین وەڵام كە لەوبارەیەوە خرابێتەڕوو، بیردۆزی(حاڵەتی پاپا) بێ كە 1948ـدا پێشنیار كرا. بەپێی ئەو بیردۆزە جیهان هەردەم شكڵێكی سەقامگیر و جێگیری هەبووە. باشییەكەی (تایبەتمەندیی جێگیربوون) لەوەدا بوو كە بەجۆرێك لە جۆرەكان پێشبینییەكی لەبار بۆ تاقیكردنەوە هەژمار دەكرا (كە مەرجی پێویستی هەر میتۆدێكی زانستیشە). لەگەڵئەوەیشدا دواتر لێكۆلینەوەكان نیشانیان دا بیردۆزەكە هەڵگری مەرجە زانستییەكان نییە وقابیلی تاقیكردنەوە نییە.
بەڵگەی سەلمێنەر بۆ پشت ڕاستكردنی تیۆریی هاتنەكایەوەی گەردوونێكی فرە چڕ لەئۆكتۆبەری 1965ـدا پێشكەش كرا. لەو كاتدا زانایان پەییان بە تیشكدانەوە لاوازەكانی مایكرۆ یو، برد. تاكە پاساوێكی زانستیی بوونی ئەو تیشكدانەوانە بریتی بوو لەوەی كە پاشماوەی دۆخێكی سەرەتایی و زۆر چڕ و داغن. بە فراوانتربوون و لێككشانی گەردوون ئەو تیشكدانەوانە وردەوردە ساردتر بوون و ئێمەیش ئێستاكە تەنیا پاشماوەكانی دەبینین.  هاتنی بیردۆزە تازەكان یارمەتیی ئەو بیرۆكەیەشیدا. من، هاوكینگ، لەگەڵ “ڕۆجێر پێنرۆز”ـدا نیشانمدا گەر بێتوو تیۆرییە گشتییەكەی ئەنیشتاین ڕاست بێ دەبێ یەكبوونیش هەبێ واتە خاڵێك هەبێ كە چڕییەكی بێپایان و چەمانەوەی “زەمەن/ بۆشایی”ـیشی وەخۆهەڵ گرتبێت. لەڕاستیدا شوێنێك كە لەوێوە زەمەن دەستپێدەكات.
گەردوون لەئەنجامی تەقینەوەیەكی مەزنەوە هاتەكایەوە و لەو ساتەوە بەخێرایی و بازدانێكی بەردەوامەوە لەفراوانبوون دایە. ئەو حاڵەتە هەڵاوسانیشی پێ دەگوترێت و ئەو هەڵاوسانە لەقۆناغە سەرەتاییەكانی گەردووندا بە خێراییەكی زۆرەوە ڕوویدەدا: ڕەهەندەكانی جیهان لە زۆر كەمتر لەچركەدا چەندینجار دوو بەرانبەر بوونەتەوە. هەڵاوسان بووەتە هۆی ئەوەی بوون شێوەیەكی گشتی و پانوبەرین و نەرم و ڕووپان وەر بگرێ. هەرچەندە بە تەواوەتی یەكدەست و ڕووتەخت نییە و لە هەندێ شوێندا نزمی و بەرزی و ناڕێكی دەبینرا. ئەو ناڕێكییانە بووە هۆی جیاوازیی نێوان پلەی گەرما سەرەتاییەكەی گەردوون كەڕەنگدانەوەكەی لە مایكرۆ یوكانی پەرێزی گەردووندا دەبینین.
اڕێكییەكانی كەیهان هەڵگری ئەو مانایەن كە گەردوون لە هەندێ شوێنیدا بە خێراییەكی جیاواز لە شوێنەكانی دی لە لێككشان دایە. شوێنە هێواشەكان لەدواجاردا لەفراوانبوونەوە وەستاون و بە دووبارە كەوتنە خوارەوەیان ئەستێرە وكاكێشان وكۆمەڵە خۆرییەكان دروست دەكەن. بەمجۆرە بوونی ئێمە قەرزاری ناڕێكییەكانی سەر ڕووی گەردوونە. گەر هاتبا و گەردوونی سەرەتایی بە شێوەیەكی گشتی نەرم و یەكدەست بووایە هیچ ئەستێرە و ژیانێكیش نەدەهاتە ئاراوە. لەڕاستیدا ئێمە لەدایكبووی ناڕێكییەكانی كوانتۆمی دێرینین. سەرباری هەموو كەشفەكانی مرۆڤ لەبارەی سەرەتاكانی هاتنەكایەوەی بوونه‌وه‌، به‌ڵام هێشتاش نهێنی گەلێکی بێهەژمار ماون. ئێمە بەردەوام لە پێشڕەوی داین بۆ دۆزینەوەی پرسیارە هەمیشەییەكانمان: كە لەكوێوە هاتووین؟ وئایا ئێمە تاكە بوونەوەرین ئەو جۆرە پرسیارگەلەمان هەیە؟

Check Also

سەبارەت بە دواگۆڕانکاریەکانی بارودۆخی سیاسی کوردستان

گفتوگۆی ئۆکتۆبەر لەگەڵ خەسرەو سایە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حزب سەبارەت بە دواگۆڕانکاریەکانی بارودۆخی سیاسی کوردستان  …