موچە …

عبدوڵا مەحمود

موچە مافە، مافێک کە لەبنەڕەتەوە زۆری لێقرتێنراوە. بەشێکی کەمی وەکو کرێی ماندوبوون و رەنج دانە کە دەدرێت بە کرێکار و کارمەندان، بەشە زۆرەکەی دەبێتە زێدەبایی و قازانج بۆ خاوەن کار، خاوەنی هۆیەکانی بەرهەم هێنان…تاد. موچەی هیچ کرێکارو کارمەندێکی ئاسایی موچەی راستەقینە نییە، موچەیەک نییە بەرامبەر بە کاری ئەنجامدراو و بەرهەمهێنراو، بەڵكو تەنها ئەو بەشەیەتی کە ژیانی مەمرەو مەژی کرێکار و کارمەند زامن دەکات و توانا ئەوەدەبەخشیت ئەو کریکارو کارمەندە ئامادەی دووبارە کارکردن و بەرهەم هێنانەوە بێت و ماشێنی زیدەبایی بۆ خاوەنکار” تایبەتی بێت یان حکومی” بچەرخێنێت.

بڕی موچەو کرێ وەکو سەعاتی کار، هەمیشە بەندە بە ململانێی نێوان ئوردوی کارکردوان و خاوەن کارەکان. بەندە بە ئاستی هوشیاری چینایەتی کرێکاران و کارمەندان و ئاستی رێکخراوبوونیان. لەهیچ جیگایەکی دنیا و لەناو کاری هیچ کۆمپانیایەکدا کرێ و موچەی کریکار و کارمەند ئارەزومەندانە دانەنراوەو دانانرێت، بەڵكو بەرهەمی ململانێییەکی چێنایەتی و کۆمەڵایەتییە.

هەرگیز موچەی کرێکار و کارمەندێک بایی ئەوە نییە، کە ژیانێکی شایستە دابین بکات و وەڵام بە نیازەکانی ئینسان بداتەوە. تەنانەت لە پیشکەتووترین و بەناو عادلانەترین وڵاتی دنیادا، موچە و کرێ هێندە نییە، ئینسان بتوانێت وەڵامی کەمترین نیازەکانی خۆی و خێزانەکەی پێ بداتەوە. شوێنی حەوانەوەی گونجاو، پۆشاکی شایستە، خواردن و خواردنەوەی دڵخواز، سەفەر و گەشتی ئاسایی، کەڵک وەرگرتن لەزانست و دەستڕاگەیشتن پێیان، ریفاه، تەندروستی، خوێندن و پەروەردە و فیربوون، ژینگەی سالم… ئەمانە زۆریان تا ئێستا هەر خەون و خولیای ئینسانی موچەخۆرانن.

نەک هەر موچە بەرامبەر نییە بە کاری ئەنجامدراو، بەڵکو خودی جۆری کاریش بژاردەی ئینسانەکان نییە. کارکردن لەگەڵ ئەوەدا چالاکیەکی کۆمەڵایەتییە، بەڵام لە نیزامی سەرمایەداریدا بۆتە ڕیگایەکی ناچاری و بژاردەی نادڵخواز. بەڕیوەچوونی ژیان و مانەوە، کاری نا دڵخوازی کردۆتە ناچاری.

بازارێ کار… ویست وخواستە دڵخوازەکان دەهارێت، جۆری کارەکە دەسەپێنێت. کەم و دەگمەنن ئەو کەسانەی کاری دڵخوازی خۆیان دەکەن، بۆنموونە کەسێک کە خوازیارەو ویستی بۆ کاری دارتاشی هەیە، لەبازاردا بەناچار بۆتە دەستفرۆش، کەسێک کە ویستی کاری رۆژنامەگەرییە، کەسێک کە وێڵی دوای مۆسیقا یان خەیاتییە، کەسێک کە دەیەوێت ببێتە مامۆستا، یان ئەندازیار یان گۆران بێژ، یان رەسام و ئەکتەر… کەسیک کەدەیەوێت لە کارگەیەکی میکانیکی یان دروستکردنی فرۆکە، یان دروستکردنی ئۆتۆمبیل یان لەکاری کشتوکالێ و میوەچنیدا کار بکات… ئەمانە زوربەی هەرەزۆریان بەویستی کەسەکان نییە، بەڵکو ئەوە ویستی بازاڕ و بەڕیوەچوونی ژیانە دای دەسەپێنێ. کەم نین ئەو هونەرمەندانەی لەجێگای کاری هونەری کاری تر دەکەن، رەسام لە کارخانەکاندا رەنج دەدەت، ئەندازیارە و دوکانی کەمالیاتی داناوە، رۆژنامەنووسەو لەسلکی تەندروستی کاردەکات، خەیاتەو میوفرۆشی دەکات، ئاسنگەر و بۆتە شوفێر، هونەرمەند و نووسەرەو کاری تر دەکات و بە دەیان هەزار و سەدان هەزاریش هیشتا وێڵی دوای کارن.

لەوانەش واوەتر نیزامی سەرمایەداری کەشێکی خوڵقاندووە کە ئینسان چاوی بەدنیا هەڵدەهێنی بە ناچار بژاردەی ژیانی باشتر و کەم باشتر و رمێندار و کەم رمێنیان بۆی نەخشە رێژ کردووە. چونکە بڕی داهات و موچە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەڕیوچوونی ژیانی ئینسان هەیە، بۆیە دابەش بوونی کار و جۆری کار، خۆی دەبێتە مەیدانێکی بەرامبەرکێ… ئەوەی کە کەسێک دەیەوێت ببێتە دکتۆر هیندەی دیدی داهات و موچەی زیاترو ئیمتیازی زۆرتر وەک زامن بوونی ژیانێکی زامن و تەسەلتری پڕ لە ریفاه مەبنایە، نیوئەوەندە خولیا بۆ پیشەکە نییە.

دەستبردنی کریکار و کارمەندان، بۆ کاری قۆنتەراتی، زیادە کار، خێرایی لە کاردا… هەموویان ریشەیان لەوەدایە موچەیەکی زۆرتریان دەست بکەوێت و ژیانیان باشتر بێت. دیارە دەبێ ئەوەش بزانین کە ئەوەی کرێ دیاری دەکات، خاوەن کار و خاوەن کۆمپانیایە، کە هەمیشە هەوڵ دەدەن کرێکاران و کارمەندان رازی بە نزمترین ئاستی موچە و کەمترین ئیمتیازاتی تری وەکو قەرەبووی کاری مەترسی، بیمەی لەخواری تەندروستی، کاتی کەمی پشوو…بکەن.

هیشتا ئەگەر لە بەشێک لە وڵاتانی دنیادا، موچە و کرێ تا ئەندازەیەک زامنی ژیانێکی ئاسایییە، بەرهەمی پێشرەوی بزوتنەوەی کرێکاریی و رەوتە سیاسیەکانی پشتیوانی جوڵانەوە کرێکارییەکانی دەوریەکی مێژوویی دیاریکراوە… بەڵام لەگەڵ ئەوەدا هیشتا بەشێکی زۆری کرێکاران و کارمەندان و ئۆردوی بیكاری ئامادەبەکار… لە زوربەی هەرە زۆری دنیادا موچە و کرێییەک کە وەری دەرگرن هیندە کەمە کە بەشی بەڕیوەچوونی ژیان و گوزەرانێکی مەمرەو مەژی زیاتر ناکات، بۆیە دوو شفت کارکردن، یان کاری زیادەکردن و چەند جۆر کارکردن، کاری قۆنتەراتی بۆتە نۆرمێکی ناچارییان… ئۆردی بێکارانیان لە دۆخی زۆر مەتریسدار دان… ژنان کاریان زۆر کەمتر و موچەشیان بەرامبەر بە بەمووچەی ناچیزی پیاوان زۆر کەمترە، مناڵان ناچارکراون مل بەکاری سەخت و قورس و نەگونجاو بدەن و لەپیناو هاوکاریکردنی خیزانەکانیان.

هیشتا لەزۆرێک لە وڵاتانی وەکو ئیران و عیراق و هەرێمی کوردستان… دواکەوتنی موچە لەکاتی خۆی بۆتە مۆتەکەیەک لەسەر ژیانی مەمرەومەژی کریکاران و کارمەندان، و هەربۆیەش نارەزایەتی و خەبات بۆ بەدەستهێنانەوەی موچە دواکەوتوەکان، بۆتە بەشیک لە خەباتی چینی کرێکار و کارمەندان. ئەوە لەکاتێکدایە کە داهات و سامانی هەر یەکێک لە وڵاتانی عیراق و ئیران و هەرێمی کوردستان، خەیاڵییە و کیشەیەک لە نەبوونی داهات و ساماندا نییە، بەڵکو کیشەی سەرەکی بەهۆی دزی و تاڵانیەکی سیستماتیکراوی سیستەمی باڵادەستی سیاسی و نابەرابەریەکی قوڵی چینایەتییە.

لەناو ئەو راستیە تاڵانەدا هەرێمی کوردستان، تاڵترین ئەزمونە بەژیان و گوزەرانی کریکاران و کارمەندانی موچەخۆردا…. نەک هەر دواکەوتنی موچە، بەڵکو نەدانی موچە و خۆدزینەوە لە دانی بە پاساوی جیاجیا، بۆتە تایبەتمەندیەکی دەسەڵات، بێ ئەوەی نەبوونی نانی ئۆردیەکی فراوانی هەژاران، ویژدانیان بجولێنی… چەند حزبێک و خێلی بن دیواریان نیوەی داهاتی کوردستان لوش دەدەن… خیڵێک لە بازرگانانی سیاسی لە پلە باڵاکان و راوێژکارەکانیان… لە سەرۆکایەتی هەریم، حكومەت، پەرلەمان و وسلکی جاسوسی و ئەمنی و سەربازی و پاسەوانە زۆرەکانیان، بێ شەرمانە لایەکی تر لە داهاتی خەڵکی کوردستان و موچەی کارمەند و موچەخۆران دەماشنەوە. ئەم مامەڵەیەی دەسەڵاتی کوردی ناوازەترین دەسەڵاتی دزی بەیاساییکراوە لە ئاستی دنیادا. بەراوردکردنی دەسەڵاتی کوردی بە هەر دەسەڵاتێکی تری دزی ناو دنیا ئەمڕۆ، نائینسافانە دێتە پیش چاو… ئاخر دەوڵەتە هەرە دیکتاتۆرەکان، وڵاتە هەرە کەم داهاتەکان، رژێمە هەرە دزەکان… دەست بۆ نەدانی موچە نابەن… موچەی کریکاران و کارمەندان پەیوەندی بە زیان و قازانجی کەسەوە نییە، پەیوەندی بە بەرزی و نزمی نرخی نەوتەوە نییە، پەیوەست نییە بە ململانێی نیوان بەغداو هەولێر… بەڵکو مافی بێ ئەولاو لاو حاشاهەڵنەگرە کە پێویستە لە کاتی خۆیدا بدرێت. جەماوەری موچەخۆری کوردستان لە کریکاران و کارمەندان، پیویستە بۆ سەندنەوەی مافی زەوتکراویان و دەستبەسەراگرتنی قوتی خۆیان و خێزانەکانیان، ئەم دەسەڵاتە نامۆیە بە ژیان… رابماڵن و دەستبگرن بەسەر سامانی نەقدی و نانەقدی دزانی ئەم کۆمەڵگەیەدا کە ٢٩ ساڵە وەکو زەرو کۆمەڵگە داغان دەکەن.

 

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *