سەبارەت بە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا …

لینین…

وەرگێران لە ئینگلیزیەوە: سالار حەمەسەعید…

  • ئەم وتارەی لینین لە دوهەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی بەلشەفیکدا نووسراوە کە بڕیار بوو بە شێوەی نامیلکەیەک بنووسرێت، بەڵام نەیتوانی تەواوی بکات و بەپێنج بەش نووسی. ئەمەی خوارەوە بەشی پێنجەمی ئەم وتارەیە کە باس لەو قۆناغە ڕاگوزەرە دەکات لەنێوان سەرمایەداری و سۆشیالیزم دا.

سۆشیالیزم یانی نەمانی چینایەتی. دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا ئەوەی لە توانایدابووە کردوویەتی بۆ نەهێشتنی چینایەتی، بەڵام چینەکان بەیەک زەربەو بەیەک جار لەناوناچن. تەواوی چینەکان هێشتا ماون و دەمێنن لەسەردەمی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا. دیکتاتۆریەت زەرورەتی نامێنێت کاتێک چینەکان لەبەرچاوگووم دەبن، بەبێ دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا لەبەرچاو ون نابن.

چینەکان ماونەتەوە، بەڵام لەسەردەمی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا هەموو چینەکان  دووچاری گۆڕانکاری بوون، هەروەها پەیوەندی نێوان چینەکان گۆڕانکاریان بەسەرداهاتووە. خەباتی چینایەتی لەسایەی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا لەبەین ناچێت، تەنها  شکڵ و شێوەی جیاواز لەخۆدەگرێت.

لەژێر سایەی دەسەڵاتی سەرمایەداریدا چینی پرۆلیتاریا چینێکی زۆرلێکراوبوو، چینێک کە لەهۆکانی بەرهەمهێنان مەحروم کرابوو، تەنها چینێک بوو کە راستەوخۆو بەتەواوی دژی بۆرژوازی وەستابووەوە، هەر بەوپێیە تەنها چینێکە کە تائەوپەڕی کۆتایی  بتوانێت  شۆڕشگێڕبێت.

پاش  سەرنگوومکردنی بۆرژوازی و دەسەڵاتی سیاسی، پرۆلیتاریا بۆتە چینی دەسەڵاتدار، دەوڵەتی گرتۆتە دەست، هۆیەکانی بەرهەمهێنانێک کە کۆمەڵایەتی بووە کۆنترۆل دەکات و ڕێنمایی و ڕێبەری پێکهات و چینە لەرزۆک و مامناوەندەکان دەکات. هەروەها بەرگری سەرسەختانەی ڕوو لەزیادبووی چەوسێنەران تێکدەشکێنێت. هەموو ئەمانە ئەرکە تایبەتەکانی خەباتی چینایەتیە، ئەرکێک کەپرۆلیتاریا  خۆی لەوەوپێش ئەنجامی نەداوەو نەیتوانیوە  دیاری بکات.

چینە ستەمکارەکان، خاوەن زەوی و زار و سەرمایەدارەکان،  لەناونەچوون، بەڵام بەیەکجاری لەبەرچاو وننابن لەژێر سایەی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا.  ستەمکارەکان تێکشکێنراون بەڵام لەناونەبراون، هێشتا بنکە و بنەمای نێودەوڵەتیان ماوە بەشێوەی سەرمایەی نێودەوڵەتی کە خۆیان بەشێکن لێی. هێشتا بەشێک لە هۆکانی بەرهەمهێنانیان بەدەستەوەیە و هێشتا سەرمایەیان هەیە و هێشتا پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەرفراوانیان هەیە.  لەبەرئەوەی شکستیان خواردوە، وزە و ئینێرژی بەرگریکردنیان  سەدان و هەزار بەرامبەر زیادی کردووە. ”هونەر”ی دەوڵەتداری و ئیدارەکردنی سەربازی و ئابووری باڵادەستی دەدات بەم چینە ستەمکارە شکستخواردوە، باڵادەستیەکی ئێجگار زۆر و بەراوردنەکراو، گرنگی و ئەهەمیەتیان لە گرنگی ڕێژە و ژمارەی زۆری دانیشتوان زیاتر و گەورەترە. ئەو خەباتە چینایەتیەی کە چەوسێنەران و ستەمکارانی شکستخواردو بەرپایانکردوە دژ بە پێشڕەوانی ستەم لێکراو و سەرکەوتوو واتە پرۆلیتاریا، دژوارتر و دەردناکترە کە هاوتای نیە.  وە لە ئەگەری شۆڕشدا شتێکی تر نابێت جگە لەمە، مەگەر ئەو تێگەیشتنە بگۆڕدرێ بە وەهم و خەیاڵاتی چاکسازی ( هەروەک لەگەڵ تەواوی قارەمانانی ئینتەرناسیۆناڵی دووەم ڕوویدا  ).

سەرەنجام، جوتیاران وەک وردە بۆرژوازی بەگشتی، ڕێوشوێنی مام ناوەند و جێگە و رێگەی نیوەڕێیان هەیە  لەسایەی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دا: لەلایەکەوە ئەوان  خەڵکانێکی زەحمەتکێشی تابڵێی زۆرن ( لە رووسیایەکی دواکەوتوو و زۆر گەورەدا) کە بەرژەوەندی هاوبەشی گشت زەحمەتکێشان یەکیاندەخات بۆ رزگارکردنی خۆیان لەدەست خاوەن زەوی و زار و سەرمایەدارەکان، لەلایەکی ترەوە، ئەوان خاوەن کار و کۆمپانیای بچووک و موڵکدار و بازرگانی پەرتەوازەن. لەوەها باروڕەوشێکی ئابووریدا ناچار دەبێتە هۆی ڕاڕایی و دوودڵی یان لە نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوازی دا. بە ڕەچاوکردنی ئەو شێوازە سەختە لەخەباتی نێوان ئەم دوو چینە و بەپێی ئەو تێکشکانە ئێجگار بێ وێنەیەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان هەروەها  بەهۆی دڵبەند بوونی ئێجگار زۆری جوتیاران و وردە بۆرژوای بەگشتی بە هەرچیەک کە کۆن و نەگۆڕ و ڕۆتین بێ. زۆر ئاساییە کە لە  دوودڵی و ڕاڕایی لەمبەرەوە بۆ ئەو بەر بیانبینین و لەرزۆک و ناپایەدار و نادیار دەرکەون.

سەبارەت بەم چینە، یاخود ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتیانە، پرۆلیتاریا دەبێت هەوڵبدات  کە کاریگەری و نفووزی خۆی بەسەریاندا ڕابگرێ، بۆ ڕێبەری و ڕێنمایکردنی، بۆ ڕێبەریکردنی ئەو ڕاڕایی و دوودڵی و ناجێگیریە، ئەمە ئەرکی پرۆلیتاریایە. ئەگەر بێتو تەواوی ئەم هێز و چینە بنەڕەتیانە و پەیوەندیە نێو خۆییەکانیان بەراورد بکەین، هەروەک لەلایەن دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریاوە دەستکاریکراوە،  تێدەگەین کە چەندە بیرۆکە و ئیدەی وردە بۆرژوازی پووچە کە وەسف ناکرێ و تەواوی نوێنەرانی ئینتەرناسیۆناڵی دووەم هاوڕان لەگەڵیدا، کە بەگشتی  گواستنەوە بۆ سۆشیالیزم دەکرێ و ئیمکانی هەیە ” لە ڕێگەی دیمۆکراسی ” یەوە کە بێ مانا و ناماقووڵە و لە ڕووی تیۆریەوە گەوجییە. چاوگی سەرەکی ئەم هەڵەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لایەنگریەی کە بە میرات ماوەتەوە بۆ بۆرژوازی کە ‘ دیموکراسی ‘ شتێکی موتڵەق و لەسەرووی چینەکانەوەیە.  لەڕاستیدا، دیموکراسی بە قۆناغێکی نوێدا تێدەپەڕێ لە ژێرسایەی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا، وە خەباتی چینایەتی بۆ ئاستێکی باڵاتر بەرزدەبێتەوە کە زاڵدەبێت بەسەر هەموو شکڵ و شێوازەکاندا.

باسکردنی ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی بەشێوەیەکی گشتی لەڕاستیدا تەنها دووبارەکردنەوەی کوێرانەی ئەو چەمکانەیە کە بەهۆی پەیوندیەکانی بەرهەمهێنانی کاڵاوە شکڵ و شێوەیان گرتووە. هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆنکرێتیەکانی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا لەڕێگەی ئەم شتە گشتییانەوە  وەک قبوڵکردنی کۆی تیۆری و پرەنسیپەکانی بۆرژوازیە.

لە ڕوانگەی پرۆلیتاریاوە مەسەلەکە تەنها بەم شێوەیە دەکرێ بخرێتە ڕوو: رزگاربوون لە زوڵم و ستەم لەلایەن کام چینەوە؟ یەکسانی کام چین لەگەڵ کام چیندا؟ دیموکراسی لەسەر بنەمای خاوەندارێتی تایبەتی یا لەسەر بنەمای خەبات بۆ نەهێشتنی خاوەندارێتی تایبەتی؟ وە هەتا دوایی.

زۆر لەمەوبەر ئەنگڵز لە ” ئەنتی دۆهرینگ ”ەکەیدا ڕوونیکردۆتەوە کە چەمکی ” یەکسانی ” لە پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی کاڵاوە شکڵ و شێوەی گرتووە.  یەکسانی دەبێتە لایەنگری و جیاکاری ئەگەر بەمانای لەنێوبردن و نەهێشتنی چینەکان دەرک نەکرێ.

ئەم ڕاستیە بنەماییە سەبارەت بە جیاوازی نێوان چەمکی بۆرژوا – دیموکراسی و چەمکی سۆشیالیستی بۆ یەکسانی بەردەوام فەرامۆش دەکرێ. بەڵام  ئەگەر لەیادنەکرێ شتێکی ڕوونە کە بە سەرنگوومکردنی بۆرژوازی، پرۆلیتاریا چارەنووسسازترین هەنگاو دەنێت بەرەو نەهێشتنی چینایەتی، وە بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە پێویستە پرۆلیتاریا بەردەوام بێت لە خەباتی چینایەتی و سوود وەرگرتن لە دەزگای دەوڵەت و گرتنەبەری ڕێگەوشوێنی جیاوازی بەرەنگاربوونەوە و کاریگەری دانان و ژێرەوژووکردنی بۆرژوازی و وردە بۆرژوای دوودڵ و ڕاڕا.

** ”ئابووری و سیاسەت لە سەردەمی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا” نووسینی ڤلادیمیر ئیلیچ لینین ٣٠ ئۆکتۆبەری ١٩١٩ لە هەڵبژاردەکانی لینین چاپی ئینگلیزی.

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …