مێژوو لە دوو دەریچەوە  شەبەحەکە دەگەڕێتەوە لە بارەی هێرشی یەکێتی بۆسەر کۆمۆنیزم …

نووسینی: ئیبراهیم حسێن

لە١٤.٧دا  بۆرژوازی کورد لە ڕێـــــگەی ئۆباش و میلشیای یەکێتی و بە فەرماندەیی نەوشیروان مستەفا، پاش دەورەیەک لەبەهانە گیری و شەڕەنگێزی و درۆ هەڵبەستن، سەرەنجام هێرشی چەکداری کردە سەرکۆمۆنیزم و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و پێنج کۆمۆنیستی نازەنین و پڕ وزە و ئیرادەی، تیرۆر کرد. بێگومان ئەوە یەکەمجار نەبوو کە بۆرژوازی لە دژی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار، پەنابەرێتە بەر  چەک و قەهر وسەرکوتی دەوڵەتی و سەرودەوڵەتی، یاسایی و سەرویاسایی. سەدەی بیست و بە مانایەک مێژووی سەرمایەداری، پڕە لەو ساتانەی کە بۆرژوازی لەدژی چینی کرێکار و کۆمۆنیزم، لەدژی چینی کرێکارێک نەیویستوە تەسلیمی کۆیلایەتی کاری کرێگرتە بێ و سوشیالیزم و یەکسانی ویستوە، دەستی بردوە بۆ چەک و کۆمەڵکوژی. لە شۆڕشی ئێراندا سەرجەم بۆرژوازی جیهانی و ناوخۆ، چوونە پشتی خومەینی و ڕەوتی ئیسلامی و یەکێک لە کۆمەڵکوژیە بێ وێنەکانی مێژووی مرۆڤایەتیان ئەنجامدا وشۆڕشی ئێرانیان، لە خوێن هەڵکێشا. پێنوشە لەشیلی کۆمەڵکوژی کرد و مارکۆ لە ئیسپانیا و بە کورتی مێژوو پڕە لە و نمونانە. لە پشتی سەرجەمی ئەم حاڵاتانەدا، بۆرژوازی بە شوێن  پەیام و ئەجێنداو سیاسەتێکەوە بووە ئەویش بێبەشکردنی کۆمەڵگەو چینی کرێکار بووە لە کۆمۆنیزمی خۆیان، بێبەشکردنی چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگە بووە لە تاقە ئیمکانی ڕادیکاڵی دەستبردن بۆ ڕیشە، بۆ ڕیشەی چەوسانەوە، بۆ ڕیشەی نا یەکسانی و  نەبوونی ئازادی و ئازاد وخۆشبەخت نەژیان وسەرەنجام بۆ بێبەری کردنیان لە کۆمۆیزمێک بووە کە تەنها لە ڕێگە و بەهۆی ئەوەوە لە ئەجێندا و مەسەلەی کۆمەڵایەتی خۆیاندا، بو ئازادی و خۆشبەختی و بۆ داماڵینی موڵکایەتی لەوانەی دەستیان بەسەر هۆیەکانی خۆشبەختی وئازادی واقیعی داگرتووە، دەتوانن سەربکەون. ئامانجی ئۆباشی چەکداری یەکێتی لە هێرشیان بۆ سەرکۆمۆنیزم وحیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێڕاقیش هەر هەمان بێبەش کردنی چینی کرێکاری کوردستان، بێبەشان و سەرجەم ئۆردوی ئازادیخوازی بوو لە کۆمۆنیزمی خۆیان و لەئیمکانی دەستڕاگەیشتنیان بە حیزبی سیاسی ڕادیکاڵی خۆیان، تا بتوانن لە فەزای لاوازی کۆمۆنیزمدا، لە فەزای ناچارکردنی کۆمۆنیزم بە گۆشەگیری، کۆیلایەتی کاری کرێگرتە تا ئەوپەڕی خۆی بەرن، بتوانن کوردستان بە ئارەزوی خۆیان بگۆڕن بەو حەوشە بێدەرگا و پەنجەرەیەی ئێستایان بۆ سەرمایە و کۆمپانیا و کەڵەکەی سەروەتی سەرمایەدارانی میللی کوردایەتی. ئامانجی وەدەرنانی کۆمۆنیزم و حیزبی سیاسی کۆمۆنیستی بوو لە مەیدانی دەعوا و کێشە لەسەر چارەنووسی کۆمەڵگە و لەسەر ئازادی و وسەرەنجام لەسەر دەسەڵات، تاوەکو لەفەزای لاوازی کۆمۆنیزم  و لاوازی حیزب و پەرچەمە سیاسیەکەی، سەرمایەدارانی میللی و کوردایەتی بتوانن بە خەیاڵی ئاسودە، هەر کۆنەپەرەستیەک و هەر پڕۆژەیەکی کۆنەپەرستانە، داسەپێنن. بتوانن ئاسانتر ژیان و خۆشبەختی خەڵک بە بارمتە بگرن. تا بتوانن ڕیزی سەدان هەزاری گەنجانی وڵات لە بێکاری و بێ ئایندەییدا ڕابگرن و نان و کار ژیانی ئاساییش بخەنە گرەوی سەرکزکردن بۆ دەسەڵاتی ئەوان و حەشدێکی فراوانی بێکارانی مەملەکەت بگۆڕن بە بندیواری فەزایی کە بە ناویانەوە دەستیان لە کیسەی سەروەتی سەراسەری عێراق دا بێ. تا تاریکی و بێکارەبایی و بێداو ودەرمانی و بێ موچەیی، لانی زۆر بە بۆڵە بۆڵ وەڵام وەربگرێتەوە و خەڵک بۆ توڕهەڵدان و گۆڕینی شۆڕشگێڕانەی ئەو هەلومەرجە دەست بەستراوبن و تەنانەت ئەگەر شتێکیشیان بوێ بگۆڕن، لە ڕیزی سیاسەتمدارانی ئەو چینە بچنە پشتی یەکێکیان وببنەوە بە ڕەشە لەشکری ئەوان. ئەمە خولیای شیرینی بورژوازی کورد بوو، خولیای شیرینی تاڵەبانی و هاوتاکەی نەوشیروان مستەفا و تەواوی بۆرژوازی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو بوو لەسلێمانیە و هەولێر.  لەو میژووە بە دواوە چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگە، ژنان ولاوان، تامی تاڵی ژیانیان لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئەم کەمایەتیە سەرمایەدارە و لاوازی کۆمۆنیزمیان، چێشت. تامی تاڵی کۆنەپەرستی بێ هەوسار، ژنکوژی لە ڕادەیەکی ترسناک، بێمافی هەمەلایەنە، دەستبەسەراگرتنی موچە وکرێ و پاشەکشەیەکی گەورەی فەرهەنگیان، چێشت. دەرکەوت نەک تەنیا لە مەیداندانەبوونی کۆمۆنیزم،  بەڵکو لاوازی کۆمۆنیزم، چ بەهایەکی قورس و گەورەی هەیە و چ مانایەکی ترسناکی هەیە لە ژیانی چینی کرێکار و جەماوەری خەڵکدا. دەرکەوت کە لاوازی و لە مەیداندا نەبوونی کۆمۆنیزم واتە بەربەرییەت و  ملهوڕی ڕەهای دەسەڵاتی سەرمایە و سەرمایەداران، واتە دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی و واتە ئەوەی کە کرێکاران وبێبەشانی کۆمەڵگە سەریان دابگرن و لێگەڕێن هەرکارێک کە سەرمایەداران ونوێنەرانی سیاسی و دەسەڵاتەکەیان،  هەر کار و بەڵایەک کە بیانەوێ بتوانن بەسەریاندا بێنن و ئیختیاری ژیانیان، بخەنە مشتی بۆرژوازی. بەڵام ڕووی دووەمی داستانەکە شتێکی ترە کە  خەریکە بەشکۆتر لە هەر کاتێکی تر  لە مێژووی کوردستاندا، لە مێژووی خەبات لە ڕێگای ئازادی و یەکسانی و ژیانێکی باشتر، لە مێژووی خەباتی چینایەتیدا خۆی دەسەلمێنێ، ئەویش ئەوەیە؛ کە قودرەت و نفوزی کۆمۆنیزم واتە قودرەت ونفوزی ئینسانیەت، واتە قودرە ت وئیرادەی (نا) وتن بە هەلومەرجی ئێستا، واتە ئیرادەی (نا) وتن بە چەوسانەوە و بە خاوەندارێتی ودەسەڵاتی ئەم کەمایەتیە سەرمایەدارە، واتە قودرەت و ئیرادەی جەنگان لە ڕیزێکی سیاسی و چینایەتی بۆ دەرهێنانی ئیختیاری  چارەنووسی کۆمەڵگەو هێزەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و سەرەنجام داماڵینیان لە دەسەڵات و قەهری سیاسی. لەهەر ئاستێکدا ئەم پەیوستەیی وتێکەڵکشیە مانایەکی سیاسی پەیدابکا، و لە مێژووی کوردستاندا لە جوڵانەوەیەکی سیاسی ڕادیکاڵی دیاریکراودا بگۆڕێ بە قاڵب و شێوەی سیاسی زاڵی خواستی ئاڵۆگۆڕ لە کۆمەڵگەدا و چینی کرێکارو بێبەشان لە ڕیزیکی سیاسی و بە پەرچەمێکی سیاسی بەم جۆرە، بۆ بە دیهێنانی هەر مافێک و هەر ئاڵۆگۆڕێک، لە گەڕەک و شوێنی کار و ژیان و کارگە و فەرمانگە، زانکۆ و نەخوشخانە، لە کۆمیتەکانی نوێنەرایەتی و کۆنتڕۆڵی کرێکاری و جەماوەری و تۆڕە کۆمەڵایەتی  و جەماوەریەکاندا هێز وئیرادەی خۆیان ڕیکخەن، شانسی ئەوەمان دەبێ دیمەنی پڕ لە شکۆی کۆمەڵگایەک ببینین کە لەڕێگەی ئازادی و یەکسانی و خۆشبەختیدا هاتۆتە سەرپێ و ئەوکات خەونی شیرینی بۆرژازی بۆ ڕزگاری لە کۆمۆنیزم دەگۆڕێ بە کابوس، و خەونی شیرینی ژیانێکی ئازادو یەکسان و کوردستانێک کە نەسیمی ژیانێکی ئازاد و یەکسان تیایدا خەریکە هەڵدەکات ،دەست پێدەکات.

١٤.٧.٢٠٢٠

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٧٩ی ١٥/٧/٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *