دابینکردنی ژیان و سەلامەتیی هاوڵاتیان تەنیا بە کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە مومکینە! …

هەواڵی نەمانی ئۆکسجین بۆ هەناسەدانی دەستکرد بۆ دەیان نەخۆشی تووش بوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر، کە سەرەنجام بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی بەرچاو نەخۆش، بەتایبەتی ئەوانەی لە بەشی چاودێری چڕ( عنایە مرکز‌ة) بوون، تەنها ڕیسوایی و بێدەربەستی لەڕادەبەدەری دەسەڵاتی کوردایەتی و حکومەتەکەی بەوپەڕی گەیاند. دەسەڵاتێك کە لەسەر بلۆکە دۆلاری تاڵانکراوی داهاتی خەڵك ژیانی شاهانەی بۆ بەرپرسە مشەخۆرەکانی دابینکردووە، بەڵام ئامادەنیە ئۆکسجینی پێویست بۆ تووشبوانی پەتای کۆرۆنا دەستبەربکات. ئەم بێدەربەستی و ریسواییەی دەسەڵاتدارنی کوردایەتی ئەوکاتە بە پلەی باڵای خۆی دەگات کە ماوەی چەند هەفتەیەك لەمەوبەریش هەمان ڕودا و لە خەستەخانەی (سەرچنار) لە سلێمانی روویداوە و ئاکامەکەی گیانلەدەستدانی چەند نەخۆشی تووش بوو بە کۆرۆنا بووە!

سەرباری ئەم کارەساتە تەندروستیەی تووشی خەڵکی کوردستانیان کردوە، دەسەڵاتدارانی کوردایەتی لە هەردوو زۆنی سەوز و زەرد دەستبەرداری موزایەدەی حەقیرانەو ڕەزیلانەی سیاسی نابن و لەبەرامبەر ئەوی دیکەدا خۆیان وەکو فریادڕەسی خەڵك نیشاندەدەن! ئەمانە نەك وەکو حکومەتێك کە بەرپرسە بەرامبەر خزمەتگوزاریە گشتی و پزیشکی و شارستانیەکانی هاوڵاتیان، بەڵکو وەکو بازرگانی سیاسی مامەڵەی خۆیان و یەکتری دەکەن و دەیانەوێ لەم بازاڕە لیخن و بۆگەنەدا کە دروستیان کردوە ڕاستی کارەساتەکە لەچاوی خەڵك بشارنەوە و خۆیان پاکانە و بێخەتا دەربکەن! بەڵام خەڵکی هوشیاری کوردستان دەزانن کە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و حزبە دەسەڵاتدارە مافیاییەکانی، لەپاڵ پەتای کۆرۆنادا، پەتایەکی کوشندەن و سەرەنجام دەبێ بەرەنگاری ببنەوە و ریشەکێشی بکەن تا کۆمەڵگا لە بەڵا و کارەساتەکانی بپارێزن.

ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە جەماوەر خۆی بیر لە سەلامەتی و لە ژیان و ئایندەی خۆی بکاتەوە. کاتی ئەوە هاتوە کەرتی تەندروستی بەتەواوی بکەوێتە دەستی خەڵکەوە و لەلایەن کرێکاران و کارمەندان و پزیشکانی دڵسۆز و خزمەتکاری خەڵکەوە بەڕێوە ببرێت. کاتی ئەوە هاتووە شورا و ئەنجومەنە شۆڕشگێڕەکانی جەماوەری لە ناوەندەکانی تەندروستیدا پێك بێن و خۆیان ئیدارەی خەستەخانەکان بگرنە دەست و خزمەتگوزاریە پزیشکی و دەرمانیەکان پێشکەشی هاوڵاتیان بکەن. کاتی ئەوە هاتووە جەماوەر پێ بنێتە مەیدانەوە و دەوری خۆی بگێڕێ لە کۆنترۆڵکردنی داهاتی کوردستان و تەرخانکردنی بەشێكی بەرچاوی بۆ دابینکردنی پێداویستیە  پزیشکی و دەرمانیەکان کە وەڵامدەرەوەی ئەم هەلومەرجە سەختە تەندروستیەی ئێستا بێت.

ئێمە لێرەوە بانگەوازی هەموو ئەو دکتۆر و تەندروستکار و خزمەتگوزار و کرێکارانەی نەخۆشخانەکان دەکەین کە دەوری شایستەی خۆیان بگێڕن و لە زووترین کاتدا دەستبەرن بۆ کۆبونەوە و خۆڕێکخستن بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی خەستەخانەکان و فریاکەوتنی هاوڵاتیان و پاراستنی ژیانیان. هەنگاوی یەکەم لەم ئاڕاستەیەدا ڕاگەیاندنی خۆیانە وەکو بەدیلی سیستەمی تەندروستی ئێستا ڕوو بە کۆمەڵگای کوردستان و رێکخراوو ئۆرگانە پزیشکی و تەندروستیە جیهانیەکان بەمەبەستی بەدەستهێنانی ئیمکاناتی پزیشکی و خۆپارێزی و چارەسەر بۆ تووشبوانی کۆرۆنا. کەسوکاری توشبوانی کۆرۆنا پێویستە ببنە بەشێك لەم هەوڵەی تەندروستکاران و پزیشکان و ستافی تەندروستی بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی ئۆکسجین و هۆیەکانی پاراستن و چارەسەری نەخۆشەکان. هاوکات بانگەوازی خەڵکی ناڕازی و تێکۆشەر دەکەین کە پشتیوانی لەم هەنگاوە بکەن و بەکردەوە هاوکارییان بکەن. ئێمە لەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەم ئەرکەدا  بێدوودڵی و لێبڕاوانەی هاوکار و پشتیوانتان دەبین.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٣١-٧-٢٠٢٠

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *