دانپێدانانەکانی مەلا بەختیار بەڵگەی تاوانباریی بزووتنەوەی کوردایەتییە! …

بەیاننامەی حزبی کۆمۆنسیتی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە:

دانپێدانانەکانی مەلا بەختیار بەڵگەی تاوانباریی بزووتنەوەی کوردایەتییە! …

لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی و دواتریش لە ناساندنی کتێبەکەیدا، مەلا بەختیار ئیعترافی لەسەر زنجیرە تاوانێك کرد کە سەرکردایەتی حزبەکەی تێدا بەشدارە و بەشی زۆری ئەم تاوانانەشی خستە ئەستۆی نەوشیروان مستەفاوە. گۆشە سەرەکییەکانی ئەم دانپێدانانە، لە هەڵکوتانە سەر نەیارانی سیاسی و شەڕکردن لە دژیان، تا کوشتنی دیل و زیندانی کردن و دەستبردن بۆ تیرۆری ناوشارەکان، تا سەرکوتگەری و کوشتی کوڕان و کچانی عاشق، لەڕاکێشانی دەستی سوپای دەوڵەتان و بەشداری لە کارەساتی کیمیاباران و ئەنفالەوە تا هەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی بۆری نەوت و بەنداوەکان، لە دەست خستنە نێودەستی دەوڵەتان و پیلانگێڕانەوە تا مفاوەزات و ڕێکەوتنی نهێنی،… ئەمانە و چەندین تاوانی تری ئاشکرا کردووە. ئەگەرچی بەشی زۆری هەمو ئەو تاوانانەی کە مەلا بەختیار دانی پێداناون لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە کەم تا زۆر زانراو و بیستراوە، بەڵام ئاشکراکردنیان لە زاری کەسێکەوە کە خۆی یەکێك بووە لە کاراکتەرەکانی ناو ئەو تاوانانە و هێشتاش لە بەشی سەرەوەی حزبی دەسەڵاتداردا پلەوپایەی هەیە، ئەتوانێ ئیعترافێکی بەڵگەدار بێت لەسەر کارنامەیەکی ڕەشی ئینسانکوژی و پاکسازی، کە بزووتنەوەی کوردایەتی لە مێژووی ڕابردووی خۆیدا هەڵگریەتی. بزووتنەوەیەك کە بە سواربوون بەسەر زوڵمێکی قەومیدا کە لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە بەسەر خەڵکی کوردستاندا داسەپێندرابوو، توانی ڕەنج و تەمەنی چەندین نەوە و گیانی هەزاران لاو و تێکۆشەری کوردستان، بکاتە قوربانی و لەژێر ناوی شۆڕش و ڕزگاریی نەتەوە و نیشتیماندا، بکاتە خۆراکی شەڕێکی نەبڕاوە، تا چینی بۆرژوازی و سەرمایەدارانی کورد، بە دەسەڵات بگا و کۆنترۆڵی بازاڕ و سەرمایە لەدەستبگرێ. بێگومان کارنامەیەك کە ئەم جووڵانەوەیە لە ئێستادا مەلابەختیار لاپەڕە ڕەشەکانی هەڵدەداتەوە، ئەگەرچی بەشی شێری دەکەوێتە ئەستۆی یەکێتی و پارتییەوە، بەڵام هەموو ئەو حزبانە دەگرێتەوە کە کوردایەتی و نەتەوەچێتییان کردۆتە میدالی سەر سینەیان و لەژێر خورافەی ناسنامەی نەتەوەیی و هەق و مافی کورددا، ئاشی ئەم شەڕەی بۆرژوازی کورد دەگێڕن. ئەم تاوانانە و ئەم مێژووە نەك هەر ناسیونالیزم و کوردایەتی شەرمەزار دەکەن، بەڵکو حزبەکان و سەرانیشی دەخاتە قەفەسی تاوانبارییەوە.
کرێکاران و زەحەمتکێشانی کوردستان، کاتێك سەرنج لەم مێژووە و لەم کارنامە پڕ لە تاوانکارییەی ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی دەدەن و لەگەڵ دەرد و مەینەتییەکانی ژیانی سێ دەیەی ڕابردووی ژێر سایەی حاکمییەتی بۆرژوازی کورددا بەراوردی دەکەن، خۆیان لەنێو سریاڵیك لە کارەسات و تاوانکاریدا دەبیننەوە، کە لێوانلێوە لە سەرکوت و ئینسانکوژی. شەڕی ناوخۆ و ئاوارەیی، کارەساتەکانی ٣١ی ئاب و١٦ی ئۆکتۆبەر، تا سەرهەڵدانی دیاردەی کوشتنی ژنان و ڕفاندن و تیرۆری ڕۆژنامەنووسان، تا قەتڵوعامی کۆمۆنیستەکان لەڕۆژی ڕووناکدا، تا شەقهەڵدان لە مامۆستا و دەستدرێژی کردنە سەر خەڵکی ناڕازی و زیندانی کردنیان و دەیان دیاردەی دزێوی تر… هەموو ئەمانە لە سایەی حکومەت و دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیدا، کراونەتە نسیبی خەڵکی کوردستان. لەمەش زیاتر ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان کاتێك کە ئاوڕ لە سێ دەیەی ژیانی خۆیان دەدەنەوە، مێژوویەك لە تاڵانکاری و گەندەڵی و ڕاووڕوت و ستەم و چەوسانەوە دەبینن، کە چۆن ژیانی ئەمڕۆیانی گیرۆدەی بێکاری و نەبوونی و هەژاری و دەیان دەرد و مەینەتی تر کردووە. ئەمڕۆ ئەوان ئەو ڕاستییە کۆمەڵایەتییە دەبینن کە بەرهەمی شۆڕشی کۆن و نوێی بزووتنەوەی کوردایەتی شتێکی زیاتر نەبووە لەوەی کە کەمایەتییەکی مشەخۆر و تاڵانچی، بە پشتبەستن بە خورافەی کوردایەتی و هێزی میلیشیای حزبییەوە، لە هەرەمی دەسەڵاتدا ڕابگرێ و هەم لە بەغدا ببێتە شەریکە بەش و هەم بەری ڕەنجی کرێکاران و زەحمەتکێشان بخاتە قوڕگی کۆمپانیاکان و بازرگانانەوە و لێرەشەوە بەهەشتێك بۆ سەرمایەدارنی کورد و جەهەنەمێك بۆ زۆرینەی کۆمەڵگا هەڵبخات. هەموو ئەم ڕاستییانەش سەلمێنەری ئەوەن کە ناسیونالیزم و بزووتنەوەی کوردایەتی نەك بەدەرە لە هەرجۆرە خاسیەتێکی ئازادیخوازی و عەدالەتخوازی و مرۆڤدۆستی، بەڵکو ڕێك پێچەوانەیە بە ئیرادە و تەوەقوعات و ئارەزووەکانی خەڵکی کوردستان لەڕاستای ژیانێکی ئاسودە و شایستەی ئینسانیدا.
ئەوەی کە حزبی گۆڕان و سەرانی لەبەرامبەر ئیعترافاتەکانی مەلابەختیاردا خسۆتە حاڵەتێکی هیستریکی و دەستبردن بۆ فەرهەنگی دواکەوتووانە و هەڵڕشتنی بوغزی فاشیستییەوە، بۆئەوەیە کە “پاکیزەیی نەوشیروان” بکەنە دەستمایەی مانەوەی خۆیان و ئەم مێژووە پڕ لە تاوانکارییە و ئەم سیستەمە لە حکومڕانی کە سەراپا بۆگەنبوون و ستەمکارییەکەی دەرکەوتووە. ئەمە ئیتر هیچ جێگایەك بۆ ڕاستگۆیی ئەم حزبە و هەموو ئەو ئیدعایانە ناهێڵێتەوە کە سەبارەت بە عەدالەتخوازی و سەروەریی یاسا و دادگا دەیکات، حزبێك کە ڕابەرە روحییەکەی لە کارنامایەکی پڕ تاواندا ناوی لەسەری سەرەوەی تاوانباراندا هاتبێت چۆن دەتوانی عەدالەتخواز و لایەنگری هەق و یاسا بێت.
لەلایەکی ترەوە ئەگەر مەلابەختیار ئەم دانپێدانانەی لەسەری ویژدان و هەقیقەت وتنەوەیە و نایەوێت هەڵڕشتنی ڕقوکینە و تۆڵەسەندنەوەی شەخسی خۆی بەرامبەر بە ڕابردوو، بکاتە بابەتێك بۆ دەستکەوتی سیاسیی ئەمڕۆ، ئەوا سادەترین هەنگاو ئەوەیە کە بەڵگەکانی هەموو ئەو تاوانانە بخاتە بەردەم دادگا و ئاشکرایان بکات، لەوانەش تاوانی کوشتی کۆمۆنیستەکان، ئەگەرنا لە ڕوانگەی ئێمە و خەڵکی کوردستانەوە، وەك کەسایەتییەکی بەشدار و شاهیدێك بەسەر ئەو تاوانانەوە بۆ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە.
ئیعترافاتەکانی مەلابەختیار بەڵگەیکی ترە بۆ مەحکوم کردن و شەرمەزارکردنی بزووتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی. بەدیهێنانی ئازادی و خۆشگوزەرانی و دوورخستنەوەی کارەسات و کوشتوکوشتار، کۆتاییهێنان بە شەڕی حزبەکان و تیرۆر و بەرگرتن بە دووبارە بوونەوەی تاوانەکانی ڕابردوو، تەنها بە پاککردنەوەی ئەم جووڵانەوەیە و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەمڕۆی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی دەبێت. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا بە تەواوی توانایەوە بۆ ئەم ئامانجە تێدەکۆشێت، هاوکات لە پەیوەند بەو تاوانانەوە کە مەلا بەختیار دانی پێداناون، بانگەوازی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکات کە لەپێناو سەلماندنی عەدالەت و بەرگرتن بە دووبارە بوونەوەی تاوانکاریی دەسەڵاتداران و حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی خەباتی خۆیان لەدەوری ئەم خاڵانە بهێننە مەیدانەوە:
١/ بەدادگا سپاردنی هەموو ئەوانەی لە مێژووی کۆن و نوێدا تۆمەتبارن و دەستیان لەو تاوانانەداهەیە کە دەرهەق بە خەڵکی کوردستان کراوە. لە هەر کۆمەڵگایەکدا ئەگەر لانیکەمی مانا بۆ دادگا و یاسا و عەدالەت هەبێت ئەوا لەگەڵ هەر ئیعترافاتێکدا لەسەر تاوان، دەبێ خاوەنەکانی ڕابکێشرێنە بەردەم دادگا و لێی بکۆڵرێتەوە. تا هیچ کەس نەتوانێ دەستی تاوان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان درێژ بکات.
٢/ ئەو کەسانەی کە ناویان هاتووە و ئاشکرایە کە لە تاوانەوە گلاون و تا ئێستاش پۆست و پلەوپایەیان لە دامودەزگا حکومییەکان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا هەیە دەبێ دوور بخرێنەوە و نابێ کۆمەڵگا لە دەستی کەسانی نائەمین و تاوانباردا بێت. سڕکردنی سیاسی و داماڵینی ئەم کەسانە لە پۆستەکانیان تا ئەوکاتەی تۆمەتەکانیان لە دادگایەکی عادیلانەدا یەکلا دەبێتەوە، مەرجی لەئارادا بوونی فەزایەکی ئەمین و سەلامەتی کۆمەڵایەتییە.
٣/ دەبێ هەموو حزبەکان، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی، لەژێر فشار و چاودێریی جەماوەری ناڕازی و ئازادیخوازدا، ناچار بکرێن کە لە کێشمەکێشی سیاسیدا دەست بۆ چەك و کوشتاری یەکتر نەبەن. پەیوەست کردنی حزبەکان بە بەڵێننامەیەکەوە کە ئازادی هەڵسووڕانی سیاسی، ڕەخنە و بەیان و پاراستنی مەدەنیەتی کۆمەڵگا جێگیر و پایەدار بکات، مەرجێکە بۆ دوورخستنەوەی تاوان و کارەسات.

٢٦/٩/٢٠٢٠

Check Also

ژمارە ٨٢ی بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەر کەوتەبەردیدی خوێنەرانەوە!

ئۆکتۆبەری ژمارە ٨٢ کەوتە بەردیدی خوێنەرانەوە، ئۆکتۆبەر، ئۆرگانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان. ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٤ …