ترەمپ دەرکرا! …

عەبدوڵا مەحمود

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کۆتاییهات، ترەمپ وەکو کاراکتەرێکی شەقاوەچی لە پێگەی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، وەکو نوێنەرێکی سەرشێتی بۆرژوازی، ڕاونرا.

مەسەلەی میحوەری لەم هەڵبژاردنەی ئەمریکادا، کۆتاییهێنان بوو بە ترامپ و دیاردەی ترامپیزم بەوێنەی نوینەرێکی بۆرژوازی راسیست و تاکڕەو کە ژێر پێخستنی پرەنسیب و تەعەهودات و نەریتە جێکەوتوو بڕیار لێدراوەکانی بۆرژوای، بەشێوەیەکی بێشەرمانە، شەرمەزار دەکرد. ترمپ لە چوار ساڵی رابردوودا هەوڵیدا نەریتێک و ڕەوەندێکی تر بدات بە کاراکتەری سەرۆک لە ئەمریکادا، پاشەکشەکردن لە هاوپەیمانیەتیەکان، هەڵوەشاندنەوەی زۆرێک لە ڕێکەوتنامەکان، کشانەوە لەزۆرێک لە پابەندبوونەکان، شێواندنی زوربەی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان، لێکهەڵوەشاندنەوەی ڕایەڵ و پۆی پەیوەندی باڵەکانی بۆرژوازی لەناوخۆیدا، دەستوەردانی بێ نەخشەو و تەنگە نەفەس لە وڵاتانی جەنگ زەدەو ئەزمەگرتووی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، سەرلێشوان لە مامەڵە لەگەڵ بلۆک و قوتبە ناوچەییەکان، کایەکردن بەرۆڵی قوتبەندی نوێی دنیا لەئاستی زل هێزەکان و نەیارانیدا، مامەڵەکردن بەسیاسەت لەرێگای زۆربۆهێنانی ئابوری و داسەپاندنی باجی گومرگی و ئابلۆقە داسەپاندنەکان، دەستبردن بۆ کردەی سەربازی وەکو کاردانەوەو نەریتێکی مافیایی، پەرەدان بە راسیزمێکی ئاشکرا و بەپشتیوانی دەوڵەت، قوڵکردنەوەی هەڵاواردنە رەگەزی و کەلتوری و دینییەکان و تێكدانی باڵانسی نێوان ئۆرگانەکانی بڕیار لە سیستەمی ئیداری و سەربازی و سیاسی و تەنانەت دادوەری ئەمریکادا و تەنانەت قبوڵ نەکردنی ئاکامەکانی هەڵبژاردن و دان نەنان بە شکستیدا، هێندەی تر پرسی گەمەی هەڵبژاردنی وەکو قەلغانێکی بەرگری لە سیستەمی بۆرژوازی سوکتر و ڕیسواتر کرد. ئەمانە چەند گۆشەیەک لەدیاردەی ترامپیزم بوون… لەگەڵ ئەوەدا ترامپ دەرهاویشتەی سیستەمی گەنیوی سەرمایەداری بوو، بەڵام هاوکات بووە نموونەیەکی قێزەونیش بۆ خودی سیستەمی سەرمایەداری و بۆرژوازی ئەمریکاش.

لەم هەڵبژاردنەدا لادانی دیاردەو کۆتایی بە دەسەڵاتی ترامپیزم، لە سیستەمی سەرمایەداری ئەمریکادا بنەما بوو، جۆبایدن دەرهاویشتە و بەرهەمی شکستدانی ئەم ترامپیزمە بوو.

دیارە چ ترامپەکان و چ بایدنەکان… نوێنەری نیزامی سیاسی و ئابوری بۆرژوازین، بەڵام خاوەنی نەریتی تایبەت و پەیڕەوی لەشێوازی کاری جیاواز دەکەن. هەر وەکو چۆن نیزامی سەرمایەداری لە گشتیەتی خۆیدا، خاوەنی دەیان و سەدان دەوڵەتە، بەڵام ناکرێت سویسرا و سوید و نەرویج و دانیمارک و ئەڵمانیا و فەرەنسا  بەراورد بە ئیران و عیراق و سوریا و فەنزویلا و چین و وڵاتانی ئەمریکای لاتین و باکور و باشوری ئەفریقیا بکرێن، تەنانەت ناکرێت وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا بەراورد بە بەزۆربەی وڵاتانی ئەوروپاش بکرێن. بەهەمان پێوەریش، سەران و کاراکتەری سیاسی هەر کام لەم سیستەمانە” کە هەموویان سەرمایەدارین” ناکرێت وەکو یەک تەماشابکرێن. ئەمە بۆ ناو یەک دەوڵەتیش ڕاستە… ڕەتکردنەوەی ترەمپ بەمانای قبوڵکردنی بایدن نییە، بەڵام هاوشان کردنیان بەیەکتری دروست نییە. دەشێت بایدن وەکو درێژکراوەی زۆربەی هەرەزۆری سەرانی هەلبژێردراوی ئەمریکا لە دیموکراتەکان و کۆمارییەکان تەماشابکرێت، بەڵام ترامپ نا… ترامپ کاراکتەرێکی ناوازەی سەرۆک، لە میژووی زیاتر لە چوار دەهەی ئەمریکادا بوو بۆخودی بۆرژوازی ئەمریکاش، مایەی شەرم و نامۆفەق لەنوێنەرایەتی کردنی بۆرژوازی و نەشارەزا لە کاری سیاسی و سەرچڵ لە بڕیار دان و تەنگەنەفەس لە کاردانەوەکانی و مایەی لێکترازان لە ڕیزەکانی بۆرژوازی جیهانی و تەنانەت ناوخۆی ئەمریکادا بوو. تاکە سەرۆک بوو کە هێندە پیشێلکاری بەرامبەر بە تەعەهودات و مقەرەڕاتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان بکات و لە ڕێکەوتنامەکان بکشێتەوە. کاراکتەرو شەخس ڕۆڵی لەسەر سیاسەت و دەسەڵات و ئیدارە هەیە… ئەمە نەک بۆ بۆرژاوازی بەڵکو بۆ بزوتنەوەی کۆمەڵایەتیەکانی تریش هەروایە. تەنانەت بۆ بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیش رۆڵی کاراکتەر و کەسایەتی سیاسی، وەکو یەک نین… لینین وەکو ڕابەری حزبی بۆلشەڤیک و شۆرشی روسیا بەراورد بە کەسایەتیەکانی تری هەمان وڵات و حزب ناکرێت… مەنسور حکمەت رۆڵی بەروارد بە کاراکتەرە سیاسیەکانی دوای خۆی ناکرێت.

هێندێک دەڵێن، بایدن وەکو ترەمپ ناتوانێت ئاڵوگۆڕ بکات و لەخزمەت جەماوەری بێبەشدا بێت… لەکاتێکدا لەهیچ جێگایەکی دنیا ئاڵوگۆڕ و خزمەت و ئەو مافە فەردی و مەدەنی و پەراوێزە سیاسیەی هەیە، بەرهەمی دەسەڵاتی سیاسی نییە و نەبووە، بەڵکو بەرهەمی لەمەیداندابوونی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانە و گوشاری شەقام توانیویەتی ئەم دەستکەوتانە بەدەست بهینێت. نە بایدن و ترمپ و نە هیچ وڵات و دەوڵەتێکی بۆرژوازی لەهەر تیپێک بێت، بەخۆشی خۆی نە دەستی بۆ ئاڵوگۆڕی ریشەیی بردووە و نەماف و خواستەکانی جەماوەری لەخوارەوەی خەڵکی وەکو خێر دابەش کردووە، بەڵکو بەخەبات و تیکۆشان داسەپێنراون.

ترەمپ دەبوو بڕوات، بەڵام نەک لەبەرئەوەی ئەو سەرۆکەی دوای ئەو دێت، دەستبڵاوە لەبەخشینی ئازادی و مافە فەردی  ومەدەنیەکان و لە دابینکردنی ویست و خواستەکانی جەماوەردا، بەڵكو لەبەر ئەوەی ترەمپ مەعدەنێکی دەگمەن بوو لەگەڵ دنیای سیاسەت و تەنانەت لە مامەڵە لەگەڵ پێودانگ و نەریتە باو و جێکەوتوەکانی خودی دەسەڵاتی بۆرژوازیشدا.

سەرانی بۆرژوازی لەهەموو گۆشەکانی دنیاوە بروسکەی پیرۆزبایی بۆ بایدن دەنێرن، بروسکەکان هێندەی نەفرەتن لە ترەمپ و کارنامە چوارساڵیەکەی، نیو ئەوەندە بروسکەی ئاسایی بۆ سەرکەوتنی جۆ بایدن نین. پەیامی پیرۆزبایی بۆ بایدن بە ناوەرۆکی نەفرەت ئامێز لە ترەمپ و ترەمپیزمن.

بەکورتی، ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەو دۆڕاندنی ترامپ، سەرباری ئامادەیی و پشتیوانی ڕەوتێکی بەرینی راسیستی ڕاونراو،کە ئەمەش گورزێکە لە ڕاسیزم و پۆپۆلیزمی ترامپیزم، ئاڵوگۆر لە سیاسەتی ئەمریکا، لەپەیوەند بە زۆر مەسەلەی ناوخۆیی و دەرەکی، ئەگەر زۆر کەمیش بێت پێک دێنێت. هاوکات ئەم ئالوگۆرە لەسەرۆکایەتی ئەمریکادا، ئەمریکا پابەند بە بەبەشێک لە ڕێکەوتنامە و پەیماننامەو نەریتانە دەکاتەوە کە پێشتر و دەوڵەتی ئەمریکا پێی وابەستە بووە.

دیارە دنیا بێ ترامپەکان باشترە، بەڵام دنیای باشتر بۆ مرۆڤایەتی، بەبێ گۆڕینی ڕیشەیی ئەم سیستەمە سیاسی و ئابورییەی ئێستا، وەهمە.   

ناوەڕاستی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *