مێژووی سۆشیالیزم لە ئەمریکا …

ڕیچارد ۆڵف

وەرگێڕانی: عامر سابیر

تێبینی: پرۆفیسۆر ڕیچارد ۆڵف ئەم وتارەی لە سمینارێکدا لە 22/04/2016 پێشکەش کرد. ڕێچارد ۆڵف لە ئەمریکا دامەزرێنەری (ڕێکخراوی دیموکراسی لە شوێنی کاردا)یە. ئەو پرۆفیسۆری ئیقتیساد و مارکسیستێکە کە خاوەنی چەندین کتێبە و بڕوانامەی  پی هێچ دی و سێ ماستەری لە ئیقتیساد و مێژوودا هەیە. لە ساڵی 2011ەوە بەرنامەیەکی هەیە بە ناوی (ئیکۆنۆمیک ئەپدەیت) کە لە ئێستادا هەفتانە لە زیاتر لە 180 ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەوە لە سەرتاسەری ئەمریکادا بڵاوئەبێتەوە. بەردەوام کۆڕ و سمینار دەگێڕێ و چاوپێکەوتنی بیستراو و بینراو ئەنجامئەدا بۆ بەرگری لە سۆشیالیزم. ئەو بەرگریکارێکی سەرسەختی سۆشیالیزم و مارکسیزمە. بە بڕوای من ڕیچارد ۆڵف یەکێکە لە بە ئیمکانترین و ڕۆشنترین مارکسیست و سۆشیالیستەکانی ئەمڕۆی دنیا. ئەمە وەرگێڕانی ناوەڕۆکی قسەکانێتی کە لەم کۆڕەدا پێشکەشی کردوە (ئەم وەرگێڕانە بۆ سەر زمانی کوردی، چوارساڵ دواتر لە 2020دا ئەنجامدراوە).

ئیشی ئەمڕۆی من کارێکی سەیرە ئەگەر بیری لێبکەیتەوە. من ئەمڕۆ باسی مێژووی سۆشیالیزم ئەکەم. لە کوێوە هاتووە و بۆ کوێ ئەڕوا. من باسی سۆشیالیزم ئەکەم لێرە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. کە ئێمە ئێستا تازە سەردەرئەکەین. هەروەک چۆن ورچێک کە نزیک بە پەنجا ساڵ لە سڕبوون بەخەبەر بێتەوە، پەنجا ساڵ کە تیایدا سوشیالیزم سەرکورتکراوە. کە بەهیچ جۆرێک نەخویندراوە، قسەی لەبارەوە نەکراوە، موناقەشە نەکراوە، شینەکراوەتەوە و ڕێز و ئیعتیباری بۆ دانەنراوە. بەڵکو تەحقیر کراوە و وا حیساب کراوە کە هەر نییە و کرابووە ژێر بەڕەوە.

ڕێگەم بدەن باسی تەجرەبەی شەخسی خۆم بکەم لەم بارەوە. هەر چەندە لە باکگراوندێکی سادەوە هاتووم، بەڵام بە هۆی هەندێ هۆکاری سەیر توانیومە لە باڵاترین و بەناوبانگترین زانکۆکانی ئێرە بخوێنم. سەرەتا لە زانکۆی هارڤەرد خوێندم، پاشان چووم بۆ زانکۆی ستانفۆرد بۆ خوێندنی ماستەر پاشان دکتۆرام لە زانکۆی یەیڵ هێنا لە ئیقتساد و مێژوودا. من کە لە هەموو ئەم زانکۆیانە خوێندوومە، هەرگیز داوام لێنەکراوە کە تەنانەت یەک وشە لە ڕەخنە و شیکردنەوەی ئابووری نووسەرێکی مەزنی وەک کارل مارکس بخوێنمەوە بۆ تێگەیشتن لە سیستەمی سەرمایەداری کە مامۆستاکانم وایانداناوە کە شیدەکەنەوە بۆ من. ئەمە مەسەلەیەکی زۆر گرنگە کە بۆم باسکردن. وە ئەوە پیشان ئەدات کە ئێمە ئێستا بە هێواشی لە چی خەفەقانێک سەردەردێنێن.

ئەوە هەڵسەنگاندنێکی خەتەرە ئەگەر لەوە تێنەگەی کە  پەنجا بۆ شەست ساڵ سەرکوتی سۆشیالیزم، چی برینێکی قوڵ، چی غیابێكی قوڵ، چی بۆشاییەکی قوڵی بەجێهێشتووە. من دواتر لە قسەکانمدا ئەچمەوە سەر ئەمە و ئێوە تێبینی ئەکەن. بەڵام هیوادارم خۆتان ناڕەحەت نەکەن. چونکە خەتای ئێوە نییە. ئێوە لە کۆمەڵگایەکدا ئەژین کە سۆشیالیزم تازە سەردەردێنێتەوە لە پاش پەنجا ساڵ لە تابۆ. کە ڕەنگە تێبگەی کە بۆچی هیچ کەسێک جورئەتی ئەوەی نەبووە باسی بکا. چونکە بڕیاری بەتابۆ کردنی سوشیالیزم بڕیارێک نەبووە کە پشتی بە زانست، یان ئیقتیساد یان زانیاری و هەر شتێکی تر بەستبێت.  بەڵکو بڕیارێک بووە کە پشتی بە ترس بەستووە. پرۆفیسۆرەکان ترسیان لە لەدەستدانی میهنەکانیان بووە. مامۆستا ترسی لە لەدەستدانی ئیشەکەی هەبووە. وە هەموو کەسێکی تر ترسی لەوە هەبووە کە بەڵایەکی خراپی بەسەردێ ئەگەر ڕەخنە لە سەرمایەداری بگرێ.

ئێمە لێرە لە ئەمریکا خاوەن کەلتورێکین لە ئیقتساددا، کە من خۆشم بەشێکم لێی، کە ئەو کتێب و مەقالانە ئەوترێتەوە و ئەخوێندرێتەوە کە لە لایەن ئەو کەسانەوە نووسراوە کە بەردەوام بە شان و باڵی سەرمایەداریدا هەڵیانداوە لە هەموو دەورانەکانیدا.

ڕێگەم بدەن نمونەیەک بهێنمەوە. وادابنێ لەو شەقامەدا خێزانێک ئەژی کە خاوەنی دوو مناڵن. یەکێک لە مناڵەکان پێی وایە کە ئەمە باشترین خێزانە لەهەموو ڕوویەکەوە کە تیایدا ئەژی، وە بە پێچەوانەوە مناڵی دووەم پێی وایە کە ئەم خێزانە زیندانێکە و ڕۆژانە ئەشکەنجەی تیادا ئەچێژێ. وادابنێ کە تۆ ئەتەوێ لەم خێزانە تێ بگەی، جا بۆ هەر هۆکارێک بێت گرنگ نییە. ئایا بۆ ئەوەی لەم خێزانە تێ بگەی، پێویستە گوێ لە هەردوو مناڵەکە بگری یان تەنها یەکێکیان؟ ئایا پێویست نییە کە لەگەڵ هەردوو مناڵەکەدا دابنیشی و گوێبیستیان بێت؟ جا ئەنجامگیری و بۆچوونی خۆت لەسەر ئەو خێزانە بدەی.

بۆیە ئەگەر ئەتانەوێ لە کەپیتالیزم بگەن، وەک ئەوە وایە کە لەو خێزانە بگەن کە باسمان کرد. ئەتوانی گوێبگری لەو کەسانەی کە بە شان و باڵی سەرمایەداریدا هەڵئەدەن و شانازی پێوە ئەکەن و خۆشیان ئەوێت. ئەمە بکە، کە ئەمە کارێکی سەخت نییە، چونکە 99.9٪ی هەموو ئەو تێکستانەی نووسراوە، لە لایەن ئەو کەسانەوە نووسراوە کە سەرمایەداریان خۆشئەوێت و بە شان و باڵیدا هەڵیانداوە. بەڵام پێویستە گفتووگۆ لەگەڵ ئەوکەسانەشدا بکەی کە ڕەخنەیان لێی هەیە. گوێبیستی قسەی ئەوانەش بی کە دژی سیستەمی سەرمایەدارین. ئەگەر ئەمە نەکەی، ئەوا کەواتە لە هیچ نەگەیشتووی. ئەمە موشکیلەیەکی جدییە و هەر وەک باسم کرد ئێمە تازە سەر دەرئەهێنین لێی. بۆیە تکایە بە دیقەتەوە گوێبگرە و بزانە چی ئەڵێم.

لەسەرەتادا، ئەمەوێ ئەوە بەیان بکەم کە سوشیالیزم لە ئەمریکادا لە گەڕانەوەدایە زۆر بەخێرایی. لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا کە سۆشیالیزم کرابووە تابۆ، ئێمە لێرە لە ئەمریکا پێمان وتراوە کە سۆشیالیزم تەنها پەیوەستە بە یەکێتی سۆڤییەت و چینەوە. وە ئەو وڵاتانە ترسناکن و هەڕەشەمان لێ ئەکەن و ئەیانەوێ ئازارمان بدەن. وە ئێمە پێویستە بەرەنگاریان ببینەوە و تووڕەبین لێیان. وە یەکێک لەو ڕێگایانەی کە تووڕەیی و جیاوازی و ناڕەزایەتی خۆمانیان پێ بڵێین، ئەوەیە کە کەمترین شت بزانین دەربارەی ئەو بیروباوەڕ و تیۆرییەی کە ئیدیعای ئەکەن بەکاریئەهێنن. لەم لێکدانەوە نادروستەدا هەر لۆجیکێک ئەبینی، ئەوە بەخیربێن بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پەنجا ساڵ.

بەڵام بێ گومان لە هەمانکاتدا سوشیالیزم مەوجود بووە. بەڵام خەڵکی ئەمریکا، میدیای ئەمریکا، حکومەتی ئەمریکا و کۆمەڵەی ئەکادیمی ئەمریکا، وایانداناوە کە وجودی نییە. بەڵام بەردەوام هەبووە و مەوجودبووە. بەلام بۆ پەنجا ساڵ نەتوانراوە قسەی لەبارەوە بکرێ. تەنانەت لەو بزووتنەوە ناڕەزایەتیانەی کە لە ناوخۆی ئەمریکادا هەبووە، وەک بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دژی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، بۆ ئاشتی، دژی ڕەگەسپەرستی، دژی هەڵاواردنی جنسی و …هتد. ئەم بزوتنەوانەش بە وریایییەوە دورخراونەتەوە و خۆیان بە دوورگرتووە لە هەر پەیوەندییەک بە مارکسیزمەوە، بە سۆشیالیزمەوە، بە کۆمۆنیزمەوە. تەنانەت لە کاتێکدا کە بەرپرس و سەرۆکی ئەم ڕێکخراوانە مارکسیست و سۆشیالیستیش بووبێتن، ئەم حەقیقەتەیان شاردۆتەوە.  لەبەرئەوەی ترسناکبووە بۆ کەسانی تر لەو ڕێکخراوانەدا کە ویستویانە ئەوەی ئەیانەوێ بیڵێن لەسەر ئەو موشکیلە کۆمەڵایەتیانەی کە بۆی هاتوونەتە مەیدان بەربەستی بۆ دروست نەکرێ بە بیانووی ئەوەی ڕەخنە لە سیستەمی سەرمایەداری ئەگرن.

ئەم وەزعییەتە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە درێژەی کێشا، تا پایزی ساڵی 2011. تا کاتێک بزووتنەوەیەکی تازە سەریهەڵدا. کە بەردەوام بزووتنەوەی تازە لێرە و لەوێ گەشە ئەکات و سەردەردێنێ. ئەم بزوتنەوەیە ناوێکی سەیری هەبوو ” ئۆکیوپای ۆڵ ستریت- داگیرکردنی شەقامی ۆڵ”. وە لەمەش سەیرتر ئەوە بوو کە ئەمە بزوتنەوەیەک بوو کە گەنجان ڕێکیانخستبوو کە زۆر دلێر و شۆڕشگێڕ و هێڕشبەربوون و لە ناوەندی شاری نیویۆرکدا لە پارکێک لە مانهاتن خێمەیان هەڵدابوو. ئەم بزووتنەوەیە وەک ئاگری دارستان پڕیشکی هاویشت و بڵاوبۆوە، کە لە ماوەی سێ مانگدا لە 350 شاری ئەمریکادا گەنجان هەمان کاریان دووبارەکردەوە. ئەوەی لەم بزووتنەوەیەدا خاڵی  زۆر بەهێز بوو، ئەوە بوو کە ڕەخنەیان لە کەپیتالیزم نەشاردەوە و ئەمانە کارێکیان کرد کە هیچ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا نەیوێرابوو بیکات لە ئەمریکادا. شیعاری سەرەکیان بریتی بوو لە 1٪ بەرانبەر 99٪. کە ڕەخنەکەیان هێندە بە سادەیی و کارامەیی بەیان کرد لە دژی سەرمایەداری، تەنانەت سەرۆکی ئەمریکاش لە پاش دوومانگ ناچار بوو هەمان شیعار لە وتاری خۆیدا بەکاربهێنێ. ڕەخنەیان لە ئیقتسادی سیستەمی سەرمایەداری ئەوە بوو کە ئەم سیستەمە کۆمەڵگا دابەشدەکات بە 1٪ کە دەسەڵات و سەروەتی زۆی هەیە، وە لە بەرانبەریشدا 99٪ کە هیچیانی نییە یان بەشێکی زۆر کەم لە هەردوکیانی هەیە. ئەم بزووتنەوەیە زۆر درێژەی نەکێشا، بەڵام ئەمە پێویستە کەس تووشی سەرسوڕمان نەکات. بزووتنەوەی لەم جۆرە هەڵئەتۆقێ و هەوڵئەدا جێ پێی خۆی بگرێ و زۆر جار لە هەنگاوی یەکەمدا سەرکەوتوونابێت.

ئیستا نزیک بە چوار ساڵ دوای ئەم بزووتنەوەیە، چاپتەری دووەم دەستی پیکردووە و ئەیبینین. کە دیاردەی بێرنی ساندەرسە (کاندیدی حیزبی دیموکرات بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا). ئایا وا نییە؟ کە ملیۆنان ملیۆن لە خەڵکی ئەمریکا گوێ نادات بەوەی کە ئەم کابرایە وشەی سۆشیالیستی بەدواوەیە. وە ئەتوانێ خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکایەتی. نزیک بە نۆ مانگ پێش ئێساتا ئەندامێکی زۆر باڵای حیزبی دیموکرات وتووێژی لەگەڵ کردم. لەو گفتووگۆیەدا ئەو خانمە پێی وتم ئێمە نیگەرانین لە بەرەوپێشچوونەکانی بێرنی ساندەرس. پێم وت، بەڕاستە؟ بۆچی؟ وتی حیسابمانکردوە کە ئەو ئەتوانی 1٪ بۆ 3٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنێ لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکاندا. وتم جا بۆ نیگەرانن بەوە؟ وتی لە هەندێ ویلایەتدا ئەگەر ئەوەندە بەدەست بهێنێ و دواتر ئەوانەی دەنگیانداوە بە ئەو دەنگ نەدەنەوە بە خانم کلینتۆن، ئەوا لەو ویلایەتانەدا ئێمە ئەیدۆڕێنین چونکە دەنگەکانی دیموکرات و کۆمارییەکان نزیکن لێکەوە.

بزانە، ئەوەی کە حیزبی دیموکرات وای دانابوو کە بێرنی ساندەرس  کاندیدێکی لاوەکییە و ناتوانێ هیچ بکات و بێ تەئسیرە، بەڵام ئێستا کە گۆڕاوە بە هەڕەشەیەکی گەورە و ملیۆنان لە خەڵکی ئەمریکا دەنگی پێ ئەدەن. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە حیزبی دیموکرات چەندە دوورە لە خەڵکەوە و چەندە نائاگایە لەوەی کە خەڵکی ئەمریکا چی ئەوێ.

بۆیە سۆشیالیزم لە گەڕانەوەدایە. سۆشیالیزم ئەگەڕێتەوە بە تۆکمەیی و گەورەتر لەوەی زۆر کەس تەوەقوع ئەکات. چەوسانەوە هەر ئەمێنێ تا هۆکاری چەوسانەوە باقی بێت. چەوسانەوە بەوە کۆتایی نایات کە تۆ وایدائەنێی کە نایبینی.

بەڵێ، سۆشیالیزم لە گەڕانەوەدایە. ڕێگەم بدەن باسی تەجرەبە و هەنگاوێکی تری شەخسی بکەم. من لە کۆتایی ساڵی 2008 ەوە خانەنشین بوومە. بەڵام ئێستا زۆر لەو کاتە سەرقاڵترم کە پرۆفیسۆری ئیکۆنۆمیک بووم لە زانکۆ. ئێستا بەردەوام لە سەفەردام بۆ قسەکردن لەسەر ئەوەی؛ چی هەڵەیە لە کەپیتالیزمدا یان موشکیلەی کەپیتالیزم چییە؟ من ناتوانم فریای هەموو ئەو داواکاریی و دەعوەتانە بکەوم لە ویلایەتە جیاجیاکانی ئەمریکاوە کە داوام لێدەکەن لەسەر ئەم مەسەلەیە قسە بکەم. بە هۆی کەمی کاتەوە دام ناوە لە مانگێکدا تەنها سێ سەفەر بکەم. من ئێستا ناوی ئەو شوێنانەتان بۆ ئەڵێم کە لە چوار مانگی ڕابردوودا قسەم تیایدا کردووە. وە تەنها ناوی ئەو شوێنانە ئەهێنم کە زیاتر لە 300 کەس تیایدا بەشداربووە. کە ئەمانە هەندێکیانە (تامپە فلۆریدا، سەن پیتەرسبێرگ فلۆریدا، یوستن تەکساس، ئەیمس ئایاوا، سیاتڵ و بیڵنگهام لە واشنتن، لۆس ئەنجلیس، سانفرانسیسکۆ، بێرکڵی، فرێزنۆ، بۆستن، سیریکیوز، وە ئیسیکە). ئەمە تەنها مشتێکە لە خەرواری ئەو داواکارییە زۆرەی لێم دەکرێ بۆ قسەکردن لەسەر ئەم مەسەلەیە. ئەمەتان بۆ باس ئەکەم تا مەعلوماتێک وەرگرن کە چی ئەگوزەرێ لە ئەمریکادا. لەم سەفەر و کۆبونەوانەدا بەردەوام داوام لێکراوە باسی ئەوە بکەم کە مشکیلە و هەڵە لە سیستەمی سەررمایەداریدا چییە؟ (وەتز ڕۆنگ وز کەپیتالیام؟).

ئەمە هەرگیز پێشتر لە ژیانمدا ڕووی نەداوە. گۆڕانکارییەکی بنچیینەیی ڕویداوە و بەڕێوەیە لە ئەمریکادا. هۆکاری ئەوەی کە باسی ئەمەتان بۆ ئەکەم، چونکە ڕەنگە ئێوە هەستان پێ نەکردبێ لێرە. ئەمە خەتای هیچ کەس نییە، شتەکان ئاوایە، لەهەموو شوێنێک وەک یەک گەشە ناکات. بەڵام پێویستە ئاگاداربکرێنەوە و بیبیستن لە لایەن کەسێکی وەک منەوە کە ئەم شتانە ئەگوزەرێ لە ئەمریکادا. من لە مانهاتن ئەژیم، ڕۆژانە جارێک یان دوو جار سەیارەیەکی لیمۆزین دێت بەدوامدا و لەبەردەم ماڵەکەم هەڵم ئەگرێ. دراوسێکانم ڕەنگە وابزانن من کەسێکی زۆر گرنگم. من ئەبەن بۆ یەکێک لە ستیۆدیۆکانی تیڤی بۆ چاوپێکەوتن، کە بەم ڕێگەیە ئەتوانم بۆ ملیۆنان کەس قسە بکەم. لەم چاوپێکەوتنانەدا زۆربەی کات پرسیاری ئەوەم لێدەکەن کە پێمان بڵێ (وەتس ڕۆنگ وز کەپیتالیزم) موشکیلەی سەرمایەداری چییە؟ زۆربەی کاتەکان ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ئەوان لێم دەکەن. بەڵام لە چاوپێکەوتنم لە گەڵ بیڵ ماهر لە بەرنامەی (لەیت نایت کۆمیدی شۆ) کە دڵنیام هەندێ لە ئێوە بینەری ئەو بەرنامەیەن. لەو چاوپێکەوتنەدا، مارکسیزم ئەو بابەتە بوو کە ئەو نەک من، هەڵیبژاردبوو بۆ گفتووگۆ. لەو بەرنامەیەدا باسی مارکسیزممان کرد و وەڵامی پرسیارەکانیم دایەوە بۆ بینەرەکانی کە 10 ملیۆن کەسە یان زیاتر. باشترین چاوپێکەوتن کە لە دوو بۆ سێ ساڵی ڕابردوو کردبێتم، لە گەڵ بیڵ ماهیر بووە کە سێ بەرنامەی درێژم لەگەڵدا کردووە. وەهەروەها چاوپێکەوتنم لە گەڵ کریس هەیز و …هتد کردووە.

ئەمە ئەو شتانەیە کە هەرگیز پێشتر ڕووینەداوە لە ئەمریکادا. چونکە ئەو کەسەی کە دژی کەپیتالیزمە، کە من ئەو کەسەم. کەسێک کە بەرهەمەکان و خەباتی کارڵ مارکس بەرز ئەنرخێنێ و ئیلهامی لێ وەرئەگرێ، کە من ئەو کەسەم.  بۆیە ئاگاداربە کە بە دایک و باوکت نەڵێی کە هاتووی بۆ ئەم کۆڕە، چونکە ڕەنگە توورەیان بکەی! (بە پێکەنینەوە ئەڵێ) هیوادارم من هەڵەبم و گاڵتە بکەم (پێکەنینی ئامادەبوون).

با بزانین سۆشیالیزم چی لێهات، لە کاتێکدا لێرە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا سەرکوتکرا و کرایە سووڕی سڕبوونەوە. بە پێچەوانەوە لە وڵاتانی تر خەفە نەکرا و بزووتنەوەیەکی ئامادە و زیندوە. هیچ وڵاتێک لەسەر گۆی ئەم زەوییە نییە کە ڕێکخراوێکی سۆشیالیستی یان حیزبێکی سۆشیالیستی یان نەقابەی کرێکاری سۆشیالیستی یان سۆشیالیست یونەڤێرستی دیپارتمێنتی تیادا نەنێت، یان هەر شتێکی تر تۆ ئەتوانی ناویبهێنی. ئەم بزوتنەوەیە بە گەورەیی و خێرایی بڵاوبۆتەوە. وە تاکە تیۆری و ئایدیۆلۆجی بنچینەیی ئەم بزووتنەوەیە لە ئاستی دنیادا مارکسیزم بووە. واتە ئەو بیروباوەڕەی کە لە کارل مارکسەوە هاتووە، کە ڕەخنەی لە ئیقتسادی سەرمایەداری گرتووە. هەر وەک ئادەم سمیس و دەیڤید ڕیکاردۆ و (مارشاڵ و کینز) کە ئەمان بە پێچەوانەوە بە شان و باڵی سەرمایەداریدا هەڵیانداوە و سەرمایەداریان خۆشویستووە.

بیرت نەچێ کە کارل مارکس تەنها 150 ساڵێک لەمەو پێش مردووە، کە بە پیوانەی مێژوویی کاتێکی زۆر کەمە. بەڵام لەم ماوەیەدا، لەو کاتەوەی کە ئەو مردووە لە سەدەی نۆزدەدا، بیروباوەڕەکەی بە هەموو دنیادا بڵاوبۆتەوە. بۆ ناو هەموو کەلتوورێک لەم دنیایەدا. بۆیە بیروباوەر لەسەر مارکسیزم، لێکدانەوە و شیکردنەوەی مارکسیزم، تەنانەت پێناسەی سۆشیالیزم زۆر هەمەجۆرە. سۆشیالیزم توراسێکی گەورە و بەربڵاو و هەمەجۆرە کە ڕەخنەی لە سەرمایەداری هەیە. سۆشیالیزم مۆدیلێکی ترە، ئەڵێ ئەتوانین باشتر بکەین لە سەرمایەداری، بەڵام ئەوەی چۆن باشترئەکەین، تەرکیز لەسەر چی ئەکەین، بە چی ڕێگەیەک وە چۆن و بەچی ڕیزبەستنێک. خەڵک لەسەر ئەمانە جیاوازیان هەیە.

بۆیە لەبیرت بێت، ئەگەر وتارێک یان کتێبێکت خوێندەوە لەسەری نووسرابوو (زە سۆشیالیست ڤیو) یان (زە مارکسیست ڤیو) ئەوە کتێبەکە دابنێ، چونکە گەمژەیەک کتێبەکەی نووسیوە. نابێت بنووسێ (زە). کەسێک ئاوا بڵێ یان زانیاری نییە، یان مەبەستێکی تری هەیە کەبەم شێوەیە ئەنووسێ. پێویستە باوەڕت وابێت کە شێوەی جیاواز و بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر سۆشیالیزم. تۆ ئازادی کامەیان هەڵئەبژێری و قسەی لەسەر ئەکەی، یان حەزت لە کامیانە یان ڕەخنە لە کامیان ئەگری. بەڵام نابێت وا دابنێی کە ئەوەی تۆ تەنها بۆچوونە. بۆ نموونە ئەمە وەک ئەوە وایە کە ئەگەر من کۆرسێک دابنێم لەسەر ئاین، وە لەو کۆرسەدا لە ڕۆژی یەکەمەوە تا کۆتایی دەربارەی ئاینی (بەهایی) بێت. ئەگەر تۆ وادابنێی کە ئەمە هەموو شتێکە دەربارەی ئاین. ئەگەر بەم جۆرە بکەی، ئەوا ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە تۆ یان ساویلکەی یان کەسێک پارەی داوەتێی بۆ مەبەستێکی تایبەت کە ئاوا بەو جۆرە قسە بکەی.

سۆشیالیزم خاوەنی فەرهەنگێکی گەورەی هەمەجۆرە. بۆیە هەندێ جار تەم و مژاوی دەرئەکەوێ چونکە خەڵک بەم جۆرە هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕەخنە ئەکات و بە ئاسانی وەری ناگرێ. ڕەنگە سەرنجتدابێ تەنانەت لە ژیانی تایبەتی خۆشتدا کاتێک هاوڕێیەکت ڕەخنەت لێ ئەگرێ، ئەگەر هێشتا تەواو ئامادە نەبی بۆی، ئەوا ناتەوێت گوێبیستی بیت و بەباشی وەریناگری. بەهەمانجۆر ئەمە لە کۆمەڵگاشدا هەر وایە.

هەموو ئەو سیستەمە ئیقتیسادیانەی کە لە مێژووی مرۆڤاتەیتدا لەسەر گۆی زەوی مەوجود بووە، تۆ ناویان بهێنە کۆیلایەتی، دەرەبەگایەتی، بەردەوام خەڵک هەبووە خۆشیویستووە و خەڵک هەبووە ڕەخنەی لێ هەبووە و دژی بووە. سەرمایەداریش بەهەمانجۆر. لە ڕاستیدا ئەوەی کە تۆ نەتزانیوە، یان نەتبیستووە دەربارەی، یان کەس ئاشنای نەکردووی بەمە.  ئەمە مانای ئەوە نییە کە ڕەخنە لە سەرمایەداری و دژایەتیکردنی مەوجود نەبووە.

سۆشیالیزم بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و گەشەیکردووە. لە دەورانی ڕابردوودا دووجۆر شێوازی تایبەتی سۆشیالیزم باڵادەستبووە. کە شێوازیی تریش زۆرە و تەنها ئەم دوو شێوازە نەبووە. بەڵام ئەم دوو شێوازە بە هۆی هۆکاری مێژوویییەوەیە کە بەربڵاو و باڵادەست بوونە. ڕێگەم بدەن وەسفی کەم بۆتان، دڵنیام ئاشنان پێیان.

بیروباوەڕی یەکەم؛ ئەوەیە کە سۆشیالیزم بریتییە لەوەی کە واز لە خاوەندارێتی تایبەتی، بزنسی تایبەتی بهێنی و بە خاوەندارێتی دەوڵەتی و بزنسی سەربە حکومەت جێی بگریتەوە. یانی ئەمە بیروباوەڕێکە کە ئەڵێ سۆشیالیزم و کەپیتالیزم لەیەک جیاوازن بەوەی کە لە سەرمایەداریدا خاوەندارێتی تایبەتی پرۆسەی بەرهەمهێنان و بزنس بەڕێوەئەبات و لە سؤشیالیزمدا حکومەت ئەم کارە ئەکات. کە لەم بیرکردنەوەیەدا هەموو شتێک دەربارەی حکومەتە. حکومەت دێ کۆنترۆڵی هەموو شتێک ئەکات و بەرهەمهێنان ڕێکئەخات. ئەگەر ئەم شێوازە ئەوەیە کە تۆ ئاشنای پێی. ئەوا ڕێگەم بدە ئامۆژگارییەکی بچوکت بکەم. ئەگەر هەرچی کتێب و نووسینەکانی مارکسە بگەڕێی، ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ و بە قووڵی هەرچی کارەکانی مارکسە بەسەربکەیتەوە، تەنانەت وشەیەکیش نادۆزیتەوە لەسەر ئەمە.  مەشغەڵەی ئەو، حکومەت نەبوو. ئەو هەرگیز مەقالەیەک یان کتێبێکی نەنووسیوە لەسەر حکومەت، ئەمە شتێکی لاوەکی بوو بۆ ئەو، ئەو شتی تر مەشغەڵەی بوو. هەروەها جیاوازی نێوان خاوەندارێتی (ئینتەرپرایزی) تایبەتی و خاوەندارێتی دەوڵەتیش، مەشغەڵەی ئەو نەبوو. ئەمانە هیچی پەیوەندی بە دیدگا و پرۆژەیەک کە ئەو باسی کردوە نییە.

ڕێگەی دووەم بۆ پێناسەکردنی سۆشیالیزم لە سەدەی نۆزدە و بیستدا؛ بەم ڕێگەیەی خوارەوە بووە. لە جیاتی بازار، لە جیاتی ئەوەی ڕێگەبدەی بازاڕ بڕیاربدا کە بەرهەمهێنان (کاڵا و خزمەتگوزاری) چۆن دابەش ئەکات، لەجێگەی ئەمە لە ڕێگەی سەنتەری پلاندانانی حکومەتەوە ئەکرێ، واتە لە حکومەتدا کەسانێک هەیە پلان دائەنێن کە هەر کەسەو چی بەرئەکەوێ. یان ئەتوانین بەشێوەیەکی تر باسی بکەین بەمجۆرە؛  سەرمایەداری بازاڕە، کە بەم ڕێگەیە دابەشی ئەکات وە سۆشیالیزم، پلاندانانە.

باشە، یانی ئێستا ڕوونبۆتەوە وسادە و ئاسانە بۆ ئەوەی لێک تێبگەین، کاپیتالیزم واتە خاوەندارێتی تایبەتی و بازاڕ، وە سۆشیالیزم واتە خاوەندارێتی دەوڵەتی و پلاندانانی حکومەت. وە ئەتوانین بڵێین کە یەکێتی سۆڤییەت و چین هەوڵیاندا بە ڕێگەی خۆیان کە ئەم پرۆجێکتە ببەنە پێشەوە. شۆڕشیان بەرپا کرد، 1917 لە ڕوسیا و 1949 لە چین. کە خاوەندارێتی تایبەتیان گواستەوە بۆ خاوەندارێتی دەوڵەتی. وە جێگەی بازاڕیان بە پلاندانانی حکومەت گرتەوە. لە ڕاستیدا ئەم شێوازە، ئەو ڕێگە بەربڵاوە بووە کە سۆشیالیزمی پێ ناسراوە.

ڕێگەم بدەن تۆزێک باسی ئەمە بکەم؛ ئەم تەجرەبانە ڕێک بە خواستی ئەوانەی شۆڕشیان کرد و هیوایان بۆ خواست نەچووە پێشەوە و نەهاتەدی. ئایا ئەمە مانای وایە کە ئەم تەجرەبانە هەمووی شکستخواردوو بوون؟ بێ گومان نەخێر. ڕەنگە هەندێ لە ئێوە بەمجۆرە بیربکاتەوە، بەڵام ئەزانم مێشکە زیرەکەکانتان باشتر ئەزانێ کە وانییە. چی سەرکەوتوو بوو لە یەکێتی سۆڤییەت و چیندا؟ یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیان ئەوە بوو کە کۆتاییان بەوە هێنا کە ڕوسیا لە 1917 دا، وە چین بە دڵنێاییەوە لە 1949دا یەکێک لە هەژارترین و دواکەوتووترین وڵاتانی دنیا بوون. تۆ هەرچییەک بخوێنێتەوە لەسەر ڕوسیا پێش 1917 بۆت دەرئەکەوێ کە یەکێک هەژارترین ونەخوێنەوارترین و موتەخەلیفترین وڵاتی سەر گۆی زەوی بوو. وە هەمان شت ڕاسەتە بۆ چینیش لە پێش 1949دا. لە ساڵانی دوای شۆڕشدا دوو شت ڕوویاندا لەو دوو وڵاتە. گەورەترین گەشە و پێشکەوتنی پیشەسازیان بەخۆیانەوە بینی کە تا ئەو کاتە لە هیچ وڵاتێکی سەرمایەداریدا بەوجۆرە ڕووینەدابوو. کە ئێستا تەواوبووە لە ڕوسیا، بەس هێشتا تەواونەبووە لە چیندا. بۆ ئەوانەتان کە زانیاریتان هەیە لەسەر ئەمە، ئاگادارن کە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە ڕێکۆری گەشەی ئابووری وڵاتان بڵاوئەکاتەوە، کە لە 25 ساڵی ڕابردوودا یەکەم وڵات بۆ گەشەی ئابووری، کۆماری گەلی چین بووە.  بۆیە ئەگەر ئەتەوێ گەشەی خێرای پێشکەوتنی ئابووری بکەی، ئەوا بە دڵنیاییەوە،  شۆڕشی سۆشیالیستی، واتە ڕێگەیەک کە ڕوسیا و چین گرتیانە بەر، ڕێگەیەکی زۆر گونجاوە بۆ ئەو مەبەستە. بۆ هەندێ لە ئێوە کە ئەیانەوێ ڕەخنە لەو کۆمەڵگایانە بگرن، ئەوا پیویستە ئاگاداربن کە چۆن ڕەخنە ئەگرن، دەنا خۆت ئەکەیتە گێژاوێکی پڕ ناکۆکییەوە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەوان  جیهانێکی سۆشیالیستیان دامەزراند کە جێگەی ڕەزامەندی ڕابەرەکانیان بووبێت؟ بێگومان نەخێر.

یەکێک لەو شتانەی لەو تەجرەبەیەدا دۆزرایەوە ئەوەیە کە ئەگەر دەسەڵاتی پێویست بدەی بە حکومەت بۆ ئەنجامدانی گەشەی خێرای لەم جۆرە، وە دەسەڵاتی پیویستی ئەوەی بەیتێ کە جێگەی بازاڕ بگرێتەوە بە پلانەکانی خۆی. ئەوا دەرئەکەوێ کە تۆ حکومەتێکت هەیە کە دەسەڵاتی ڕەهای هەیە کە ئەبێتە هۆی سەرچاوەی مشکیلەی تر، کە هەمان ئەو دەسەڵاتە لە هەموو شوێنێکیتری کۆمەڵگادا بەکارئەهێنێ. ئەم کارە لەو دوو کۆمەڵگایەدا (ڕوسیا و چین) بە باشی نەهاتەدی.

کەواتە ئێستا چی؟ سۆشیالیستەکان ڕووبەڕووی شتێک بوونەتەوە، کە پێناسە و تەجرەبەی نادرووستی سۆسیالیزمە. پێناسەی شۆشیالیزم بەو جۆرەی کە کراوە و گوایە خاوەندارێتی دەوڵەتی و پلاندانانە، لە بەرانبەر کەپیتالیزمدا کە خاوەندارێتی تایبەتی و بازاڕە. بۆیە  سۆشیالیستەکان ڕەخنەیان دەربڕی لەو جۆرە سۆشیالیزمە نادەقیقەی کە بەم جۆرە تەرجەمە و پێناسەکرابوو. بۆیە هەروەک چۆن کاتێک کەسێک ڕەخنەی لە شتێک هەیە، ئەڵێن با بگەڕیینەوە بۆ سەرچاوەی بیروباوەڕەکە، بۆ بنچینەی بیروباوەڕەکە. با بیدۆزینەوە بزانین لە کوێدا هەڵە کراوە و بە نادرووستی تەرجەمەکراوە. وە لە کوێدا پیویستە کە بیگۆڕین و پرسیاری لەسەر دابنێین. کە لە نزیک بە 25 ساڵی ڕابردوودا سۆشیالیستەکان و مارکسیستەکان و کۆمۆنیستەکان ئەم کارەیان کردووە. وە ئەوەی کە ئێستا من بۆتان باسئەکەم ڕاپۆرتێکە لەسەر ئەوەی کە چی ڕوویدا و ئێستا چی ڕووئەدا و لە داهاتوودا بەرەوکوێ. بەڵام پێش ئەوەی ئەمە بکەم، ڕێگەم بدەن لەوە دڵنیاببمەوە و بە کورتی دووبارەی بکەمەوە کە ئایا ئێمە هەموومان پێکەوە لامان ڕۆشنە کە باسی چی ئەکەین. ئایا من ئەڵێم تەجرەبەی بنیاتنانی سۆشیالیزم کە لە وڵاتانی یەکێتی سۆڤییەت و چین و ڤێتنام و ئەوروپای شەرقی و کوبا و …هتد، ئێستا خراوەتە لاوە و باسی ئەڵتەرناتیڤێکی جیا لەمانە ئەکەم؟ ئایا باسی ئەو دەرسانە ئەکەین کە لەو تەجرەبانەدا ڕوویداوە و فێربین لێیەوە و بزانین چی باشە بیکەین و چی خراپە دووبارەی نەکەینەوە؟ بەڵێ، ئەمە بەتەواوی ئەوەیە کە من ئەیڵێم. وە ئایا ئێستا ئاڕاستەیەکی نوێ گیراوەتە بەر، بەڵێ من ئەوە ئەڵێم.

لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێم کە ئەگەر پێت وایە کە ئەم بۆچوون و ڕەخنەیە جێگەی پرسیارە. ئەوا ڕێگەم بدە ئەوەت بیربخەمەوە و پێت بڵێم کە سەرمایەداریش لە سەرەتای هاتنیدا بە هەمان چەشنی سۆشیالیام بە تەجرەبەی ئاوادا ڕۆیشتووە، ڕێک لە چەشنی ئەمەی لە ڕوسیا و چیندا ڕوویداوە. سیستەمی ئیقتیسادی سەرمایەداریش بە یەکجار و لە پڕێکدا و بە پێرفێکتی (بێ خەوشی) لە دایک نەبووە. بەڵکو لە پاش چەندین هەوڵدان و تاقیکردنەوە جا بەمەی ئێستا گەیشتووە. کە هەندێجار هەوڵەکانیان سەرکەوتوو بووە و هەندێ جار شکستی هێناوە و ڕەخنەیان لێی گرتووە و دەرسی لێوە فێربوون و ڕێگەیەکی تریان گرتۆتەبەر. بۆ سەرمایەداریش کە ئێستا بووە بەم سیستەمەی کە دنیای داگیرکردووە، لە سەرەتایدا بە هەمانجۆر هەوڵیانداوە و هەڵەیان کردووە، تەجرەبەیان کردووە و دەرسیان لێ وەرگرتووە تا هەلومەرجی بۆ لەباربووە و گەیشتووە بەم سیستەمە جیهانییەی ئێستا.

بۆیە کەواتە دۆزینەوەی ئەوەی کە تاقیکردنەوەکانی پێشووی سۆشیالیزم لە سۆڤێت و چین و شوێنەکانی تر، سەرکەوتوو نەبوو، وە هەموو مشکیلەکانی چارەسەرنەکردوو و ڕاست دەرنەچووە، کارێکە کە پێویستە چاوەڕوانکراوبێت بۆ هەریەک لە ئێوە. نەک پێت وابێت کە ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە سۆشیالیزم گونجاو نییە و پراکتیکەڵ نییە. چونکە ئەگەر ئەمە بۆچوونت بێت، ئەوە لە باری مێژوویییەوە بۆچوون و ئەنجامگیرییەکی زۆر سەیر و نادروستە، لە کاتێکدا ئەزانین کە هەموو سیستەمەکانی تر چۆن هاتوون و ڕۆیشتوون.

کەواتە با پوختی بکەینەوە و بپرسین کە ئایا ئێستا چی ڕەخنەیەک لە نێوان سۆشیالیست و مارکسیست و کۆمۆنیستەکانەوە گەڵاڵە کراوە دەربارەی ئەوەی لە یەکێتی سۆڤییەت و چیندا ڕویدا. چی ئەکەن و چی دەرس و ئەنجامگیرییەکیان هەڵهێنجاوە لێی. دووبارە هیوادارم کە لە کۆتایدا لە پرسیار و وەڵامەکاندا بچیینەوە سەر ئەمە. بەڵام ئێستا ڕێگەم بدەن کورتە ڕاپۆرتێکتان بدەمێ لەسەر ئەمە. ڕەخنەکە ئەمەیە؛ کە ئەوان لە یەکێتی سۆڤییەتدا ڕەخنەی مارکس لە ئیقتیسادی سەرمایەداریان تەنها لەوەدا کورتکردبۆوە و بەوە تەرجەمەیانکردووە کە تەرکیزی لەسەر ئەوەیە کە دەوڵەت بێ و خاوەندارێتی پرۆسەی بەرهەمهێنان بەدەست بهێنێ، وە لە جیاتی بازاڕ، پلاندانان جێیبگرێتەوە. ئەم شتانە زۆر (ڕێگەم بدەن لێرەدا زاراوەیەکی ئیقتیسادی بەکاربهێنم،   تکایە تووڕە مەبن) ئەم شێوازە زۆر (ماکرۆ-ئیکۆنۆمیک)ە، کە تەرکیز ئەکاتە سەر شتە گەورەکان، کێ خاوەنی شتەکانە، کێ دابەشکردن دیاری ئەکات. بەڵام هیچ گرنگی نادات بە مایکرۆ-ئیکۆنۆمیک (لە ئاستی مایکرۆدا)، هیچ گرنگی نەداوە بەتایبەت بەوەی کە لە شوێنی کاردا چی ئەگوزەرێ. بە شێوەیەک کاریان کردووە وەک ئەوەی کە ئەمە هەر مەسەلە نەبێت.

ئەوان بەشێوەیەک کاریان کردووە کە ئەگەر حکومەت بێت و دەست بەسەر پرۆسەی بەرهەمهێناندا بگرێت و پلاندانەرەکانی دابنێ تا بەرهەم دابەش بکەن، ئیتر ئەمە سۆشیالیزمە! واتە لە یەکێتی سۆڤییەت و چیندا وایان بیرکردبۆوە کە ئەوەی بەربەستە لەبەردەم سۆشیالیزمدا هەبوونی خاوەندارێتی تایبەتی و هەبوونی بازارە وەک موئەسەسەیەک.  ئەوەی سەرنج ڕاکێشە لێرەدا ئەوەیە کە ئەم بۆچوونە نادروستە لەسەر سۆشیالیزم کە ئێستا ڕەتکراوەتەوە لەلایەن سۆشیالیستەکانەوە، بەڵام ڕەتنەکراوەتەوە بۆ نمونە لە لایەن (نیو یۆرک تایمز)ەوە. بۆ نیو یۆرک تایمز سەرمایەداری واتە بازاڕی ئازاد و خاوەندارێتی تایبەتی، وە شۆشیالیزم و کۆمۆنیزم واتە خاوەندارێتی دەوڵەت و پلاندانان. واتە تا ئێستا نیو یۆرک تایمز ئەو پیناسەیە بۆ شۆشیالیزم بەکارئەهێنێ کە ئەوە 25 ساڵە سۆشیالیستەکان خۆیان ڕەفزیان کردۆتەوە. ئاخر شتی ئاوا ڕووئەدات ئەگەر تۆ  موناقەشە و ڕاگۆڕینەوە (دیسکۆرس) لەسەر  سۆشیالیزم سەرکوتکەی لە کۆمەڵگادا وەک ئەوەی ئێمە هەمانبووە لێرە لە ئەمریکا.

بەڕاستی ئەوان زۆر لەدواوەن. بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئێمە سۆشیالیستەکان ئێستا ئەڵێین، ئا بوەستن، با بزانین کە ئایا کارل مارکس ئەگەر تەرکیزی نەکردبێتە سەر پلاندانان، ئایا تەرکیزی کردۆتە سەر چی؟ لە کارەکانی مارکسدا هیچ ئارکیومینتێک نادۆزرێتەوە لەسەر پلاندانان، هەرگیز هیچ ئارگیومێنتێکی بەردەوام نادۆزیتەوە. بەهەمانجۆر هەرگیز ئارگیمێنتی بەردەوام (سەستەین ئارگیومێنت) نادۆزرێتەوە لەسەر خاوەندارێتی گشتی لەبەرانبەر خاوەندارێتی تایبەتیدا. واتە ئەو شتانەی لەلایەن مارکسیست و سۆشیالیستەکانەوە هەڵگیراوە و تەتبیق کراوە لە سۆڤییەت و چین، ئەو شتانە نییە کە مارکس خۆی تەرکیزی لەسەر کردووە.

ئایا مارکس تەرکیزی لەسەر چی کردبوو؟ وەڵامی ئەمە بەڵگەمان ئەداتێ لەسەر تەرجەمەکردنی سۆشیالیزم بە ڕێگەیەکی تر. بەڵێ مارکس تەرکیزی لەسەر شتێکی تر کردبوو، وە بەڵێ بەڵگەمان ئەداتێ بۆ ئەمە. وە ئێستا من پێتان ئەڵێم کە چییە.

ئەوەی مارکس تەرکیزی لەسەر کردووە، پرۆسەی بەرهەمهێنانە، کە ئایا چی لەناو ئەم پرۆسێسەدا ڕووئەدا؟ چی لەو شوێنەدا ڕووئەدا کە تۆ هەفتەی پێنج ڕۆژ و ڕۆژانە لە سەعات نۆ تا پێنجی ئێوارە کارئەکەی تیایدا. ئایا کاتێک کە ئەچی بۆ ئیش، لە شوێنی کارەکەت و لە پرۆسەی کارکردنتدا چی ئەگوزەرێ و چۆن کەسەکان کارلێکردن ئەکەن (بەریەکئەکەون) لەو شوێنەدا. ئەمە ئەو شتە بوو کە مەشغەڵەی مارکس بوو. سێ بەرگی کتێبی کەپیتاڵ (سەرمایە) کە یەکێکە لە دەسکەوتە گرنگەکانی، لەسەر ئەمەیە. ئەو بەرهەمی گرنگی تریشی زۆرە، بەڵام ئەمە مەزنترین کارەکانێتی. چۆن پرۆسەی بەرهەمهێنان ئیش ئەکات و چی ئەگوزەرێ لەوێدا؟ بەڵێ، ئەمە ئەو شتە بوو کە ئەو گرنگی پێدابوو. وە ئەو ڕەخنەی قوڵی هەیە لەم شێوە بەرهەمهێنانەی سیستەمی سەرمایەداری و بە دڵنیاییەوە ئەڵتەرناتیڤی بۆ تەرحکردووە.

کەواتە مانای وایە ئێستا سۆشیالیزم ئەگەڕێتەوە بۆ مارکس و لەودا ئەم گفتووگۆیە ئەدۆزێتەوە لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنان و دووبارە پێناسەی سۆشیالیزم ئەکاتەوە کە چییە؟ وە هیوادارم کەگرنگی و ئاگایی پێ بدەن، چونکە ئەمە پێناسەی شۆشیالیزمە بۆ هەموو ژیانت، سۆشیالیزمی سەدەی بیست و یەکە کە جیاوازە لە سۆشیالیزمی سەدەی نۆزدە و سۆشیالیزمی سەدەی بیست.

با دەستپێبکەین، ڕەخنەی مارکس بە باشترین شێوە ئەتواندرێ پیشانبدرێ بەم شێوەیەی خوارەوە؛ تکایە ناڕەحەت مەبن ئامادەبوان. من ئێستا هاوکێشە و ماتماتیکی ئیقتیسادی بەکارئەهێنم. ئەزانم هەندێ کەس هەیە کە بە شێوەیەکی دیاریکراو ڕاهێنراون، کە خەتای خۆیان نییە. ئەمە بۆ زۆر کەس ناڕەحەتیە و هەیە کە ماتماتیک ئەبینێ چاو وەرئەگێڕێ بۆ شوێنێکی تر و مێشکی ئەڕوا بە لایەکی تردا. تکایە مەترسن، زۆر ئاسانە و بە سادەیی شەرحی ئەکەین. 

کەپیتالیزم زۆر بە سادەیی بەم شێوە تێگەیشتنەی خوارەوە نوێنەرایەتی کراوە لە بیرکردنەوەی مارکسدا. پرۆسەی بەرهەمهێنان چییە؟ وە لەبەرئەوەی مارکس  گرنگی زۆری بە مرۆڤ داوە و ئینسان بنچینەبووە لە لای. ئەوەی زۆر بەلاوە گرنگ بووە کە ئینسانەکان چۆن پەیوەندیان پیکەوە بەستراوە.  ئەو گرنگی زۆری بەمە داوە و شیئەکاتەوە کە چی بەسەر (کار) دا دێت لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا؟ لەو شوێنەدا کە خەڵک ئەچێت بۆ ئیش، پەیوەندی ئینسانەکان چۆنە کاتێک شتەکانی ناو سروشت ئەگۆڕن بۆ کاڵاو خزمەتگوزاری؛ بۆ نمونە کورسی، بەرنامەی سۆفتوێ، سەرچاکردن، یان هەرشتێکی تر.

بەم جۆرەی خوارەوە دەستپێئەکەین: بۆ دروستکردنی هەر کاڵایەک پێویستمان بە هەندێ ئەدەوات (تووڵس & ئیکویپمێنت)، و هەندێ ماتریاڵی خاو (سەرەتایی) و…هتد هەیە. بۆ نمونە با بڵێین کورسییەک دروست ئەکەین، یان ئەتوانی هەر کاڵایەکی تر بە نمونە بهێنیەوە. بۆ دروستکردنی کورسییەک پێویستمان بە هەندێ تەختە و هەندێ کەتیرە و بزمار و چەکوش هەیە، وە هەموو ئەم شتانە کە ئێستا بەکاریئەهێنین لە بەرهەمهێنانی ئەم کورسییەدا، پێشتر ئەم شتانە ئامادەکراوە لەلایەن کارکردنی کەسانی ترەوە کە ئێستا ئامادەیە بۆ ئێمە کە شتی نوێی لێدروست بکەین.  ماوەیەک لەمەوپێش کەسێک کاری کردووە و چەکوشی دروستکردووە کە ئێستا ئێمە بەکاریئەهێنین. ماوەیەک لەمەوپێش کەسێک کاریکردووە و چی پێویست بووە کردوویەتی بۆ ئامادەکردنی کەتیرە کە ئێمە ئێستا بەکاریئەهێنین. ماوەیەک لەمەوپێش کەسێک کاریکردووە و داری بڕیوەتەوە و تەختەی دروستکردووە کە ئێمە ئێستا بەکاریئەهێنین. ئەم کارەی کە پێشتر بەکارهاتووە بۆ ئامادەکردنی ئەم شتانە (چەکوش، بزمار، تەختە، کەتیرە) پێی ئەوترێ کاری بەرجەستەبوو (ئیمبۆدید لەیبە). لە هەموو بەرهەمهێنانێکدا بەکارهێنانی کاری بەرجەستەبوو (ئەو کارەی پێشتر بەکارهاتووە بۆ دروستکردنی شتێک کە ئێمە ئێستا لە بەکارهێنانی شتێکی تردا بەکاریئەهێنین).

هەموو بەرهەمهێنانێکی تازە (دروستکردنی شتی نوێ) پێویستی بەوەیە کە کاری بەرجەستەبووی تیادا بەکاربێ. واتە ئەو کارەی کە پێشتر کراوە و بەرجەستەبووە لەو شتانەی کە ئێمە ئێستا بۆ دروستکردنی کورسییەک بەکاری ئەهێنین، وەک (تەختە، بزمار، کەتیرە، چەکوش).

واتە ئێستا بۆ گۆڕینی ئەم ئەدەوات و ماتریاڵە خاوانە (تەختە و بزمار و کەتیرە و چەکوش) کە پێمان وت (کاری بەرجەستەبوو). ئێستا پێویستمان بە کارێکی تر هەیە بۆ ئەوەی ئەمانە  بگۆڕین بە کورسییەک. ئەم کارە ناوئەنێین کاری زیندوو (لیڤینگ لەیبە)، واتە کرێکار، واتە من، تۆ، ئەو، واتە ئەو کەسەی کە ئیش ئەکات.

یانی ئێستا بە کاری بەرجەستەبوو لە گەڵ کاری زیندوودا ئەتوانین بڵێین تێکڕای کار (تۆتەڵ لەیبە). با ئەمەی سەرەوە لەم هاوکێشانەی خوارەوەدا پیشانبدەین.

Embodied Labour (EL) + Living Labour (LL) = Total Labour (TT).

کاری بەرجەستەبوو + کاری زیندوو (کرێکار) = تێکڕای کار.

(تەختەو بزمار و کەتیرە و چەکوش) + ماندووبوون و ئیشکردنی کرێکار = بەرهەمی کۆتایی (کورسی).

ئەدەوات و ماتریاڵە سەرەتاییەکان + بە هێزی کرێکار = ئەگۆڕدرێ بە بەرهەمی کۆتایی (جا هەر شتێک بێت، ئێمە کورسیمان بە نمونە هێناوەتەوە لێرەدا).

با بزانین لیرەدا سەرمایەداری یانی چی؟ لە پرۆسێسێکدا کاری بەرجەستەبوو، واتە ئەو کارەی کە لە ڕابردوودا کراوە، ( واتە ئەوەی لە ڕابردوودا کڕێکار ئیشی کردووە و داری بڕیوەتەوە و تەختەی دروستکردووە، هەروەها کاری کردووە و بزمار و چەکوش و کەتیرەی دروستکردووە)، ئێستا ئەمانە (کاری بەرجەستەکراو) بووە بە موڵکی تایبەتی کەسێکی تر، کە پێی ئەوترێ خاوەنکار. ئەوان (خاوەنکارەکان) ڕەنجیان لەگەڵدا نەکێشاوە، بە دڵنیاییەوە نەخێر. کەسی تر (کرێکار) ڕەنجی لەگەڵدا کێشاوە، بەڵام کرێکارەکان نەبوونە بە خاوەنی ئەوەی کە بەرهەمیان هێناوە. کرێکار بەرهەمی هێناوە، بەڵام لەژێر دەستیان دەرکراوە و بووە بە موڵکی تایبەتی کەسێکی تر. بووە بە موڵکی سەرمایەدار. لە کۆتایدا ئەتوانین لەسەر ئەمە زیاتر قسە بکەین، بەڵام بۆ ئێستا با باسی پرۆسەی بەرهەمهێانن بکەین کە چی تیادا ئەگوزەرێ.

بۆ ناو پرۆسەی بەرهەمهێنان سەرمایەدار کاری بەرجەستەبوو ئەهێنێ. لەم نمونەیەی باسی ئەکەین بۆ دروستکردنی کورسییەک، سەرمایەدارەکە (تەختە و بزمار و چەکوش و کەتیرە) ئەهێنێ. بۆ ئەوەی حیساباتەکە ئاسان بکەینەوە، وادابنێ شتەکانی هێناوێتی (کاری بەرجەستەبوو) بایی 100. ( گرنگ نییە ئەم 100 چییە، هەرچییەک بێت موشکیلە نییە). ئێستا کرێکار (کاری زیندوو) ئیش لەسەر ئەم  ماتریاڵانە (تەختە، بزمار، چەکوش، کەتیرە) ئەکات و ئەیانگۆڕێ بۆ کاڵایەکی نوێ. کورسییەک دروست ئەکات. یان ئەتوانی هەر شتێکی تر بە نمونە بهێنیتەوە، مێزێک، یان هەر کاڵایەکی تر. کرێکار بە گۆڕینی ماتریاڵە خاو و موادە سەرەتاییەکان (تەختە و بزمار و چەکوش و کەتیرە) بۆ ئەو بەرهەمە نوێیەی دروستی کردووە (کورسی)، بەهای ئەو شتە زیاد ئەکات کە دروستی کردووە. بۆ ئەوەی ئاسانی کەینەوە با وادابنێین ئیشی کرێکارەکەش (کاری زیندوو) بەهای 100ی زیاد کرد بۆ ئەو کاڵایەی کە بەرهەم هاتووە (کورسییەکە). واتە بەهای کوسییەکە ئێستا 200.

من پێم وتن کە حیساباتەکە ئاسانە، بزانن 100 + 100 = 200

ئیکۆنۆمیستەکان پێیان وایە کە ئەمە لێرەدا دەسکەوتێکی زۆر گەورەیە. بەڵام زۆر لە ئێوە ڕەنگە وابیرنەکەنەوە. حیساباتەکە ئاسانە. ئیستا با دوای لۆجیک بکەوین، هەر وەک مارکس کردی.

ئەمەی لەخوارەوە باسی ئەکەم، ئەو شتەیە کە سەرمایەدار ئەیکات.

سەرمایەدار بۆ ناو پرۆسەی بەرهەمهێنانەکە 100 ئەهێنێ لەوەی کە بووە بە خاوەنی و دەستی بەسەردا گرتووە و ئێستا موڵکێتی، واتە (کاری بەرجەستەبوو). جا سەرمایەدارەکە چۆن بووە بە خاوەنی ئەمە؟ نازانین چۆن. ئایا ئێمە هەرگیز پرسیار لە سەرمایەدار ئەکەین کە چۆنی بەدەستهێناوە؟ بێگومان نەخێر. لە ڕاستیدا تەنها ئەوە مەسەلەیە کە ئایا تۆ هەتە یان نیتە و نەتتوانیوە ببی بە خاوەنی. ئەگەر هەتبێ ئەوە ئەتوانی ببی بە خاوەنکار، وە ئەگەر نەوبێ ئەوە ناتوانی. لە ڕاستیدا ئەوەی سەرمایەدار بووە بە خاوەنی بە بێ ئەوەی ڕەنجی لەگەڵدا کێشابێ، موشکیلەیەکە کە بەردەوام لە دووبارەبوونەوەدایە. کە پێمان باشترە پرسیاری نەکەین. بەڵام ئەگەڕێینەوە سەر ئەمە.

تۆ ئەوە ئەزانی کە ناتوانی خاوەنکار بیت، لەبەرئەوەی کە تۆ بەدەستت نەهێناوە، بەڵکو کەسێکی تر بەدەستی هێناوە و دەستی بەسەردا گرتووە. کەواتە سەرمایەدارەکە 100ەکەی خۆی ئەهێنێ. کە لە پرۆسەی دروستکردنی کورسییەکەدا بەکاریهێناوە، ئەمە ئەدەواتەکان بوو کە بەکارهات (تەختە و چەکوش و بزمار و کەتیرە). کە ئەم 100 ە ئەکاتە نیوەی بەهای کورسییەکە کە 200 تە. واتە بەهای کورسییەکە کە دروستکراوە 200. لەبەرئەوەی لەگەڵ ئەم 100 ەتەی کە هی شتەکان بوو 100ی ترلە لایەن کرێکارەکانەوە (بە ئیشی کرێکارەکان) زیادکرا بۆ بەهای کورسییەکە کە ئێستا بەهاکەی بووە بە 200.

لەمەدا مارکس ئەڵێ، وە تۆش لەگەڵ مندا ئەیڵییتەوە، چونکە ئێستا لێی تێ ئەگەی. مارکس ئەڵێ کە سەرمایەدارەکە ئەیەوێت ئەو 100ەی خۆی وەربگرێتەوە کە داینابوو. کەپیتالیستەکە 100ی خستبووە پرۆسەی بەرهەمهێنانەکەوە. کاتێک کە کورسییەکە ئەفرۆشێ بە 200 ئەو 100ی خۆی هەڵئەگرێتەوە لەبری ئەو ماتریاڵە سەرەتاییانەی (تەختە و چەکوش و بزمار و کەتیرە) کە بەکارهێنرا لە دروستکردنی کورسییەکەدا. بەم ڕێگەیەیە کە بەرهەمهێنان درێرەی پێ ئەدرێ لە سەرمایەداریدا. بەم ڕێگەیەیە کە کورسییەکە چۆتە ژێر دەستی کەپیتالیستەکە. سەرمایەدارەکە ئەبێت ئەوە هەڵبگرێتەوە کە کردبوویە ناو پرۆسەی بەرهەمهێنانەکەوە کە بریتی بوو لە ئەدەواتە سەرەتایی و ماتریاڵە خاوەکان.

ئایا وانییە؟ بەڵێ وایە. کەپیتالیستەکە ئەوەی داینابوو بۆ دروستکردنی کوردسییەکە هەڵیئەگرێتەوە.

با ئێستا سەیرکەین، کەپیتالیستەکە 100ی خۆی هەڵگرتەوە لەو دووسەدەی کە بەهای کورسییەکە بوو. کەواتە ئێستا 100ی ماوە. ئایا ئەم سەدەی کە ماوە چی لێ ئەکەین.؟ لێرەدا دیقەت بدەن ئەمە گرینگترین مەسەلەیە لێرەدا.

ئەم 100ەی کە ماوە، پێویستە بدرێ بە کرێکارەکە. چونکە لە ئەنجامدا ئەوە ئیشکردنی کرێکارەکە بوو، هێزی کاری کرێکارەکە بوو کە موادە سەرەتاییەکانی گۆڕی و کورسییەکی دروست کرد کە بەهاکەی بووە بە 200 . ئەتوانی ئەمە بکەی. ئەو سەدەی تر بدەی بە کرێکارەکە. ئایا وا نییە؟ وە لۆجیکیش وا ئەڵێ. چونکە ئەوە کارکردنی کرێکارەکە بوو، کە بەهای 100ی بۆ  کورسییەکە زیاد کرد. کرێکارەکە بوو کە کورسییەکەی دروستکرد. کرێکارەکەبوو کە کورسییەکەی بەرهەم هێنا. کەواتە ئەبێت ئەو 100ەی ماوە وەربگرێتەوە. ئەمیش 100ەکەی خۆی هەڵبگرێتەوە.

ئایا باوەڕت وایە کە ئەمە ڕوو ئەدات لە سیستەمی سەرمایەداریدا؟  نا باوەڕت وانییە.

لە سیستەمی سەرمایەداریدا ئەو بەهایەی کە کرێکار زیادی ئەکات بۆ بەرهەمەکە، هەرگێز نادرێتەوە بە کرێکارەکە. ئەمە ئەو ڕێگەیە نییە کە سەرمایەداری کاری پێ ئەکات. ئێوە هەموو ئەمە ئەزانن کە کرێکارەکە ئەو بەهایەی زیادی کردووە وەرناگرێتەوە. ئەوەی من کردوومە لێرەدا تەنها ئەوەیە کە بە گەورەیی و پوختەیی خستومەتە بەرچاوتان تا بزانن کە سەرمایەداری چی ئەکات.

سەرمایەدارەکە ئەو 100ی کە ماوە ئەکات بە دووبەشەوە. بە شێکیان ئەوەیە کە ئەدرێ بە کرێکارەکە. با من لێرەدا زۆر سەخی و دڵفراوان بم و بڵێم 50ی ئەدات بە کرێکارەکە. ئەها،،، ئێستا لێی تێ گەیشتی؟

ئەگەر تۆ کورسییەک دروستبکەی و بیفرۆشی بە 200. وە 100 ی ئەمە سەرمایادارەکە هەڵیبگریتەوە لەبری ئەو ماتریاڵە خاو و ئەدەواتە سەرەتاییانەی کە بەکارهێنرا لە دروستکردنیدا. وە 50 بدەی بە کرێکارەکە. کەواتە ئێستا 50ی ماوەتەوە. حیساباتێکی گرنگە لە ئیکۆنۆمیدا. وە مارکس ئەمە (50 کەی کە ماوەتەوە) ناو ئەنێ زێدەبایی (سێرپڵەس). ئەمە ئەوەیە کە سەرمایەدارەکە بۆی ئەمێنێتەوە پاش ئەوەی 100 ئەدات بە خۆی لە بری ئەو ماتریاڵە سەرەتایی و ئەدەواتەکان کە بەکارهێنرا لە دروستکردنی کورسییەکەدا. وە 50ی لێ ئەدات بە کرێکارەکان. وە ئەبێت ئەمە بدات بە کرێکارەکان. چونکە ئەگەر ئەمە نەکات ئەوە کرێکارەکان نایەنەوە، وە کارکردن و یارییەکە تەواو ئەبێت.

بۆیە، بۆ ئەوەی ئەمە بەردەوام بێت، سەرمایەدارەکە پێویستە ئەوەی خۆی هەڵبگرێتەوە کە هێنابوویە ناو پرۆسەی بەرهەمهێنانەکەوە (ئەدەوات و ماتریاڵە سەرەتاییەکان). وە هەروەها پێویستە کە پارەی ئیشی کرێکارەکانیش بدات. بەڵام پارەیەکی (کرێیەکی) کەمتر لەوەی کە کرێکارەکان زیادیان کردووە بۆ بەهای کورسییەکە. با لێرەدا وشەیەکی تیکنیکەڵ بە کاربهێنم کە ئیکۆنۆمیستەکان حەزی لێ ئەکەن، سەرمایەدارەکە کرێکارەکان ئەڕوتێنێتەوە (ڕیپ زە ۆرکەرس ئۆف). سەرمایەدارەکە دزی لە کرێکارەکان ئەکات و ئەو بەهایەی زیادیان کردووە بۆ بەرهەمەکە ناداتەوە بە کرێکارەکان.

دەرسێک کە لەمە وەرئەگیرێ ئەوەیە کە ئەگەر وا خەیاڵبکەی کە دوای تەخەروجت ئەو ئیشەی وەریئەگری، یان ئەو کارەی کە تۆ لێی قبوڵ ئەبی، ئەمە ئەو ئیشەیە کە ئەوەندەت کرێ ئەداتێ کە تۆ شایان و مستەحەقی. بزانە کە ئەمە هەرگیز لە سەرمایەداریدا ڕوونادات. شوێن و ڕێی وەرگرتنی کارت، هەلومەرجی دامەزراندنت ئەوەیە کە بە هێزی کارت (بە هێزی بیرت یان بازووت) تۆ بەهایەکی زیاتر لەو کرێیەی کە وەری ئەگری بەرهەم ئەهێنی بۆ  خاوەنکارەکەت.

بەخێربێی بۆ سیستەمی سەرمایەداری. سیستەمی سەرمایەداری بەم شێوەیەیە کە ئیش ئەکات و ئەچەرخێ. ئەمەی لیرەدایە (50 ەکەی ماوەتەوە) زێدەباییە. ئەمە قازانجە. ئەمە قازانجی پرۆسەی بەرهەمهێنانە.

باشترین ڕێگە بۆ پێناسەکردنی ئەو کارەی کە تۆ لە سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا ئەیکەی. ئەوەیە کە تۆ زێدەبایی ئەدەی بە خاوەنکارەکەت، نەک خاوەنکارەکەت ئیش ئەدات بە تۆ. ئەوەی وەریئەگرێ و ئەوەی ئەیدات بە پێچەوانەوە دانراوە و تەعبیر لە زمانی ئاخاوتن ناکات و پێچەوانەکەیەتی. تۆ بەوەی زێدەبایی دروستئەکەی، کارێکی زۆر پڕ بایەخ ئەکەی بۆ خاوەنکارەکەت. وە خاوەنکار تۆ لەو ئیشەدا ئەهێڵیتەوە تا ئەو جێگەیەی تۆ زێدەبایی بۆ بەرهەم بهێنی و پێویستی پێت بێ و مانەوەت گونجاو بێ بۆی.

باشە. ئەمەی سەرەوە کە باسم کرد، هەنگاوی یەکەم بوو. وە بەرگی یەکەمی سەرمایە باسی هەموو ئەمانە ئەکات بە درێژی.   

بۆ ئەوانەتان کە پێشتر هەرگیز ئەمەتان نەبینییەوە. ئایا هەرگیز پێشترهیچ کەس ئەمەی بۆ باس نەکردوون؟ کە زۆر ئاسانە، تەنها پێنج خولەکی خایاند کە باسی بکەم بۆتان. بۆیە هەر وەک لە سەرەتاوە بۆم باسکردن، ئێستا هەست بەو سەرکوتە ئەکەی کە لە ئەمریکادا بەرقەراربووە. ئاخر ئەمە لە کۆمەڵگادا ڕووئەدا کاتێک ڕێگەنەدرێ بەم شێوەیە بیربکەیتەوە و هەموو باسێکی لەسەر سۆشیالیزم تیادا قەدەغەکرابێ. بۆیە بۆ هەندێ لە ئێوە ڕەنگە ئەمە یەکەم جاربێ کەسێک باسی ئەمەتان بۆ بکات.

با بەردەوام بین،

ئایا سەرمایەدارەکە چی لەم (زێدەبایی)یە ئەکات و چۆن بەکاریئەهێنێ؟ سەرمایەدارەکە شتی زۆر ئەکات بەم زێدەبایییە. زۆر شتی پێ ئەکات و زۆر سەرنجڕاکێشانە بە شێوەیک بەکاریئەهێنێ کە هەموو سیستەمی ئیقتیسادی پێ لەقالب ئەدا تا لەبەرژەوەندی خۆیدا بێت.

سەرمایەدارەکە بۆ ئەوەی بمێنێتەوە و دەسەڵاتی بەردەوام بێت. ئەم 50 یەی کە زێدەباییە. ئەم 50 یەی کە کرێکارەکان بەرهەمیان هێنا و ئێستا ئەم دەستی بەسەردا گرتووە. ئەبێت بە شێوەیەک دابەشی بکات و بەکاریبهێنێ لە کۆمەڵگادا تا باڵادەستی خۆی پێ فەراهەم بکات و درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات و بەردەوامێتی بە سیستەمی سەرمایەداری بدات. پێویستە هەموو ئەو هەنگاوانە فەراهەم بکات تا بەردەوام ئەم بەرهەمهێنانی زێدەباییە، ئەم چەوسانەوەیە درێژەی هەبێت و دووبارە ببێتەوە لە کۆمەڵگادا.

ڕەنگە بە خەیاڵتدا بێت و بڵێی سەرمایەدارەکە بە ئەم 50 یە کە زێدەباییە ئەچێت لە ناوەندی شاردا ئێوارەیەکی خۆشی پێ بەڕێ ئەکات و ئەچێتە ڕیستۆڕانێکی گرانبەها یان ئەچێت سەیری شانۆگەرییەکی نایابی پێ ئەکات و پاشان ئەچێت سەفەرێکی بەهامەس (دورگەیەکی گەشتیارییە لە ڕۆژهەڵاتی کالیفۆڕنیا) ئەکات. نا نا، سەرمایەدارەکە شتی وا ناکات. ئەو ئەگەر ئاوا بکات و بە شەوێک زێدەباییەکەی سەرف بکات. ئەوا ماوەیەکی زۆر وەک سەرمایەدار نامێنێتەوە. ئەو ئەبێت لەوە دڵنیابێت کە هەموو شتێک لە بەرژەوەندی خۆیدا ئەچەرخێ لە کۆمەڵگادا. با نموونەیەکتان بۆ بهێنمەوە. لەوانەیە ئەم کرێکارانە، یا ڕێگەم بدەن با بە شێوەیەکی سادەتر باسی بکەم. کەسانی وەک ئێوە کە ئیش ئەکەن ڕەنگە تووشی کەسانی وەک من بن لە شوێنی وەک ئیرە یان لە پۆلی قوتابخانەدا و ئەم قسانە ببیستن. کە ڕۆژی دواتر کە ئەچنەوە سەر کار، بیروبۆچوونت ڕەنگە گۆڕابێ و خەریکە لەوە تێ گەیشتووی و لە کۆتایی ڕۆژەکەدا کە لەو بینایەی کاریلێدەکەی دێیتە دەرەوە هەستێکی سەیرت هەیە و لە گەڵ کرێکارەکەی پەنا دەستدا قسەوباس ئەکەی و هەستئەکەی کە بە شێوەیەکی نادیار دزیت لێ ئەکرێ. زۆر ڕاستە، وایە. حەقیقەتەکەت درک پێ کردووە و هەستەکەت لە جێگەی خۆیدایە.

هۆکاری ئەوەی کە هەستێکی لەم جۆرەت هەیە، واتە ئەوەی کە هەست ئەکەی دزیت لێ ئەکرێ، ئەوەیە کە لە ڕاسیتدا هۆشت داوەتێ. بەشی زۆری خەڵک لە سیستەمی سەرمایەداریدا ئەم هەستەی هەیە. کە بە ڕاستەوخۆیی لە زمانی ئاخاوتندا دەرناکەوێ، بەڵکو پێویستە بەشێوەی تر بیدۆزینەوە، سەرنجبدەن؛ با نموونەیەک بهێنینەوە، لە دوای کارکردن ئێوارە کە ئەڕۆیتەوە بەرەو ماڵەوە لە شوێنێک ئەوەستی و دائەنیشی تا شتێک بخۆیتەوە، ناوی ئەم شتەی ئەیکەی لە فەرهەنگی ئێمەدا پێی ئەڵێن سەعاتی شادی (هەپی ئاوە) [پێکەنینی ئامادەبوانی هۆڵەکە] ئەمە بۆ ئەوەیە تا تێبگەی کە ئەو سەعاتانەی پێشتر کە کارت کردووە پێچەوانەکەیەتی. ئەم سەعاتەی تیایدا ئەخۆیتەوە کاتی شادیتە لەبەرئەوەی ئەو هەشت سەعاتەی پێشتر کە کارت کردووە وانەبووە. ئەگەر زارەوەیەکی تر بۆ ئەو هەشت سەعاتە بەکاربهێنین (ساک) واتە شادی بەخش نەییە، چەوسانەوەیە، ڕووتانەوەیە. بزانن  لە فەرهەنگەکەدا هەستی پێ ئەکرێ و بە ناڕاستەوخۆیی دەردەبڕدرێ و ئەناسرێتەوە، تەنها تۆزێک لێکدانەوەی  ئەوێ تا تەرجەمەبکرێ.

کەواتە (زێدەبایی)یەکە لە لایەن سەرمایەدارەکەوە دەستی بەسەردا ئەگیرێ و بە شێوەیەک کە سەرمایەدارەکە ئەیەوێ بەکارئەهێندرێ و دابەشئەکرێ.  با باسی چەند نمونەیەک بکەین کە سەرمایەدارەکە ئیحتیمالە زێدەبایییەکە بەکاربهێنێ بۆ یارمەتیدانی چەندین دامەزراوەی جیا جیا. لەوانە بۆ نمونە لە زۆربەی وڵاتانی سەرمایەداریدا سەرمایەدارەکان ساپۆرت و پاڵپشتی کڵێسای گەرەکی خۆیان ئەکەن. ئە ها بزانن؛ لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە بۆچی سەرمایەدارەکان ئەم کارە ئەکەن؟ لەبەر ئەوەی لە کەنیسەدا ئەو شتەی فێری خەڵکی ئەکەن هیچ باسی ئەم شتانەی تیادا نییە کە من بۆم باسکردن. یان سەرمایەدارەکان ڕەنگە کۆمەکی زانکۆیەکی پێ بکەن. یان ڕەنگە بەشێک لە زێدەباییەکە بەکاربهێنن و بینایەکی جوانی وەک ئەمەی لێ دروستبکەن کە ئێستا ئێمەی تیاداین. وە دووبارە پرسیار ئەوەیە کە بۆچی ئەم کارە ئەکەن. لە بەرئەوەی لە زانکۆش هەر وەک کڵێسا چیرۆکێکی بە تەوای پێچەوانەی ئەمەی کە من بۆم باسکردن ئەوترێتەوە. ڕێگەم بدەن نمونەیەکتان بۆ بهێنمەوە.

لە سەرمایەداریدا بەم شێوەیەی خوارەوە باسی ئیقتیساد و بەرهەمهێنان ئەکرێ و فێری خەڵکی ئەکەن.

ئەڵێن، بەرهەمهێنان، هاوکاری و هەمەئاهەنگییەکی ئاشتیانە و نایابە. کە تیایدا کرێکار هێزی کاری ئەهێنێ. خاوەن زەوی پارچە زەویەکەی ئەهێنێ. وە سەرمایەداریش پارە و کارگە و ئەدەوات ئەهێنێ. وە ئەمانە هەموویان هاوکاری یەکتر ئەکەن و کاڵا بەرهەم ئەهێنن. وە لە کۆتایدا ئەو قازانج و بەرهەمەی پێکهاتووە لە نێوخۆیاندا دابەشی ئەکەن هەر کەسە و بە گوێرەی ئەو ڕێژەیەی کە پێشکەشی پرۆسەی بەرهەمهێنمانەکەی کردووە، بەری ئەکەوێ.

سەرمایەداری ئەمە ناوئەنێت عەدالەتخوازی و ئەڵێ ئەمە سیستەمێکی ئیقتیسادییە کە هەر کەس بە دادپەروەری موعامەلەی لەگەڵ ئەکرێ و بەشێوەک باسی یەکسانی و دادپەروەری ئەکەن بۆت، کە وات لێ ئەکەن کە موەکانی لەشت ڕاست بێتەوە و سەمای شادی و خۆشی بکەن.

بەم شێوەیەیە کە ئێمە ئیقتیساد ئەخوێنین و ئەیڵێینەوە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. من ئەمە ئەزانم چونکە خۆم بۆ 50 ساڵ ئەمەم کردووە. ئەمە ئەوەیە کە ئێمە ئەیڵێنەوە چونکە ئەمە فێرکراوین. وە ئەمە ڕێکەوت نییە چونکە ئەم شێوە باسکردنە بەتەواوی جیاوازە لەوەی کە من بۆم باسکردن لەسەرەوە. لەم پرۆسەی بەرهەمهێنانەی کە سەرمایەداری باسی ئەکات و ئەڵێن دادپەروەرانەیە و هەموو کەس بە گوێرەی ڕێژەی بەشداریکردنەکەی وەرئەگرێتەوە. هیچ باسێک نییە لە زێدەبایی! هیچ باسی رووتانەوە و چەوسانەوەی تیادا نییە! تۆ پێویست ناکات لە هیچ کەس تووڕەبیت! ئەگەر تۆ سەروەتێکی زیاترت نییە لەوەی کە ئەتەوێ، ئەوە موشکیلەی خۆت و خەتای خۆتە. تۆ کە شتێکی زیاترت نەبوو بیکەیتە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە کەواتە داوای زیاتریش مەکە. سەرمایەداری وەسفی ئەم پرۆسەی بەرهەمهێنانەی خۆی بە نایاب ئەکات و پێمان ئەڵێ کە جوان و ئارام بەخشە. وەک ئەوە وایە کە بزانی سەرمایەداری کەسێکە لەو سەرەوە، کە سەرەڕای هەر شتێک تۆی زۆر خۆش ئەوێت لە کاتێکدا کە ڕەنگە هاوڕێ نزیکەکەت هێندەی خۆش نەوێی! (پێکەنینی ئامادەبووان).

ئۆکەی، ئەمە مەسەلەیەکی زۆر گرنگە.

ئێستا با باسی چەند مەسەلەیەکی تریش بکەین کە ڕەنگە چۆن سەرمایەدارەکە زێدەباییەکە بەکاربهێنێ.

 لەوانەیە ئەم کرێکارانە بە هەر هۆکارێک بێت ئەوەیان هەست پێکردبێ و حەزیان لەم جۆرە ڕێکخستن و شێوە بەرهەمهێنانە نەبێت. ڕەنگە ڕۆژێک بڕیاربدەن و بچنە لای خاوەنکارەکەیان و پێی بڵێن هەرچەندە تۆ کەسێکی باشی بەڵام لەمەودوا ئێمە بەم شێوەیە کارناکەین، چونکە تۆ ئەتەوێ ئێمە ئیش بکەین و بەهای 100 زیاد بکەین بۆ بەهای کاڵاکە، کەواتە ئەو 100ی خۆمان ئەوێت کە زیادمانکردووە. وە  لەم کاتەدا خاوەنکارەکە ئەڵێ نەخێر، وە کێشمەکێش و ناکۆکی لەنێوانیاندا دروست ئەبێت. لەم ساتەدا خاوەنکارەکە هەڵبژاردەیەکی هەیە، هەڵبژاردەیەکی زۆر سەیر! خاوەنکارەکە ئەتوانێت بڕوا و تەلەفۆنێک بکات بۆ شوێنێک لە ناوەندی شار و ئەڵێ فریامبکەون، هەڕەشەم لەسەرە و ئەترسم. پاش ئەم تەلەفۆنە زۆر بەخێرایی شتێکی سەنجڕاکێش ڕووئەدات. سەیارەیەک یان ڤانێک کە پڕە لە خەڵک و جلی شینی تۆخیان لەبەردایە، لە ناوەندی شارەوە بەڕێئەکەون و دێن بۆ شوێنی کارەکەت. کە قامچی و داردەستیان پێیە و ئەکەونە لێدانی ئەم کرێکارانە تا یارمەتیان بدەن بیروڕایان بگۆڕن. ئەمانە کە جلی شینی تۆخیان لەبەردایە، پێیان ئەوترێ پۆلیس. سەرمایەداران بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتیان هەبێ و بەردەوامێتی بەم ڕوتانەوە و چەوسانەوەیە بدەن، ئەوا پێویستیان بەو تەلەفۆنە هەیە، پێویستە ئەو سەیارەیە ئامادەبێ. پێویستە ئەو کۆمەڵە خەڵکەی کە جلی شینی تۆخیان لەبەردایە، بەردەوام لە ئامادەباشیدابن وئۆفیسیان هەبێت. وە هەموو ئەمانە پارەی ئەوێ. تۆ پێت وایە لە کوێوە ئەو پارەیە دێت؟ سەرمایەدارەکە بەشێک لە زێدەباییەکە بۆ ئەم مەبەستە بەکاردێنێ. ئەها بزانن!

ڕێگەم بدەن چەند نموونەیەکی تریش بهێنینەوە و باسی بکەین کە سەرمایەدار زێدەبایییەکە چۆن بەکارئەهێنێ؛ سەرمایەدار بۆ ئەوەی سەرمایە کەڵەکە بکات و ئەم 100 لە لایەن کرێکارەکانەوە بەردەوام زیاد بکرێ بۆ بەهای کاڵاکە. ئەوا ئەبێت لەوە دڵنیابێت کە ئەم کرێکارانە شارەزان لە کارەکەیاندا و ئەزانن چی ئەکەن وە هەروەها ئەو کرێکارانەی کە لە ئایندەشدا پێویستی پێیان ئەبێت سەرمایەدارەکە ئەبێت دڵنیابێت لەوەی کە کرێکاری ماهیرن و ئەزانن بخوێننەوە و داواکان جێبەجێ بکەن و ئیشەکان ڕاپەڕێنن. بە کورتی پێویستە بچن بۆ قوتابخانە و زانکۆ تا فێربن ئیشەکانیان چۆن ئەکەن. وە هەروەها سەرمایەدار ئەوە ئەزانێ کە پێویستە بەشداریبکات لە بەردەوامێتی سیستەمی خوێندندا. بۆیە بەشێک لە زێدەباییەکە وەک باج ئەدات بە حکومەت بۆ بەڕێوەبردنی قوتابخانەکان تا کرێکاری ماهیر بەرهەمبهێندرێ کە بتوانێ لە سبەی ڕۆژی کارکردنیدا بەهای کاڵا زیاد بکات و زێدەبایی بەرهەمبهێنێ بۆ سەرمایەداران.

زێدەباییەکە پێویستە دابەشکرێ. بەڵام لە سیستەمی سەرمایەداریدا بە شێوەیەک دابەشئەکرێ تا درێژە بە بەردەوامێتی  سیستەمەکە بدات.

بۆ ئاگاداریتان مارکس هەموو ئەمانە باس ئەکات.

ئێستا تۆ تێگەیشتووی هەروەک مارکس باسی ئەکات؛ خاوەنکار کە زێدەباییەکەی چۆتە ژێر دەستەوە بە شێوەیەک زێدەباییەکە بەکارئەهێنێ تا خۆی هەر لە لوتکەدا بێت و بە بەڵا دەستی بمێنێتەوە  و درێژە بە  بەردەوامێتی سیستەمی سەرمایەداری بدات. کە ئەوە بۆ نزیکەی 200 ساڵە کارێکی زۆر باش لە بەرژەوەندی خۆیان ئەکەن.

ئایا ئەنجامگیرییەک کە لەمە ئەکرێ بۆ شۆشیالیزم چییە؟ ئایا بە ڕەچاوکردنی ئەوەی من بۆم باسکردوون لێرەدا سۆشیالیزم یانی چی؟ من ئێستا وەڵامی ئەم پرسیارە ئەدەمەوە. وە تۆ ئێستا ئەیبینی کە چۆن سۆشیالیزم بە ڕێگەیەکی تەواو جیاوازدا ئەڕوات لەگەڵ ئەوەی کە لە پێشودا هەبووە. سۆشیالیزم ئێستا یانی ئەم زێدەبایییە. بەڵام ئێستا ئەم زێدەباییە لە جیاتی ئەوەی لە گرۆپێک خەڵکەوە (کرێکارەکان) بچێت بۆ گروپێکی تر (خاوەنکارەکان)  ئەمە تەواوبووە ئیتر.

ئەنجامگیرییەک کە لە تیۆری مارکس لێرەدا هەڵئەهێنجرێ بەم جۆرەیە، لە کۆمەڵگایەکی جیاواز و نوێدا، کرێکاران هەر وەک ئێستا ئەچن بۆ ئیش، وە بەهەمان جۆر بەهای 100 زیاد ئەکەن بۆ ئەو کاڵایەی دروستی ئەکەن، وە هەروەها 50ی لێ هەڵئەگرن بۆ خۆیان وەک کرێ و موچەی خۆیان. بەڵام ئەو 50 یەی تریش کە زێدەباییە (سێرپڵەس) هەر بۆ خۆیانە، نایدەن بە هیچ کەسێکی تر. خۆیان هەموو پێکەوە بە هاوبەشی و بە دیموکراتیانە بڕیارئەدەن کە چی لەم 50 واتە لەم زێدەباییە ئەکەن، کە هەمویان پێکەوە بەرهەمیان هێناوە و بەشداربوونە تیایدا. سۆشیالیزم واتە ئەمە. واتە ئەو زێدەبایییەی کە کرێکاران بە هاوبەشی بەرهەمی ئەهێنن، هەر خۆشیان بە هاوبەشی بڕیار ئەدەن کە چی لێ ئەکەن. ئەمە واتە کۆتایی سەرمایەداری. ئەمە واتە سەرمایەداری تەواوبوو. کرێکارەکان کە ئەم زێدەبایییەیان بەرهەم هێناوە، کە بە هێزی بازوو و هێزی مێشکی هەریەکەیان بەرهەم هاتووە، هەموویان پێکەوە و بە شێوەیەکی دیموکراتیانە بڕیارئەدەن کە چی لەم زێدەباییە ئەکەن کە خۆیان دروستکەری بوونە و بەرهەمیان هێناوە.

یانی وەک ئەوەی لە ئەمریکادا باوە و خەڵك زۆر بەکاریدێنێ ئەوان خۆیان بوونە بە خاوەنکاری خۆیان (زەی بیکەم زێر ئۆون بۆس). ئایا وانییە؟ لە ڕاستیدا ئەمە تەنها ڕێگەیە کە ئامادەیە بۆ کرێکاران تا لە ڕێگەیەوە بە هەرەوەزی (هەموو پێکەوە) ببن بە خاوەنکاری خۆیان.

ئایا ئەو زاراوە سادەیەی کە لە ئەمریکادا هەموو ئەمەی تیادا بەرجەستە ئەبێت چییە؟ هەرەوەزی کرێکارییە (ۆرکەر کۆ-ئۆپ) (ۆرکەر کۆئۆپەرەیشن).

Worker co-op = Worker cooperation

 هەرەوەزی کرێکاری مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە. تۆ پێویستت بە شتێکی نوێ، یان تەنانەت بە مارکسیزمیش نییە بۆ ئەمە. هەموو ئەوەی مارکسیزم ئەیکات لێرەدا ئەوەیە کە لۆجیک و نەخشەڕێگەمان پیشان ئەدا کە ئەمانگێڕێتەوە بۆ بینینی ئەوەی کە چۆن خەڵک بە درێژایی مێژوو بڕیاریداوە کە کارکردن بە هەرەوەزی، دامەزراندنی هەرەوەزی کرێکاری، ڕێگەیەکی سەرنجڕاکێش بووە بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردن. ڕێگەیەکی دروست بووە بۆ ئەوەی پەیڕەوبکرێ. بۆیە نموونەی زۆرمان هەیە لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە، لە سەدان ساڵ لەمەوپێشەوە، وە لە ئێستا و لەم کاتەشدا. بەڵام ئیتر ئێستا جارێکی تر دەستپێئەکاتەوە، چونکە هەرەوەزی کرێکاری چیتر شتێکی سەیر و دەگمەن و نامۆ نییە. بەڵکۆ ئاڕاستەیەکی نوێیە.

ڕێگەم بدەن ئەنجامگیری بکەم و ئەوەی بۆم باسکردن بەم شێوەیەی خوارەوە بەکورتی بیڵێم.

گۆڕانکاری بنچینەیی بۆ سۆشیالیزم واتە گۆڕانکاری لە شوێنی کار. واتە گۆڕینی پەیوەندییەکان لە شۆێنی کار. ئەو هەڵەیەی کە ڕوویدا لە یەکێتی سۆڤییەت و چیندا ئەوە بوو کە هیچ گۆڕانکارییان لە شوێنی کاردا دروستنەکرد. هەرگیز ئەوەیان نەڕەخسان کە کرێکاران لە شوێنی کاردا بە دیموکراتیانە بڕیاری هاوبەش بدەن.  ئەوەی کردیان ئەوە بوو خاوەندارێتی تایبەتی بزنسەکانیان لادا و کاربەدەستانی حکومەتیان لە جێگەیان دانا. کە ئەم جێگۆڕکێیە بۆ کرێکارێکی ئاسایی هیچ جیاوازییەکی وای نییە. ئەوان ئەوەیان فەراهەم نەکرد تا کرێکاران خۆیان بەهەرەوەزی بڕیاربدەن کە چی لەو زێدەباییە ئەکەن کە خۆیان دروستیان کردووە و بەرهەمیان هێناوە.

ئەوان لە یەکێتی سۆڤییەت و چین بازاڕیان لادا و بە پلاندانان جێیانگرتەوە. خاوەندارێتی تایبەتیان لادا و بە خاوەندارێتی گشتی (دەوڵەتی) جێیانگرتەوە. بەڵام لە پەیوەندی و ڕێکخستنی ئاستی مایکرۆدا هیچ گۆڕانکارییەکیان ئەنجام نەدا.

لێرەدا لەسەر هەرەوەزی کرێکاری (ۆرکەرس کۆ ئۆپ) ئەتوانین ئەوە بڵێین کە هەرەوەزی کرێکاری نوێنەرایەتی ئەو ڕەخنەیە لە سیستەمی سەرمایەداری ئەکات کە خوازیاری دیموکراتیزەکردنی پەیوەندییەکانی شوێنی کارە. واتە دابینکردنی دیموکراسی لە شوێنی کاردا.

ئێستا لەم پێنچ دەقەیەی کۆتایدا کە کاتمان ماوە، با پێکەوە بیربکەینەوە وئەوە بڵێین؛ کە ئێمە لێرە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کۆمەڵگایەکدا ئەژین کە گوایە دیموکراسی تیادایە و لەسەر ئەمە هەڵایەکی زۆریان ناوەتەوە و مێشکیان بردوین و ئیدیعای دیموکراسی ئەکەن. بەڵام سەرەتایترین مانای دیموکراسی ئەوەیە کە ئەگەر هەر بڕیارێک کاریگەری لەسەر تۆ و ژیانی تۆ دابنێ ئەوا مافی تۆیە کە بەشداربی لە دانی ئەو بڕیارەدا.

بۆیە، بۆ نمونە بە دەنگدان شارەوانی شار هەڵئەبژێرین، چونکە شارەوانی ئەو شارەی تیایدا ئەژین ئەو بریارانەی کە ئەیدا کاریکەری لەسەر ئێمە هەیە، بۆیە پێویستە دەور و کاریگەریمان هەبێت لە دانی ئەو بڕیارانەدا.

تۆ ئەگەر باوەڕت بە دیموکراسی هەیە. کەواتە یەکەم شوێنێک کە پێویستە دیموکراسی تیادا پراکتیزە بکرێ و جێبەجێبکرێ، شوێنی کارە. بۆچی؟ چونکە تۆ زۆربەی ژیانی گەنجێتیت لە شوێنی کار بەسەرئەبەی. پێنج ڕۆژ لە هەفتەدا لەو کاتەوەی بوویتە بە گەنجێکی پێگەیشتوو ژیانت لە کارکردندا بەسەر ئەبەی. وە سەعات و ڕۆژەکانی تریش یان بە ئاگادێیتەوە لەو سەعاتی شادییەی کە دوای کار بەسەرتبردووە یان ناچاری پشووبدەی تا هێزت بۆ بگەڕێتەوە و بتوانی ڕۆژی دواتر بچیتەوە سەرکار. بۆیە ئەگەر باوەڕت بە دیموکراسی هەیە ئەوا شوێنی کار یەکەم جێگەیە کە پێویستە تیایدا دیموکراسی پەیڕەوبکرێ.

بەڵام تۆ لە کۆمەڵگایەکدا ئەژی کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە تیایدا هەرگیز دیموکراسی تیادا جێبەجێنەکراوە لە شوێنی کاردا. ئەو کۆمپانیایەی کە تۆ ئەمڕۆ ئیشی تیایدا ئەکەی، گروپێکی پانزە کەسی لە سەرەوەیدا وەستاوە کە پێیان ئەوترێ  (بۆرد ئۆف دایرێکتەرس) واتە بۆردی بەڕێوەبردن کە ئەمانە هەموو بڕیارێک خۆیان ئەیدەن بە بێ ئەوەی کرێکاران هیچ دەورێکیان لەو بڕیارانەدا هەبێت. بۆ نمونە ئەوان بڕیار ئەدەن کە ئەبێ چی دروستبکرێ، چۆن دروستبکرێ، لە کوێ دروست بکرێ، وە چی لەو قازانجە واتە (زێدەبایییە) ئەکرێ کە تۆ بەرهەمت هێناوە و  کرێکاران ڕەنجیان لەگەڵدا کێشاوە. دەوری کرێکاران لە هەموو ئەم بڕیارە گرنگانەدا یەکسانە بە سفر. کرێکاران هیچ کاریگەرییەکیان نییە لەم بڕیارە چارەنووس سازانەی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی خۆیانەوە هەیە.

لە ئەمریکادا دیموکراسی نییە لە شوێنی کاردا. تۆ لە وڵاتێکدا ئەژی کە ئەڕوا بۆ ئەوسەری دنیا شەر بەرپا ئەکات  و کوشتارگا ئەخوڵقێنێ و گوایە دیموکراسی ئەبات بۆ ئەو وڵاتانە. لە کاتێکدا کە ئێمە خۆمان لێرە نیمانە. بۆیە ڕەنگە بەبیرتدابێت و بپرسی کە بۆچی ئەوان ڕەخنەیان لە ئێمە هەیە.

دیموکراتیزەکردنی شوێنی کار، واتە هەرەوەزی کرێکاری (ۆرکەر کۆ-ئۆپ)، ڕێگەیەکی دیموکراتیانەیە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو  زێدەبایییەی کە هەموو بەشداربوونە لە بەرهەمهێنانیدا تا بڕیاربدەن  چی لێ بکرێ.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەگەر بەم جۆرە بوایە، واتە کرێکاران بڕیاریان لەسەر چۆنییەتی سەرفکردنی زێدەباییەکە بدایە، ئایا گۆڕانکاری ڕووی ئەدا؟ بێگومان گۆڕانکاری زۆر ڕوویئەدا و کۆمەڵگایەکی تەواو جیاوازمان ئەبوو لەمەی ئێستا. با لێرەدا چەند نمونەیەک بهێنینەوە بۆ کۆتایهێنان بەم باسە.

وادابنێ ئەوەی ئەیبینین لە چل ساڵی ڕابردوودا کە ئەم وڵاتە ئاوا هەلا هەلا بووە و قڵشتی تێکەوتووە هەروەک لە ئێستادا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و هەمووشتێکی تردا ئەیبینین. بۆ نمونە گواستنەوەی بەشێکی زۆر لە کۆمپانیاکان بۆ دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبەرئەوەی کە لەوێ لە ئاسیا و وڵاتانی تر، کەسانی تر بەپارەیەکی زۆر کەمتر ئەو کارە ئەکەن.

بۆ ئاگادارتان شاری دیترۆید نمونەیەکی بەرجەستەی دڕندەیی سەرمایەدارییە لە ئەمریکادا. کە لە ساڵی حەفتاکاندا دوو ملیۆن کەسی تیادا ئەژیا بەڵام ئێستا بۆتە وێرانە و تەنها حەوت سەد هەزار کەسی تیادا ماوە. بەشی زۆری خەڵکەکەی ئیشەکانیان لەدەستدا و لە ماڵەکانیان و لە کەنیسەکانیان و لە قوتابخانەکانیان وەدەرنران. ئەم شارە ئێستا ئەڵێی کەلاوەیە. ئەگەر تا ئێستا سەردانت نەکردووە؟ ئەوە بڕۆ سەردانی بکە و بە چاوی خۆت دیترۆید ببینە. هەرچی من بیڵێم هێندەی ئەوە نییە بڕۆی دوو سەعات سەیارە بەم شارەدا لێبخوڕی و بە چاوی خۆت بیبینی.

تەسەورکە، ئەگەر بڕیاری ئەوەی کە لە کوێ بەرهەم و کاڵا دروست ئەکەی، ئەگەر لە جیاتی بۆردی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکان، کە بۆ قازانجی زیاتر کارگەکان دائەخەن و ئەیانگوێزنەوە. ئەگەر کرێکاران خۆیان هەموو پیکەوە و بە دیموکراتیانە بڕیاریان لەسەر شوێنی دروستکردنی بەرهەم و کاڵا بدایە. ئایا باوەڕت وایە کە کرێکارەکان ئیشەکانی خۆیان هەڵئەوەشاندەوە و کارگەکانیان دائەخست و ئەو کۆمەڵگایەی کە خۆیان تیایدا ئەژین وێران ئەکرد؟ نا ئەگەر بڕیار بەدەست کرێکارەکان بوایە ئەوا هەرگیز ئەمە ڕووی نەئەدا و مێژووی ئەم وڵاتەش بە شێوەیەکی زۆر ڕادیکاڵ جیاواز ئەبوو.

با نمونەیەکی تر بهێنینەوە. لە کۆتای ساڵدا هەر کۆمپانیایەک سەیری ئەو قازانجە ئەکات کە لەبەردەستیایەتی. سەیری ئەو زێدەباییە ئەکات کە بە توانای بیر و بازووی کرێکارەکانی کەڵەکەی کردووە لەو ساڵەدا. وە هەروەها لە کۆتایی ساڵدا هەر کۆمپانیایەک ئاهەنگی کریسمەس بۆ کرێکارەکانی ڕێک ئەخات. ئەمە کاتێکی سەرنجڕاکێشە کە لێی ڕابمێنی. لە کۆتایی ئەم ئاهەنگەدا بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە کە نیمچە سەرخۆشە، ئەچێتە سەر مێزێکی لەق و بە کرێکارەکان ئەڵێ سوپاسی زۆری ماندووبونتان ئەکەین کە ئەمساڵتان کرد بە ساڵێکی پڕ بەرهەم و قازانج بۆ کۆمپانیاکە.

بەڕێوەبەر و خاوەنکار سوپاسی کرێکارەکان ئەکات کە کاری سەختیان کردووە و قازانجیان (زێدەباییان) بۆ کۆمپانیاکە بەرهەم هێناوە. بەڵام بەشداریکردن لە بڕیاردانی ئەوەی کە ئەم زێدەباییە (قازانجە) چی لێ بکرێ و چۆن سەرف بکرێ. ئەوا کرێکاران هیچ دەرێکیان لەو بڕیارانەدا نییە و بەتەوای بەدەرنراون لە بەشداریکردن لەم بڕیارە گرنگەدا.

بۆ ڕۆژی داوتر ئەو خاوەنکارە لە گەڵ بەڕێوەبەر و خاوەنکارەکانی تردا کۆئەبنەوە و هەموو بڕیارێک ئەدەن دەربارەی ئەو کۆمپانیایە و لە نێویشیدا بڕیار دەربارەی ئەو زێدەباییەی کە تۆ بەرهەمت هێناوە و ماندووبووی پێوەی. ئەوان سوپاسی تۆ ئەکەن بۆ ئەوەی بەرهەمت هێناوە، بەڵام بەشداریکردن لە بڕیاری ئەوەی کە چی لێبکرێ و چۆن سەرفبکرێ، نا نا ئەمایان ئیشی تۆ نییە و تۆ ناتوانی بەشداربی تیایدا. جا ئەگەر ىڕیاری ئەوان ئەوە بێت کە کارگەکە دابخرێ و تۆ ئیشەکەت لەدەستبدەی. یان ئەگەر ڕێگری بکەن لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و ئەمەش ببێتە هۆی پیسبوونی هەوای ئەو ژینگەیەی کە منداڵەکانتان هەڵیئەمژن. ئەوا تۆ لە هەموو ئەم بڕیارە چارەنووسسازانەدا هیچ بەشداری و کاریگەرییەکت نییە. ڕەنگە ئەم نیگەرانیانە بۆ هەندێک لە ئێوە جێگەی سەرسوڕمان بێ.

لە چل ساڵی ڕابردوودا ئەم کۆمپانیایانە بە هۆی کاری تۆوە قازانجی سەرسوڕهێنەر و سەرمایەی خەیاڵیان کەڵەکە کردووە. ئەوانەی هەموو بڕیارێک ئەدەن بریتین لە بۆردی بەڕێوەبردن و ئەو کەسانەی کە خاوەنی پشکی (شەیە)ی زۆرن لە کۆمپانیاکەدا.کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەمانە تەنها 20 بۆ 30 کەس ئەبن. هەموو ئەمانە لە سەر مێزێک کۆئەبنەوە و هەموو بڕیارێک خۆیان ئەیدەن دەربارەی کۆمپانیاکە و ئەو قازانجەی بەرهەم هاتووە. جێگەی سەرنج ئەوەیە کە بەشی هەرە زۆری ئەم قازانجە ئەدەن بە خۆیان لە شێوەی مووچەی زۆر و خەیاڵیدا یان بە ڕێگەی دیڤیدێنت [ئەو پارەیەیە (ئەو قازانجەیە) کە لە بری هەر سەهمێک (شەیەیەک) لە کۆمپانیاکەدا بە خۆیانی ئەدەن]. لە هەر کۆمپانیایەکدا ئەوانەی کە خاوەنی ملیۆنان پشکن و هەموو بڕیارێک ئەدەن، لە ژمارەی پەنجەکانی دەست تێپەرناکات.

بۆیە تا دێت نایەکسانی لە داهاتدا لە هەڵکشاندایە لەم وڵاتەدا. هیچ شتێک شاراوە نییە لێرەدا. ئەم نایەکسانی و جیاوازی داهاتە هیچ پەیوەندی بە پلەی خوێندن و تەکنەلۆژیاوە نییە. بەڵکو ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێمە ڕێگەمانداوە گروپێکی زۆر بچوک لە سەرەوە بڕیار بدەن کە چی لەو زێدەبایییە بکرێ کە هەموومان بەشداربووینە لە پێکهێنان و بەرهەمهێنانیدا. ئەوان کە نزیک بە هەموو زێدەباییەکە بۆ خۆیان ئەبەن، لە ئەنجامدا ئەمە ئەبینین کە کۆمەڵگا بەم جۆرە دابەشبووە کە لە جەمسەرێکدا گروپێکی زۆر بچوک هەیە کە تا خەیاڵ بڕ بکات سەرمایەیان کەڵەکە کردووە و داهاتیان هەیە. وە لە جەمسەرەکەی تردا یەکەم نەوەی کرێکاران ئەبینیین کە قوتابین لە زانکۆکانی ئەمریکادا کە بۆ ئەوەی زانکۆ تەواو بکەن ناچارن قەرزی بۆ بکەن و بکەونە ژێر باری دەیان هەزار دۆلار قەرزەوە.

لێرەدا، ئەوە کرێکارە، ئەوە تۆی کە ئەچەوسێنرێیتەوە و ئەڕوتێنرێیتەوە. بۆیە مارکسیزم و سۆشیالیزم بەردەوام ڕوو بە کرێکاران بووە. ڕووی لەوانە بووە کە قوربانی سیستەمی سەرمایەدارین. کرێکاران بە تێگەیشتن لەمە ئەتوانن بڵێن کە ئێمە ئەتوانین باشتر بکەین لە سیستەمی سەرمایەداری. دامەزراندنی هەرەوەزییە کرێکارییەکان هەنگاوی یەکەمە لەم ئاڕاستە نوێیەدا.

هەرەوەزی کرێکاری (ۆرکەرس کۆ-ئۆپ) لە ژێرەوە و لە نیو کرێکارانەوە دەست پێ ئەکات و ئاراستەیەکی نوێ بۆ سۆشیالیزم نوێنەرایەتی ئەکات. ئێستا ئەبینین کە لە پلاتفۆرمی ئیقتیسادی (بێرنی ساندەرس)دا شتێکی  کەم هەیە دەربارەی هەرەوەزی کرێکاری (ۆرکەرس کۆ-ئۆپ) شتێکی زۆر نییە بەڵام دەستپێکێکی باشە. ئەگەر نمونەی سیاسییەکی ئەمڕۆت ئەوێ کە زۆر زیاتر لە بێرنی ساندەرس واوەتر چووە، ئەوە (جێرمی کۆربین)ە لە بەریتانیا، لیدەری حیزبی کرێکاران. ئەمەی باسی ئەکەم سەرنجڕاکێشە بۆ ئەوانەتان کە موتابەعەی سیاسەت ئەکەن. ئەوان پێشکەوتووترین تێگەیشتنیان هەیە لە سەر پێویستی دامەزراندنی  بەشی هەرەوەزی کرێکاری (ۆرکەر کۆ-ئۆپ)ی سۆشیالیستی کە بە جیا و هاوشانی سەرمایەداری مەوجود بێت، ئەمە سەریدەرهێناوە لە بەریتانیا لە ژێر ڕابەری حیزبی کرێکاران بە ڕابەری لیدەرە نوێیەکەی (جێرمی کۆربین) کە سیاسەتێکی کۆنکرێتی لەم بارەوە ڕاگەیاندووە. کە ئەگەر حەز بکەی ئەتوانم بە درێژی بۆتان باس بکەم لە بەشی پرسیار و وەڵامدا و کاتێک کە ئەم قسەوباسانەمان تەواو بوو.

ئێستا سۆشیالیزم سەریدەرهێناوەتەوە، گەڕاوەتەوە بە ئاڕاستەیەکی نوێ و پێناسەیەکی تازەوە. وە یەکێک لەو شتە سەرنجڕاکێشانەی کە لە ساڵانی ئایندەی ژیانتا دیقەتی بەیتێ سەرکەوتنی ئەم سۆشیالیزمەیە بەم جۆرەی کە باسمانکرد. وە ئەمە بەشێکی بە هۆی ئەوەوەیە کە تەواوی ئەو بەرەیەی کە دژ بە سۆشیالیزمە، تەرکیزیان کردۆتە سەر شتێک کە چیتر سۆشیالیزم نییە و بە تەواوی نائامادەن و ناتوانن هەڵکەن لە گەڵ ئەوەی کە سۆشیالیزم یانی چی لە ئێستادا. ئەمە یەکێک لەو ئەنجامە خراپانەیە کە سەرکوتی ئایدیۆلۆژی بەرانبەرت (ئەڵتەرناتیڤت) بکەی وەک ئەوەی ئەیبینین کە بۆ زیاتر لە 50 ساڵ پەیڕەوکرابوو لە ئەمریکادا.

ڕێگەم بدەن لێرەدا کۆتایی پێ بهێنم. زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.

تێبینی: هەموو ئەم قسەوباسەی سەرەوەی پرۆفیسۆر ڕیچارد ۆڵف، یەک سەعاتی ڕێکی خایاند. بەدوای ئەمەدا 38 خولەکی تریش بەشی پرسیار و وەڵامە کە لە لایەن ئامادەبووانی هۆڵەکەوە پرسیاری لێ ئەکرا و زۆر لایەن و گۆشەی ئەم باسەی کردوویەتی بە درێژتر شیکردۆتەوە. بەداخەوە لە ئێستادا نەتوانرا بەشی پرسیار و وەڵامەکانیش وەرگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی.

ساڵی 2020                                                                             

لینکی قسەوباسی ڕیچارد ۆڵف

https://www.youtube.com/watch?v=TXNrVaJJfHA

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *