هێرشی لایەنگرانی ترامپ بۆسەر کۆنگرێس و پەیامەکانی! …

سەروتاری ئۆکۆبەری ژمارە ٣

موحسی کەریم

 ١٠ی کانونی دوەم ٢٠٢١

ڕۆژی ٦ی کانونی دووەم، لەسەر بانگەوازی ترامپ، بەمەبەستی پەكخستنی پرۆسەی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژرادنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بە قازانجی جۆ بایدن، لایەنگرانی هێرشیانکردە سەر تەلاری کۆنگرێسی ئەمریکا. لەئاکامی ئەم ڕوداوەدا ٥ کەس گیانیان لەدەستدا. ڕوداوی هێرشکردنە سەر کۆنگرێس، قیبلەی دیموکراسی ئەمریکاو رۆژاوا، لەلایەن لایەنگرانی سەرۆکی ئەو ووڵاتەوە پووچی خودی دیموکراسی بۆرژوازی و بانگەشەکانی چینی بۆرژوازی و سیاسەتمەدار و بیرمەندەکان و رۆشنبیرەکانی نمایش دەکات.

بۆرژوازی رۆژاوایی و ڕەوت و بزوتنەوەکانی وانیشان دەدەن کە هەڵبژاردن و دەنگدان پرۆسەیەکی نەرم و دیموکراسی و ئاشتیخوازانەیە بۆ دەستاو دەستکردنی دەسەڵات. ئەوەش وەکو سیستەمی سیاسی و دەوڵەتداری گونجاو ونمونەیی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بانگەشە دەکەن. بەشێکی گرنگی ئەم بانگەشەشیان بەرامبەر بە سیستەمی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری و حکومەتی کرێکاری و هەر جۆرە حکومەتێكە کە هاوجوت بێت لەگەڵ بەرژەوەندی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشدا.. گوایە دەسەڵاتە کرێکاریەکان سەرکوتگەرو دیکتاتۆرین و ئازادیەکان زەوت دەکەن و بەشێوەی زەبروزەنگ و خوێنڕشتن دەیانەوێ دەسەڵات وەربگرن!

هەڵبەتە ئەو دەستاودەستکردنەی دەسەڵات ئەوان بانگەشەی بۆ دەکەن، بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتە لەنێوان باڵ و بەشەکانی بۆرژوازی یان هێزو حزبە سیاسیەکانیدا، بە پاراستنی هەموو بنەماکانی دەوڵەتی بۆرژوازیەوە. بۆرژوازی دەیەوێ ئەم جۆرە لە دەسەڵاتدارێتی وەکو نمونەی بێوێنەی فەرمانڕەوایی بە مرۆڤایەتی و بەچینە ستەم لێکراوەکانیش بقەبڵێنێ… دەنا هەرکاتێك چینی کرێکارو توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا، نەك هەوڵەکانی بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی ئەوان یان سەندنەوەی دەسەڵات لەوان، کەوتۆتە بەر پەلاماری دڕندانەو خوێنڕشتن و کوشتاری بە کۆمەڵەوە، بەڵکو تەنانەت ئەگەر بۆ داواکردنی مافەکانی خۆشیان کەمێك لەو سنورەی دیموکراسی بۆرژوازی بۆی دیاریکردوون پێیان زیاتر درێژکردبێت، ئەوا ڕووبەڕووی پەلامارو هێرشی دڕندانەی پۆلیس و سوپای بۆرژوازی بوونەتەوە. کار دانەوەی بۆرژوازی فەرەنسی بەرامبەر بە شۆڕشی کۆمۆنەی پاریس، کاردانەوەی دەوڵەتی تزاری بەرامبەر بە کرێکاران و رێکخراو و حزبەکانی لە شۆڕشەکانی ١٩٠٥ و ١٩١٧دا ، کاردانەوەی بۆرژوازی جیهانی و دەخالەتی سەربازی بۆ ڕوخاندنی حکومەتی کرێکاری و سەپاندنی شەڕێکی ٣-٤ ساڵەی ناوخۆ بەسەر بەلشەفیەکان و دەوڵەتی کرێکاریدا، کوشتاری کرێکاران و ڕابەرەکانی وەکو کارڵ لیبکنخت و ڕۆزا لۆکسمبورگ.. لەلایەن دەوڵەگتی ئەڵمانیاوە..و دواتریش پیلانگێڕیەکانی ئیمپریالیزمی رۆژاوا و ئەمریکا دژ بەحکومەتی سلڤادۆر ئەلەندی چەپگەرا و پشتیگری لە کۆدێتای سەربازی بەڕابەریی دیکتاتۆری چیلی ( پینۆشە).. دواتریش کوشتاری بەکۆمەڵی کۆمۆنیستەکان لەلایەن دەوڵەتی ئەندەنوسیا ساڵی ١٩٦٥-١٩٦٦داو لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی ئێرانەوە ساڵی ١٩٨٠ چەندین نمونەی دیکە… ناڕاستی و پووچیی ئەو بانگەشەیەی بۆرژوازی دەخاتەڕوو.

هەروەها نمونەکانی هێرشی پۆلیسی فەرەنسا بۆسەر کرێکارانی بەنزینخانەکان و شکاندنی مانگرتنیان بەزەبری چەك لە ساڵی ٢٠١٦ و هێرشی دڕندانە بۆسەر هێلەك زەردەکان . هێرشی دڕندانەی پۆلیسی بەریتانیا و ئەمریکا بۆسەر خۆپیشاندەرانی بزوتنەوەی ٩٩% و … تاد.  ئەمانە چەند گۆشەیەکن لە مامەڵەی پۆلیسی دیموکراسی رۆژاوایی بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانێك کە تەنها داوای یەکسانی و بەرینکردنەوەی دیموکراسیان کردوە بۆ ناو ژیانی کۆمەڵایەتی و ناوەندەکانی کارو کورتکردنەوەی دەستی بانک و دامەزراوە ئۆلیگارشیەکان بووە.

بەڵام ئەم هێرشەی لایەنگرانی ترامپ بۆسەر کۆنگرێس، ئەوەی نیشاندا کە بۆرژوازی چ ئامادەییەکی تێدایە بۆ کاولکاری و وێرانکاری کۆمەلگا، کاتێك لەوە دڵنیا نەبێ کە دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە دڵی ئەو دەبێت. ئەمەی ئێستا لە ئەمریکا ڕوودەدات کە هێشتا گواستنەوەی دەسەڵاتە لە حزبێکی بۆرژوازیەوە بۆ حزبێکی دیکەی بۆرژوازی، بەبێ ئەوەی هیچ درزێك بکەوێتە ناو دیواری دەسەڵاتی بۆرژوازیەوە. ئەوەی نمایشکرد کە هەرچی بانگەشەی دیموکراسی و گواستنەوەی نەرم و ئاشتیانەی دەسەڵاتە شتێکی دیکە نیە بێجگە لە پروپاگەندەیەکی دژە خەڵکی و چەواشەکاری و بێدەنگکردن و ڕامکردنی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشە بەدەسەڵاتی بۆرژوازی…

بەڵام ئەمە تەنها لایەنێکی مەسەلەکە ڕوون دەکاتەوە. ئەوەی کە دەبێ لە ڕوداوی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس هەڵ بهێنجرێ ئەو هێزە شاراوە لۆمپن و چەقۆکێشەیە کە لەناو کۆمەڵگای ئەمریکادا و لەسەر دەستی بۆرژوازی ئەو وولاتەدا پەروەردە دەکرێ. هێزێك کە لەسەر قسەی کەسێکی وەکو ترامپ ئامادەیە هێرش بکاتە سەر قیبلەی دیموکراسی و دەسەڵاتەکەیان… چ جای ئەوەی کە ئەو هێزە ڕووبەرووی مەترسی جموجوڵ و خرۆشانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی ئەو ووڵاتە بێتەوە. ئەوکاتە ئاستی دڕندەیی ئەو هیزە بۆ کۆمەڵگای ئەمریکاو جیهان دەردەکەوێ… ئەو کاتە دەردەکەوێ کە بۆرژوازی چ ئامێرێکی وێرانکەری پەروەردە کردوە لە دژی کۆمەڵگاو هەموو هەوڵێکی جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا بۆ ئاڵوگۆر لە ژیان و چارەنوسی سیاسی و ئابوری خۆیاندا. ئەم هێزە لۆمپن و چەقۆکێشەی بۆرژوازی لەناو ئەو کەشوهەوا کۆمەڵایەتیە ڕاسیست و و دژە کرێکار و دژە کۆمۆنیستەدا توانای خۆی وەردەگرێ کەترامپ نوێنەرایەتی دەکات. ئەو هێزە کۆمەڵایەتیەی کە لەپشتی ترامپ و ترامپیزم، یان بەمانایەکی سیاسی، لۆمپنیزم و چەقۆکیشی بۆرژوازیدا وەستاوە، بەشێكی بەرچاوی کۆمەڵگای ئەمریکا پێکدەهێنێ. مەترسیەکە لێرەدایە کاتێك ترامپ ٧٤ ملیۆن دەنگی دەنگدەرانی کۆمەڵگای ئەمریکا بۆخۆی کۆدەکاتەوە. ئەم ژمارە گەورەیە ڕادەی ترسناکی دیاردەی ترامپیزم و لۆمپنیزمی بۆرژوایی ئەمریکا لەسەر کۆمەڵگای ئەمریکاو جیهان دەخاتەڕوو. ئەمە مەترسیەکە کە بە دۆڕانی پۆستی سەرۆکی کۆمار لەلایەن ترامپەوە کۆتایی پێنایەت.

دیاردەی ترامپیزم، کە وەکو مەترسیەك لەلایەن خودی بۆرژوازی ئەمریکا و بگرە جیهانەوە ئاماژەی بۆدەکرێ. تەنا لەو ترسەوەیە کە بنەماکانی دیموکراسی بۆرژوازی و دەنگدان و پەرلەمان و بەهاکانی لیبراڵیزم و نیولیبراڵیزم  بێبایەخ بن و بکەونە بەردەم ڕەخنەی ڕیشەیی بێبەشانی کۆمەڵگای ئەمریکاوە. ترسیان لەوەیە کە ترامپیزم سەرتاپای تەلارەکەیان بڕوخێنێ و لەبەردەم بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی کۆمەڵگای ئەمریکادا بەچۆکیدا بهێنێ. دەنا نیگەرانی ئەوە نین کە دیموکراسی کەوتۆتە بەردەم هەڕەشەو مەترسیەوە، وەکو خۆیان بانگەشەی دەکەن.

لەڕاستیدا ترامپیزم وەکو هێزێکی وێرانکەر، تەنها بەهێزی چینی کرێکارو بزوتنەوەی سۆشیالیستی چینی کرێکاری ئەمریکا دەتوانرێ بەرەنگاری بکرێ و تێك بشکێنرێت. هێزێك کە ماوەیەکە لە کۆمەڵگای ئەمریکادا سەرەتاو نیشانەکانی دەرکەوتوەو ڕەنگدانەوەی ئەم هێزە لە خودی دەرکەوتن و بەرزبونەوەی کەسێکی وەکو بێرنی ساندەرز و هاوەڵەکانیدا دەرکەوت. بانگەشەی بێرنی ساندەرز بۆ سۆشیالیزم و دژایەتیکردنی دیاردەی نایەکسانی ودەسەڵاتی بانکەکان و دامەزراوە بۆرژوازیەکانی ئەو وڵاتە نیشاندەری سەرهەڵدان و بەرزبونەوەی ئەو ڕەوتە کۆمەڵایەتیە سۆشیالیست ویەکسانیخوازەیە کە لە کۆمەڵگای ئەمریکادا چەکەرەی کردوە. هەر ئەم هیزەش دەتوانێ سنورێك بۆ دیاردە ترامپیزم و چەقۆکێشی بۆرژوازی دابنێ و جیهایش لە مەترسیەکانی ئەم پەتایە ڕزگاربکات.

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *