بازاڕی پەرلەمانچێتی  و ملیار و ٢٠٠ ملیۆنەکەی ئیسلامیەک!؟ …

عرفان کریم ….

لەبەرواری ١٤-١-٢٠٢١ ولە سەرپەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک،  ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندام پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەلی ئیسلامی، ڕایگەیاند کە ئەو  لەو کاتەوەی کە ئەندامی ئەنجومەنی عێراقە، واتە  لە ساڵی  ٢٠١١ تاوەکو ٢٠٢١ ، ملیارێک  و ٢٠٠ ملیۆن دیناری تەسلیم بە دارایی کۆمەڵی ئیسلامی کردوە. هەروەها دەڵێت : بەردەوام شایستەی دارایی مانگانە (١٢٦٥٠٠٠٠) دوازدە ملیۆن و شەش سەد وپەنجا هەزار دینار ڕادەستی دارایی دەکەم و ئەوەشی کە دەمێنیتەوە  بۆ خەرجی پاسەوانەکانم وسەیارە و هاتوچۆ بەتەیارە و خەرجی ئەو ماوەی کە لەبەغداد دەمێنمەوە  لەگەڵ ئەو بڕەی کە دانراوە بۆ خۆم  وخانەوادەکەم.وەک شانازیەکیش بەم دەستکەوتەوە دەڵێت: لەئێستاشدا هەر سەرکەوتنێکم بەدەست هێنابێت  لە ئەنجامی  ئەمانەی لای خوارەوەیە. یەکەمیان- پابەندیمان  بە ئەو بەرنامەیەی کە ئاینی ئیسلام  بۆی داناوین لە خۆ بەدوورگرتن لە لەحەرام و قەناعەت کردن بەوەی بەدەستمانەوە دێت…(هەروەها ئاماژە بەچەند خاڵێکی دیکە دەکات، کە لێرەدا جێگای مەبەستی ئەم نوسینە نیە).

بەخشینی ئەم جۆرە لە مووچەی خەیاڵی بە کەسانێک کە هیچ نەخشێکیان نیە لە خزمەتکردن بەکۆمەڵگا، ڕەگ وریشەی لەکوێ وەیە؟ بەدوای پرۆسەی داگیرکاری عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی  ٢٠٠٣ وە  و دامەزراندنی حکومەتە مەزهەبی  و قەومیە، یەک لەدوای یەکەکان، گەندەڵی وتاڵانی بۆتە پیشەیەکی سەرەکی لایەنە سیاسیەکان و بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی نێو ئەم حکومەتانە. ئاماژەکردن بەم  بڕە پارەیەی کە  ئەحمەدی حاجی ڕەشید لەو ماوەیەدا پەیدای کردوە، ئامانج لێی سەلماندنی ئەو ڕاستیەیە، کە پرۆسەی بەهەدەردان و بەتاڵانبردنی داهاتی کۆمەڵگا  بەچ  شێوازێک  بەڕێوەدەچێت و جەختکردنەوە لەو ڕاستیە، کە لایەنەکانی نێو پەرلەمان بەشێکن لە سیستەمی گەندەڵی وتاڵانی.ئێوە بیهێننە پێش چاوی خۆتان تائێستا ١٢٧٥ هەزار و دوو سەد وحەفتاو پێنج  کەسی دیکە وەک ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە ساڵی ٢٠٠٥ وە (وەک پیشەی ئەندام پەرلەمانی) مانگانە ئەم بڕە پارەیەیان وەرگرتوە.وە ئەگەر بمانەوێت بڕی ئەم پارانە بژمێرین،  ئەوا بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە ئەمە گوژمەیەکی چەند زۆرە و لەم دۆخە وێرانەیەی عێراق وکوردستاندا،  دەکرا چەند پرۆژەی خزمەتگوزاری پێ دروست بکرایە  بۆ ئەو خەڵکەی  کە لە ئیستادا بەدەست نەبوونی سەرەتاییترین  خزمەتگوازیەکانەوە  میحنەت دەکێشن، وەک کارەبا و ئاو و نەبونی کەرتێکی تەندروستی سەردەمیانە و دەیان کێشە وگرفتی دیکە…!؟؟

لە سایەی ئەم سیستەمە سیاسیەی  کە لەعێراق  و کوردستان دەسەڵاتدارە، پەرلەمانچێتی بۆتە پیشەیەکی دیار بۆ پەیداکردنی پول وپارە ودەوڵەمەندبوون. بۆ ماوەی چوار ساڵ ملیۆنەها دینار مووچە وەردەگرن و کۆمەڵێك ئیمتیازاتی  دیکەیان  پێدەبەخشن  و پاش ئەم چوارساڵە خانەنشین  دەبن بە مووچەی ملیۆنەها دینار.

 پەرلەمانچێتی،  بۆتە مەیدانێک  بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی گەندەڵی  وتاڵانچێتی لە عێراق وکوردستان، هەروەک چۆن، تاقمە مافیاکان لەڕێگەی پرۆژە ئابوریەکانەوە (پارەکانیان سپی دکەنەوە) و دەیخەنە نێو یاساکانی بازاڕی کارەوە، ئاوهاش لایەنە سیاسەکانی عێراق و کوردستان، ماهیەتی کۆنەپەرستی و سەرکوتگەری خۆیان، لەرێگای (پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و پەرلەمانەوە) پەردەپۆش دەکەن و دەیانەوێت بڵێن (ئیمە لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوین  و بەدەنگدان هاتوینەتە سەر دەسەڵات).بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی  نێو ئەم پەرلەمانە، کە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەناسێنن، سەڕەرای ئەوەی کە لەسەر شاشەکانی تەلەفزیۆن و لەبەردەم مایکرۆفۆنەکاندا، خەریکی نمایشی پاڵەوانبازین، بەڵام لە بنەڕەتدا، سەر بەهەمان دەسەڵات و سیستەمی پەرلەمانین و بەڕەسمی ئیمزایان لەسەر ئەنجامی سەرجەم خولەکانی هەڵبژاردنەکان کردوە ( بەو هەموو تەزویر و ساختەکاریانەوە ) و دواتریش دەنگیان بەکابینە حکومەتیەکانی یەکێتی  و پارتی داوە و وەزارەت و پۆستی جۆراوجۆری، حکومەتییان پێدراوە.هاوکات ئەم ئەندام پەرلەمانانە  شەیدای مووچە و خانەنشینی  و ئیمتیازاتەکانن،  ئەگەر نا، لەوەتەی پەرلەمان هەیە، کێتان بینی لەمانە  بڵێت،  من ئامادەم خۆبەخشانە  کاری پەرلەمانی بکەم و بە تەنها  مووچەیەکی سادەم دەوێت ..؟

٢-٢-٢٠٢١   

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *