٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان گرنگی و کورتەیەکی مێژوویی …

نوری بەشیر:

٨ی مارس چ رۆژێکە؟  

٨ی مارس رۆژی هاتنەمەیدانی نێونەتەوەیی ژنان و پیاوانی کرێکار و یەکسانیخوازە بەتایبەتی لەدنیای ئەمڕۆی سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتدارێتی باڵە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازیدا کەدنیایان لە تونێلێکی تاریکدا راگرتووە. ئەم رۆژە لە دنیای ئەمڕۆدا وەک رۆژی راگەیاندنی رەمزی خەباتی یەکسانیخوازانەی ژنان و پیاوان و هاتنەمەیدانی جەماوەری‌ فراوان بە دژی چەوساندنەوە و نایەکسانی و پلەدووییەک کە نیزامی سەرمایەداری بەسەر ژناندا دایسەپاندوە رۆژێکی زۆر گرنگ و مێژووییە. ئەم رۆژە و داواکاری و خواستەکانی نمایشی هێزێکی گەورەیە لە ڕاستای ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانە بۆ هەلومەرجێکی نوێ لە کۆمەڵگادا کە ژنان و پیاوان لەسەرجەم مافە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانیاندا یەکسان بن.

هەلومەرجی ئێستای ژنان لە ژێر سایەی دەسەڵات و حکومەتەکانی بۆرژوازیدا!

بەدوای زیاتر لە سەدەو نێوێک لە خەباتی چینی کرێکار و ژنانی کرێکار لە ساڵی ١٨٥٧ وە و هاوشانی خەباتی چینی کریكار لەدنیادا و داسەپاندنی زۆرێک لە خواستەکانی ژنان بەسەر سەمایەداریدا، بەڵام بەهۆی زاڵی سیتستەم و دەسەڵاتدارێتی چینی بۆرژوازی باری قورسی سەرشانی ژنان و چینی کرێکار بەجۆرێکە کە ئینسان نەفرەت لە هەموو سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکانیان دەکاتەوە، ژنان لەچوارچێوەی ئەو هەلومەرجەدا کە چینی کرێکار و کۆمەڵگای تێدا راگیراوە بە پلە دوو سەیر دەکرێن، جیاوازی جێندەری سیمای دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازیە لەجیهاندا، هێرشەکانی بۆرژوازی بۆسەر کۆمەڵگا و چینی کرێکار یەکەمین قوربانیەکانی ژنان دەبێت باجەکەی بدات.

لە ئێستادا کە لەبەردەم یادکردنەوەی ٨ی مارسداین و ساڵ و چەند مانگێک بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا تێدەپەڕێت و کۆمەڵگای ئینسانی لەقاڵب دراوە، رۆژانە هەواڵی جەرگبڕ دەبیستین لە مردنی بەکۆمەڵ و مەرگەساتی ناخۆش، کە لەم هەلومەرجەدا قورساییەکان و مەرگەساتەکانی سەرشانی ژنانیش بەهەمانشێوە دووبەرابەر بووە، ئەمە ئەو راستەیە دەسەلمێنێت کە سیستەمی سەرمایەداری هەموو دەسەڵاتەکانی لەسەر خوێن و هێزی کاری چینی کرێکار و مەحرومانی کۆمەڵگا و ژنان  دەڕواتە پێشەوە.

هەموو حکومەت و دەسەڵات و هێزە بۆرژوازیەکان بە قەومی و ئیسلامیەوە، لە دەسەڵاتدا بن یان لەدەرەوەی دەسەڵات پەیامی دەرەجە دوویی و لەخوارەوە راگرتنی جێگاورێگای ژنان دەدەن بە گوێی کۆمەڵگادا. هەموومان رۆژانە کارەساتە جەگبڕەکان دەبیستین لەژێر دەستی دەسەڵاتەکانی بایدن و ترامپ، ئۆردوگان، سعودیە، سودان، ئێران و عێراق و تا دەگاتە دەسەڵاتەکانی پارتی و یەکێتی وە بەهەمانشێوە کارنامەی ئەو هێزانەی لەدەرەوەی دەسەڵاتن لەوانە تاڵیبان، بۆکۆحەرام، شەباب، حوسیەکان، داعش و ئیسلامیەکانی کوردستان کە هەڵوێست و بەرنامەیان بۆ ژنان و لە کۆمەڵگادا جگە لە دەرەجە دوویی و لەماڵەوە راگرتن و لێدان و کوشتن و سوکایەتی و بە بەکنیزەککردنی ژنان شتێکی تر نیە، تا دەگاتە چەندان شێوەی تری لەم نموونانە کە لە جیهاندا بارن بەسەر کۆمەڵگای ئینسانی و ژنانەوە.

کێشەکانی ژنان و چارەسەری بەشێکە لە کێشەکانی چینی کرێکار!

خەبات و داواکاریەکانی ژنان لەدنیای ئەمڕۆدا بەشێکە لەخەبات و داواکاریەکانی چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان و مەحرومانی کۆمەڵگا بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی زۆربەی زۆری کۆمەڵگا لە بەرامبەر کەمایەتیەکی زۆرکەمدا. داواکاریەکان و خەبات و ناڕەزایەتیەکانی ژنانی کرێكار و مەحرومانی کۆمەڵگا پاڵپشتی گشتی خەباتی چینی کرێکارە بەهەمانشێوە بۆ بردنە سەری ئاستی خەباتی چینایەتی بۆ دنیایەکی باشتری شیاوی ئینسانی و  بۆ سۆشیالیزم کە لەژێر دەستی چینی کرێکار و خەباتەکەیدا مەیسەر دەبێت.

هاتنەمەیدانی ژنان و پیاوانی ئازدیخواز و یەکسانیخواز و یەکێتیە کرێکاریی و رێکخراوەکانی ژنان و حزب و رێکخراوە کۆمۆنیستی و رادیکاڵەکان بۆ خواستی ئازدی و یەکسانی و مافەکانی ژنان کە ساڵانە بە ریزی ملیۆنیەوە لەم رۆژەدا بەشێوەی خۆپیشاندان، رێپیوان و کۆبوونەوە و نوسین لە جیهاندا ناڕەزایەتی دەردەبڕن و خۆیان نیشاندەدەن هەنگاوێکە لە ڕاستای هێنانەمەیدانی رێزی مرۆڤدۆستی و یەکسانیخوازی و دنیایەکی باشتری سۆشیالیستی شیاوی ئینسانی، هەموو ئەمانە زەرورەتی ئەوە دەخوازێت کە لەم رۆژەدا بەرزکردنەوەی دروشم و داواکاری و خواستەکانی ژنان دنیا دابگرێت هەروەک چۆن لە رابردوودا بە خەباتی ژنانی کرێكار و چینی کرێکار زۆرێک لە خواستەکان بەدەستهاتووە، ئێستاش بە خەباتی رێکخراو و لەمەیداندا بوونی ژنان لەپاڵ چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکاندا ئایندەیەکی باشتر مسۆگەر دەبێت.

بۆ کۆتایهێنان بە چەساوەنەوەی ژنان و یەکسانی تەواوی نێوان ژنان و پیاوان دەبێت چەوسانەوەی چینی کرێکار نەمێنێت هەروەک ئەنگلس دەڵێت: باوه‌ڕم وایه‌ كه‌ یه‌كسانی ڕاسته‌قینه‌ی ژنان و پیاوان ته‌نها كاتێك دێته‌ دی كه‌ چه‌وسانه‌وه‌ی هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌وه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و كاری تایبه‌تی ناوماڵ ببێت به‌ پیشه‌سازیه‌كی گشتی.

زەرورە هەموو ژنانی ستەمدیدە و کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز ئاشنا بن بە خەباتی ژنانی کرێکار و مێژووی ٨ی مارس وەک رۆژی جیهانی ژنان.

کورتەیەکی مێژوویی ٨ی مارس

٨ی مارس لە کوێوە هاتووە؟

هاتنەمەیدانی ژنان و ناڕەزایەتی و خەباتیان لەناو دڵی هەلومەرجی چەوساندنەوەی چینی کرێکاران و خەباتیان و ئەزمەی گەورەی سەرمایەداری وەک سیستەمی چەوسێنەرانەی چینایەتی و بەلێشاو زیادبوونی ریزی کرێکاران بۆ بازاڕی کار بۆ بەدەستهێنانی بەرهەم و سەروەتی زیاتر بۆ سەرمایەداران دەڕۆیشتە پێشەوە. کارکردنی تاقەت پروکێن و کرێی کەمی کرێکاران لەو وەزعەدا وایکردبوو خەباتی چینی کرێکار و یەکێتیە کرێکاریەکان و حزبە سۆشیالسیتەکان پێیان نابووە مەیدانی خەبات و ناڕەزایەتی بۆ داسەپاندنی خواست و داواکانیان بەسەر بۆرژوازی و خاوەنکارەکاناندا. لەم هەلومەرجەدا ریزی ژنانی کرێکار رۆژانە پەیوەست دەبوون بە بازاڕی کارو چینی کرێکارو خەباتەکەیانەوە.

لەوهەلومەرجەدا ئەگەر ژیانی چینی کرێکار بەگشتی لە دنیادا خراپ بوبێت ئەوا ژیان و گوزەرانی ژنان خراپتربوو وەمافی دەنگدانیان نەبوو، باری ئابوریان زۆر خراپبوو، لە زۆر جێگای دنیادا مافی کارکردنیان نەبوو، جێگاوڕێگای کۆمەڵایەتیان زۆر لەخوارەوە بوو، هەربۆیە لە دڵی هەلومەرجێکی ئاوادا ژنانی کرێکار پێیان نایە مەیدانەوە بۆ خواست و داواکانیان و دەستیاندایە ناڕەزایەتی، لە زۆرێک لە وڵاتەکانی ئەورپا ژنان بۆ مافی دەنگدان هاتبوونە مەیدان، ژنانی کرێکار بۆ باشترکردنی هەلومەرجێکی کارکردن، بۆ کەمکردنەوەی سەعات کار و زیادکردنی کرێ کە لەخوار کرێی کرێکاری پیاوەوە بوو هاتبوونە مەیدانەوە.

 لە رۆژی ٨ی مارسی ساڵی ١٨٥٧ دا ژنانی کرێکار لەکارگەیەکی جلوبەرگ لە نیویۆرک بۆ راوەستانەوە لەبەرامبەر ئەو هەلومەرجەدا و خواستی کەمکردنەوەی سەعات کارو زیادکردنی کرێ و باشترکردنی هەلوەمەرجی کار ناڕەزایەتیان دەبڕی، ئەگەرچی ئەم ناڕەزایەتیە لەلایەن پۆلیسەوە سەرکوتکرا بەڵام ئەم رۆژە بووە سەرەتایەک بۆ ناڕەزایەتی ژنانی کرێکار و بۆ ٨ مارس وەک رۆژی جیهانی ژنان بناسرێت.

ساڵی ١٩٠٧ کە هاوکاتی بەردەوام چوونە سەرەوەی خەباتی چینی کرێکار و یەکێتیە کرێکاریەکان و سۆشیالیستەکان بوو لەهەمانکاتدا دەورەی خەبات و ناڕەزایەتی ژنانی کرێکار بوو بۆ مافە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانیان و بە بۆنەی تێپەڕینی پەنجا ساڵ بەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ژنانی کرێکار لە نیویۆرک لە ٨ی مارسدا دەستیان دایە ناڕەزایەتی، لەمانگی ئۆگەستی ئەم ساڵەدا بوو کلارا زیتکین وەک رابەرێکی سۆشیالیست بۆ داکۆکی لە مافەکانی ژنانی کرێکار لە کۆبوونەوەی ژنانی سۆشیالیستدا باسی خۆپیشاندانی ساڵانەی کرد.

لە ٨ی مارسی ١٩٠٨دا ژنانی سۆشیالیستی ئەمریکا رۆژی ٨ی مارسیان بە خۆپیشاندانی گەورەوە بەڕێکرد. له‌ ٢٨ی فێبریوەری ١٩٠٩ دا ژنانی گەڕەکی مانهاتن له‌ نیویۆرک خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیان ئەنجاندا، ئه‌م خۆپیشاندانه‌ به‌ دوای مانگرتنێکی گه‌وره‌و شکۆداری کرێکارانی ژن له‌ نیویۆرکدا هات که‌ تیایدا زیاتر له‌ ٢٠ هه‌زار کرێکار ده‌ستیان له‌کار کێشایه‌وه‌‌و بۆ ماوه‌ی بۆ ماوەی چەندین هەفتە مانگرتنیان بەردەوام بوو، لەگەڵ سەرکوت و ده‌ستگیرکردن‌ و ڕاونانی پۆلیسی بەڵام مانگرتنه‌که‌ بەردەوام بوو.

ساڵێک دواتر واتە  لەساڵی ١٩١٠ لە دووهەمین کۆنفراسی ژنانی سۆشیالیست لە کۆپنهاگن بەسترا کە نزیکەی ١٠٠ ژن لە ١٧ وڵاتانی جیهانەوە بەشداربوون کلارا زتکین یەکێک لە رابەرانی ئەو کۆنفراسە و هەڵسوڕاوێکی سۆشیالیستی، ئیشارەی دا بە رۆژی نێونەتەوەیی ژنان، کە پێش ئەمە ژنانی سۆشیالیستی نەمسا پێشنیاری یەکی ئایاریان کردبوو وەک رۆژی جیهانی چینی کرێکار، کە یەکی ئایار جێگاو مانایەکی هەبوو و دەیتوانی گرنی و جێگای خەباتی تایبەتی لە هەوڵدان بۆ مەسەلەی ژنانیش بخاتە ژێر رۆشناییەکی زیاترەوە. لەم کۆنفراسەی ژنانی سۆشیالیستدا کاتی بەرێخستنیی مەراسیمی رۆژی ژنانیان لە ١٩ی مارسدا دیاریکرد، بەڵام بڕیاردانی کۆتاییان بۆ دیاریکردنی رۆژی جیهانی ژنانیان سپارد بەکاتێکی تر. دواتر راگەیاندنی بڕیارنامەی کۆنفراس بۆ دیاریکردنی رۆژی جیهانی ژنان، ئەنتەرناسیونالیستی دووەم پشتیوانی لەو بڕیارە کرد، ئەمە یەکەمین رێکخراوێک بوو ئەم رۆژەی بەڕەسمی ناسی.

ساڵی ١٩١١ له‌ وڵاته‌کانی؛ ئه‌ڵمانیا‌، نه‌مسا‌، سویسرا‌و دانیمارک ڕۆژی ١٩ی مارس وه‌ک ڕۆژی جیهانی ژنان بەرز ڕاگیرا، کە ژمارەی ژنانی خۆپیشاندەر تەنیا لە نەمسا بە ٣٠ هەزار کەس خەمڵێنرا. ئەم خۆپیشاندانە بەهەمانشێوەی خۆپیشاندانی ژنانی ناڕازی نیویۆرک کەوتە بەر هێرشی هێزە سەکوتگەرەکانی پۆلیس لێیان دراو ژمارەیەکیان لێدەستگیرکرا. دیاریکردنی ١٩ی مارس به‌و هۆیەوە‌ بوو که‌ پاشای ئەوکاتی پروسیا له‌ ساڵی ١٨٤٨دا به‌ڵینێک کە به‌ ژنانی دابوو که‌ مافی ده‌نگدانیان له‌ په‌رله‌ماندا هه‌بێت جێبەجی نەکردبوو. هەر چه‌ند ڕۆژێک دوای ئه‌م یادکردنه‌وه‌یەی ڕۆژی جیهانی ژنان،‌ روداوێکی گەورەو جەگبڕ رووبەڕووی کرێکارانی کارگەی جلوبەرگی ئەمریکا بوەوە بەهۆی چاوجنۆکی خاوەنکاری سەرمایەدارەوە کە ئەویش سوتانی نزیکەی ١٥٠ ژنانی کرێکابوو لە شوێنی کارەەیاندا لە نیویۆرک، کە ئەمە نەک لەئاستی ئەمریکا بەڵکو لەئاستی دنیادا دەنگی دایەوە لە نەهامەتیەکانی کە بەرسەر ژنانی کرێکاردا هات. ئەمەش زیاتر خەباتی چینی کرێکار بەگشتی و ژنانی کرێکاری توندتر کردەوە.

تراژیدیای ئەم کارەساتە کەبەسەر ژنانی کرێکاری جلوبەرگی نیویۆرکدا هات، بەهۆی چاوچنۆکی و دژی کرێکاریی خاوەنکارەوە بوو کە نەیدەویست داواکاری و خواستەکانی کرێکار و یەکێتیە کرێکاریەکانی ژنان بە رەسمی بناسێت  کە لە ناڕەزایەتیە ٢٠ هەزار کەسیەکانی پێشوودا بەسەرکەوتن گەیشتبوون، باری خراپی هەلومەرجی کارگەو کرێکاران لەهەموو روویەکەوە زۆر خراپ بوو کە خاوەنکار نەیدەویست باشتری بکات تاکو ئەو کارەساتە دڵتەزینەی لێکەوتەوە.

بۆ ناڕەزایەتی بەو کارەساتە و بوونە قوربانی ژنانی کرێکار لەسەرتاسەری ئەمریکادا رێپێوانی گەورە ئەنجامدارا کە نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس رژانە شەقامەکانی بەڵام بەهۆی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازیەوە خاوەنکار قەرەبوویەکی گەورە کرایەوە بەڵام پارەیەکی رەمزی درایە کەسوکاری ژمارەیەک لەو قوربانیانە.

ساڵی ١٩١٣ ناوەندی نێونەتەوەیی ژنان کە یەكێک لە رێکخراوەکانی ئەنتەرناسیونالیستی دووەم بوو ٨ی مارسیان بە خاتری گرنگی و جێگاورێگای خەباتی ژنانی کرێکاریی ئەمریکا بە وێنەی رۆژی جیهانی ژنان دیاریکرد. هەر لەم ساڵەدا ژنانێکی زۆری شۆڕشگێڕ و دەستتەنگ لە روسیای ژێر دەسەڵاتی قەیسەر و لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا  رۆژی ٨ی مارسیان بەوێنەی خۆپیشاندان و کۆبوونەوە بەرزڕاگرت. ساڵی ١٩١٣ لە جیاتی ١٩ مارس وەک رۆژی جیهانی ژنان گۆڕا بۆ ٨ی مارس و ئەم رۆژە بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەورە لەزۆرێک وڵاتانی ئەوروپا بەرزراگیرا و لە پاڵ خواستەکانی ژنانی کرێکاردا خواستی بەگری لە ئاشتی و دژی جەنگیش بەرزکرایەوە کە وڵاتانی سەرمایەداری خۆیان بۆ جەنگ ئامادە دەکرد.

ساڵی ١٩١٤ کاتێک جەنگی جیهانی یەکەم دەستی پێکرد و ئەوروپا ناوەندی ئەو جەنگە بوو، ژنانی شۆڕشگێڕ لە خۆپیشاندانەکانی ساڵەکانی ١٩١٥ و ١٩١٦ دا لەژێر دروشمێکی سەراسەریدا بەدژی جەنگی ئیمپریالیستی راوەستان. لە وڵاتانێکی تردا کە ئەم جەنگە گرتبوونیەوە لەناو چینەکانی کۆمەڵگادا بە لایەنگر و دژی جەنگ دابەشبووبوون و ئەم دابەشبوونەش کاری کردە سەر ریزەکانی بزوتنەوەی ژنان کە نەتوانن بەشێوەیەکی سەراسەری و گەورە رۆژی جیهانی ژن سازبدەن.

شوباتی ساڵی ١٩١٧ خۆپیشاندانەکانی ژنانی کرێکار لە پەترۆگراد بەدژی برێستی و جەنگی تزاریسم سەرەتای بانگەوازی شۆڕشی روسیا بوو، کە کرێکارانی بۆ پشتیوانی لەم خۆپیشاندانە بانگەواز کردو مانگرتنی گشتیان سازدا. ٨ی مارسی ١٩١٧ بەرۆژێکی لەبیرنەکراو لە مێژووی شۆڕشی روسیادا جێگیر بوو و وەک رۆژێکی گرنگ لەدەستپێکی شۆڕشی شوباتی ١٩١٧ی روسیا بەرچاوە کە بەدوای ئەم خۆپیشاندانەدا تزار دەستگیرکراو کۆتایی بەدەسەڵاتی هێنراو دواتر ئەم شۆڕشە مێژووی روسیاو جیهانی گۆڕی.

ساڵی ١٩٢١ کۆنفراسی ئەنتەرناسیونالیستی کۆمۆنیستی لە مۆسکۆ سازدرا، لەو کۆنفراسەدا رۆژی ٨ی مارس بە وێنەی رۆژی جیهانی ژن بڕیاری لەسەر درا. ئەو کۆنفراسە ژنانی جیهانیان بانگەواز کرد بۆ خەبات و خواستەکانیان بەدژی سیستەمێکی چەوسێنەرانەی سەرمایەداری کە لە دنیادا هەیە ناڕەزایەتی دەببڕن. لەم کۆنفراسەدا ئه‌لکساندرا کۆلۆنتای وەک کەسایەتیەکی دیار و سۆشیالیست و هەڵسوڕاوێکی ژنان وە لەسەردەمی ده‌سه‌ڵاتی سۆڤێتدا ٨ی مارسی وه‌ک ڕۆژێکی ڕه‌سمی ڕاگه‌یاند.

لە ساڵی ١٩٦٠ دا کۆنفراسێک بەسترا لە یادی ٥٠ ساڵەی رۆژی جیهانی ژناندا کە لە ٧٣ وڵاتەوە ٧٢٩ نوێنەر لە کۆپنهاگن کۆبوونەوە و  لەم کۆنفراسەدا پشتیوانی لە مافەکانی ژنان لە باری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە راگەیەنرا.

نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ساڵی ١٩٧٥دا بۆ یادکردنەوەی ساڵانەی ٨ی مارس وه‌ک ڕۆژی جیهانی ژنان بڕیاریدا.

ئەگەرچی بەهۆی ترسی حکومەت و دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی لە خەباتی ژنانی کرێکار و سۆشیالیست ٨ی مارس وەک رۆژی یەکی ئایار لە ئاستی هەموو وڵاتانی دنیادا پشووی رەسمی نیە بەڵام لەزۆربەی دنیادا بەشێوەی جۆراوجۆر ئەم رۆژە یاد دەکرێتەوە و رێزی ملیۆنی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز و کرێکاران و کۆمۆنیستەکان ناوەندی شارەکان و شەقامەکان بەبەرزکردنەوەی خواست و داوکاریەکان لەبەرامبەر سیستەمی چەوسێنەرانەی سەرمایەاری نیشانی کۆمەڵگای بەشەریەت دەدەن.

پیرۆز بێت ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان

سەرکەوێت بزوتنەوەی یەکسانیخوازی

٤ مارسی ٢٠٢١

Check Also

تیرۆری شیرین ئەبو عاقلە کردەوەیەکی تیرۆریستی دەوڵەتی ملهوڕی سەر کوتگەری ئیسرائیلە

دەشتی جەمال دوێنێ ١١ی مەی ٢٠٢٢ پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە، شیرین ئەبو عاقلە لە کاتی ڕوماڵی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .