ئەزمونی بزوتنەوەی شورایی لە کوردستان …

گفتوگۆ لەگەڵ جەمال موحسن 

ئەزمونی بزوتنەوەی شورایی لە کوردستان

شوراکان نمونەیەکی نوێی پشت بەخۆبەستنی جەماوەریی و

هەڵبژاردنی نوینەران بەشێوەی راستەوخۆ و ئازادانەبوو..

شوراكان وه‌ك مۆدیلێكی تر له‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردن سه‌ریان دەرهێنا..

 جەمال موحسن

ئۆکتۆبەر: دوای سی ساڵ بەسەر بزووتنه‌وه‌ی شورایی کوردستان، و دوای تەجروبەکردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە، کە سەرتاپای بێمافی و هەژاری و زەوتکردنی ئازادیەکان و شکاندنی شکۆی کۆمەڵایەتی و کەسایەتی هاوڵاتیانی کوردستان بووە، پرسی دەسەڵات و شێوازێکی نوێ له‌ دەسەڵات کە لەبەرژەوەندی خەڵك کاربکات، هاتۆتەوە سەر مێزی خەڵك. بەڕای ئێوە تا چ ڕادەیەك دەکرێ سوود لە ئەزمونی شوراکانی ساڵی ١٩٩١ وەربگیرێ لەپێناو خستنەڕووی بەدیلێکی سیاسی دەسەڵات کە لەبەرژەوەندی خەڵك و بە بەشداری ڕاستەوخۆی ئەوان بەڕێوەببرێت؟

جه‌مال موحسین: سه‌ره‌تا ئه‌مه‌وێ به‌ كورتیش بێ ئاماژه‌یه‌ك بكه‌م به‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی شورایی چ شتێكی تازه‌ و جیاوازی هێنایه‌ ناو كۆمه‌ڵگای كوردستانه‌وه‌. شوراكان جگه‌ له‌وه‌ی جێگایه‌ك بوون بۆ كۆبوونه‌وه‌ و یه‌كگرتوویی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش له‌گه‌ڵ یه‌ك و ئاستێك بوون له‌ ڕێكخراوبوون، هاوكاتیش ئامڕازێك بوون بۆ هه‌وڵدان بۆ دابینكردنی كۆنترۆڵ و ده‌سه‌ڵاتی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش. كرێكاران له‌ ڕێی شوراكانه‌وه‌ ده‌موده‌ست مه‌سه‌له‌ی لابردنی به‌ڕێوه‌به‌ره‌ به‌عسیه‌كانیان كرده‌ خواستی هه‌مووان و له‌ هه‌ندێك شوێن به‌ كرده‌وه‌ ڕاویان نان. ئه‌مه‌ بۆ كرێكاران هه‌ر ته‌نها داوا و خواستێك نه‌بوو، بگره هه‌وڵی ئه‌وان بوو بۆ دانانی به‌ڕێوه‌به‌ری تازه‌ له‌ڕێی هه‌ڵبژاردنی خۆیانه‌وه‌ له‌ شوراكانیاندا. شوراكان له‌ هه‌ر شوێنێك، چ كارگه‌ و ناوه‌نده‌ پیشه‌سازیه‌كان، یان گه‌ڕه‌كه‌كان كه‌ دروست ئه‌بوون شێوه‌یه‌كی تر له‌ به‌ڕێوه‌بردن و ده‌سه‌لاتدارێتییان ئه‌نواندا و به‌ڕێوه‌ئه‌برد. شوراكان هه‌ر له‌و سه‌ره‌تایه‌وه‌ چه‌كه‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی بنیاتراو له‌سه‌ر ئیراده‌ و ڕۆڵی ڕاسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ری كرێكار و بێبه‌ش بوون. له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا كه‌ خه‌ڵك له‌ سه‌ركوتی موتڵه‌قی به‌عس و ئیستبداده‌كه‌ی ڕزگاری بوو بوو، ده‌رفه‌تێك هاتبووه‌ ئاراوه‌ كه‌ شوراكان و بزوتنه‌وه‌ی شورایی به‌و سه‌روسیمایه‌وه‌ خۆی ده‌ربخات. ئه‌مه‌ دیارده‌ و مه‌سه‌له‌یه‌كی تازه‌ بوو چونكه‌ كرێكار و كۆمۆنیزم هاتبووه‌ مه‌یدانێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ له‌ كرده‌وه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و ده‌سه‌ڵاتدا.

ئه‌م ئه‌زمونه‌ بۆ خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و كۆمۆنیسته‌كان مایه‌ی خۆشحاڵی بوو وه‌ مه‌یدانێكی گرنگ بوو له‌ كێشمه‌كێشی چینایه‌تی كرێكاران و بۆرژوازی كورددا، كه‌ خۆی به‌ لوله‌ تۆپه‌كانی ئه‌مریكا و ڕۆژئاواوه‌ گرێدابوو. بۆرژوازی كورد هه‌لی ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ڵكه‌وتبوو كه‌ ده‌سه‌ڵات بكه‌وێته‌ باوه‌شیه‌وه‌، دیاره‌ به‌ خۆجووتكردن له‌گه‌ڵ ستراتیژی ئه‌مریكادا. بۆیه‌ سه‌رهه‌ڵدانی شوراكان و بزووتنه‌وه‌ی شوراییش بۆ ئه‌وان مایه‌ی ناڕه‌حه‌تی بوو و به‌ ڕێگریه‌ك ئه‌یانبینی له‌به‌رده‌م خۆیاندا. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌بوایه‌ پێشی پێبگرن و سه‌ركوتی بكه‌ن و هه‌ڵبكوتنه‌ سه‌ری. ئه‌بوو هه‌ر له‌و سه‌ره‌تایه‌وه‌ پێش به‌ ده‌ركه‌وتنی كرێكار و كۆمۆنیزم بگرن. سه‌رئه‌نجام توانییان پاشه‌كه‌شه‌ به‌ بزووتنه‌وه‌ی شورایی بكه‌ن.

له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستای كوردستاندا كه‌ بۆرژوازی كورد به‌ حزب و باڵه‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌كانیانه‌وه‌ ده‌رگیری شكستی حاكمدارێتی و ده‌سه‌ڵات و قه‌یرانێكی كه‌مه‌رشكێن بۆته‌وه‌، مه‌سه‌له‌ی وه‌لانانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ و بنیاتنانی ده‌سه‌ڵاتێكی تر بۆته‌ سه‌نته‌ری كێشمه‌كێشی چینایه‌تی نێوان كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و بۆرژوازی كورد. خه‌ڵك ده‌ركی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ ڕێگه‌چاره‌ و پێشنیاری هیچ هێزێك نییه‌، به‌ به‌شداربووان و پێكهێنه‌رانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بیگره‌ تا ئه‌وانه‌ی خۆیان وه‌ك نه‌یاری ئه‌و ده‌رئه‌خه‌ن، كه‌ ڕێگای ده‌ربازبوون له‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ژاری و نه‌گبه‌تیه‌ك كه‌ ٣٠ ساڵه‌ یه‌خه‌ی به‌ خه‌ڵك گرتووه‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌م. هه‌ربۆیه‌ مۆدێل و شێوازێكیش لای ئه‌وان ده‌ست ناكه‌وێ كه‌ ده‌خاڵه‌ت و به‌شداری ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵك مسۆگه‌ر بكات. له‌ ڕاستیدا هیچ هێز و بزووتنه‌وه‌یه‌كی بۆرژوازی نییه‌ مۆدێلێكی له‌و چه‌شنه‌ی بوێت. ئه‌وه‌ ته‌نها مه‌سه‌له‌ی كۆمۆنیسته‌كان و بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستیه‌. ئه‌ڵته‌رناتیڤ و شێوازی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ش بۆ جۆرێكی تر له‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا ته‌نها له‌ ڕێی شوراكانه‌وه‌یه‌. ته‌نها ده‌سه‌ڵاتدارێتی شوراییه‌ زه‌مانه‌تی ده‌خاڵه‌ت و به‌شداری به‌رچاو و ڕۆڵی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵك له‌ داڕشتنی یاسا و جێبه‌جێكردنیشیدا ئه‌كات.

به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا شوراكان و بزووتنه‌وه‌ی شورایی به‌ هه‌مان ئه‌و شێوه‌یه‌ی ساڵی ١٩٩١ ئه‌توانێ سه‌رهه‌ڵبدات؟ ڕاسته‌ كه‌ ئه‌زمونی بزووتنه‌وه‌ی شورایی ٩١ زۆر بایه‌خدار و گرنگه‌ و یه‌كه‌مین جاره‌ له‌ مێژووی نووسراوی كوردستاندا جوڵانه‌وه‌یه‌كی له‌و چه‌شنه‌ له‌ له‌ ناوه‌نده‌كانی كار و گه‌ڕه‌كه‌كانه‌وه‌ شوراكان پێكئه‌هێنێ و وه‌ك مۆدیلێكی تر له‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردن سه‌رده‌رئه‌هێنێ. ئه‌م باسه‌ له‌ زۆر گۆشه‌وه‌ پێویستی به‌ قسه‌ له‌سه‌ركردنه‌ و من لێره‌دا كارم هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌وه‌ نییه‌. به‌ڵام له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا كۆمۆنیسته‌كان و هه‌ڵسوڕاوانی سۆشیالیست ده‌ستپێشكه‌ری ئه‌وه‌مان كرد شوراكان دروست بكه‌ین و هێشتا له‌ سه‌ره‌تای خۆگرتنیدا بوو و وه‌ك كۆرپه‌یه‌كی تازه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستان خه‌ریكی پێگرتن بوو به‌ڵام وه‌ك وتم سه‌ركوت و داخستنیان له‌ڕێی بۆرژوازی كورده‌وه‌ ته‌مه‌نی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی كورت كرده‌وه‌.

به‌ڵێ ئێمه‌ چ كۆمۆنیسته‌كان و چ خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش ئه‌توانین سوود له‌و ئه‌زمونه‌ وه‌ربگرین. سه‌یری خاڵه‌ لاوازه‌كانی ئه‌و كاته‌مان بكه‌ین، كه‌ هێشتا پارچه‌ پارچه‌ بووین، خاوه‌نی حزبی سیاسی نه‌بووین، له‌ هه‌لومه‌رجێكدا كه‌وتین به‌سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردندا به‌ڵام هێشتا زۆر پرسیاری تر بێوه‌ڵام مابوونه‌وه‌ له‌ چه‌شنی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا چی لێبكرێ؟ چ جۆره‌ ڕێكخستنێكی ئابوریه‌كی هه‌بێ؟ یاسا و ده‌ستور و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه‌ ناوچه‌یی و جیهانیه‌ دژه‌كان چۆن ئه‌بێ؟ ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ری چۆن ئه‌پارێزرێ؟ وه‌ زۆر شتی تر.

هه‌موو ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ و بگره‌ زیاتر له‌ ئێستاشدا هه‌ر ماون و پێویستیان به‌ وه‌ڵام ئه‌بێت. به‌ بڕوای من مه‌سه‌له‌یه‌ك یان وانه‌یه‌ك كه‌ ئه‌بێ له‌به‌رچاوی بگرین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن له‌ خواره‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا ڕه‌وایه‌تی له‌ ده‌سه‌ڵات له‌ ناو جه‌ماوه‌ره‌وه‌ ئه‌سه‌ندرێته‌وه‌. ڕاسته‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ لای خه‌ڵك هیچ ڕه‌وایه‌تیه‌كی نییه‌، به‌ڵام هه‌ر حاكمه‌ به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵكه‌وه‌. سه‌ندنه‌وه‌ی ڕه‌وایه‌تی له‌ خواره‌وه‌ ماناكه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ شكڵی و له‌سه‌ره‌وه‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات هێشتا هه‌ر ماوه‌، به‌ڵام له‌ گه‌ڕه‌ك و ناوه‌نده‌كانی كاره‌وه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ست ئۆرگانه‌كانی خه‌ڵكدا بێ، واته‌ شوراكان (یاخود ئه‌نجومه‌ن، ده‌سته‌، یان هه‌ر شتێك كه‌ جه‌ماوه‌ر خۆی تێدا ڕێكخستووه‌). له‌ كارگه‌ و فه‌رمانگه‌ و قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌كان و له‌ گه‌ڕه‌كه‌كاندا خه‌ڵك بتوانێ كۆبوونه‌وه‌ گشتیه‌ ڕێكخراوه‌كانی خۆی بكات، هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا بڕیاره‌كانی خۆی دابڕێژێت و هه‌ر له‌وێشدا نوێنه‌رانی سه‌ر ڕاستی خۆی دیار بكات بۆ بردنه‌پێشه‌وه‌ی ئه‌و بڕیارانه‌ی. حكومه‌ت و داموده‌زگاكانی له‌و ئاستانه‌دا قسه‌یان بڕ نه‌كات و خه‌ڵك خۆی بڕیارده‌ر بێت تاكو له‌ ئاستی بزووتنه‌وه‌ و جوڵانه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ گشتیه‌كان و شوراكاندا خۆی ڕێكئه‌خات و خۆی بۆ ده‌خاڵه‌تێكی سه‌راسه‌ریتر له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی كۆمه‌ڵگادا ئاماده‌ ئه‌كات. به‌ بڕوای من ئه‌مه‌ زیاد له‌ هه‌ر كاتێك له‌ ئێستادا ئیمكانی هه‌یه‌ و له‌ توانادایه‌ چونكه‌ له‌ شكستی ده‌سه‌ڵات و قه‌یرانێكه‌وه‌ كه‌ تێیكه‌وتووه‌، خه‌ڵك چاوی له‌ به‌دیلێكی تر بڕیوه‌ كه‌ ئه‌ویش ته‌نها و ته‌نها ئه‌توانێ به‌دیلی ده‌سه‌ڵاتی شورایی بێت. به‌ڵام ئایا ئه‌مه‌ بڕیارێكه‌ ئێمه‌ بیده‌ین یان به‌ شێوه‌یه‌كی ئیراده‌گه‌ری ئه‌كرێت؟ نا، ئه‌مه‌ جوڵانه‌وه‌یه‌كه‌ و ئه‌بێ به‌ڕێبكه‌وێ. ته‌نها به‌وه‌ی كه‌ كۆمۆنیسته‌كان باوه‌ڕیان پێیه‌تی و كاری بۆ ئه‌كه‌ن و وه‌ك تاكه‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤی ده‌سه‌ڵاتدارێتیه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانی بۆرژوازی دایئه‌نێن، به‌س نییه‌ و به‌ڕێناكه‌وێ.

ئێستا توانای ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و بێبه‌ش له‌ شوێنی كار و ژیانیاندا ده‌ست بۆ پێكهێنانی ده‌سته‌ و كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌كانیان ببه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ره‌و سازدانی كۆبوونه‌وه‌ گشتیه‌ مونه‌زه‌مه‌كان ببه‌ن. له‌مه‌شدا دیسان ئێمه‌ كۆمۆنیسته‌كان ئه‌بێ و ئه‌توانین ده‌ستپێشكه‌ر بین، به‌ڵام ئه‌مه‌ كارێكه‌ ئه‌بێ له‌ خواره‌وه‌ له‌ نێو به‌ش و ناوه‌ند و شوێنی ژیاندا ده‌ست پێ بكات.

ئەم گفتوگۆیە لە ئۆکتۆبەری ژمارە ٧ی ١٠ فێبریوەری ٢٠٢١دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

سەبارەت بە پرۆژە یاسای بەشودانی مناڵانی کچی ٩ ساڵ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە

گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستا کامەران لەتیف بەرپرسی سەنتەری بەرگری لە مافەکانی مناڵان لە کوردستان ئۆکتۆبەر: پەرلەمانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *