سەبارەت بە ئەزموونی بزوتنەوەی شورایی لەوەڵام بە پرسیارێکی بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەردا …

ئۆکتۆبەر: لەجەرگەی ڕووداوەکانی ئازاری ساڵی ١٩٩١دا، بزوتنەوەیەکی سیاسی نوێ سەری هەلدا کە بە بزوتنەوەی شورایی کوردستان ناسراوەو لە ماوەیەکی کورتدا لە زۆربەی شاروشارۆچکەکانی کوردستان و بگرە لە شاری کەرکوکیش شوراکان پێکهاتن. ئەم بزوتنەوەیە، سەرباری کورتی تەمەنی، شێوازێکی نوێی لە بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگا خستەڕوو. ئێوە ئەو بزوتنەوەیەو ئەو ئەزمونە چۆن هەڵدەسەنگێنن!؟

عەبدوڵا مەحمود: بۆ ئەوەی بتوانین بزوتنەوەی شورایی و ئەو ئەزمونە کورتەی هەڵبسەنگێنین، پێویستمان بەوەیە ئەگەر زۆر بەکورتیش بێت، چاوێک بە هەلومەرجی ئەوکاتەدا بخشێنین کە بزوتنەوەی شورایی تیایدا دەرکەوت. بزوتنەوەی شورایی و شوراکان لەدڵی رەشترین و بڕگەی میژوویدا، لەناو جەرگەی وەیشومەی جەنگ و ملهوری ئەمریکاو غەربدا، لەژێر سایەی ئاسۆی کۆنەپەرستانەی ناسیونالیستیدا، لەگەڵ ڕاپەرینێکدا کە ئاسۆی بزوتنەوەی کوردایەتی و خەونی کۆنەپەرستانەی حزبەکانیان، بەسەریدا زاڵ بوو، هاتە مەیدان. لەو هەلومەرجەدا شوراکان و بزوتنەوەی شورایی سەرباری هەر کەم و کوڕی و نارۆشنیەک کەهەیان بوو.   جوانترین دیاردەی “نا” وتن بوو بەم هەلومەرجە… تاکە دیمەنی روناکی ناو جەنگەڵستانێکی تاریک بوو.

دەبێ ئەوا راستیەش لەبەرچاو بگرین، بزوتنەوەی شورایی بەرهەمی مانگرتنە کریکارییەکان، خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان، جموجۆڵی و رەوتی روو لەپیشی بزوتنەوەی کرێکاریی و جەماوەری نەبوو، بەڵکو بەرهەمی ئەو بۆشاییە سیاسی و ئیدارەیە بوو، کەبە هەڵپێچانی بنکەو بارەگا و دەسەڵاتی بەعس لە کوردستان دروستت بوو. لەو هەلومەرجەدا کە بۆشایی سیاسی و ئیداری دروست بوو، بزوتنەوەی شورایی و شوراکان، بەدەستپێشخەری  چەپ و کۆمۆنیستەکان و ریکخراوە و گروپەکانیان دەستی بۆ براو پێکهێنران.

ئەم هاتنە مەیدانەی چەپ و کۆمۆنیزم بەم شێوەیەو لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، یەکەمین بەریەک کەوتنی چەپ و کۆمۆنیزم و گروپ و رێکخراوەکانیان بوو، لەگەڵ کۆمەڵگە و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بۆرژوازییەکان. تا بەر لەئەزمەی کەنداو و سەروەختی ڕاپەرین گروپ و ریکخراوە چەپەکان زۆرتر خەریکی خەباتی سیاسی و فکری و تیئۆری و ژێر زەمینی و نهێنی بوون، بەشداری چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ڕاپەرین و دواتر پێکهێنانی شوراکان، یەکەمین دەرکەوتنی کردەیی و مەیدانی ئەو بلۆکە لە چەپ و کۆمۆنیزم بوو، لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا.

ئەم یەکەمین دەرکەوتنەی چەپ و کۆمۆنیزم و دەستبردنیان بۆ پیکهێنانی شوراکان لە کارگەو گەرەکەکان، و لە لەشارەکانی سلێمانی و هەولێر و کەرکوک، و پیشوازی کریکاران و جەماوەری بێبەش لە شوراکان روداوێكی یەکجار گەورە لە کۆمەڵگەی سیاسی کوردستاندا بوو، تا ئەوکاتە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و نەریتە سیاسیەکانی تاکە مەیدانداری سەر گۆرەپانی سیاسی کۆمەڵگەی کوردستان بوو. بۆیە دەرکەوتنی چەپ و کۆمۆنیزم لەمەیدانی پراکتیکی و دەستبردنی بۆ نەریتێکی نوێی کۆمۆنیستی بۆ ئیدارەی کۆمەڵگە و دامەزراندنی شوراکان و هێنانە ئارای چەندین دروشم و ئیدەی سیاسی کریکاریی و کۆمۆنیستی و جیخستنی نەریتی نوێی کۆمۆنیستی لە مەیدانی خەباتی کریکاری و جەماوەری و جێخستنی داخوازی و دروشمە کرێکارییەکان.  بەرگری لە ئازادی و ئازادییەکان و هێنانی دروشمی ئازادی بیقەیدو شەرتی سیاسی، یەکسانی نیوان ژن و پیاو و چونە جەنگی کوشتنی نامووسی، بەرامبەرکێ وەستانەوە لەگەڵ دین و رەوتگەلی دینی و خستنە رووی جیای دین لە دەوڵەت و سیاسەت و خویندن و پەروەردە، بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کەلتوری باو، لەهەموو ئەوانەش گرنگتر دەستبردن بۆ رێکخراوکردنی کریکاران و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە رادیکالەکان و پیکهێنانی شوراکان وەکو ئەلگۆیەکی نوێی پشت بەخۆبەستنی جەماوەری و هەڵبژاردنی نوینەران بەشیوەی راستەوخۆ و ئازادانە… چەند گۆشەیەک لە دیمەنی بزوتنەوەیەکی چینایەتی نوێ و تازەی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا خستە ڕوو، ئەم دیمەنە و رووهێنانی جەماوەری بۆی، بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی و تەواوی بلۆکی راستی لەناوخۆی کوردستان و ناوچەکە توشێ ڕاچەنین و ترس کرد. کۆمۆنیستەکان و شوراکان، بە خۆنیشادانیان لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا و بە دەستبردنیان بۆ نەریتی نوێی کۆمۆنیستی، کۆتاییان بە مەیدانداری تاقانەی بزوتنەوەی کوردایەتی هێنا و لەو کاتە بەدواوە، ئیتر کۆمەڵگە کوردستان تەنها پاوانی ئەو بزوتنەوەیە نییەو چەپ و کۆمۆنیزم، واقعیەتێکی تر حاشاهەڵنەگری کۆمەڵگەی کوردستانە.       

دیارە تەمەنی شوراکان کورت و هاوکات خاوەن روئیایەکی رۆشنی کۆمۆنیستی یەکانگیر بۆ هەلومەرجی ئەوکاتە و ئاکامە جیهانیەکانی ئەزمەی کەنداو و سیاسەت و نەخشەی بۆرژوازی جیهانی نەبوو، هاوکات حزبێکی سیاسی کۆمۆنیستی بوونی نەبوو کەئاراستەی بکات و وەڵام بە گرفت و کێماسیەکانی بداتەوەو ببێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی کۆمۆنیستەکان. لەوانەش واوەتر نەبوونی روئیا سیاسی بۆ دەسەڵات، و دەستنەبردنی بۆ خۆ پڕچەکککردن و بەرگری… لاوازییەکی تری بوو. بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە شوراکان نەریتی بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دیاریکراوی کۆمەڵگەی کوردستان بوو، نەریتی چەپ و کۆمۆنیزم بوو… کە لەدریژەی خۆیدا دەستی بە حزبی سیاسی خۆی گەیشت و بووە واقعیەتیکی حاشا لێنەکراوی کۆمەڵگەی عیراق و کوردستان…

دیارە ئەگەر چەپ و کۆمۆنیستەکانی عیراقیش، لە چەند شار و کارگەدا لە ناوەراست و خواروی عێراق، بەهەمان شیوەی کۆمۆنیستەکان و ریکخراو گروپە چەپەکانی کوردستان دەستیان بۆ پیکهێنانی شوراکان ببردایە، دەیتوانی کاریگەریی و رۆڵی گەورەی لەسەر بزوتنەوەی کریکاریی و پیشکەوتنخوازی عیراق دابنێت و بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیش لە ئەزمونێکی کردەییدا دەوڵەمەند بکات، کە کاریگەریگەریەکی بۆ چەندین دەهە دەبووە مایەی هیز بەخشین بە کۆمۆنیزم لە ئاستی عیراقدا و راستەخۆ کاریگەریشی لەسەر بزوتنەوەی شورایی کوردستان دەبوو.      

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە ئۆکتۆبەری ژمارە ٧ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

هەڵکوتانە سەر دەزگای چاودێر وداخستنی، هەوڵێکی تری سەرکوتگوری سەرکردایەتی یەکیەتی نیشتمانیە!

ئەمڕۆ هێزێکی چەکداری سەر بەدەزگا سەرکوتگەریەکانی یەکێتی نیشتمانی، هەڵیانکوتایە سەر بنکەی دەزگای چاودێر، کە لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *