کۆڕەوی بەهاری ١٩٩١؛  تراجیدیایەکی دیکەی سەدەی بیست بوو لە کوردستانی عێراق …

ئاراس ڕشید…

بەدوای هێرشی ڕژێمی بەعس ٢ی ئابی ١٩٩٠ بۆسەر وڵاتی کوەیت، و داگیرکردنی ئەو وڵاتە و لێکەوتنەوەی قەیرانی کەنداو 

جەنگی کەنداوی دووەم لە نێوان عێراق و هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا. ئەنجامی ئەو جەنگە کەلە ١٦ی کانوونی دووەم- ٢٧ی شوباتی ١٩٩١ی خایاند و بوو بەهۆی دەرکردن و تێکشکان و کشانەوەی سوپای عێراق لە وڵاتی کوەیت.

ئەم جەنگە بووە هۆی لاوازبوونی دەسەڵاتی بەعس و سوپاکەی،  لەهەمان کاتدا بەپشتیوانی هاوپەیمانان هەلومەرجێک بۆ جەماوەری ناڕازی و تووڕەی عێراق بەگشتی لەدژی بەعس لەشارەکانی باشوور خۆپیشاندان و ئازادکردنی شاروشارۆچکەکان دەستیپێکرد. پڕیشکی ئەو خرۆشان و ڕاپەڕینە خێرا گەیشتە کوردستان. لە ٥ی ئازار خرۆشان و ڕاپەڕینی جەماوەری ستەمدیدە و تووڕەی کوردستان لە ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام بەئازادکردنی شاری ڕانیە دەستیپێکرد. ڕۆژانی دوایی  شارو شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان یەکبەدوای یەک ئازادکران تاوەکو ٢١ی ئازار  زۆربەی شاری کەرکوکیش  کەوتەبەردەستی جەماوەر.

بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکی سیاسی و تەرازووی هێز و بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی هاوپەیمان و ناوچەکە، چرای سەوز بۆ سوپا و هێزە شکستخواردووەکەی بەعس هەڵکرا، و یەکبەدوای یەک شارەکانی باشوور و کەرکوک و بەدواییدا هەولێر و سلێمانی شارەکانی دیکەی بەدوادا هات و گەرانەوە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس.

بەرئەنجامی گەڕانەوەی بەعس و بەرگری نەکردنی هێزەکانی بەرەی کوردستانی کە پارتی و یەکێتی هێزی سەرەکی بوون تێیدا. ئەو هێزانە نەک بەرگریان لە خەڵک نەکرد و نەیانتوانی خەڵک لە هێرشی سوپای عێراق بپارێزن، بەڵکو لەیەکەم هەستپێکردنیان بە گەڕانەوەی هێزەکانی بەعس خێرا خێزان و کەسوکاری نزیک خۆیان گەیاندە سنورەکان و شوێنی پارێزراو، و خەڵکیشیان خستە بەردەم گورگی هاری بەعس .

بەمجۆرە کۆڕەو یەکێکی دیکەبوو لە تراجیدیای سەدەی بیست خەڵکی کودستان بەرەوڕووی بوونەوە. خەڵکی کوردستان بە نێر و مێ و بەمنداڵ و پیریەوە، بەزۆرینەی دەنگی خێرا گوتیان نا بۆ گەڕانەوی ڕژێمی بەعس، بەڵێ بۆ نادیاری  و ناچار ڕوویان کردە دەشت و شاخ و چۆڵ و بەردەڵانی کوردستان تا سنوورەکانی ئێرانی و تورکیا ڕەویانکرد، و ئاسمانیان کردە پێخەفی شەوان و زەوی بەڕایەخی ژێریان و ژیان و گیانیان خستە دەست قەدەرێکی نادیار و کارەساتێکی ئینسانی لکایەوە بەڕووی ڕژێمی سەرمایەداری دنیا.

کۆڕەوی بەهاری ١٩٩١ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جارێکی تر ڕاچڵەکاند و لەسەر پیشنیاری وڵاتانی فەرەنسا و ئێران و تورکیا، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ژمارە ٦٨٨یان لە ٥ی نیسان دەرکرد، کە ڕێگە بدرێت ڕێکخراوە خێرخواز و ئینساندۆستەکانی دنیا بەهانای خەڵکی ئاوارەبووی سەر سنوور و ئەو کێو و دەشتەی کوردستانەوە بچن. پاشانیش هاوپەیمانان ناوچەی دژە فڕینی هێڵی ٣٦یان دروستکرد، و کوردستانیان کرد بەناوچەیەکی ئارامی دژە فڕین. هەرچەندە ئەم بەندە لە بڕیارەکەی ٦٨٨دا نەهاتبوو، بەڵام سەپێندرا.

ئەو تراجیدیایە بەجۆرێک مەزن  و کەم وێنەبوو، دەبوایە دەسەڵاتدارانی ئەو کات و ئێستای کوردستان  بەتایبەت، و خەڵکی کوردستان  بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لەبیریان نەچێتەوە و هۆکار و ئاکامە کارەساتبارەکانی ببن بەدەرس و تەجروبەیەک کە ڕێگر بێت لە دووبارە بوونەوەی. بەڵام نەک نەبوو بەدەرس و تەجروبە! بەڵکو بەشێوازی جۆراوجۆر لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و شەڕی نێوان یەکێتی و پارتی و گەڕانەوەی بەعس بۆ هاوسەنگکردنی هێزی نێوان یەکێتی و پارتی خەڵک ئاوارە بوونەوە. هەروەها ئاوارەبوونی پتر لە ١٠٠٠هەزار خەڵکی شەنگال لەئەنجامی هێرشی داعش و بەرگری نەکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی سەربە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئابی ٢٠١٤. بۆ جارێکی دیکە لە ئەنجامی ململانێ ناوخۆییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەلایەک و حکومەتی ناوەند لە بەغدا لەلایەکی دیکە، ئاوارەبوونی خەڵکی کەرکوک و دووز و ناوچە کێشە لەسەرەکان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ڕوویدایەوە.

Check Also

کۆمۆنیزم و یەکسانیخوازی، دەتوانێ بەر بە کوشتاری ژنان بگرێت!

 رێبوار ئەحمەد “سیستەمی حوکمڕانی بەرپرسیارە لە کوشتاری ژنان”! ئەمە ناوەرۆکی ڕاپۆرتێکە کە ڕێکخراوی ئەمینستی بەم …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *