دیمانەی هونەرمەند کاوان قادر لەگەڵ هونەرمەند هیوا ساڵح …

دەمە تەقێ

دیمانەی هونەرمەند کاوان قادر لەگەڵ هونەرمەند هیوا ساڵح

کاوان قادر: هاوڕێ هیوا بەو پێیە ٨ ساڵ لە پاکستان وەک پەنابەرێک  ژیاوی، ئاوارەیی لەو وڵاتە تەجروبەیەکی جیاوازو تەسەورێکی جیاوازی لە ژیانی هونەری پێ بەخشیوی، هونەر چی کۆمەکێکی پێ کردی؟ ئایا ئەتوانی بەراوردێک لە نێوان کوردستان وپاکسان لە ئاستی هونەریدا بکەیت؟

هیوا ساڵح: سوپاس بۆ پرسیارەکەت، حەتمەن نەک بۆ من بۆ هەمووکەسێکی تر لە جێ گۆڕکێدا بەو جۆرەیە سەرەتا هەست بە جیاوازییەک ناکەیت، چونکە لەڕووی ئەوەی شارەزاییت لە کلتورو زمانی ئەو وڵاتەدا نییە، شوێن گۆڕین کاتی ئەوێت، ئەویش دەکەوێتە سەر هەوڵ و بەدواچوونی خۆت، بەو حوکمەی کە خۆم خولیای هونەریم هەبوو وە تەنها ئەو بوارە شارەزابووم، بۆیە یەکەمین هەنگاوم لێرەوە دەستی پێکرد و دەرگاک بوو لە ئاشنایەتیم بە بە کلتورو شارستانیەتی ئەو وڵاتەوە، یەکەمین بەرکەوتەم لە شاری ئیسلام ئاباد بوو لە مەیدانێکی گەورەی ئەو شارەدا کە ڤیستیڤاڵێکی یەکجار گەورە بەڕێ خرابوو، کەوتم بەسەر گردبونەیەکی گەورەدا وجێی سەرنجم بوو کە بزانم ئەو خەڵكە لەدەوری چی کۆبونەتەوە، ئەویش دوو هونەرمەند بوو کاری هونەرییان دەکرد لەو مەیدانەدا، ئەمە بووە جێگەی سەرنجی من وکەوتمە سەر ئەو بیرکردنەوەیە کە خەڵكی لێرە موحتاجی لەتێ نانن، بەڵام دەمبینی هێشتا پێزانینیان بۆ هونەر هەیە و خەڵکی ڕێز لەهونەر دەگرێت سەرەیان گرتبوو تا پۆرترێتیان بۆ بکرێت، بە فرسەتم زانی خۆم بناسێنم بەو هونەرمەندانە، خەڵکی ولاتەکەی خۆمم بیر دەهاتەوە لەساڵەکانی ٨٠ کان سەرەڕای توندو تیژی وئیستیبداد خەڵکت بە پەرۆشەوە دەبینی باوەش بۆ هونەرو ئەدەب و شانۆ دەکاتەوە، فرسەتێک بوو خۆم بەو هونەرمەندانە ناساند، هاوکارییان کردم و ڕێنوێنیان کردم کە پەیوەندی بە کۆلیجێکی ئەهلی هونەرییەوە ببەستم، دوای ئەوەی پەیوەندیم بەست بۆ کۆلیجەوە هاوکارییان کردم ئیتر لێرەوە یەکەمین هەنگاوی من دەستیپێکرد، کە لە ۆرکشۆپەکانیان لە ستۆدیۆکەیان سود وەربگرم بەڕاستی باوەشیان بۆ کردمەوە کاتێ زانیان ئاوارەم وهونەرمەندیشم .

کاوان قادر: ئەگەر لە باسەکە لا نەدەم ئێستە لەگەڵ ٨٠ کان جیاوازی هەیە لە ڕووی هونەرییەوە، سەرەڕای هەموو ئەو ئیمکاناتە زۆرەی ئێستە لەبەر دەستدایە، تەنانەت خەڵکیش ئەوەندە پێشوازی لێ ناکەن بە بەراورد بە ڕابردوو ئایا هونەرمەندی باش نی یە؟ یان ئەم تەجروبە خراپەی دەسەڵات لەجیاتی بوژاندنەوە هەموو جوانی و بەها کۆماڵایەتییەکانی لەگۆڕ ناوە؟

هیوا ساڵح: هۆکارەکەی بە ئاشکرا دیارە هونەر لای ئێمە بۆ فەوتا، چونکە بەڕاستی دەورەیەک ئەوەندە پارە هەڵڕژا کەس نەئەچوو بەلای هونەر و قییەم و ئەو بەها کۆمەڵایەتیانەی ساڵەهابوو خەباتیان لە پێناودا کردبوو، قوربانیان بۆ دابوو، هەموویمان لە بیرچۆوە، پارە بە جۆرێک هەڵڕژا ئەو وڵاتەی ئیبادە کرد، ئەو وڵاتە بە ٣ قۆناغدا ڕۆیشت کاتێ من جێم هێشت زۆر لە هەژارییدا دەژیا، هەژاری خۆی بێ مانایە، بەڵام هەموو شتێک لای هەژارەکان مانای خۆی هەیە ئەوەی هەموو شتێکی بێ مانا وبێ نرخ کرد کۆمەڵێک دەوڵەمەند لەو وڵاتە ناتەبیعی بەبێ هیچ داهێنانێک و ئینتاجێکی سەنعەتی هەڵتۆقین کە ئەمە وای کرد ئیقتیسادی ئەو وڵاتە بکەوێتە دەست کۆمەڵێک سەرمایەدارو مافیای هەڵتۆقی و بەپارەی دزین، لێرەوەیە تراژیدیاکە دەستپێدەکات هیچ شتێک مانای نامێنێت تەنانەت ئینسانیش بەراوردەکە لە نێوان پاکستان ولای خۆمان لێرەوەیە لە پاکستان بە ئاشکرا ئەو جیاوازییە تەبەقییە دەبینی ژیان کردن زۆر ئاسان نی یە خەباتی دژی سەرمایەداری ڕێگەی ڕزگاربونتەو وەسەلام، بەڵام لای ئێمە نازانی خەبات لەدژی  چی بکەیت، سەرمایەدارییەکەت کوردییە پارەی کەم ئەندام وخانەنشین ئەبڕن، مەکتەبەکان داخراون تا مامۆستایان هۆکارێکیان نەبێت داوای موچەکانیان بکەن، ئەمانە هەمووی لەژێر سایەی دەسەڵاتی کوردیدا کەچی شەڕی ڕزگاری وسەربەخۆیی نەتەوەییت لەگەڵ نەتەوەیەکی تردا پێ دەکەن، حزبە دینییەکانیش دیوەکەی تری دراوەکەن، بۆیە بەڕاستی ناتوانیت بەراوردی پاکستان وکوردستان بکەیت. ئەگەر بگەڕێمەوە سەر بەشی یەکەمی پرسیارەکەت ئەو بەرکەوتنەم بە کۆلیجی هونەرەوە ئەوە بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە هونەرمەندە بەتواناکانی ئەو وڵاتە بناسم دەتوانم بڵێم لە کۆڵانە تاریکەکاندا لە ماڵە دەستکورت و هەژارەکاندا خەلاقییەت لە هونەردا ئەبینیتەوە هەروەک پێشتر وتم وەک ساڵانی ٨٠ کانی لای خۆمان وابوو، بەڕاستی ژیان لەو وڵاتەدا ئەوەندە سەختە ئەگەر زۆر داهێنەر نەبیت ناتوانیت بژیت بۆیە ئەو هونەرمەندانەی لەو ماوەیەدا ناسیومن زۆر شتیان لێوە فێربووم بەو باوەڕە گەیشتم ئینسان ئەگەر بیەوێ دەتوانێ موستەحیل بخوڵقێنێ. پاکستان وەک لای خۆمان نییە لەبەر ئەوەی پەیوەندیت بەحزبێکەوە هەبێت هونەرمەند بیت ومەعاشخۆری ئەو حزبە بیت و ژیانت دابین ببێت، ئەزانم ئەو معاشخۆرانە بە پەنجەی دەست ئەژمێردرێن، بەلام بەداخەوە هەر ئەو هونەر پیشانە قۆرخی ساحەکەیان کردوەو، ئەوەی لەدەرەوەی بازنەکەیە هەوڵی چونە ناو بازنەکە دەدات نەک خەباتکردن بۆ تێکشکاندنی ئەو بازنەیە، ئەگەر چی ئەوانەی ناو بازنەکەش بەبێ ئەوەی داهێنانێکیان لە هەگبەیا بێت، لەوێ لە پاکستان بەڕاستی ئەبێت داهێنەر بیت تا نانێک بە هونەرەکەت پەیدا دەکەیت، هونەرمەندانی ئێمە دەبێت فێری ئەوە ببن بە داهێنان بژین، نەک بە معاشی حزب، ئەمە ئەو ڕێگەیەیە ئەو بازنەیە تێک بشکێنیت، چونکە ئەگەر وا نەکەن هونەرەکەیان دەپوکێتەوە، من پێم وایە هونەرەکەت بفرۆشی باشترە وەک لەوەی خۆت بفرۆشیت…

  ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٩٥ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *