پشتیوانی لە ڕاوەستانی خەڵکی ئازادیخوازی مەریوان دەکەین دژی سەلەفیەکان!

چەند ڕۆژ لەمەوبەر  لەشاری مەریوان، ژمارەیەك لە چەقۆکێشانی ئیسلامی سەلەفی، هەوڵیانداوە داعش ئاسا کەسێک بەچەقۆ بەبەرچاوی خەڵکەوە سەرببڕن، بەڵام خەڵکی ئامادەبووی ڕووداوەکە دێنەدەست و دوای ڕاوەستانەوەو پەلاماربردنیان بۆ سەر سەلەفیەکان کەسەکە ڕزگاردەکەن. بەدوای ئەم شکستەدا سەلەفیە ئیسلامیەکان، بە چەقۆ و قەمە هێرش دەکەنە سەر گەڕەکی دارسێران لە شاری مەریوانی کوردستانی ئێران و دوو کەس بریندار دەکەن. بیانووی ئەم هێرشە دڕندانەو هەمەجیەیان ئەوەبوە کە گوایە ماڵێك لەو گەڕەکە خواردنەوەی کحولی دروست دەکات، بەڵام راوەستانەوەی کوڕان و کچان وخەڵکی ئازادیخوازی گەڕەکی دارسێران و تەشەنەکردنی ناڕەزایەتی و ڕقوتوڕەیی خەڵک بۆ گوندو گەرەکەکانی تری ئەم شارە، ئەم روداوەی وەکو بەرەنگاریەکی ئازادیخوازانەو بەرهەق دژی کۆنەپەرستانی ئیسلامی سەلەفی و دەسەلاتدارانی ئێران بەرجەستەکردۆتەوە.

بێگومان ئەم هەوسارپچڕاندنەی ئیسلامی سەلەفی دژی خەڵکی مەریوان لەژێر باڵ و بە بەرچاوی دەزگا ئەمنیەکانی رژێمی ئیسلامی ئێرانەوە ئەنجام دراوە. ماوەیەی چەند ساڵێکە خەڵکی شاری مەریوان بەشێوەی جۆرواجۆر دژایەتی خۆیان بۆ رژێمی دڕندەی ئیسلامی ئێران ڕاگەیاندوە و دەیان چالاکی جەماوەریان دژی ئەو رژێمە بەرپاکردوە. دەستەمۆکردن و بێدەنگ کردنی خەڵکی ناڕازی مەریوان بۆ رژێمی ئیسلامی ئێران بایەخی خۆی هەیەو ئەم هێرشەی تیرۆریستانی سەلەفی لەم چوارچێوەیەدا مانا پەیدا دەکات و جێگای پێشوازی و پشتیوانی رژێمی ئیسلامی ئێرانە. رژێمی ئیسلامی ئێران لەجیاتی دەستگیرکردنی تاوانبارانی هێرشبەر فەزای سەرکوتی لەدژی خەڵك ڕاگەیاندوە.

ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وێرای ئەوەی هێرشی تیرۆریستانی ئیسلامی سەلەفی و بە پشتیوانی رژێمی ئیسلامی ئێران ڕیسوا و سەرکۆنە دەکەین، هاوکات بەتەواوی تواناوە لەپاڵ خەڵکی ڕاوەستاوی شاری مەریواندا ڕادەوەستین و بانگەوازی جەماوەری ئازادیخوازی شارەکانی کوردستانی عێراق دەکەین کەبۆ پشتیوانی لەخەڵکی راپەڕیوی شاری مەریوان لەدژی کۆنەپەرستی، بەشیوەی گونجاوی خۆیان دەنگی نارەزایەتی دەرببڕن و سەلەفیەکان وئەوانەی پشتیوانیان دەکەن ڕیسوا بکەن و لەقاوی بدەن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٧ی ئایاری ٢٠٢١

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *