سەبارەت بەسزادانی کرێکاران لەلایەن خاوەنکارەوە!

گفتوگۆ لەگەڵ مەهدی ڕەسوڵ

ئۆکتۆبەر: بەبۆنەی یەکی ئایارەوە ژمارەیەك لە کرێکارانی کارگەی ئاسن و پۆلای ماس نەچونەوە سەرکار، بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کارگەوە سزادران.. ئەم پرسە بوە مایەی ناڕەزایەتی و لەژێر فشاری ئەو ناڕەزایەتیانەدا وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ناچاربوو ئەو بڕیارە بە بەڕێوەبەرایەتی کارگەی ناوبراو هەڵوەشێنێتەوە. سەبارەت بەو روداوەو پرسی سزادانی کرێکاران لەسەر داکۆکیکردن لەمافەکانی خۆیان ئەم گفتوگۆیەمان لەگەڵ وەستا مەدی ڕەسوڵ، سەرنوسەی دەنگی کرێکار سازدا.

وەستامەهدی: سەرەتا سوپاس بۆئێوە کە ئەم هەلەتان بۆ من رەخساند تا سەبارەت بەو بریارە قەرەقوشیەی بەرێوەبەری گشتی کارگەی ئاسن و پۆڵای ماس بەرچاورونیەکی زیاتر بخەمە بەردەم رای گشتی ولایەنە پەیوەندیدارەکان. هەڵبەت بۆ من ئەوەی زۆر بەگرنگی دەزانم هەڵگرتنی سزاکەیە لەسەرئەو ٤٠کرێکارە، ئیجا لەژێرفشاری رای گشتی بێت یان هەر شتێکی تر، بەڵام ئەوەی کە ئایە ئێمە وەك هەڵسوراوانی کرێکاراری دەورمان هەبوە لە دەخاڵەتکردن لەو کێشەیەدا، بەڵێ، بەڵام ئیجازە بدەن با ئیشارەت بەیەك شت بدەم ئەویش ئەوەیە کە کرێکارانی ئەوبەشە زۆر هۆشیارانە وجەسورانە روبەروی ئیدارە بونەتەوە. خۆی بریاری سزادانی ئەم ٤٠کرێکارە بەتایبەت لە بۆنەیەکی وەك یەکی ئاردا بریارێکە کە زۆرپێشتر لە یەکی ئایار دەستی پێکردووە ،سزادانی کرێکارو دەرکردن لەسەرکار دەمێکە لەو کارگەیەو زۆربەی کارگەکانی تریش هەیە. ئەوبریارەی ئیدارەی کارگەی ئاسن هاوکاتە لەگەڵ بریاری چاکسازی حوکمەت ، لەو کارگەیە پێشلکاریەکی زۆر هەیە بۆسەر مافی کرێکاران، هەر لەزیادکردنی سەعاتی کارەوە تا لێگرتنەوەی مووچە کە لە فەرقی نرخی دینارو دۆلاردا هەیە تادەگات بەسزای بێبنەماو دەرکردن لەسەر کارو دابین نەکردنی شوێنی ئیسراحەت لەبەشەجیاجیاکان و ناسەڵامەتی وخەتەرناکی شوێنی کارەکانیان لە هەموو بەشەکان. هەروەك وتم ئەمجارە کرێکارانی ئەو بەشە بە تەجروبەی خۆیان گەیشنە ئەو بریارەی کە رۆژی یەکی ئایار بەدەستەجەمعی نەچنەوە سەرکار.  یەکێك لەکرێکارەکان دەڵی رۆژی پێنجشەمە، دوو رۆژ پێش یەکی ئایار پێیان ووتین کە لەیەکی ئایاردا بێنەوە سەرکار.  بەڵام وتمان نایەینەوە، پاریش بەڵینتان پێداین ئەگەر بێینەوەسەرکار بۆهەرسەعات کارێك، سەعاتونیوێك ئیزافە وەردەگرین، بەڵام دوایی بەئێمەتان ووت ئەمە سەدەقەیە، بۆیە ئێمە ئامادە نین بێینەوە. هەر ئەورۆژە بریاری سزاکە لەلایەن بەرێوەبەی گشتیەوە دەردەچێت. کرێکارەکە دەڵێ ئەوە یەکەمجارە بەڵگەیەکی ئاوەها رەسمیمان دەست دەکەوێت، بۆیە یەکسەر وێنەیەکمان گرتو دامانە بازیان پرێس. هەرئەو کرێکارە دەڵێ بۆ رۆژی دوایی سەندیکاو نوێنەری وەزارەتی کار هاتونەتە ناو کارگەو دواتر هاتونەتە بەشەکەی ئێمە. بەرێوەبەری بەشەکەی ئێمە پێیانی وتووە ئەو ئاگاداریەی ئیدارە تەنها بۆترساندنی کرێکارانە کە ئەمە بۆخۆی سەرپێچیەکی ئاشکرای مافەکانمانە. هاوکات دەشڵێ کە ئیدارە بەردەاوم دەبێت لە جێبەجێکردنی سزادانی کرێکاران و بەدڵنیایشەوە ئێمە بێدەنگ نابین.

سەبارەت بە دەخاڵەتی ئێمە بەڵی، چ بازیان پرێس وچ ئێمەش وەك رۆژنامەی دەنگی کرێکار دەورمان هەبو لە وروژاندنی ئەو پرسە و یەکسەر من راگەیاندنێکم بەناوی خۆمەوە بڵاوکردەوەو هاوکات لەرێگای تەلەفونەوە لەگەڵ بەرێوەبەری وەزارەتی کار لەسەر ئەو مەسەلەیە ماوەی نیوسەعات قسەم کرد. بە بەرێوبەری گشتیم راگەیاند کە راگەیاندنێکی تر بڵاودەکەمەوەو دەقی قسەکانتان بڵاودەکەمەوە. زۆری پێنەچوو نزیك بە ٦سەعات دوای قسەکانم لە گەڵ بەرێوەبەری گشتی، هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی سزاکە لەلایەن وەزارەتی کارەوە بڵاوکرایەوە. ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە بۆچی وابەزویی وەزارەت هاتە سەرخەت. دەیانجار لە کێشە جۆراوجۆرەکان یاداشنامەو بریارنامەو داخوازیەکانی کرێکاران و جەماوەری نارازی لەرێگای رای گشتیە گەیشتوەتە دەستیان، بەڵام هیچ وەڵامێك نەبووە. بەبروای من بریاری وەزارەت هی ئەوە نییە کە سیاسەتیان گۆریبێت، تەنها هۆکار ئەوەیە کە خەریکە لە هەڵبژاردن نزیك دەبینەوە، بۆیە ئەو بریارەی وەزارەت بەشێکە لە دیعایەی پێش هەڵبژاردن .هیچکات ئەم دەسەڵاتە ئیعتیبار بۆرای گشتی و هەڵسوراوانی کرێکاری دانانێت و نوێنەرانی کرێکارانیش بەرەسمی ناناسن، تەنها سەندیکا حزبیەکەی کە نوێنەراتی ئەحزابی بەشدار لەحوکمەت و پەرلەمانن بەرەسمی دەناسن کە بەهیچ جۆرێك پەیوەندیان بە بەرژەوەندی کرێکارانەوە نییە.

ئۆکتۆبەر: بەڕای ئێوە بۆچی کرێکار لەسەر مافە یاساییەکانی خۆشی سزا دەدرێ؟ چی وایکردوە خاوەنکار ئەوەندە بێمنەت بێت بەرامبەر بە کرێکارو مافەکانی تەنانەت بەرامبەر بە یاسای کار!؟  بێدەربەستی دەسەلات، لاوازی بزوتنەوەی کرێکاری و نەبوونی فشاری کرێکار، وەکو چۆن لەم روادوەدا نیشانی دا کە ئەگەر فشاری کرێکاری هەبێ دەسەڵات ناچار دەبێت بێتە سە رخەت….

وەستامەهدی:  بەڵێ کرێکاران لە هەرێمی کوردستان تەنانەت ئەو مافانەش کە لە یاسا کۆنەکاندا هەن، پێشێل دەکرێن و لەزۆبەی ناوەندەکانی کار سزاش دەرێن، هۆکارەکەش هەرئەوەیە حوکمەتی هەرێم بەتەواوەتی سیاسەتی نیئولێبرالیزم جێبەجێ دەکاو شانی خۆی لەهەرجۆرە بەرپرسیارێتیەک بەرامبەر بەکرێکاران و مافەکانیان خاڵیکردۆتەوە و پەیوەندی کارو سەرمایەی سپاردوە بە یاساکانی بازار و لێرەشەوە دەستی خاوەنکارو کومپانیاکانی ئاوەڵاکردووە تا بەوجۆرەی دەیانەوێت کرێکاران بەهەرزانترین نرخ و بەبێ هیچ مافو ئیمتیازاتێک بخەنەبەرکارەوە. ڕێگە نەدان بە ئازادی ڕیکخراوبوون و مانگرتن، گرێبەستی کاتی و بێدەنگکردنی کرێکاران، سەعاتکاری زۆر وهەقدەستی کەم وهەڵوەشانەوەی هەموو ئەو ئیمتیازاتانەی کەکرێکاران لەرابردوودا بوویانە، ڕوکنی سەرەکی سیاسەتەکانی حکومەتە.

لەهەرێمی کوردستان بەتایبەت کرێکارانی هاتوو هەر زۆر نامرۆڤانە مامەلە دەکرێن. لەکوردستان نزیکەی ٤٠ بۆ ٥٠ هەزار کرێکاری هاتوو هەیە کە بەشێکیان بەشیوەی یاسایی لەلایەن کۆمپانیاکانی هێنانی هێزی کارەوە لەوڵاتانێکی وەک نیپاڵ، فلیپین، بەنگەلادیش… هاتوون و لەبەشی خزمەتگوزاریدا کاردەکەن. بەشیکی تریان بەقاچاخ هاتونەتە هەرێمی کوردستانەوە بۆ کارکردن. ئەمە جگەلە کرێکارانیکی عەرەب زمان، کە لەبەر دۆخی جەنگو نائارامی لەسوریاو شارەکانی تری عێراقەوە هاتون. بەشی زۆری کرێکارانی هاتوو، لەکوردستانی ئێرانەوە هاتوون، بەگشتی دۆخی ئەم کرێکارانە  خراپترین ئاستی کارو بژێوی لەچاو بەشەکانی تری کرێکارانی کوردستاندا پێک دەهێنن. جگەلەوەی کەهیچ جۆرە یاساو بڕیارێک نایانگرێتەوە، هاوکات دەزگاکانی ئاسایش وهاتوچۆ غەرامەیان دەکەن، دەیانگرن و زیندان دەکرێن، کۆمەلگاش بەچاوی سوکەوە سەیریان دەکات و لەنێو کرێکارانیشدا بەهۆکاری بێکاری سەیر دەکرێن و لەلایەن دەسەلات و خاوەنکارەوە وەک ئامرازیك بۆ توندکردنەوەی مونافەسەی نیوان کرێکاران بەکار دەهێنرێن.

داسەپاندنی بێکاری و هەژارترکردنی کرێکاران لەژێر ناوی چاکسازیدا، گۆشەیەکی تری سیاسەت و مامەلەی حکومەتی هەرێمە بەرامبەر بە کرێکاران و خانەوادەکانیان و خەریکە هیچ جۆرە ئیمتیازات و خزمەتگوزاریەك ناهێڵێ و هەموی سپاردووە بە بڕیاری یەکلایەنەی خاوەنکارو کۆمپانیاکان، کە بەشێکی هەرەزۆری ئەم کۆمپانیایانە خاوەنەکانیان مەسئولێنی ئەحزابی دەسەڵاتن. دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی لایەنگری  بازاری ئازادن لەهەوڵی بردنەپێشەوەی بریارەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و رێکخراوی کاری جیهانین. دانانی باج لەسەر دەرامەتی هەر هاوڵاتیەک کە ئەگەر موچەکەی لەسەرو ٥٠٠ هەزارەوە بێت، هەروەها زیادکردنی کرێی ئاوو کارەبا وتەندروستی.. هێندەی تر دۆخی هەژاری بەسەر هاوڵاتیاندا داسەپاندوە.

لەزۆربەی کارگەو دامەزراوە پیشەسازیەکاندا بەبیانوی زۆر بێ بنەماوە کرێکار لەسەرکار دەردەکرێن و بەشێوەی جۆراوجۆر سزادەدرێن، ئەی مەگەر سزاچۆنە. هەڵبەت ئەم دۆخە سەختەش کە بەسەر کرێکاراندا سەپێنراوە حەتمەن تەئسیری هەیە لەبزوتنەوەی کرێکاری ولاوازکردنی بزوتنەوەی کرێکاری و پارچەکردنی کرێکاران، بەڵام سەرەرای هەموئەوانەش کە ئیشارەتمان پێدا هێشتا کرێکاران بێدەنگ نەبونە لەگشت ناوەندەکانی کار بەشێوەی جۆراو جۆر روبەروبونەوەو نارەزایەتی کرێکاران هەبوە ،بەڵام بەداخەوە هێشتا هاوسەنگی هێز لەقازانجی کرێکاران نییەو ئەو ئیمکاناتە زۆرەی بەدەست بۆرجوازیەوەیە بەجۆرێكە کە کرێکارانی بەم شێوەی ئێستا گەیاندووە .

بەڵام تاکە رێگا بۆباشکردنی دۆخی کاروژیانی کرێکاران رێکخراوبون و خەباتی بەردەوامی کرێکارانە نمونەش بریاری نەچونەوە سەرکاری ئەو٤٠کرێکارە و راوەستانەوەیان لەبەرامبەر بەو بریارەی بەڕێوەبەری گشتی و دەیان نمونەی تری وەك کرێکارانی خشت وکارگەی چێمەنۆی تاسلوجەو کرێکارانی پالاوگەگەی نەوتی شیواشۆك و…هتد لەروبەروبونەوەی خاوەنکارو دەسەڵات هەموو ئەم نمونانە ئەگەرچی بجوکیش بن سەرەتا دەستپێکردنی دەورەکی نوێیە لە خەباتی چێنی کرێکار لە کوردستان.

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *