پێشنیارێک بۆ بەردەم ڕای گشتی: سەبارەت بە سزادانی (٥) هەڵسوڕاوی سیاسی ومەدەنی بادینان…

بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ….

دادگای پیاچونەوەی گشتی هەرێم بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێر/ ٢ ی تایبەت بە دادگایی و سزادانی (٥) هەڵسوڕاوی سیاسی و مەدەنی بادینانی پەسەندکرد، لەکاتێکدا دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەم دادگاییکردن و بڕیاری زیندانیکردنە لەئاستی ناوخۆی کوردستان و دەرەوەی کوردستانیشدا لەلایەن ئەحزاب و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و تەنانەت کۆنسوڵخانەی چەندین وڵات لەهەرێمی کوردستان و رێکخراوە جیهانیەکانی مافی مرۆڤەوە بەرزبۆتەوەو بەمجۆرەش هەڵوەشانەوەی ئەم سزایەو ئازادکردنی هەڵسوراوەکان بۆتە خواستێکی گشتی، بەلام لەبەرامبەردا پارتی وحکومەتەکەی بەپاساوی ئەوەی کە دادگا سەربەخۆیە دەبێ دەستێوەردانی سیاسی تێدا نەکری، هەم نایەویت مل بەفشارەکان بدا و هەمیش کەیسی گیراوەکانی لەبنبەستێکی یاساییدا ڕاگرتووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە خودی دادگایکردنی سزادراوەکان نادادپەرەوەرانە و سیاسی بووە و پارێزەرەکانیشیان هەرئەو ڕاستیە پشتڕاستدەکەنەوە کە بڕیارەکە بنەماکانی دادگاییکردنێکی یاسایی و عادیلانەی ڕەچاونەکردوەو بەزۆر و لەژێر ئەشکەنجەدا دانپیانانی دەستگیرکراوەکان وەرگیراوە. سەرباری ئەوەی کە ئەم دادگاییکردنە بەشێوەیەکی نهێنی و یەکلایەنە ئەنجام دراوەو تەنانەت بەشێك لە ئەندامانی دادگای پیاچوونەوەی هەرێم لەگەڵ بڕیارەکەدا نەبوون .. ئێمە لەگەڵ ئەوەدا پێداگری لەسەر خواستی هەڵوەشانەوەی سزای سەر دەستگیراوەکان و ئازادکردنیان دەکەیەن، هاوکات بۆ دەرباز بوون لەم بنبەستە یاساییەی کەیسەکەی تێکەوتوە پێشنیار دەکەین کە:

پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو (٥) دەستگیراوە  بەئامادەبوونی پارێزەکانیان و لەژێر چاودێری رێکخراوە جیهانیەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ و هەر لایەنێکی پەیوەندیدار کە بیەوێ ئامادەی پرۆسەی دادگاییکردنە بێت، دەست پێ بکاتەوە بەشێوەیەکی ئاشکرا لەڕێگای کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاوبکرێتەوە.

داواکارین لە هەموو ئەو حزب و رێکخراو و کەسانەی کە پشتگیری ئەم پێشنیارەی ئێمە دەکەن، لەسەر ئاستی کوردستان و دەرەوەی کوردستان پێکەوە کار بکەین تا لەڕیگای بەکردەوە دەرهێنانی ئەم پێشنیارەدا هەم سەربەخۆیی یاساو دادگا لەم کەیسەدا زامن بکرێ و ڕاستی پاساو بەڵگەکانی پارتی و حکومەتەکەی یەکلابکرێتەوە، و هەم تۆمەتبارانیش بێتاوانی یا تاوانباربونیان بە ئاشکراو لە بەردەم رای گشتیدا بسەلمێنرێت.    

١٢/٠٥/٢٠٢١

Check Also

وتەی سەمیر عادل، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق

 بۆ کۆنگرەی شەشەمی حزبی کۆمونیستی کرێکاریی کوردستان بەیانیتان باش هاورێیان بەناوی خۆم و کۆمیتەی ناوەندی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *