خەلكی فەلەستین قوربانی دەستی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل و ئیسلامی سیاسین!

دوو ڕۆژە خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل قوربانی سەرچڵی و ململانێی قێزەونی هەریەکە لە دەوڵەتی ئیسرائیل و هێزە ئیسلامیەکانی فەلەستین دەدەن. دوو ڕۆژە ژن و مناڵ و پیری فەلەستینی لەژێر ڕەحمەتی مووشەك و فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیلدا ژیان بەسەر دەبەن و خەڵکی مەدەنی شارەکانی ئیسرائیل کەوتونەتە بەر هێرشی کوێرانەی موشەکەکانی حەماس و هێزە ئیسلامیەکانی دیکە ! دەوڵەتی دینی ئیسرائیل و هیزە ئسلامیەکان هەمیشە هۆکاری بەڵاو کارەساتن بۆ دانیشتوانی ئیسرائیل و فەلەستین، بەڵام پەلاماری وەحشیانەی پۆلیسی ئیسرائلی بۆسەر نوێژخوێنانی فەلەستینی و هێرشەکانی بۆسەر ناوچەکانی نیشتەجێبوونی خەڵك، دەرهاویشتەی بارودۆخێکی سیاسی ناوخۆیی ئیسرائیلە کە لەناو قەیرانێکی حکومەتیدا پەل دەکوتێ و باڵی ڕاستی بۆرژوازی ئەو ووڵاتەو خودی سەرۆك وەزیرانی ئێستا نەتەنیاهۆ ئەم دەرفەتە وەکو پەتی ڕزگاری خۆیان تەماشا دەکەن لەو قەیرانەی تێی کەوتون و هەروەها بێدەنگکردنی سەرجەم نەیارانی باڵی ڕاستی بۆرژوازی ئیسرائیل کە حکومەت و دەسەڵاتی باڵی ڕاستی بۆرژوازی لەسەر لیواری ڕوخان داناوە.
دەنا ئازادی بیروباوەڕی دینی و ئەنجامدانی رێوڕەسمە ئایینیەکان یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، بەپێی هەمان بنەما مافی خەڵکی فەلەستین بۆ ئەنجامدانی رێوڕەسمی ئاینی خۆیان لە مزگەوتی ( الاقصی) مافێکی سەرەتایی ئەو خەڵکەیە کە لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی دینی ئیسرائیلەوە پێشێل دەکرێ و بە هێزو فیشەك وسەرکوت وەڵام دەدرێتەوە. ئەم کردەوە سەرکوتگەرانەیەی ئیسرائیل بوەتە کەرەستەیەکەی سیاسی و فکری بەدەست هێزو گروپە ئیسلامیەکانی فەلەستینەوە تا خۆیان بکەنە نوێنەری بەرەنگاری و وەستانەوە بەرامبەر بەم ستەمەی کە لەخەڵکی فەلەستین دەکرێت وبەوجۆرە سیاسەتە چەپەڵەکانی خۆیان شەرعیەت و ڕەوایەتی پێبدەن و خەبات و تێکۆشانی خەڵکی فەلەستین بۆ ئازادی لەچوارچێوەی بەرژەوەندی و ئەجندای سیاسی خۆیاندا لەقاڵب بدەن. بەمجۆرە خەڵکی فەلەستین لەنێوان بەرداشی سەرکوتگەری دەوڵەتی ئیسرائیل و کردەوە تیرۆریستیەکانی ڕەوتە ئیسلامیەکاندا بهاڕدرێن!
ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەکاتێکدا هۆکاری سەرەکی پشێویەکانی ئەم دوو ڕۆژەی فەلەستین بە ملهوڕی و لەژێرپێنانی مافی خەڵکی فەلەستین دەزانین لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی –دینی ئیسرائیلەوە، هاوکات کردەوەی موشەك هاویشتنی هێزە ئیسلامیەکان بۆسەر خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل بەکارێکی تیرۆریستی دەزانین و تەنها ئاو بەئاشی سەرکوتگەری و سیاسەتی فاشیستی دەوڵەتی ئیسرائیکدا دەکات و زیان بە خەباتی ڕەوای خەڵکی فەلەستین دەگەیەنێ، سەرەڕای ئەوەی بیانوو دەداتە دەست دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ قەتڵوعامی خەڵکی مەدەنی و بێدیفاعی فەلەستین. ئێمە ڕادەگەیەنین کە دەبێ خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل لەم پێشبڕکێی تاوان و کوشتن و تیرۆرەی دەوڵەتی ئیسرائیل و ‌هیزە ئیسلامیەکانی فەلەستین جیابکرێنەوە ، بەرژەوەندی خەڵک لەوەدایە کە دژی هەردوو لایەنی ئەم کێشمەکێشە بوەستنەوە. دەبێ دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل بەبێ پێناسەی دینی و نەتەوەیی دەستبەجێ دابمەزرێت تا کۆتایی بەم هەلومەرجە بهێنرێ کە ئەو دوو تەرەفەی ئەم کێشمەکێشە دروستیان کردوە و هۆکاری ئەم مەینەتی و بەڵایەن.
حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستان
١٢/٠٥/٢٠٢١.

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *