لەم زەلکاوە ئەمنییەدا هەر ئەوە بەرهەمدێت!

بەیاننامەیەک لەکۆمیتەی کەرکوکەوە، سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی پارێزگای کەرکوک

دوێنی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی، کۆبوونەوەیەکی “نائاسایی” سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی پارێزگای کەرکوک سازدا. ئەم کۆبوونەوەیە بەدوای ئەو هێرش و پەلاماردانانەدا دێت کە چەکدارانی داعش بۆ سەر چەند ناوچە وگوندێکی سەر بەپاریزگاکە ئەنجامی داو بەهۆیەوە ترسو دڵەڕاوکێی خستە نێودڵی دانیشتوانی ئەم  ناوچانەوەو بەدوای خۆشیدا ژمارەیەک لەهاولاتیان کوژران وچەندین ماڵ وێرانکراو ڕووبەڕووی زەرەروزیان بوونەوە.

دەستدرێژی وکردەوە وەحشی گەریو ئینسانکوژیەکانی داعش لەم ناوچانەدا بەڕادەیەک گەیشتووە کەڕاکان جەبوری، پاریزگاری بەوەکالەتی شاری کەرکوک ناچار بێت داوا لەکازمی بکات تا بەفریای دۆخەکەبکەوێت. هەموو ئەمانەش پێمان دەڵین کەخەڵكی زەحمەتکێشی چەند ناوچەی سەربە پارێزگای کەرکوک لەنێو زەلکاوێکی ئەمنیدا ڕاگیراوەو کەس نازانێت چ بەڵایەک بەرەوڕوویان دەبێتەوە.

بەڵام بەپێچەوانەی ڕاگەیەنراوەکەی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کەلەدوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی بەناوئسایشی نیشتمانیەوە بڵاوی کردۆتەوە، کەگوایە هیڕشو کوشتارەکانی داعش بەئەنجامی” خراپ ئیدارەدان و هەندێک جار کەمتەرخەمی لە کارەکانی فەرماندە سەربازییەکانەوەیە”، بەڵکو چالاک بوونەوەی داعش وپەلامارە دڕندەییەکانی، بەرهەمی  ئەو زەلکاوە ئەمنیەیە کەحکومەتی عێراق تێیکەوتووە وهەروەها لەئاکامی ئەو سیاسەتەدایە کەلەئاست ئەم پارێزگایەدا بەڕێوەی دەبات. بێگومان حکومەتێک کەپاڵی دابێتەوە بەدەستە وتاقمی جۆراوجۆری میلیشیای وەک حەشدی شەعبیەوە و دۆخی ئەمنی هاوڵاتیانی گرێدابێتەوە بەڕۆڵی هێزی میلیشیای ئەحزابی شیعەوە وبەرپرسیارێتی پارێزگای کەرکوکیشی بەکەسێکی وەک ڕاکان جەبوری سپاردبێت، کە ڕۆژانە دەمی بەدنەدانی قەومی وجیاوازی کردن لەنیوان هاوڵاتیانی دانیشتوی پارێزگاکەدا بکرێتەوە، بەدڵنیایەوە فرسەت دەدات کەداعش بکەوێتە گیانی خەڵکی زەحمەتکێش وهەر ڕۆژەش بیان کاتە قوربانی خۆی. کازمی وحکومەتەکەی کەنەتوانێ، ناوچەی سەوزی بەغدا بپارێزی ودەستی گروپە چەکدارەکان لەسەر ژیانو ئەمنی شارەکانی عێراق کۆتابکات، چۆن دەتوانێ ئەمنیەتی پارێزگای کەرکوک بۆ خەڵکەکەی بگێڕێتەوەو بەر بەپەلامەرەکانی داعش بگرێت. لەلایەکیترەوە  لەم دۆخە ئەمنیەدا کەفراسەتی داوە بەداعش سەردەربهێنی وپەلامار بدات، بەرئەنجامی گەمەیەکی سیاسی وسەربازی گڵاوە کەلەسەرێکیەوە کازمی و ڕاکان جەبوری و حەشدی شەعبی و گروپە میلیشیایەکان ڕاوەستاوە تا باڵادەستی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا داسەپێنن ولەسەرێکی تریشەوە هێزی چەکداری ئەحزابی ناسیونالیزمی کورد ئامادەگی هەیە کەبۆ گێرانەوەی هێزەکانیان بۆ ئەم ناوچەیە، نابەرپرسانە، چاویان لەم دۆخەبڕیوە، تا لەڕێگای بەقوربانیکردنی سەروماڵی خەڵکی زەحمەتکێشەوە، پێگەیەک بۆ خۆیانو هێزی میلیشیایان بگێڕنەوە کەبەدوای ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لەم ناوچانەدا لەدەستیان داوە.

خەڵکی زەحمەتکێشی پارێزگای کەرکوک ئەگەر بیانەوێت لەدۆخی ئێستای عێراق وناوچەکەیاندا، لەئەمنیەتو ئاسایش بەهەرمەندبن، ئەگەر دەیانەوێت سنورێک بۆ دەسترێژیو هێرشە کاولکاریەکانی داعش دابنێن، دەبێ بەهوشیاری و یەکگرتوویی خۆیانەوە بەرامبەر بەم دۆخەی کە داسەپاوە بەسەریاندا ڕاوەستنەوە. دەبێ بەدەر لە هەر باوەڕێکی ئاینی وبەدەر لەوەی کەسەر بەچ نەتەوەیەکن دەست بخەنە ناودەستی یەکترو یەکگرتوانە، بەشێوەی گونجاوی خۆیان پارێزگاری لەخۆیان و سەروماڵیان بکەن. بەدڵنیایەوە لەم زەلکاوە ئەمنیەی کەحکومەتی عێراق تێدا چەقیوە هەر دڕندەیەکی وەک داعش سەردەردێنێ بۆیە نابێ خەڵکی زەحمەتکێشی پارێزگای کەرکوک لەچاوەڕوانیدا خۆیان ڕابگرن، بەڵکو دەبێ بەهێزی یەکگرتوانەی خۆیان لەمیدانی ڕوووبەرووبونەوەدا بەرامبەر بەهێرشو پەلامارەکانی داعش ڕاوەستن ودۆخی ئەمنی لەدەست بگرن. ئەمە تەنها ڕێگای پارێزگاری کردنە لەخۆیانو لەژیان وسەروماڵیان.

کۆمیتەی کەرکوک

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان

٥/٩/٢٠٢١

 

Check Also

وتەی سەمیر عادل، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق

 بۆ کۆنگرەی شەشەمی حزبی کۆمونیستی کرێکاریی کوردستان بەیانیتان باش هاورێیان بەناوی خۆم و کۆمیتەی ناوەندی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *