پێگەی دادگا لای باڤل

عوسمان حاجی مارف

ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەی کە بۆ باڤل ڕێکخرابو، وەڵامێکی باڤل لە بارەی پەیڕەونەکردنی یاسایی و مافەوە جێگای سەرنجی جدی و باسکردنە، پاش ئەوەی باڤل پێداگری و سوربونی خۆی لەسەر ئەوەی ژەهری پێدراوە دەگێرێتەوە، هەرەوها باس لە ڕفاندن و هەڕەشەکردن و خراب بەکارهێنانی  دەسەڵات و میدیاش دەکات.. ، واتە کەسانێک هەن کە تاوانبارن و لەسەرویانەوە لاهورە، لە هەمانکاتدا بە دڵنیاییەوە دەڵیت بەڵگەی تەواو و شایەتی هەیە بۆ ئەو تاوانانە، کاتێک دێتە سەر ئەوەی پێی دەڵێن ئایا پەنا دەبەیت بۆ دادگا؟، هەروەها بۆ کام دادگا؟، لە کوردستان یان دادگایەکی تر؟، لە وەڵامدا دەڵێت گەر پێوست بکات دەیدەم بە دادگا، وە بڕیاریشم نەداوە لە دادگای کوردستان بێت یان لە شوێنێکی تر.

هەر کەسێک گەر تاوانێکی بەرامبەر کرابێت و پێگەی یاسا و دادگا بە هەند وەربگرێت، یان باوەڕی بە دادگا هەبێت، بەر لەوەی لای هیچ کەسێک باسی ئەو تاوانە بکات،  یان  بڵێیت “گەر پێویست بکات دەیدەم بەدادگا” کە ئەوە لە یاری منداڵان دەچێت، پێویستە یەکەم هەنگاو ئەوەبێت کە سکاڵا لای دادگا پێشکەش بکەیت تاوانەکە لەدادگا بسەلمێنیت. بۆیە نەک باسکردنی ئەو تاوانە لای کەس گونجاو نیە، بەڵکو باسکردنی بەئاشکراو لە ڕاگەیاندن و میدیاکانەوە، دەچێتە خانەی تاوانی تەشهیرەوە. باڤل و هەرکەسێکی تر مافی ئەوەیان نیە ئەو تاوانەی لە بەرامبەریاندا کراوە بەبێ سەلماندنی لە هۆڵی دادگادا، پێشوەخت واتە پێش بڕیاری دادگا، بیخەنە بەر باسکردنی شەخسی و گشتیەوە. واتە دادگا ئەو جێگایەیە کە تاوانلێکراو ئەتوانێ تاوانەکە بسەلمێنێت، تاوانباریش بۆی هەیە بێتاوانی خۆی بسەلمێنێت، بڕیاری دادگا ئەنجامی تاوانەکە دیاری دەکات، بەڵام باڤل وەک سەرۆکی حزبێکی دەسەڵاتدار بە قسەکانی لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا لای خۆیەوە ئەوەی بڕاندۆتەوە کە تاوان کراوە، ئەو مافە لە دەوری یاسا و دادگا و لە هاووڵاتی کوردستان وەردەگرێتەوە، با ئەو تاوانە سەد لەسەد بەپێی قسەکەی باڤڵ بێت و ئەنجام درابێت، بەڵام لە پەیڕەوی پەیوەندی نێوان دانیشتوان و سەروەری یاساو دادگا بە بێسەلماندنی تاوان لە دادگادا باسکردنی ئەزمونێک لە بێباوەڕی و ڕەفتاری تاوانی تەشهیرکردن پەخش دەکات و ڕەواج بەکارێکی ناشایستە لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا ئەدات.

لەلایەکی ترەوە باڤڵ وەها نیشان ئەدات کەجارێ بڕیاری نەداوە لە دادگای کوردستان یان لە دادگای شوێنێکی تر ئەم داوایە پێشکەش دەکات، تا بڕواتە ناو پرۆسەی پێشەکەشکردنی دادگاییەوە، ئەمەش هەر لەسەرەتاوە باڤل وەک سەرۆکی حزبێکی دەسەڵاتدار جارێکی تر بە بەدەستەوەدانی خاڵێکی لاواز لە ناوەڕۆکی قسەکانیدا ڕادەگەیەنێت، چونکە بەم قسەیە پێگەی دادگا لە کوردستان زۆر زیاتر دادەبەزێنێت و بێمانا و بێبەهای دەکات. کێشەکەو تاوانەکان لەکوردستان کراون واتە بەدواداچون و بەرپرسیاریەتی ئەم  دۆسیانە پێویستە لەدادگایەک بێت کە لە شوێنی ڕوداوەکانەوە نزیکە، نەک بە ئارەزوی خۆت شوین و جێگای دادگا هەڵبژێریت، ئەم کارە تەنها کەسانێک لە هەر کۆمەڵگەیەکدا دەتوانن بیکەن کە لە سەرو یاساو دەزگاکانی دادگاوە بن، واتە ئەو ووڵاتە سەرەوری یاسا و سەربەخۆیی دادگا تیادا سفرە و دادگا بێدەسەڵاتە.

لە لایەکی ترەوە کاتێ لە هەر جێگایەک باسی تاوانی ژەهر خواردن و ڕفاندن و هەڕەشە بە ئاشکرا لە میدیاکانەوە دەکرێت، واتە  هەوڵدان بۆ کوشتن لە ئارادابووە، بۆیە گەر ئەو کەسەی  ژەهرەکەی پێدراوە یان هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، گەر سکاڵاش لە دادگا نەکات، هێزە پەیوەندیدارەکان  بە دادگاوە بۆ بەرگری لە مافی گشتی دەتوانن هەردوو لا بانگێشت بکەن بۆ دادگا و لێپرسینەوە لە ڕاست و دروستی تاوانەکان بکەن، بەڵام باڤل بێسڵەمینەوەو  بی هیچ ئیعتبار داناێێک بۆ یاساو داداگا، چیرۆکی تاوان لە میدیاوە دەگێرێتەوەو کەسیش نیە بتوانێ لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات، سەرباری ئەم هەموو سەرپێچیەی باڤل لە بەرامبەر یاساو دادگاو دانیشتواندا دەیکات، پێشمان دەڵێت دۆخەکە گۆڕدراوەو باشتر بووە!؟

هەڵبەتە خەڵکی کوردستان دودڵیان لەوەدا نیە کەهێزە میلیشیاکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هەموو ڕەفتارێکی ناشایستەو نا ئینسانیان بەرامبەر یەکترکردوەو دەیکەن لەپێناو زیادبونی پێگەو نفوزی سیاسی و پاراستنی دەسەڵاتەکەیاندا، ئەوەی لەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا جێگای سەرنجە، باڤل بە ئاشکراو بەڕونی جارێکی تر هەمان پەیامی ئەوەمان پێڕادەگەیەنێ، کەدەسەڵاتی خۆی و سەرکردایەتی یەکێتی لەپێش هەموو پێکهاتەو دامودەزگا حکومیەکانەوەیە بۆ ئەو نەخشەو پلانە سیاسیەی ئێستا مەبەستیانە، واتە هەرچۆنێكیان بوێت ئەتوانن دۆسیەی تاوانکاری گرێبدەن بەو کێشە سیاسیانەی لە بەرژەوەندی لایەنی سەرکەتووی ململانێ و شەڕەکەدایە. واتە تاوان بەردەوام دەبێت و تاوانبار نادرێت بە دادگا تا ئەو کاتەی لە یەکلایی کردنەوەی کێشە سیاسیەکانیاندا بەکار دەهێننرێت.

لەگەڵ ئەوەی لە مێژوی سی ساڵەی دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیدا هەموویان وەک یەک شەریکن لەو کارەسات و تاوانانەی بەسەر خەڵکی کوردستانیاندا هێناوە، دەبێت ئەو ڕۆژو کاتەی پێگەو ئیعتبار بۆ دادگا دەگەرێتەوە، زۆرینەی ئەو بەرپرسانە بەڕیز بدرێن بەدادگای تاوانەکان.

٥/٩/٢٠٢١

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *