نابێ دەستدرێژیەکانی رژێمی ئیسلامی ئێران بە بێدەنگی تێپەڕێت!

موحسین کەریم

رژێمی ئیسلامی ئێران، بەدوای هەڕەشەکانی چەند رۆژ لەمەوبەری فەرماندەی هێزی پیادەی ئەو رژێمە لەدژی هێزە ئۆزیسیۆنەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان،  لەرێگای فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆردومانی چەندین ناوچەی سنوری لە هەرێمی کوردستان کرد ، بە مەبەستی زەربەدان لەو هێزانە و نیشاندانی ئامادەیی رژێمی ئیسلامی بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی لە کوردستانی عێراق لەرێگای بەکارهێنانی هێزو نائارامکردنی شوێنی کارو ژیانی خەڵکی ناوچە سنوریەکانی کوردستانی عێراق.

رژێمی ئیسلامی کە بەدوای جێهێشتنی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکاوەو گەڕانەوەی تاڵیبان بۆسەر کورسی دەسەڵات، ئیحساسی جۆرێك لە متمانە بەخۆبوون لە بەرامبەر فشارەکانی ئەمریکا بۆسەری دەکات و دەیەوێ وەبەرهێنانی سیاسی خۆی لەم گۆڕانکاریە بە ئاراستەی هێشتنەوەی پێگەی سیاسی- سەربازی خۆی وەکو هێزێکی هەرێمی بکات. عێراق و کوردستانی عێراق ئەو شوێنەیە کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە ناوچەیەکی گەرمی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا بووە و تائێستاش بەردەوامە. یەکێك لە ئامانجەکانی ئێران لە هێرشکردنە سەر ئۆپۆزیسۆنی سیاسی رژێمەکەی لە کوردستانی عێراقدا، گەیاندنی ئەو پەیامەیە کە دەتوانێ لە هەرێمی کوردستانیش کە ناوچەیەکی ئارامی بوونی بنکەی سەربازی و بوونی سیاسی ئەمریکایە لە عێراق، هێزی خۆی نمایش بکات و لەچارەنوسی سیاسی کوردستانیشدا دەتوانێ نەخشی گرنگی هەبێت. بەڵام پاراستنی پێگەی ناوچەیی و هەرێمی رژێمی ئێران، بەبێ سەقامگیری سیاسی  ناوخۆیی و دەسەڵاتێک کە کۆنترۆڵی خەڵکی کردبێت لەرزۆك و ناپایەداردەبێت.

ئەگەرچی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رژێمی ئێران لە کوردستانی عێراق ئەو فشارو مەترسیەیان لەسەر رژێم نیە، بەڵام لە هەلومەرجێکدا کە دۆخێکی ئابوری سەخت بەسەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و زۆربەی خەڵکی ئێراندا سەپێنراوەو ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لە کارخانە گەورەکانی ئێرانەوە تا بە خەڵکی شارو گەڕەکە هەژارنشینەکان و مامۆستایان و خانەنشینان و بێکاران رژێمی ئێرانی هەراسان کردوە، ددان تیژکردنەوە لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی ئێران، لە بنەڕەتدا ددان تیژکردنە لە خەڵکی ناڕازی ناوخۆی ئێڕان کە مەترسی ڕاستەقینەن لەسەر رژێمی  بۆرژوا ئیسلامی دڕندەو کۆنەپەرستی ئێران. رژێمی ئیسلامی ئێران دەیەوێ ئەوە بە خەڵکی ناڕازی نیشان بدات کە ئامادەیە لە حاڵەتی دروستکردنی مەترسی بۆ سەر رژێمەکەی ئامادەی بەڕێخستنی ڕوباری خوێنە، هەر ئەوەی کە رژێمە سەرکوتگەرەکانی بۆرژوازی لە دەورانی  قووڵبوونەوەی قەیرانی سیاسی و خرۆشان و شۆرشە جەماوەریەکاندا بەڕێیان خستووە.

ئەوەندەی بە خەڵکی کوردستانی عێراق و هەڵسوڕانی سیاسی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رژێمی ئیسلامی دەگەڕێتەوە، ئەم هێرشەی رژێمی ئیسلامی ئێران نابێ وەکو کارێکی ئاسایی مامەڵە بکرێت و بێدەنگ نەبین بەرامبەری. هەموو جۆرە دەستێوەردانێکی سیاسی و سەربازی رژێمی ئیسلامی ئێران و دەوڵەتانی ناوچەکە بۆسەر کوردستانی عێراق دەبێ بە ناڕەزایەتی فراوانی جەماوەری وەڵام وەربگرێتەوە. هاوکات دەبێ خەڵکی کوردستانی عێراق پشتیوانی و بەرگری لە  ئازادیی هەڵسوڕانی سیاسی هێزە سیاسیە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران و ناوچەکە لە هەرێمی کوردستان بکەن. ئەوەی کە بۆی نیە لە کوردستانی عێراقدا چالاکی بکات و بوونی هەبێت دەزگا و دامەزراوە تیرۆریستی و جاسوسی و سەربازیەکانی رژێمە سەرکوتگەرەکانی ئێران و تورکیان کە ژیان و ئاسایشی خەڵکیان خستۆتە بەر مەترسیەوە!

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *