هەڵبژاردن تەواو بوو بەڵام کێشەی نێوان خەڵکی ناڕازی و دەسەڵات نەبڕاوەیە.

بەدوای دەورەیەک لەپڕوپاگەندەکردن و هەوڵی هاوبەشی هەموو حزبە بەشدارەکان بۆ فریودانی جەماوەری ناڕازی و بەدوای بەخشینەوەی کێوێك لەبەڵێنی درۆ و ڕیاکاری و پاڕانەوە لەخەڵک و لاواندنەوەی کوردایەتی، کەگوایە دەنگی خەڵک “پێگەی کورد لەبەغدا بەهێز دەکات و مافە دەستورییەکانی کورد دەگێڕێتەوە”. پاش ئەوەی کە حزبە دەسەڵاتدارەکان بەئاشکراو نهێنی ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان لەژێر فشارو ترسدا ڕاگرت و پەنجەی هەڕەشەی بڕینی مووچە و لەسەرکار دەرکردنیان بەڕووی فەرمانبەران و مووچەخۆراندا هەڵبڕی و دەستیان بۆ جۆرەها فرتوفێلیتر برد، تا بتوانن خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لەسیناریۆیەکی گاڵتەجاڕیدا، کەناویان لێنابوو “هەڵبژاردن”، بەشدار پێبکەن و جارێکیتر بیانکێشنەوە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام هەموو ئەم هەوڵەیان لەبەرامبەر بڕیار و هۆشیاری و ئیرادەی بەکۆمەڵی خەڵکی ناڕازیدا شکستی خوارد. خاڵی بوونی بەردەم بنکەو بازنەکانی دەنگدان و بەشداری نەکردنی زۆربەی هەرەزۆری هاووڵاتیان، لەکەنار چۆڵکردنی بازاڕ و ناوەندەکانی شارو گەڕەکەکان و ڕاوەستانی جوڵەو مانەوە لەماڵدا، کەسیمای مانگرتنێکی گشتی ڕانەگەیندراوی بەخۆیەوە گرت، نەک تەنها “نا”یەکی گەورەبوو بۆ ڕەتکردنەوەی سیناریۆی گاڵتەجاڕانەی هەڵبژاردن، بەڵکو رەتکردنەوەی گشت پڕۆسەی سیاسی و دەسەڵاتێکە، کەچینی بۆرژوازی کوردو سەرجەم حزبە ڕەنگاوڕەنگەکانی لەسەری دەلەوەڕن و داهات و سەرمایە کۆدەکەنەوە. 

جەماوەری بێبەش و بێمافکراو و ناڕازی بەسەرکوت و نابەرابەری، بێ ئەوەی ڕێکەوتنێکی ئیمزاکراویان لە نێواندا هەبێت، بەهۆی خاڵە هاوبەشەکانیانەوە، لەوانە: پەرەسەندنی قڵشتی چینایەتی، گرانی و بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و پایەماڵکردنی مافە سەرەتاییەکانیان و نەفرەتیان لەدەسەڵاتی سەرکوتگەر و میلیشیایی و تاڵانچی، لە نمایشێکی پێچەوانەدا ئامانجی بۆرژوازی ودەسەڵاتدارانیان لە سەرتاسەری عێراقدا، ڕووبەڕووی نابودی کردەوە و پەیامی درێژەدان بە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی ڕەوای خۆیان ڕاگەیاندەوە. بەم هەڵوێستەشیان ئەزموونێکیتریان بۆسەر خەرمانەی ڕاپەرینی ئۆکتۆبەر و خرۆشان و خۆپیشاندانە زنجیرەییەکانی خەڵکی زحمەتکێش لەعێراق و کوردستان زیادکردوو پێداگریان لەسەر خواستی وەلانانی ئەم دەسەڵات و سیستەمە کردەوە. ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە لەڕاستای بردنە پێشەوەی خەباتی چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش بۆ گەیشتن بەکۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان  وخۆشگوزەران.

پیاهەڵدانی میدیاکانی دەسەڵات بەم هەڵبژاردنە و درۆسازی و بڵاوکردنەوەی ئاماری ساختە، تا گلەیی و گازندەی حزبە شکستخواردووەکان و تەنانەت پەیامەکانی ئەمریکاو نەتەوەیەکگرتووەکان، کەگوایە پڕۆسەیەکی سەرکەوتوویان تێپەڕکردووە، تەنهاو تەنها بۆ شاردنەوەی ئەو شکست و ئابڕوچونەیە کەجەماوەری ناڕازی بەهەڵویستی خۆیان هۆشیارانە ڕووبەڕوویان کردنەوە. هەربۆیە پێویستە خەڵکی ناڕازی پیرۆزبایی لەخۆیان بکەن و بە دەستخستنە ناو دەستی یەک و بەیەکگرتووکردنی هێزی چینایەتی و خەباتکارانەیان ئەم سەرکەوتنەیان بکەنە دەستمایەیەک بۆ درێژەدان و بەرین کردنەوەی ناڕەزایەتیەکانیان تا یەکلاکردنەوەی چارەنوسی خۆیان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە ستەمکارەدا کەژیانی ئەوانی هاڕیوە. 

کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان و لاوانی پڕ ئومێد!

هەڵبژاردن تەواو بوو.. بەڵام کێشەی نێوان ئێمە خەڵکی ناڕازی و ئەم دەسەڵاتە تاڵانچیە نەبڕاوەیە. سینارێۆیەکی گاڵتەجاڕی کە بەفشاری ئەمریکاو دەوڵەتانی ڕۆژائاوا و نەتەوەیەکگرتووەکان، داسەپێندرا، لەبنەڕەتەوە بۆ ئەوە بوو کەدەسەڵاتە داتەپیو و گەندەڵەکەی عێراق، کە لە ئەنجامی ڕاپەڕینی خەڵکی برسی و نەداردا، داڕماوە، سازبدەنەوە و بۆ چوارساڵیتر دەستی تیرۆریستان و ئینسانکوژانی ئیسلامی و قەومی و تایەفەگەری و هێزی میلیشیایان  بەسەر سەری کۆمەڵگادا ڕابگرنەوە و دەستبەرنەوە بۆ دەورەیەکی تر لەستەمگەری و دزی و تاڵانچێتی و ژیانی ئێمە جەماوەری ناڕازی و زەحمەتکێش لەژێرباری گرانی و هەژاری و بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاری هەرچی زیاتردا بخنکێنن.

لەکوردستانیش چینی بۆرژوازی کوردو حزبەکانی، ئەم هەڵبژاردنەیان لەسەرحسابی ژێرپێنانی بڕیارو ویست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان، کردۆتە دەستمایەیەک بۆ قایمکردنی پێگەی خۆیان لەبەغداو ڕازیکردنی ئەمریکاو دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، تا پۆست و پلە وەربگرن و لەداهاتوو لە بودجەدا شەریکبن و دەرگاش لەبەردەم کۆمپانیاکانیاندا ئاوەڵابکەن، لەبازاڕەکانی عێراقدا سەرمایەو قازانج کۆبکەنەوە. ئەوان دەیانەوێت خەڵکی کوردستان بکەنە وەسیلەی بەدیهێنانی ئەم ئامانجە گڵاوانەی خۆیان و هیچ باکیشیان لەوە نییە کەژیان و چارەنوسی خەڵکی کوردستان بەنرخی قوربانیدانی گەورەو گران، بەدیار گێژاوێکی سیاسی و کێشمەکێشی چەندین دەستەوتاقمی ئینسانکوژی ئیسلامی و تیرەگەری و هێزی میلیشیایانەوە بۆ چەند ساڵیتر ڕابگرنەوە. کەوایە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم یاریە چەپەڵەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بهێنرێ و سنورێک بۆ دەسەڵات و تاڵانچێتیان دابنرێ.

ئەگەر ئێمە جەماوەری ناڕازی توانیمان بەخەباتی یەکدەستانەمان، هەڵبژاردنەکەی ئەوان ڕیسوا و ڕەتبکەینەوە، ئەوا دەبێ هەنگاوی دواترمان ڕوو لەخۆ کۆکردنەوەو ئامادەکردنی هێزی چینایەتیمان بێت بەئاڕاستەی وەلانانی ئەم دەسەڵاتەو گەیشتن بەدەسەڵاتدارێتی جەماوەریمان. دەبێ بەدرێژەدان و بەرینکردنەوەی ناڕەزایەتیە بەرهەقەکانی خۆمان و بەکۆبوونەوە لەدەوری خواستەکانمان، ناوەندەکانی کار و ژیان، کارگەو گەڕەک و زانکۆکان و ناوەندی شارەکان بکەینە سەنگەری خەبات بۆ کۆتاییهێنان بەم دەسەڵات و سیستەمە تاڵانچیە. دەبێ بەسازدانی کۆبوونەوە گشتیە جەماوەریەکانمان و بەهەڵبژاردنی نوێنەران و خۆڕێکخراوکردنمان لەشوراو ئەنجومەنەکاندا، هەنگاو بەرەو بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا هەڵگرین و بناغەکانی دەسەڵاتدارێتیمان دامەزرێنین. بێگومان خۆجیاکردنەوە لە ئاسۆی بزوتنەوە بۆرژوازییەکان و کۆبونەوە لەژێر ئاڵای خەباتی سۆشیالیستانەی چینی کرێکار و شۆڕشەکەی، مەرجی زامنکردنی سەرکەوتن و گەیشتنە بەکۆمەڵگایەکی ئازادو یەکسان و خۆشگوزەران. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ئاڵاهەڵگری ئەم خەباتەی چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستانە بۆ ڕاماڵینی هوشیارانەی ئەم دەسەڵاتە. کەوایە وەرن باپێکەوە داهاتووی خۆمان لەدەست بگرین. 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٣/١٠/٢٠٢١

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *