گفتوگۆی بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەر لەگەڵ عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دەربارەی کۆنگرەی پێنجەمی حزب

ئۆکتۆبەر: لە ڕۆژانی ١٧ و ١٨ی ئەم مانگەدا کۆنگرەی پێنجەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەڕێوە چوو. وەکو بڕیاربوو دەبوایە دووساڵ لەمەوپێش کۆنگرە بگیرێت. هۆکاری دواکەوتنی کۆنگرە چی بوو؟

عوسمان حاجی مارف: کۆنگرە کە باڵاترین دەسەڵاتی حزبە لە باری ئوسوڵیەوە پێویستە دوو ساڵ جارێک بگیرێت، ئەوە دەزانین کە کۆنگرەی چوارەمی حزب لە ساڵی ٢٠١٤ بەسترا، تا بەستنی کۆنگرەی پێنج کە دەکاتە نزیک بە حەوت ساڵ. ئەمە حاڵەتێکی نەخوازراو بوو کە نەدەبوو هێندە دوابکەوێت، بەڵام هاوکات چەند هۆکارێک هەبوو بۆ دواکەوتنی کۆنگرە. کە بەشێکی پەیوەندی بە نائامادەیی حزب و چەند کیشەیەکی ترەوە هەبوو. بۆ ئەو کێشانەش ئەتوانم بڵێم دەورانێک کەسانێک لە رابەری دەورانی پێشو نەریت و پێودانگە رێکخراوەییەکان و بنەماکانی کۆمۆنیزمی کرێکارییان خستە ژێر پرسیارەوە، بەم جۆرەش، ڕێکخستنەکانی حزبمان توشی پەرشوبڵاوی بوون و لە حاڵەتێکی چاوەڕوانیدا بوو، بەتایبەتی کە هاوڕێیانێک لەناو حزبەکانی کۆمۆنیستی کرێکاریدا جۆرێک ئیدەی پێداچونەوەیان بە باسەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری هێنایە گۆڕی. دواتریش بەشێکیان لە حزبەکانی کۆمۆنیستی کرێکاری چونە دەرەوە و دەرگیر بەکاری مەحفەلی بونەوە، بێئەوەی لەسەر گۆڕینی بۆچونیان لە کۆمۆنیزمی کرێکاری ڕۆشنکردنەوەی پێویست بدەن. هەروەها ئەو هاوڕێیانە بەشیوەی جۆراو جۆر دەستیان برد بۆ سونەت شکێنی، کە ئەمە کاریگەری لەسەر ریزەکانی حزب داناو هاوکاتیش بووە هۆکارێک بۆ پەرشوبڵاوی. لەلایەکی ترەوە دابەزینی ئاستی ڕۆڵی حزب لە کاری ڕێکخراوەییدا بۆ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی، هۆکارێکی ترە بۆ پەرشوبڵاوی ڕیزەکانی، کە زەحمەت بوو بتوانێت کۆنگرە لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدات، بەڵام ئامادەیی و کارکردنی ڕابەری حزب بۆ تێپەڕاندنی ئەو کێشەیە و هەوڵدان بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەو گرفتانەدا و وەڵامدانەوە بەو هاوڕییانەی کە دەرگیری سونەتی مەحفەلی و ناپەیگیری لە کاری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بوون، توانیمان تا ڕادەیەک بەسەر ئەو کێشانەدا زاڵ بین و رۆشنبونەوەیەک لە نێو ریزەکانی حزب و دۆستانی حزبدا دروست ببێت، هەر بۆیە ئامادەییەکانی بەستنی کۆنگرەمان خستە دەستوری کارەوە و بڕیاریماندا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا کۆنگرە ئەنجام بدەین، واتە نزیک بە دوو ساڵ بەر لە ئێستا، بەڵام بەداخەوە نەخۆشی کۆرۆنا بووە بەربەستێک، کە ناچار بووین کۆنگرە دوابخەین بۆ کاتێکی گونجاوتر. هەربۆیە پاش کاڵبوونەوەی مەترسیەکانی ئەو نەخۆشیە و بەلەبەرچاوگرتن و پەیرەویکردنی ڕینوێنیە تەندروستیەکان، توانیمان بە سەرکەوتوویی لە ١٧ و ١٨ ئەم مانگەدا کۆنگرە ئەنجام بدەین، کە ئەتوانم بڵێم بەجیا لە گرنگی باسە سیاسیەکان و ئینسجامی سیاسی، ئەم کۆنگرەیە ڕێکخستنەوە و توندوتۆڵکردنەوەی زیاتری حزبمان بوو.

ئۆکتۆبەر: کۆنگرەی پێنجەمی حزب لە هەلومەرجێکی سیاسی زۆر هەستیاردا چ لەئاستی ناوچەکە و عێراق چ لەسەر ئاستی کوردستان، بەرپاکرا، ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و بگرە کۆمەڵایەتی گرنگ لەماوەی نێوان کۆنگرەی چوارەم و کۆنگرەی پێنجەمدا ڕویداوە، ئایا دەکرێ بە کورتی ئاماژە بە گرنگترین ئەو گۆڕانکاریانە بکەیت و هاوکات لێکدانەوەی کۆنگرە بۆ ئەو گۆڕانکاریانە و سەرخەتی سیاسەتەکانی داهاتووی حزب دەست نیشان بکەیت کە کۆنگرە لە بەرنامەی کاری خۆیدا داناوە؟

عوسمان حاجی مارف: کۆنگرەی چوارەمی حزب لەهەلومەرجێکدا بەسترا، کە داعش موسڵی داگیر کرد، هەروەها هاوکاتی کارەساتی شەنگال بوو، کە ئەم روداو و پیشهاتانە، تەواوی ناوچەکە و عێراق و کوردستانی خستە ژێر کاریگەری خۆیەوە. دەمەوێت ئەوە بڵێم، کە دوای کۆنگرەی چوار ڕووداوەکان لە عێراق و کوردستان و ناوچەکە بەگشتی لە ژێر کاریگەری و ڕێرەوی بەردەوامی ئەو ڕووداوانەدا گرێی خواردبوو، کە بەشیوەیەکی بەرجەستە سیمای ناجێگیری سیاسی، ئەو گێژاوەی بەرجەستە دەکرد کە دەیان ساڵە کۆمەڵگەی عێراق و کوردستان دەرگیریەتی. لەوانە جەنگی موسڵ لەژێر ناوی شەڕ لە دژی داعش، جارێکی تر ولاتانی زلهێزی ناوچەکەی لە پێناو بەرژەوەندییە گەورەترەکانی پشت شەری داعش، هێنایەوە ناو گۆرەپانەکە، کە بەهۆیەوە وێرانکارییەکی کەم وێنەی لەشاری موسل و دەوروبەری بەدوای خۆیدا هێنا. دواتریش گەورەبوونەوەو سایەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند تا خستنەڕووی ڕیفراندۆم و چۆنیەتی مامەڵە بە رفراندۆم و لەشکرکێشی حکومەتی عێراق بۆ سەر شاری کەرکوک و دەرپەڕاندنی حزبەکانی کوردایەتی و ئاوارەبوونی جەماوەریکی فراوان لە دانیشتوانی کەرکوک سیمایەکی ئەوپەری نەخوازراوی دۆخی سیاسی کوردستان بو لە ساڵی ٢٠١٦دا.

لە هەمان کاتدا ئەوەی پێویستە زیاتر فۆکەسی لەسەر بکەین، ناڕەزایەتی جەماوەری بەرفراوانی شاری بەغدا و شارەکانی خواروی عێراق بوو تا ئەو ئاستەی توانی حکومەتی عادل عبدالمهدی هەڵوەشینێتەوە. هەروەها ناڕەزایەتیەکانی لوبنان و ئێران لەو ڕووداوە گرنگانەیە لە نێوان هەردوو کۆنگرەدا دۆخی ناوچەکەی نەخشاندبوو. لەهەمان کاتدا ناڕەزایەتی جەماوەری خودی شارەکانی کوردستانیش، بە هەر ئاستێک لە پێگەو دەوری ئەو ناڕەزایەتیانە و بەرزکردنەوەی خواستەکانی کرێکاران و کارمەندان و خوێندکاران… نیشاندانی ڕێرەوی بزوتنەوەیەکە بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی حزبە ناسیۆنالستە میلیشیاکان، بە مانایەک بوونی ناڕەزایەتی بۆ داخوازی موچە و پێداویستیەکانی ژیان و تەندروستی گرێ خواردوو بە خواستی ڕوخان و ڕاماڵینی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و هاوپەیمانانیان. بە یەک مانا لەئێستادا کە هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ناوچەکە ئەوەی تیا پێشبینی دەکرێت لە بەردەم ئاڵوگۆرێكی جدیدایە.

بەدوای ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ئاکامی هەردوو جەنگی خەلیجدا کە لە ١٩٩١ و ٢٠٠٣دا پێشهات و لە ئەنجامدا داگیرکردنی عێراقی لێکەوتەوە. ئێستا کوردستان و عێراق وناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم پێشهات و کاریگەری ئەو ڕووداوانەدا دەبینرێتەوە، کە وڵاتانی زلهێزی دنیا و ناوچەکە لە ئاکامی شەڕو کێشمەکێشی نێوانیان هەلومەرجێکی تازە لە ناوچەکەدا دادەمەزرێتەوە، کاریگەری ڕێڕەوەی ئەم ئاڵوگۆڕە لەسەر کوردستان، هێزە سیاسیەکانی کوردستان و دەسەڵاتەکەیانی خستۆتە ناو گێژاوێکی زیاترو بنبەستی سیاسی و قەیرانی دەسەڵاتەوە، بە ئاشکرا ئەو واقعیەتە دەخاتەڕوو، کە دەسەڵاتەکەی پارتی- یەکێتی بنبەستن لەوەڵامدانەوە بە بەخواستەکانی خەڵکی کوردستان و هاوکاتیش ئاسۆی سیاسیان نارۆشن و لە چاوەروانیدان. ئەم واقعیەتەش بۆتە هۆکارێک بۆ بەرینبوونەوەی تورەیی و نارەزایەتی جەماوەری. ئیستا ئەو راستیە بۆ زوربەی خەڵکی کوردستان دەرکەوتووە، کە ئەم دەسەڵاتە نامۆیە بەسەرەتاییترین خواست و داواکاریی و ئارەزوەکانی خەڵکی کوردستان، لە ئازادی و ئەمنیەت و ئارامی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی. بەو مانایەی ڕوخانی ئەم دەسەڵاتە بۆتە خواست و ئاواتێکی بەرجەستەی جەماوەری. باسەکانی ناو کۆنگرەی پێنجەمی حزبمان لەلایەک پێداگری و بەرجەستەکردنەوەی هەمان ئەو واقعیەتەی نیشاندا، کە ئێستا کێشەو مەشغەلەی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە لە چۆنیەتی خۆئامادەکردن و بەرنامە داڕشتندایە بۆ ڕوخانی دەسەڵات و دیاریکردنی ئایندەی سیاسی لە کوردستاندا، لە لایەکی ترەوە هەوڵدانە بۆ هاتنە مەیدان و دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا

ئۆکتۆبەر: ئەگەر بەپێی پێوەری سیاسی کۆنگرەی پێنجەم کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو بوە، ئایا بەپێ پێوەری ڕێکخراوەیی و ناوخۆیی حزبی دەتوانرێ هەمان تێڕوانینی بۆ بکرێت؟

عوسمان حاجی مارف: کۆنگرە بەو مانایە سەرکەوتوو بوو، کە باسەکانی گونجاو و ڕۆشن بوون لەسەر ئەو واقعیەتەی ئێستا کۆمەڵگەی کوردستانی پێدا تێپەر دەبێت، سەرکەوتوو بوو بەو مانایە دەچووە سەر تەرحی چۆنیەتی خۆئامادەکرن بۆ ئەو کارانەی پێوێستە لە ڕاستای ئەو ئاڵوگۆڕانە و ڕووداوەکاندا بتوانێت دەوری پێشڕەوی و ڕابەری ببێنێت، سەرکەوتوبوو بەو مانایەی لە باری عەمەلیەوە نیشاندانی ئاوێزان بوونی حزب بوو بە بزوتنەوەی کرێکاری و هەنگاونان بۆ شۆڕشی کرێکاری. لەهەمان کاتدا وەک لە قسەکانی پێشتردا ئاماژەم پێکرد لە ڕاستای کارەکانی پرۆسەی خۆئامادەکردنی کۆنگرەدا توانرا دەورێكی ئەرێنی ببینرێت لە پەیوەندی ڕێکخستنەوە و  شۆڕو شەوقدان بە ڕیزەکانی حزبمان بۆ ئامادەیی و پێشوازی لە کۆنگرە. هەربۆیە دەتوانم لەلایەنێکەوە بڵێم ئەم کۆنگرەیە کۆنگرەی ڕێکخستنەوە و توندوتۆڵکردنەوەی حزبە، لە لایەکی ترەوە باسەکانی ناو هۆڵی کۆنگرە و چۆنیەتی ئینسجام لە جەدەل و باسەکاندا ئومێد و شۆڕوشەوقێکی زیاتری بەخشی بە هاوڕێیان. بۆیە گەشبینم بەوەی ئەتوانین لەئایندەیەکی نزیکدا هەنگاوی پێشڕەوانە بنێین و دەستکەوت و سەرکەوتنەکانمان لەناو هاوکێشە سیاسیەکان و ئاوێزانبوون بە ژیان و کێشەو ناڕەزایەتیەکانی کرێکاراندا زیاتر بەرجەستە دەبێتەوە. بەم مانایەش ئەو پێوەرە ڕێکخراوەییە جێگای دەبێتەوە، کە هەموومان پێکەوە ئومیدبەخش و گەشبین و کارابین.

ئۆکتۆبەر: بەبڕوای ئێوە، کۆنگرەی پێنجەم و ئەو بڕیار و بڕیارنامە سیاسی و ئەو گۆڕانکاریە رێکخراوەییانەی کە تێدا ڕویانداوە چەندە دەتوانێ ئاسۆیەکی گەش لەبەردەم هەڵسوڕانی ئایندەی حزبدا بکاتەوە و حزب هەنگاوبنێ بەرەو ناوەندی کێشمەکێشە سیاسیە گەرمەکانی کوردستان؟

عوسمان حاجی مارف: گەر سەرنج لە زنجیرە باسەکانی کۆنگرە بدەن کە بە شێوەی سەنەد و بڕیارنامە ئامادەکرابون، هەڵبەتە باسەکانیش بڵاودەکرێنەوە، ئەو لایەنە باش دەردەکەوێت کە تەواوی باسەکان لەسەر یەک تەوەر و وەک پاکێجێک تەعبیریان لێ دەکرا و تەواوکەری یەکتر بوون، کە بە بۆچونی من ئەمە خاڵێکی گرنگە لە باسی سیاسیدا، ڕۆشنایی ئەرێنی دەخاتە بەردەم پرۆسەی پراکتیزەکردن و بەدواداچونی حزب بۆ گەشەسەندنی ڕۆڵی پێشڕەوی لەناو هاوکێشە سیاسیەکاندا، ئەوەش دەخاتە بەردەم ڕابەری و کادران و هەڵسوراوانی مەیدانەکان کە بزانن لە پەیوەند بەو باس و بڕیارنامانەوە پێویستە چی بکەن، باسە سیاسیەکانیش بریتی بون لە:

مانیفێستی حزب بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە”،  “بڕیارنامە دەربارەی دۆخی سیاسی کوردستان و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری”، “بڕیارنامەی بزووتنەوەی کرێکاری و سەرخەتی ئەرکەکانی ئەم دەورەیەی حزب”، “دەعوانامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دژی دەسەڵاتی ٣٠ ساڵەی بۆرژوا- ناسیونالیستی کورد”، “کۆنگرەی سەراسەری نوێنەری شوراکانی خەڵک، بەدیلی دەسەڵاتی میلیشیایی ئێستایە“.

گەر سەرنج بدەن ئەم باسانە تەعبیرن لە دەورانێک کە دەیەوێت ئەو هەلومەرجە سیاسی و ناجێگیرە سیاسیەی کۆمەڵگەی کوردستان تێوە ئاڵاوە دەرکێشێتە دەرەرە و وەڵام بە دۆخی هەر ئێستای کوردستان بداتەوە، کە دەبێت بە ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێرانە کۆتایی بە تەواوی ئەو نەهامەتی و کارەساتانە و بارگرانی ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ناڕازی لە کوردستاندا بهێنێت، کە ٣٠ ساڵ زیاترە زۆرینەی خەڵکی کوردستان لە سایەی ئەحزابی بۆرجوا ناسیۆنالستی کوردیدا بەدەستیەوە دەناڵێنێت.

ئەمەش بێگومان وابەستەیە بەوەی چ ڕابەری و چ ڕێکخستنەکانی ‌حزب چەندێک ئەو پاکێج و تەوەجوهە بەدەستەوە دەگرن کە لە هەلومەرجی داڕزیوی کوردستاندا تەنها و تەنها ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە دەتوانێ بە ئەنجام بگات. ئەمەش پێویستی بە لەمەیداندا بوونی ڕابەری و کەسایەتیە کۆمۆنیستیەکانە کە نیشانی بدەن پێشەنگی کۆمەڵگە ئەو دەموچاوە جیاوازانەی ناو دەسەڵات و نەیارەکانیان نییە، بگرە هاتنەمەیدانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشە لە خوارەوە. جوڵە و کردەی سیاسی ئێمە لێرە بەدوا سەنگی مەحەکە بۆ ئەوەی کە ئێمە چەند توانیومانە و دەتوانین ئەو ئاسۆ و تەوەجوهە سیاسیە بەرینە پێشەوە. سەرئەنجام ئەمەش دەبێت بەوە بگات کە کۆمۆنیزم وەک بەدیل و ئاڵوگۆڕپێدەری ئەم دۆخە پێبنێتە مەیدانەوە.

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *