گفتوگۆ لەگەڵ خسرەو سایە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی سەبارەت بە بەرنامەی کارو ئاراستەی سیاسی کۆنگرەی پێنجەمی حزب

ئۆکتۆبەر: کۆنگرەی پێنجەمی حزب لە هەلومەرجێکی سیاسی هەستیاری کوردستان و ناوچەکەدا بەسترا. بارودۆی سیاسی عێراق وکوردستان بەبەراورد بە سەردەمی کۆنگرەی (٤)ی حزب ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەردا هاتوە. بەتایبەتی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و خەڵك چوەتە قۆناغێکی تەواو جیاوازەوە، بەجۆرێك کە بەرپرسانی دەسەڵاتداری هەرێم خۆشیان ناتوانن لەو راستیە چاوبپۆشن! ئایا تا چ ڕادەیەك باسوباتەکانی کۆنگرەو ئاڕاستەی سیاسی- عەمەلی کۆنگرە بەو ئاقارەدا بوو کە ئەم گۆڕانکاریەی لەخۆیدا ڕەنگ دابێتەوە. دەتوانین بە یەك ووشە بپرسین : پەیامی سیاسی سەرەکی کۆنگرە چی بوو؟

خسرەو سایە: بەوجۆرەی کە لەپرسیارەکەی ئێوەشدا هاتووە، هەلومەرجی سیاسی کوردستان ئاڵوگۆڕی بەسەرداهاتووە، بەڵام جەوهەری ئەم ئاڵوگۆرانە، ئەگەر بەکورتی ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کەڕەوتی خەباتی چینایەتی لەکوردستان، لەئەنجامی ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوریەی کەسیستەم و دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی کورد گیرۆدەی بووە، کۆمەڵگای کوردستانی خستۆتە سەر لێواری ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێرانەوە. بەواتایەکی تر ئەوەی کە چینی دەسەڵاتدار بێتوانایە لەوەلامدانەوە بەکێشە ئابوری و سیاسیەکانی کۆمەلگا و بەخواست و ویستی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش، تادێت توانای خۆی لەبەڕیوەبردنی کۆمەڵگا لەدەستدەدا و لەبێئاسۆیی و چاوەڕوانیەکی بێهودەدا بەدیار دۆخی عێراق و ناوچەکەوە، دەستوپێ دەکوتێ. ڕەنگدانەوەی ئەم دۆخەش لەسەر دەسەڵات تادێت قەڵشت و ناکۆکی نیوان حزبەکانی نیو حکومەت و پەرلەمان بەرینتر دەبێتەوە. لەلایەکی ترەوە خودی ئەوەی کە ناکۆکیەکانی نیوان دەسەڵات و خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش، بزوتنەوەیەکی ڕادیکاڵ و بەهێزی جەماوەری، هێناوەتە مەیدانەوە و هەر ڕۆژە یەخەی دەسەلات دەگرێ، بەپێوسیت کۆمەلگای کوردستانی خستۆتەبەردەم گۆڕانکاریەکی بێگەڕانەوەوە. دۆخێکی ئاواش فرسەتێکی بۆ چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش ڕەخساندووە تا هەنگاو بەرەو کۆتاییهێنان بەو دۆخە هەڵگرن کە ٣٠ ساڵە ژیانی ئەوانی گیرۆدەی سەدان دەردو مەینەتی کردووە. دروست کۆنگرەی پێنجەمی حزب هەروەک ئەوەی بەدروشمی “بەرەو رێکخستن و رابەریکردنی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری” سازدرا، بەچاوبڕین لەم مەوقعیەتەی خەباتی چینایەتی و بەئیلهام وەرگرتن لەڕوڵی چینی کرێکارو ئەو جولانەوە نارەزایەتیە جەماوەریەی کە لەمەیداندایە، ستراتیژیەکی سیاسی و کارنامەیەکی عەمەلی پەسەند و گەڵاڵەکردەوە، تا لەڕیگایەوە، ڕەوتی بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم جولانەوەیەو ئەم بزوتنەوە جەماوەریە بەرەو شۆڕش و ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانە، بەدەستەوە بگرێ و ئاسۆو ئاڵایەکی چینایەتی و ڕیگای دەربازکردنی کۆمەلگای کوردستان لەم دۆخە بخاتەبەردەم کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستانەوە. لەلایەکی تریشەوە کۆنگرەی پێنجەمی حزب بەڕاوەستان لەسەر تواناییەکان و خاڵەبەهیز و لاوازەکانی بزوتنەوەی نارەزایەتی و ئەزمونیك کەتائیستا لەخۆی نیشانداوە بەو ئەنجامە بگات کەخەبات و نارەزایەتیە جەماوەریەکان، بەبێ ئاسۆیەکی شۆڕشگێرانەو بەبێ ڕابەری حزبێکی بەهێزی چینی کرێکار و خەباتی کۆمۆنیستە کرێکاریەکان، کەهەنگاو بەهەنگاو نارەزایەتیەکان ڕێکخراو و ڕابەری بکا و سەرەنجام هاوسەنگی هێز لەنێوان جەماوەری نارازی و چینی دەسەلاتدارادا بەقازانجی کۆتاییهێنان بەدەسەلاتی ئیستاو بردنی کۆمەلگا بەرەو دەسەلاتدارێتی جەماوەری و سیستەمێکی ئابوری و سیاسی تر کەخواستەکانی خەڵک بۆ نانو کارو ئازادی دەستەبەر بکات،  لەتواندا نییە. هەروەک ئەزمونی خۆپیشاندان و گردبونەوەو نارەزایەتیەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی سەلماندویەتی، کەئەم دەسەڵات و سیستمە نەچاکسازی هەڵدەگرێت و نەدەتوانێ وەلام بەسادەترین خواستی جەماوەر بداتەوە، کەوایە تەنها ڕیگا ئەوەیە کەخەبات و نارەزاەیەتیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بەئاسۆیەکی تری شۆڕشگێرانەو بەسونەتێکی تر ڕێبەری و ڕیکخراو بکرێ، کەبتوانێ ئامانجەکانی جەماوەر لەیەک کردەی شۆڕشگێرانەدا بەدەست بێت. هەربۆیە تەواوی باس ومەسەلەکانی کۆنگرەی پێنجەم لەسەر ئەم بابەتە چەقی بەست وهەر ئەمەش بوە ئاڕاستەو ئاقاری باس و بڕیارەکانی ئەم کۆنگرەیە.

 لەیەک وتەدا ئەگەر بلێم پەیامی سیاسی کۆنگرەی پێنجەمی حزب چی بوو، بۆ جەماوەری ناڕازی، هەر ئەوەیە کەبڵێـم ئەگەر دەمانەوێت بەخواستەکانی نان و کارو باشبژێوی بگەین، ئەگەر دەمانەوێت بارگرانی و نەبوونی خزمەتگوزاری و ئەو بێکاریە لەڕادەبەدەرەی کە هەیە لەسەر شانی خۆمان هەڵگرین، ئەگەر دەمانەوێت سنورێک بۆ سیاسەتی نەدان و لێگرتنەوەی موچەو ئەو باجگیری و تاڵانچییەی دەسەلاتداران دابنێن، ئەگەر دەمانەوێت کۆتایی بەو دەسەڵات و سیستمە بهێنین کە بۆڕژوازی کورد ژیانی ئێمەی خەلكی کرێکارو زەحمەتکێش  لەسەرکوت و نائارامی و گێژاو و دەیان دەرد و مەینەتیدا راگرتووە، ئەوا ڕیگایەکی ترمان لەپێش نیە جگەلەوەی کە ڕیزی نارەزایەتیەکانی ئێستا و خەباتێک کەکرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان و سەرجەم ئازادیخوازان دەستیان بۆ بردووە، لەژێر ئاڵای بزوتنەوەیەکی سیاسی و شۆڕشگێرانەی سەربەخۆدا، کۆبکەینەوەو لەجەرگەی ئەم خەباتەشدا پیداویستیەکانی وەلانانی ئەم دەسەڵاتەو هێنانەکایەوەی سیستەمێکی ترو دەسەلاتێکی تر کە ژیان و بژیوی و ئازادیی تێدا میحوەربێت، ئامادەبکەین.   

ئۆکتۆبەر: سەرباری ئەو ئاڕاستەو پەیامە سەرەکیەی کە کۆنگرە لە باسو بابەتەکانیدا بەرجەستەی کردبوو، کۆنگرە کۆمەڵێك پەیامی سیاسی بۆ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردستان هەبوو. دەکرێ هۆکاری نوسین و بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامانەمان بۆ ڕوون بکەنەوە؟ ئایا کارێکی نەریتی و تەقلیدی بوو کە وەکو کۆنگرە کۆمەڵێك پەیام بدات یان هۆکارێکی سیاسی لە پشتی ئەو پەیامانەوە ڕاوەستاوە؟

خسرەو سایە: لەراستیدا پەیامەکانی کۆنگرەی پێنجەمی حزب بەچین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەلگای کوردستان، بەپێی بڕیارێک کە لەکۆنگرەدا پەسەندکرا، نوسران وبڵاوکرانەوە. ئەمەش لەبەرئەنجامی دوو ڕۆژ لەقسەوباسکردن لەسەر ئەو بەڵگەنامانەی کەخرابوونە بەرنامەی کاری کۆنگرەوە، پێی گەیشتین، کەڕوویان لەداڕشتنی ستراتیژی سیاسی و بەرنامە عەمەلی ئەم دەورەیەی حزب بوو، کەپەیوەندی راستەوخۆیان بەڕەوتی خەباتی چینایەتی و بزوتنەوە نارەزایەتیە جەماوەریەکانی ئیستای خەڵکی کوردستانەوە هەیە . لەم چوارچیوەیەشدا، دانی پەیامەکان، کارێکی تەقلیدی و نەرێتێکی باوی حزبی نەبوو، بەڵکو ئامانج لێی ئاگادارکردنەوەی ئەو چین و توێژانەیە لەئاڕاستە سیاسیو عەمەلیەکەکانی ئەم دەورەیەی حزب کە کۆنگرە لەسەری بڕایەوە.

بەواتایەکی تر مەبەستی سیاسی پشتی پەیامەکان، لەلایەک ڕاگەیاندنی هەڵویستی هاوپشتی و ڕاوەستانی سەریح و ڕۆشنی حزبە لەکەنار خواست و هەوڵ و تێکۆشانێک کەناڕازیانی کۆمەلگا بۆ باشبژێوی لەخۆیان نیشانیانداوە و لەلایەکی تریشەوە بانگەوازێکە بەچین وتوێژە نارازیەکان، کەنەک هەر حزب خۆی بەبەشێک لەوان و خەباتەکەیان دەزانێ، بەڵکو بەخەباتی بەیەکگرتووانەی هەموان و بەکۆبوونەوەو بەهێزکردنی ئەم حزبە دەتوانرێ خواستەکانمان بەدەست بهێنین و کۆمەلگایەکی ئازادو یەکسان و خۆشگوزەران دامەزرێنین.   

ئۆکتۆبەر: بێجگە لە نوێنەرانی کۆنگرەی پێنجەم، کۆمەڵێك هەڵسوڕاوی سیاسی و جەماوەری لە کۆنگرەدا وەکو میوان ئامادە بوون، لەکاتێکدا کۆنگرە بەشێوەیەکی ئاشکرا نەبەسترا و باسو بابەتەکانی ڕاستەوخۆ بۆ کۆمەڵگا و میدیاکان بڵاونەکرایەوە. دەکرێ بپرسین کە ئەو هۆکارە سیاسی و رێکخراوەییە چی بوو وایکرد ئێوە بەوجۆرە مامەڵە بکەن؟ ئایا میوانەکان تەنها وەکو چاودێر لەوێ بوون یان مەسەلەیەکی دیکە لە بانگێشتی ئەواندا بۆ هۆڵی کۆنگرەیە دەوری هەبوو؟

خسرەو سایە: کۆنگرەی پێنجەم بەو شێوازە نەبوو کە لەنیوان “کۆنگرەیەکی مەخفی وەیا عەلەنی”دا مامەڵەی لەگەڵ بکەین، بەڵکو ئەم کۆنگرەیە کەبەدوای دەورەیەک لەکارو پەیوەندیگرتن لەگەڵ بەشێک لەهەلسوراوان و ڕابەرانی نارەزایەتیە جەماوەریەکان و قسەوباسی هاوبەشی نیوانمان لەسەر دۆخی ئیستای کۆردستان، سازدرا، بۆیە ئێمە شێوازێکمان گرتەبەر تا خودی کۆنگرە بێتە وێستگەیەک بۆ درێژەدان بەم هەوڵو خەباتە. شێوازیك کەبتوانین و تائەو جێگەیەی مومکینە و فرسەتمان دەبێ هەڵسوراوان و ڕابەرانی نارەزایەتیەکان شەریک بکەین لەقسەوباسەکانی حزب و ئەو سیاسەت و هەنگاوە عەمەلیانەدا، کەکۆنگرە لەسەری راوەستاوە. ئێمە بەپێچەوانەی سونەتێک کەحزبەکانی نیو خانەوەدای دەسەڵات پەیڕەوی لێدەکەن، ئەویش بە پیاهەڵدان و مەدح وسەنای خۆیان و لەقاودانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان، هەوڵدەدەن ئەو راستیانە ئاوەژوو بکەنەوە کەبەشێکە لەناسنامەی چینایەتیان ودواتریش لەسەر هەمان سیاسەت و کارنامەی سەرکوتگەرانەو دژی خەڵکیان دەستبەکار بن. ئەوەش راستە کەئێمە میدیاکانمان دەعوەت نەکرد، بەلام باسو مەسەلەکانی کۆنگرە خرانە بەردەست میوانانی کۆنگرە کەلەبەشە نارەزایەتیەکانی جەماوەرەوە هاتبوون. بۆئێمە خاڵی گرنگ لەم قۆناغەدا ئاوێزانبونمانە لەگەڵ مەسەلەو مەشغەلەی فکری و سیاسی و عەمەلیەکانی هەڵسواروان  و شەریک کردنیانە لەو سیاسەتو هەنگاوە عەمەلیاندا کەحزب خستویەتیە بەرنامەی کاری خۆیەوە.

تا ئەو جێگەیەشی بە میوانان دەگەڕیتەوە، ڕۆڵی ئەوان بۆئێمە هەم بۆ زامنکردنی چاودێری ئەوان و هەم بۆ دانی فرسەت بوو بە دەخالەتکردنیان، لە داڕشتنەوەو پەسەند کردنی ئەو سیاسەت و نەخشەکارەدا کەکۆنگرە خستبویە بەرنامەی کاریەوە. هەروەها، بانگهێشتکردنی میوانەکان، ئەو مەبەستەشی لەپشتەوەبوو، تا رێزیك لەهەلسوراوانی کۆمۆنیست و جولانەوەی نارەزایەتی جەماوەری کە وەک میوان ئامادەی کۆنگرەبوون لەنزیکەوە ئاشنا بکەین بەکەسایەتی وشیوازی کارکردنی حزب و ئەو یاساو نەرێتانەی کەکاری پێدەکات. هەروەک ئەوەش کەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لەکۆنگرەکەی خۆیدا باس لەخۆئامادەکردن بۆ شۆڕش و ڕاپەرین دەکات، دەبێ ببینە حزبی هەڵسوراوان و رابەرانی بەشە نارازیەکانی کۆمەلگا و لەبەردەست ئەوان دابێ و لەنزیکەوە بیناسن و بواری ئەوەشیان هەبێت کە ڕەخنەو سەرنجەکانی خۆیان راشکاوانە لەبەرامبەریدا بخەنەڕوو. دروست لەکۆنگرەی پێنجەمی حزبدا بەپێی ماوەیەک کەبۆی دیاری کرابوو، فرسەتێکی باش درا بە میوانەکان تا ئازادانە ڕەخنە بگرن و باری سەرنجی خۆیان لەسەر هەر گۆشەیەک لەکارو سیاسەتەکانی حزب بەیان بکەن.  

 ئۆکتۆبەر: بەپێی پێوانە سیاسی و رێکخراوەییەکان تا چ ڕادەیەك کۆنگرە سەرکەوتوو بوو، ئایا تا چ ڕادەیەك کۆنگرە دەتوانێ مۆرکی خۆی لە هەڵسوڕانی ئایندەی حزب بدات بەوەی کە حزب بەرەو سەنتەری کێشمەکێشە سیاسیەکانی کوردستان بەرێت و وەکو هێزێکی کاریگەر لەسەر گۆرەپانی سیاسی نەخشی شایستەی خۆی بگێڕێت؟ بەڕای ئێوە ڕابەری نوێی حزب دەبێت چی بکات بۆئەوەی ئەو پەیامەی کۆنگرە بخاتە سەر رێچکەی جێبەجێ بوون؟

خسرەو سایە: ئەگەرچی دەکرێ لەزۆر لایەنەوە کۆنگرەی پێنجەم هەڵسەنگێندرێ و خالە لاواز و بەهێزەکانی دیاری بکرێ، بەلام سەرکەوتوبوونی کۆنگرەی پێنجەمی حزب، هەر لەو ڕوەوە نیە کە کۆتایی بەدەورەیەک لەخەبات و تێکۆشان هێناوەو ئێمەی خستۆتە سەر ڕێچکەی دەورەیەکی تازە لەکارو هەڵسورانی حزبی و کۆمەڵایەتی، بەڵکو سەرکەوتنی ئەم کۆنگرەیە لەو خاڵەدا بەرجەستەیە کەحزبی لەسەر ستراتیژ و سیاسەتێکی جیاواز لەهەموو حزبەکانی تر بەراست و چەپەوە، ساغکردۆتەوە. بەسەرنجدان لەو بەڵگەنامانەی کە لە کۆنگرەدا پەسەند کران، بەڕۆشنی ئەم ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێ و ئیتر کادران و بەشدارانی کۆنگرەش دەزانن کەحزب مەسەلەو مەشغەلەی چیە. ئەمە بۆ ئێمەو جولانەوەی کۆمۆنیستی وخەڵکی ناڕازیش دەستکەوتێکی گەورەیە. بەڵام ئەوەی کەئایا دەتوانرێ حزب ئەم ڕۆڵە بگێڕێت، ئەمەیان بەدەوری رابەری حزب و کادرەکانیەوە بەندە. هەروەک وتراویشە، ئینسان خۆی مێژوی خۆی دەسازێنی، کەوایە ئەگەر باش کار بکەین وهێزو توانای حزب بەواقعی و عەمەلی بخەینەگەر، ئەوا نەک هەر فرسەتێک لەئارادایە، بەڵکو دەکرێ و دەتوانرێ کۆمۆنیزم و چینی کرێکار، بەپشت بەستنو کارکردن لەسەر جولانەوە نارەزایەتیەکان و دۆخێکی قەیرانگرتوو کەچینی دەسەڵاتدار تێیدا چەقیوە، وەک هێزیكی سیاسی و کاریگەر ڕۆڵ بگێڕێ و بچێتە سەنتەری کێـشمە کێشە سیاسیەکانەوە و ئەم دەورەیەی خەباتی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان ڕوەو بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی هەنگاو هەڵگرێ. بێگومان لەم ڕێچکەیەدا ڕۆڵی رابەری خاڵیکی یەکلاکەرەوەیە و دەبێ ئاڵوگۆڕی جدی بەسەردا بێت، بەتیابەتیش دەبێت وەک ڕابەری کۆمەلگا دەرکەوێ و حزب وەک هێزێکی سەرەکی لەبەرامبەر دەسەڵات و گشت دۆخی سیاسی ئیستای کوردستان و ناوچەکەدا، ڕێبەری و ڕینوێنی بکات. بەدیاریکراویش لەقۆناغی ئێستادا ڕابەری نوێ بۆئەوەی بتوانێ پەیام و ئاراستەی کۆنگرەی پێنجەم بەکردەوە دەربهێنی، دەبێ هەوڵ بدات حزب بگۆڕی بەحزبی ڕابەران و هەڵسوراوانی بەشە ناڕازیەکانی کۆمەلگا و خۆی ببێت بەبەشێك و پەیکەربەندی ئەم بزوتنەوەیەو سەرەنجام ڕابەریەکی سەراسەری و محەلی لەدەوری ئاسۆیەکی شۆڕشگێرانەو عەمەلی تەئمین بکات، هاوکات دەبێ ڕێکخستنی کۆمۆنیستی و حزبی لەئاست شارەکان و ناوەندەکانی کاروژیاندا دامەزرێنێ وبرەوی پێبدات. دەبێ رابەری لەو میکانیزمانەی لەبەردەستدایەو ڕەوتی خەباتی چینایەتی دەیهێنێتەپێشەوە، فرسەت وەربگرێ بۆ دەخاڵەتکردن و ڕیکخراوکردنی جەماوەر لەشورا و هەر شیوەیەکی تری ڕێکخراوەییدا و تێبکۆشێت بە وەلانانی ئەو ئاستەنگیانەی کە لەسەر ڕیگای خەبات و تێکۆشانە جەماوەریەکان و بەرەو پێشەوە چونی، سەرهەلدەدات.        

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *